٢٨\٧\٢٠١٢
دایک و
رۆڵە.

ماکسیم گۆرکی
و: ئازاد
نەجم
دەکرێ سەبارەت بەدایکان تا هەتایە چیرۆکی بێکۆتایی بگێڕینەوە./چەند
هەفتەیەک بو هێزەکانی دوژمن شاریان گەمارۆ دابو ، غەرقی نێو ئاسن و
پۆڵا بون. شەوانە ئاگریان دەکردەوە. دەتگوت ئاگرەکە ، لەنێو ئەو
تاریکیەدا بەچاوانی سوری بێشومارەوە لەشورای شارەکە دەڕوانێ. بڵێسەی
حەزکردن بە تاوان و بەدکاری لەو چاوە سورانەدا دەخوێندرانەوە. پریشکی
شادیان لێ هەڵدەستا و ئەو نیگا پڕ لەسوکایەتیە ، لەشارێکی گەمارۆدراودا
، بیرکردنەوەی تاریکیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنا.
خەڵکی شارەکە ، لەسەر شوراکانەوە دەیانبینی چۆن دوژمن وردە وردە ئەڵقەی
گەمارۆکە چڕتر و بەهێزتر دەکات. سێبەرەکانیان بەتەنیشت ئاگرەکانیانەوە
نەدەبینران ، حیلەی ئەسپە سندم کراوەکانیان ، دەبیسترا. چرکە چرکی
شمشێر و قاقای پێکەنینیان دەگەیشتە بەرگوێیان. دەنگی شادمانیی چڕینی
گۆرانیی کەسانێک کە باوەڕ و متمانەی تەواویان بەسەرکەوتن هەبو -
دەبیسترا.
دەبێ شتێک هەبێ لە دەنگی پێکەنین و شادی دوژمن ناخۆشتر و هەژێنەر تر
بێت؟
دوژمنەکان ، هەرچی ئەو ڕوبار و سەرچاوە ئاویانەی کەدەهاتنە نێو شارەوە
، پڕیان کردبون لەتەرمی کوژراوان.
تەواوی رەزە مێوەکانی دەوروبەری شارەکەیان سوتاند و کێڵگەکانیان وێران
کردن و باخچەکانیان لەبنەوە بڕینەوە.
شار ، لەهەمو لایەکەوە کراوە و بێ پاریزگاریی بوو ، زۆربەی ڕۆژەکان تۆپ
و (شمخاڵ*) ، چەشنی باران بەسەر شاردا دەبارین. دەستەی سەربازە
برسیەکان ، کەبەهۆی شەڕەوە بڕستیان لێبڕابو ، بەڕوخسارێکی شەکەت و
ماندوەوە ، بەنێو کۆڵانە باریکەکانی شاردا دەگەڕان. دەنگی ناڵە ناڵی
برینداران و وڕێنە و نزا و پاڕانەوەی ژنان و گریانی منداڵان ،
لەپەنجەرەکانەوە دەبیسترا. هەمویان بەسرتە و بەترسەوە قسەیان دەکرد و
لەکاتی گفتوگۆدا قسەکانیان بەیەکتر دەبڕِی و بەوردی گوێیان دەگرت ،
ئایا دوژمن دەستی بەپەلاماردان کردوە؟
بەتایبەتی لەشەوی یەکەمەوە ، ژیان لەنێو شاردا ، تادەهات تاڵتر دەبو.
ئەوکاتانەی کە سایە و تارماییەکان ، لە ناوەڕاستی دۆڵەکانی کێوە
دورەکەوە دەهاتنە دەرێ و ئۆردوی دوژمنیان زیاتر و پتەوتر دەکرد و بەرەو
شورا نیمچە ڕوخاوەکانی شار دەهاتنە پێش ، نیوە مانگ ، بەئاسمانەوە ،
چەشنی قەڵغانێک کە لەمەیدانی شەڕدا کەوتبێ و بەزەبری شمشێرێک دولەت
بوبێ ، بەسەر ئاسمانی لوتکەی تیژی چیاکانەوە دەبینرا. لەو بێدەنگی و
تاریکیەدا ، دەنگی شیوەن و ناڵە باشتر دەبیسترا.
خەڵکانێک کە بەهۆی ڕەنج و برسێتیەوە بڕستیان لەبەردا نەمابوو و
چاوەڕوانی هیچ جۆرە کۆمەک و یارمەتیەکیان نەدەکرد ، ڕۆژ بە ڕۆژ
نائومێدتر دەبون و بەترسەوە دەیانڕوانیە گەروی تاریک و ڕەشی دۆڵەکان و
لوتکەی تیژ و سەختی چیاکان و ئۆردوی پڕ لەهاتوهاواری سوپای دوژمن.
هەمو ئەمانە ، دیمەنی مەرگیان لەبەرامبەر چاوی ئەواندا وێنا دەکرد. هیچ
ئەستێرەیەکی ئومێد لەئاسمانی ئەواندا نەدەدرەوشایەوە.
دەترسان چرا لەنێو ماڵەکانیاندا داگیرسێنن. تاریکیەکی تۆقێنەر ،
فەرمانڕەوایی بەسەر شەقام و کۆڵانەکانی شاردا دەکرد.
لەو تاریکیەدا ، ژنێک ، بێدەنگ ، کەسەرتاپای خۆی لەباڵاپۆشێکی ڕەشەوە
پێچابو ، چەشنی ماسیەک بەنێو قوڵایی دەریاچەیەکدا مەلە بکات ، بەنیۆ
کۆڵانەکانی شاردا تێدەپەڕی.
خەڵکی شار کاتێ ئەویان دەبینی ، لەیەکتریان دەپرسی: ئەوە؟
: خۆیەتی!
پاشان لەنێو کۆڵانەکاندا ون دەبون. بەبێدەنگی و بەسەرداخستنەوە
بەتەنیشتیدا تێدەپەڕین. فەرماندەکانی دەستە ئێشکچیەکان و پاسەوانەکانیش
، بەڕقەوە وریایان دەکردەوە: خاتو ماریانا ، چیە! دیسان هاتیەوە نێو
کۆڵانان؟ وریای خۆتبە! لەوانەیە بتکوژن! دواتر کەسیش تاوانبارەکەی پێ
نادۆزرێتەوە ...
ژنە ، قەدی ڕاست دەکردەوە ، ئارام ڕادەوەستا ، هەتا دەستەی ئێشکچیەکان
بەتەنیشتیدا تێدەپەڕین. جەسارەتیان نەدەکرد ، یان حەزیان نەدەکرد دەست
لەئاستیدا بەرز بکەنەوە.
پیاوە چەکدارەکان ، خۆیان لێ دور دەگرت و چەشنی کەسێکی مردوو ، حەزیان
نەدەکرد لێی نزیک بنەوە.
ئەویش لەو تاریکیەدا دەمایەوە و دیسان جارێکی تر ، تەنیا و ئارام ،
دەکەوتەوە ڕێ.
تاریک و لاڵ ، چەشنی تابلۆی بەدبەختی و نەهامەتیەکانی شار ،
لەکۆڵانێکەوە دەچوە کۆڵانێکی تر. لەهەر چواردەوریدا دەنگی شیوەن و ناڵە
و نزا و پاڕٍانەوە و گفتوگۆی خەمناکی سەربازانێک کە بەتەواوی نائومێد
ببون ، چاودێریان دەکرد و دەچوە هەرشوێنێک بەشوێنیەوە بون.
ئەو ژنە کەهەم دایک بو هەم هاوڵاتیەکی ئەو وڵاتە ، خەفەتی لە ڕۆڵەکەی و
وڵاتەکەی دەخوارد ، ڕۆڵەیەکی جوان و بزێو ، بەڵام بێبەزەیانە لەڕیزی
سوپایەکدا بو کەئابڵوقەی شاریان دابو و دەیانەویست وێرانی بکەن.
تا ماوەیەک لەوەپێش ، دایکە بەشانازیەوە لە کوڕەکەی دەڕوانی ، بە
دیاریەکی بەنرخی دەزانی بۆ وڵاتەکەی ، بەهێزی چاکەی دەزانی بۆ کۆمەکی
هاوشاریەکانی. ئەو شارە هێلانەیەک بو ، کە هەم خۆی تێیدا چاوی کردبۆوە
، هەم ڕۆڵەکەشی تێدا پەروەردە کردبو. سەدان هەودای ون ، دڵی ئەو
دایکەیان بە بەردە کۆنەکانەوە ، کە باپیرانی خانویان پێ دروست کردبو و
بناغەی شاریان لەسەر دامەزراندبو و بەو زەویەوەی کە ئێسک و پروسکی
باپیران و هاوخوێنەکانیان ، بەئەفسانە و ئامانج و ئومێدەوە ، تێیدا
نوستبون ، دەبەستەوە.
ئیستاش ئەو دڵە ، نزیکترین و خۆشەویستترین کەسەکانی خۆی لەدەست چوبو و
وەژان هاتبو. ئەو دڵە ، چەشنی تەرازویەک بو ، کاتێ لەنێویدا سۆزی خۆی
بۆ ڕۆڵەکەی و ئەو شارەی کەتێیدا ژیاوە ، هەڵدەسەنگاند ، نەیدەزانی
تێبگا لەوەی ئاخۆ تای تەرازوەکە بەکام لایاندا لاسەنگە؟
بەم شێوەیە شەوانە بەکۆڵانەکانی شاردا دەگەڕا و کاتێ توشی چەند کەسێک
دەبو کە نەیانناسیبا ، دەترسان و ئەو تارماییە ڕەشەیان بە دێوەزمەی
مەرگێک دەزانی ، کە ئیدی لەهەموان نزیک ببۆوە. ئەگەر هاتباو ناسیباشیان
بەخێرایی لەو دایکە خائینە دور دەکەوتنەوە.
شەوێکیان ، لەنزیک شورای شارەکە ، لەسوچێکی تەریک و تاریکی شاردا ،
دایکە لەگەڵ ژنێکی تر بەرەوڕو بۆوە. ئەو ژنە ، بێ جوڵە ، وەک ئەوەی
بەشێک بێت لەزەویەکە ، لەبەرامبەر تەرمێکدا چۆکی دادابو ، نیگای
خەمناکی بڕیبوە ئەستێرەکان و دەپاڕایەوە.
پاسەوانەکان ، لەسەر شورای شارەوە ، بەچرپە چرپ ، سەرگەرمی قسەکردن بون
لەنێو خۆیاندا. دەنگی چەکەکانیان بەدیوارەکە دەکەوت ، دەهاتە بەرگوێ.
دایکە خائینەکە پرسی: مێردتە؟
: نا.
: براتە؟
: کوڕمە. مێردەکەم سێزدە ڕۆژ لەمەوبەر و ئەمڕۆش ئەم کوڕەم کوژرا.
پاشان دایکی کوژراوەکە هەستاو بەڕازی بونەوە ، گوتی: عەزرای پیرۆز
بۆخۆی هەمو شتێک دەزانێ و دەبینێ ، زۆر سوپاسی دەکەم.
: لەبەرچی؟
ژنەش وەڵامی دایەوە: ئەو لەشەڕی بەرگریکردن لەنیشتیماندا کوژراوە.
دەتوانم بەوپەڕی ئاسودەییەوە بڵێم: ئەو ، ترسی لەدڵی مندا دروست دەکرد
، زۆر گوێی بەشتەکان نەدەدا ، زۆرحەزی لەژیانی شاد و بێ کێشە بو ،
دەترسام ئەویش وەک کوڕەکەی (ماریاننا) ، خیانەت لەشارەکەمان بکا و
ببێتە دوژمنی خەڵک و خودا ، نەفرەت لەو و لەو منداڵدانەش کە ئەوی
هێنایە بون و پەروەردەی کرد!...
ماریاننا ، ڕوخساری خۆی داپۆشی و دورکەوتەوە.
ڕۆژی دواتر ، چوە لای بەرگریکارانی شورای شار و گوتی: بەهۆی ئەوەی کە
کوڕەکەم چۆتە نێو باوەشی دوژمن و لەدژی ئێوە شەڕدەکا ، یان بمکوژن ،
یان ڕێگام بدەنێ منیش بچمە لای ئەو...
ئەوان وەڵامیان دایەوە: تۆ مرۆڤی و دەبێ نیشتیمانەکەی خۆت خۆشبوێ ،
کوڕەکەشت وەک چۆن دوژمنی هەریەک لەئێمەیە ، دوژمنی تۆشە.
: من دایکم! من ئەوم خۆشدەوێ و لەڕوی پەروەردە کردنیەوە ، خۆم
بەکەمتەرخەم دەزانم.
دواتر ئێشکچیەکان لەنێو خۆیاندا کەوتنە پرس و ڕاوێژ ، سەرەنجام گەیشتنە
ئەنجامێک و گوتیان: شەرەفمان ڕێگەی ئەوەمان ناداتێ بەهۆی خیانەتی
کوِرەکەتەوە تۆ بکوژین. ئێمە لەوە دڵنیاین کە تۆ نەبویتە هاندەر و
ڕێنشاندەری ئەو بۆ کردەوەیەکی لەوچەشنە و تەنانەت ئاگادریشین کە خەم
وخەفەتێکی زۆری پێوە دەخۆی. شار ئەگەر تۆشی تێدا نەبیت ، درێژە بە
بەرگری کردنی خۆی دەدات. کوڕەکەت هەرگیز بیر لەتۆ ناکاتەوە ، لەوانەیە
ئەو ئەهریمەنە تۆی هەر لەبیرچوبێتەوە! ئەگەر تۆ لەو باوەڕەدای
کەشایستەی سزایت! ئەوا ئەو سزایە بەسە. پێمانوایە سزایەکی لەم چەشنە
تەنانەت لەسزای مەرگیش قورسترە!
دایکە گوتی: بەڵێ ، ئەمە قورسترین سزایە!
پاشان دەرگاکەیان بۆکردەوە و ژنەش لەشار چوەدەرێ .
ئێشکچیەکان ، ماوەیەکی زۆر لەسەر شوراکەوە ڕوانیانە دایکەکە ، کەچۆن
بەسەر زەوی نیشتیمانەکەیدا ، کەبەخوێنی ڕۆڵەکانی تێراو ببو ، دەچوە پێش.
بەشێوەیەک هەنگاوی دەنان ، قاچەکانی بە زەحمەت لەزەوی جودا دەبونەوە و
هەڵی دێنان. چۆن لەبەردەم تەرمی بەرگریکارانی شاردا ، دادەچەمایەوە.
چۆن بەڕقەوە ، بەنوکی قاچی ، شەقی لە چەکە شکاوەکان هەڵدەدا.
دایکان ، ڕقێکی زۆریان لەچەک و و هێرش پەلامار و کوشتوکوشتار دەبێتەوە
، تەنیا چەکێکیان بەلاوە پەسندە کە بۆ بەرگری کردن لەژیان ، بەکاربێت.
دەتگوت ، لەژێر لیباسەکانیەوە گۆزەیەکی پڕ لەئاوی شاردۆتەوە و دەترسێ
بڕژێت ، تا زیاتر دور دەکەوتەوە ، بچوکتر دەبۆوە. ئەوانەی کە لەسەر
دیوارەکەوە سەیریان دەکرد ، پێیان وابو لەگەڵ تارمایی ئەودا خەم و
نائومێدی ، یەخەی بەرداون و لەکۆڵیان بۆتەوە و دورکەوتۆتەوە. دیتیان
لەنیوەی ڕێگادا ڕاوەستا ، کڵاو و باڵاپۆشەکەی لەخۆی کردەوە و تا
ماوەیەکی زۆر لەشار ڕاما.
بەڵام لەوێش ، لەشکری دوژمن ، ئەویان دیتبو کە بەتاقی تەنیا لەو
چۆڵەوانیەدا ڕاوەستاوە ، بۆیە چەند تارماییەکی ڕەشی وەک خۆی ، بەهێواشی
و بەوریاییەوە لێی نزیک بونەوە و تێیانخوڕی: تۆ کێی؟ دەچیە کوێ؟
ژنە گوتی: سەرکردەکەتان کوڕی منە.
دوای ئەم قسەیە ، هیچ کام لەسەربازەکان ، شک و گومانیان لەڕاستی
قسەکانی نەکرد. شان بەشانی وی ، کەوتنەڕێ ، بەدەم ڕێگاوە کەوتنە
پیاهەڵدان و ستایش کردنی لێهاتویی و ئازایەتی کوڕەکەی.
دایکەش بەغرور و لەخۆڕازیبونەوە ، سەری بەرز کرد و گوێی بۆ قسەکانیان
شل کرد و سەرسوڕمانی پێوە بەدی نەدەکرا.
دەبو کوڕی وی بەو شێوەیە با!!!
سەرەنجام ، لەبەرامبەر کەسێکدا ڕاوەستا کە مانگێک بەر لەدایک بون ئەوی
نەدەناسی ، لەبەرامبەر بونەوەرێکدا ڕاوەستا ، کە هەرگیز هەستی نەدەکرد
پارچەیەکی جیا بێت لەجگەری.
ئەو لەبەرامبەریدا ، خۆی لەنێو مەخمەل و ئاوریشماندا ون کردبو ، چەک و
کەرەستە جەنگیەکانیشی لەبەردی گرانبەها دروستکرابون ، هەمو شتێک ، وەک
ئەوەبو کەدەبوایا ببێ. دایکە ، لەخەونیدا ئەوی بەو دەوڵەمەندی و
ناوداریەوە دیتبو.
دەستەکانی دایکی ماچ کرد و گوتی: دایە! تۆ هاتیتە لای من! دڵنیام هەستت
بە کۆتایی بڕیارەکەم کردوە! سبەی ، نیازی ئەوەم هەیە دەست بەسەر ئەم
شارە نەفرەت لێکراوەدا بگرم!
دایکی بەبیری هێنایەوە: ئەو شارەی تێیدا لەدایک بویت؟
لاوەکە کە سەرمەست و شەیدای وەدەستهێنانی ناو و ناوبانگی زیاتر بو ، بە
تین و تاوێکی جەسورانەی گەنجانەوە ، گوتی: من لەدونیادا بۆ دونیا
هاتومەتە بون ، بۆئەوەی تێکی هەڵشێوینم ، من تەنیا لەبەر خاتری تۆ
دەستم لەم شارە دەپاراست و بەزەیم پێدا دەهاتەوە ، ئەم شارە چەشنی
دڕکێک چەقیوەتە قاچمەوە و بۆتە بەربەست لەبەردەم ئەوەی بەزویی بگەمە
ناوبانگ و سەرفرازی. بەڵام ئێستا ، لەسبەی زوتر نیە دار و پەردوی ئەم
هێلانە سەرکەشە بەسەر یەکدا دەڕوخێنم.
دایکە گوتی: ئەو هێلانەیەی کە تەنانەت بەردەکانیشی ئاشنای سەردەمی
منداڵیتن؟
: مادام مرۆڤ نەتوانێ بەردەکان وەقسە بهێنێ ، کەواتە لاڵن. وازم لێبێنە
با کێو و چیاکان سەبارەت بەمن دەم هەڵبێننەوە و لەبارەی منەوە بدوێن ،
من ئەوەم دەوێ!.
دایکە پرسی: ئەی خەڵکەکە؟
: ئەها! بەڵێ ، من ئەوانم لەبیرە. دایە! ئەوان بۆمن پێویستن ، چونکە
کەسانی قارەمان و دلێر ، لەیادەوەری ئەواندا بە نەمری دەمێننەوە!
دایکە گوتی: قارەمان ئەو کەسەیە بەپێچەوانەی مەرگەوە ، ژیان بنیات دەنێ.
قارەمان ئەو کەسەیە بەسەر مەرگدا زاڵ دەبێ ...
ئەویش وەڵامی دایەوە: نا! وێرانکەرەکانیش بە ئەندازەی بنیاتنەرەکان ناو
و ناوبانگیان هەیە ، بڕوانە تا ئێستا ئێمە نازانین کە شاری ڕۆما (ڕۆمێرلۆس)
دروستی کردوە یان کەسێکی تر! بەڵام ناوی (ئالاریخ ) و تەواوی
قارەمانەکانی تر کە ئەوشارەیان کاول کرد ، هەمویان بەڕونی زانراون ...
دایکە ، جارێکی تر وەبیری هێنایەوە: هەمان ئەو شارەی کە نەمرە و هەمان
ئەو دلێرانەی کە شوێنەواریشیان دیار نیە؟
بەم شێوەیە ، تا بەربەیان ، لەگەڵ دایکیدا قسەی کرد. دایکە بەدەگمەن
قسە شێتانەکانی پێ دەبڕی و سەری بەرز و بەعیزەتی ، تا دەهات زیاتر شۆڕ
دەبو.
دایک بنیات دەنێ و گیانی خۆی دەبەخشێ ، دایک پاسەوانە و ئێشک دەگرێ ،
گفتوگۆی نەشیاو و ناپەسند ، لەبەرامبەر دایکدا ، دەچێتە خانەی دژایەتی
کردنەوە.
بەڵام گەنجەکە درکی بەمە نەدەکرد.
دایک هەمیشە دژی مەرگە ، دایک هەمیشە ڕقی لەو دەستانە دەبێتەوە کە مەرگ
دەچێنن و پەلامار دەبەنە سەر ماڵی خەڵک. دایک لەوجۆرە کردەوانە
هەراسانە. بەڵام کوڕەکەی ، ئەم شتانەی نەدەبیست و نەدەبینی ، تیشک و
گڕی سارد وسڕی ناو و ناوبانگ ، چاوەکانی کوێر کردبو.
هەروەها تێنەدەگەیشت لەوەی کاتێ دایکێک ژیانێک دێنێتە بون و دەیپارێزێ
، بۆی هەیە پیلانی بۆ داڕێژێ و مەترسی بۆَ دروست بکا. دڕندەیەکی بەهێز
و بێبەزەیی و بێباک بو ...
دایکەکە بەخەفەتباریەوەدانیشتبو ، لەپەردەی کراوەی خێوەتەکەی سەرکردەوە
، شارێکی دەبینی کەتیایدا بۆ یەکەم جار جوڵەی شیرن و چێژبەخشی کۆرپەڵەی
لەزگیدا هەستپێکرد و ئازار و ئەشکەنجەی لەدایکبونی ئەم ڕۆڵەیەی چێشت ،
کە ئێستا دەیویست بێبەزەییانە ئاگری تێبەردا و بیسوتێنێ.
تیشکی سوری خۆرەتاو ، بەسەر بورج و شورای شارەوە تروسکەی دەدا. شوشەی
پەنجەرەکان بریسکەیەکی شومیان هەبو ، دەتگوت تەواوی دانیشتوانی شار
بریندارن و ژەکی سوری ژیان ، لەسەدان برینی شارەوە هەڵدەچۆڕێ. کات
تێدەپەڕی و شاریش وردە وردە ، تاریک دادەهات. دەتگوت تەرمێکی بەجێماوە
، ئەستێرەکان بەسەریەوە دەرکەوتون و چەشنی چەند مۆمێک بەدیاریەوە
دەدرەوشێنەوە.
نیگای دایکە ، تا نێو ئەو خانوە تاریکانە بڕی دەکرد کەخەڵکەکەی دەترسان
لەوەی چرای تێدا داگیرسێنن ، نەبادا سەرنجی دوژمن ڕاکێشێ. نیگاکانی تا
ئەوسەری شەقامە تاریکەکان بڕی دەکرد کەبۆنی لاشەکان هەوای شاریان
ژەهراوی کردبو ، دەنگی ناڕەزایی کپی خەڵکانێک کە چاوەڕوانی مەرگیان
دەکرد ، دەبیسترا.
ئەو، هەمو کەسێک و هەمو شتێکی دەبینی.
تەواوی ئەو شتانەی کە بەلای ئەوەوە ئاشنا و ناسیاو بون ، لێی نزیکتر
ببونەوە. دەتگوت لەبەرامبەریدان و بێدەنگ چاوەڕوانی بڕیاری ئەون. دایکە
وایدەزانی کە دایکی تەواوی خەڵک و دایکی شارەکەی خۆشیەتی.
لەقوللەی کێوە ڕەشەکانەوە ، چەند پەڵە هەورێک ، لەشێوەی چەند ئەسپێکی
باڵدار بەرەوە زەوی دەهاتنە خوار و بەرەو شارە ناچارکراو بە
نەهامەتیەکە ، دەفڕین. کورٍِەکەشی دەیگوت: ئەگەر شەو بەئەندازەی پێویست
تاریک بێت ، لەوانەیە هەر ئەمشەو بەسەر شاردا بدەم ، کاتێَ خۆر لەچاوی
مرۆڤ دەدات ، بینینی تروسکەی چەک بۆ چاو ناخۆشە و مرۆڤ ناتوانێ بەباشی
شمشێرەکەی بەکاربێنێ. لەهەل و مەرجێکی لەوشێوەیەشدا مرۆڤ ناتوانێ
بەباشی ئامانجەکەی بپێکێ. بەدەم ئەم قسانەوە بەوردی سەیری شمشێَرەکەی
دەکرد.
دایکە گوتی: وەرە ئێرە ، سەرت بخەرە سەر سینگم و پشو بدە و بیهێنەرەوە
بیرت کە بەمنداڵی چەندە بزێو و زیتەڵە بویت و خەڵکی چەندیان خۆش
دەویستی!
لاوەکە بەقسەی دایکی کرد و سەری نایە سەر ڕانی دایکی و ڕاکشا و
چاوەکانی لێک نان و گوتی: من تەنیا تۆ و ناوبانگم خۆش دەوێ ، تۆشم
لەبەر ئەوە خۆشدەوێ کە کەسێکی وەکو منت هێناوەتە ژیانەوە.
دایکی بەسەریدا نوشتایەوە و گوتی: ئەدی ژنان؟
: ژن زۆرن! مرۆڤ زۆر بەخێرایی ، وەک شتێکی شیرن ، زوو لێیان تێر و
بێزار دەبێ.
دایکە ، بۆ دوایین جار لێی پرسی: حەزت لەوە نیە بیتە باوک و ڕۆڵەی خۆت
لەباوەش بگری؟
: لەبەرچی؟ بۆ ئەوەی بیان کوژن؟ کەسێکی وەک خۆم بیانکوژێ وگرفتاری خەم
و نائاسودەییم بکات؟ ئیدی بەدەم خەم و خەفەتەوە پیر ببم و هێز و توانام
لەبەر ببرێ و نەتوانم تۆڵەشیان بستێنمەوە!
دایکە ، ئاهێکی هەڵکێشا و گوتی: تۆ وەک بروسکە جوانی! بەڵام هیچ سودێکت
نیە.
کوڕە ، زەردەیەکی کرد و وەڵامی دایەوە: بەڵێ! بەوێنەی بروسکە ...
دواتر چەشنی کۆرپەیەکی ساوا ، لەباوەشی دایکیدا خەوی لێکەوت.
دایکە باڵاپۆشێکی ڕەشی ، بەسەر کوڕەکەیدادا و لەنێویدا بزری کرد.
خەنجەرە تیژەکەی هەڵێنا و تاهێَزی تێدابو چەقاندیە سینگی ڕۆڵەکەی. کوڕە
- بێ ئەوەی جوڵەیەک بکات - یەکسەر گیانی سپارد. ئاخر دایک باش دەزانێ
کە دڵی کوڕەکەی لەکوێدا لێدەدا و ترپە ترپیەتی. دواتر لاشەی بێ گیانی
کوڕەکەی هاویشتە بەرپێی پاسەوانە حەپەساوەکانی و پاشان ڕوی کردە شارەکە
و گوتی: من وەک مرۆڤێک ، ئەوەی لەتوانامدا بو بۆ نیشتیمانەکەم کردم ،
بەڵام وەک دایکێک لەگەڵ کورەکەمدا دەمێنمەوە! ئیدی لەو تەمەنەدا نیم
جارێکی تر دڵم بەوە خۆشبێت بتوانم کوڕێکی تر بێنمە دونیاوە ، مانەوەشم
لەژیاندا سودی بۆ هیچ کەسێک نابێت.
دوای ئەم قسانە ، هەمان ئەو خەنجەرەی کە هێشتا بەخوێنی کوڕەکەی- واتا
خوێنی خۆی - سور و گەرم بو ، چەقاندە سەر دڵی خۆی.
کاتێک دڵ ئازاری هەبێت ، دەکرێ زۆر بەئاسانی بکرێتە ئامانج.
______________________________________
سەرچاوە:
داستانهای برگزیدە ماکسیم گورکی / ترجمە افسر
سدارت - رزا ازرخشی /
نشر جامی.
nagmkaya@yahoo.com
|