١٥\٦\٢٠١٢
دایک بە کۆرپەکەی
خۆی دەگاتەوە،
لە کارێکی تازەی سەنتەری رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کەلتوری (R.C.E)یدا،
دیاربەکر (ئامەدی دێرین) لە شاری رانیەدا ملوانکەی ئازادییەکان
دەھۆنێتەوە.
بە
مەبەستی پەیوەندی کەلتوریو فەرھەنگی نێوان شاری رانیەی دەروازەی
راپەرین و شاری دیاربەکر ( ئامەدی دێرین), ئێوارەی رۆژی یەکشەممە
١١-٦-٢٠١٢ شاندێکی ٢٧ کەسی شاری ئامەد کە راوێژکار و نوێنەری فەرمی
سەرۆکی شارەوانی ئامەدو, چەندان بەرپرسی رۆشنبیری و ھونەری و تیپی
شانۆی ئەو شارەی لە خۆگرتبوو, گەیشتە شاری رانیە و لایەن ستافێکی
سەنتەری رایەڵەوە لە دەروازەی شارەوە بە گەرمییەوە پێشوازی کران.
دواتر لە رۆژی دووشممە رێکەوتی ١٢-٦-٢٠١٢ لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆگرامی
کاردا, شاندەکەی دیابەکر (ئامەد) لە بەردەم شارەوانی رانیە لەلایەن
سەرۆکی شارەوانی رانیەو بەشێکی دیار لە ھونەرمەندانو رۆژنامەنوسانو
رێکخراوەکانی ناوچەکەوە بە گەرمییەوە پێشوازی کران, دواتر لە ھۆڵی
شارەوانی رانیە چەند وتەیەک لە لایەن ( بەختیار ئەحمەد) سەرۆکی
شارەوانی رانیەو (محرەم جەبێ)بەرپرسی کاورباری رۆشنبیری و شاری ئامەد و
(ئەشرەف گولەر) راوێژکار و نوێنەری (عوسمان بایدەمیر) خوێندرایەوە,
پاشان دیالۆگێگی ھاوبەش لە نێوان ھونەرمەندانی دەڤەری راپەرین و
ھونەرمەندانی شاری رانیە لە لایەک و, لە لایەکی تریش کۆبونەوەیەکی
فەرمی لە لایەن قائیقمانی قەزای رانیەو سەرۆکی شارەوانی رانیەو سەنتەری
رایەڵ و ئەندامانی سەرۆکایەتی شارەوانی ئامەد) ئەنجامدرا, کە تێیدا
چەند داخوازی و داواکارییەکی ھاوبەش لە نێوانیان گۆردرایەوە, کە وا
بریارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییە کەلتورییە
بخرێنە بواری جێ بەجێکردنەوە.
لە دوای نیوەرۆی ھەمان رۆژ لە و بە ئامادەبوونی رێژەیەکی زۆر لە
جەماوەی دەڤەری راپەرین و لە باخچەی ناوەندی رێکخراوە دیموکراتیەکانی
رانیە, پێشانگایەکی فۆتۆگراف کە ٤٥ تابلۆی لە خۆ گرتبوو کرایەوە, ئەمەو
لە دەستپێکدا شریتی پێشانگاکە لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و
قائمقامی قەزای رانیەوە پچرێنرا, پاشان میوانان بینەری تابلۆکانی
ێشانگاکە بوون کە گوزارشتی لە ناساندنی شاری ئامەد و دەرخستنی مێژوو و
کەلتوری شارەکە دەکرد.
لە کاتژمێر ٥ ئێوارە لە ھۆڵی پینجی ئازار بە ئامادەبوونی رێژەیەکی زۆر
گەنجان و ھونەرمەندانو نوێنەری رێکخراوەکان و بەرپرسانی ناوچەکە
مەراسمێکی شایستە بۆ رێزگرتن لە میوانەکانی شاری ئامەد بەرێوەچوو, لەو
مەراسیمەدا سەرەتا لە لایەن (عبدالحمید عبداللە) سەرپەرشتیاری ئیدارەی
راپەرین وتەیەک خوێندرایەوە, کە تێیدا بە گرنگیەوە باسی لە ئاڵوگۆی
کەلتوری لەھەزارەی سێیەمدا کردو کارو چالاکیەکانی (سەنتەری رایەڵ)ی لەو
بوارەدا بەرز نرخاند, ھەروەھا ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکی خۆی بۆ
پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوو شاری رانیەو ئامەد دەربڕی و ھیوای
خواست ئەو پەیوەندیە بەردەوام بێت و ئاستی ئاڵوگۆرە ھونەری و
رۆشنبیرییەکانی ھەردوو شار فراوان بکرێت. پاشان (خالید قادر) بەرپرسی
سەنتەری رایەڵ وتەیەکی خوێندەوە, تێیدا وێرای باسکردن لە کارو
چالاکیەکانی سەنتەری رایەڵ لە رابردوودا, مژدەی چەند چالاکیەکی تری لە
ئایندەی کارەکانیان خستە روو, ھەروەھا سوپاسی چەند دامەزراوەیەکی
شارەکەو ستافی خۆبەخشی (سەنتەری رایەڵ)ی کرد و کە بەو پەری دڵسۆزیەوە
کاریان بۆ سەرخستی چالاکیەک کرد. پاشان (ئەشرەف گولەر) نوێنەرو
راوێژکاری ( عوسمان بایدەمیر) سەرۆکی شارەوانی ئامەد, سوپاسی ئیدارەی
ناوچەکەو خەڵکی تێکۆشەری رانیەو سەنتەری رایەڵ ی کرد بۆ ئەو پێشوازیە
گەرمەی کە لێیان کردوون , ھەروەھا باسی لە گرنگی ئەو جۆرە چالاکیانە
کردو ھیوای خواست لە خزمەتی زیاتر لێک نزیکردنەوەی زمانی کوردی و
گەشەپێدانی ھەستی نەتەوەیی دابێت, ئامادەی خۆشیانی دەربڕی بۆ
گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییە.
پاشان تیپی شانۆی ئامەد شانۆگەری ( غوڵامی دوو گەورە ) بە ئاستێکی بەرز
و تەکنیکی ھونەری باڵا و نمایشێکی پر لە ھونەر و داھێنان نمایشکرد کە
جێگای سەرسامی و خۆشحاڵی بینەرانی بوو. لە پرۆگرامی کۆتاییدا چەندان
خەڵاتی تایبەت لە لایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەرین و قائیمقامی
قەزای رانیەو سەرۆکی شارەوانی رانیە و سەنتەری رایەڵ و چەندین
دامەزاوەو رێکخراوی تری شارەکەوە پێشکەشی یەکە بە یەکەی شاندەکە کراو
بە چەپلە رێزانو باوەشی پر لە خۆشەویستی کۆتایی بە چالاکیەکان ھات.
مەراسیمەکە لە لایەن ( ھیدی چنارنەیی و ھێمن حسن) بەرێوە برا و سەرجەم
ماوەی دوو کاتژمێرو نیووی خایاند.
جێگای ئاماژەیە ئەو پەیوندییە ئەنجامی سەردانێکی پێشتری شاندێکی
سەنتەری رایەڵە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو بۆ مەبەستی ئاڵوگۆری
کەلتوری سەردانی وڵاتی تورکیا بە گشتی و شاری ئامەدی بە تایبەتی کردبوو.
khaledqader@yahoo.com
|