دایکم چل و پێنج
ساڵ و دوو مانگ و بیست و حهفت ڕۆژ
دوور لە هاوسەری شەهید '' حەمید کاوانی '' ژیا.

مەهدی کاوانی
دایکم (فاتیمە ئەحمەد حوسێن) لە ڕۆژی 24/12/2007 لە سەروی تەمەنی 80
ساڵیەوە دڵە مەزنەکەی لە کار کەوت و چووە پاڵ مێردەکەی( کە لە بەرواری
20/03/1962 وەک یەکەم شەهیدی پێشمەرگەو سەرکردەی شۆڕشی ئەیلول لە
ناوچەی شارباژێڕی سەر بە پارێزگای سولێمانی لە شەڕێکی نابەرامبەردا
چەند کاتژمێرێکی خایاند شەهید کرا ) واتە لە سەروی 45 ساڵیەوە، لە ناو
جیهانێکی تا بڵێیت سەخت و نا ئارام چووە ناو جیهانێکی تری ئارامەوە .
لە کوێوە دەست پێ بکەم . لە هەر شوێنێکەوە ، پێداهەڵگوتنی سەرکردەکان
پێیەوە لە سەر پێشبڕکێی حیزبایەتی و گەمەی هەڵبژاردن ، لە مەڕاسیمی
بەڕێوە چوونی تازیەدا ، لەو هەڵ و مەرجەی ئێستای گەلەکەمان تیایەتی کە
شەهیدانمان پشکی گەورەیان لە بە دەستهێنانی تیایە ، لە باری نالەباری
خەلک بکەم کە پێچەوانەی دەسکەوتی شەهیدانە .... لە کوێوە دەست پێ بکەم
. بەڵێ لە هەر شوێنێکەکەوە بێت زۆر هەڵدەگرێ .
کە کاتەکانی ڕاپەڕینی بەهاری 1991ی کوردستانی باشوورو لێکەوتەکانی لە
هەڵبژاردنی ئازادانەو دروست بوونی دووەم کۆرپەلەی کوردی واتە 46 ساڵ
دوا بە دوای کۆرپەلەی یەکەمی مەهابادو جوانە مەرگ بوونی دبێنمەوە بیر
خۆم ، ڕێک ئەو کاتانەی کە هەر بابایە پارتی کوردیە خۆی بۆ چالاکی
هەلبژاردن ئامادە دەکات ، وا دەزانم هەر ئێستاکەیە . بەڕێز مام جەلال
بێ موناسەبە ڕێپێوانێکی فراوانی بە خۆی و بەشی زۆری سەرکردەکانی
یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بە بەڕێز کاک کۆسرەت ڕەسولیشەوە و ژمارەیەکی
بەرچاوی پێشمەرگەکانیان لە گەڵ ژمارەیەکی زۆر لە خەلکی کاوەنیان و
شەقڵاوەو دەورو بەری و هەولێرو شوێنی تر بە تایبەتی هەوادارانیان
سازکردو ،ڕێپێوانەکە لە کاوەنیانەوە بەرەو سولێمانی ناوچەی شارباژێر ،ئەو
شوێنەی کە باوکم لێی نێژرابوو . ڕێپێوانەکە دەزگای ڕاگەیاندنیشی لە پاڵ
بوو . من بە هەر هۆکارێکەوە بێت بەشداریم لەو ڕێپێوانە نەکرد و بە
هۆیەوە ڕووبەڕووی ناڕازایەکی زۆری خزمانم و هەوادارانم بوومەوە بە
تایبەتی کە قسەو باسی لەو بابەتانەم دەکرد کە ڕێپێوانی وەها بۆ مەبەستی
گەمەی هەلبژاردنە . خزم و هەوادارانیشم هەقی خۆیان بوو لە من نیگەران
بن ، چونکە هەر کەسێ تەماشای حەشامەتی ڕێپێوانەکەی کردبایە ، هەقی خۆی
بوو بڵێ بەڕاستی کاری وەها دڵسۆزی و وەفاداریە بۆ گیانی باوکم و
شەهیدانی کورد . خۆ هەموو کەس وەک خۆم ئاسا نەچوبونە ناو گەمەی
پێشبرکێی حیزبایەتی و گەمەی هەڵبژاردن و شتی تری لەو بابەتانە . لە
ڕاستیشدا ڕێپێوانێکی وەها بەو هەموو حەشامەتەوە ،با بۆ گەمەی
هەلبژاردنیش بێت ، بەڵام مانای ئەوەیە کە فعلەن باوکم کەسایبتیەکی لە
ڕادە بەدەر بەرزە لە ناو بزاڤی ڕزگاری نیشتمانی کورداو لە ڕێگەیەوە وا
لە بەڕێز مام جەلال و یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بکات بۆ ڕاکێشانی سۆزی
خەلک و وەدەست هێنانی زۆرترین دەنگی هەڵبژاردن لە تەواوی ناوچەکەو
شوێنی ترەوە . بە نسبەت خۆمەوە تا ئێرە بە تەندروست دەزانم و ئەو هەقەش
دەدەمە بەڕێز مام جەلال و یەکیەتی و دەی خەمە خانەی ئەوەی مادامەکینێ
سەرکردەکانمان وەفادارن بۆ شەهیدانیان ، مافی خۆشیانە لە بۆنەکان
سودیان لێ وەربگرن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی خەلک بۆ لای حیزبەکەیان . ئەوەی
لێرە گرنگە وروژاندنی پرسیارێکە لای خۆم . ئایا بەڕیز مام جەلال و
یەکیەتی مادامەکینێ ئەو ڕێپێوانە مەزنەیان بەو هەموو حەشامەتەوە لە
ساڵی 1992 کە لە سەین و بەینی یەکەم هەڵبژاردنی ئازادانەی کوردی بوو ،
ئەوە هەڵناگرێ کە ئەو بەڕێزە و زۆر لە سەرکردەکانی تری یەکیەتی ،
بهاتبانە سەر تازیەی دایکم و فاتیحەیەکیان بۆ بخوێندبایە . با بڵێین
بەڕێز مام جەلال سەرکۆمارەو مەشغولەو سەر قاڵی کاری زۆرەوەیە و مەجالی
نیە ، ئەدی سەرکردەکانی تر ، کاک کۆسرەت ،ئەوانی تر ،تۆ بڵێی هەر
هەموانیان مەشغول بن و سەر قاڵ بن و بواری ئەوەیان نەبێت بێن فاتیحایەک
لە سەر گۆڕی هاوسەری شەهید حەمید کاوانیەوە بخوێنن کە تا نزیکەی
مانگێکیش دەبێت مەڕاسیمی تازیە پاش سێ ڕۆژەکەی مزگەوت بەڕێوەیە لە ماڵی
برا گەورەکەم ڕەفعەت کاوانی . یان ڕێپێوانەکەی ساڵی 1992 بۆ گەمەی
هەڵبژاردن بوو و بۆ ئەوەکەی ئێستا ئەو هەڵو مەرجە لە گۆڕێ نیە .
لەوانەیە بروسکەکەی بەڕیز مام جەلالیش لە بێ ئاگایی خۆی بێت ، چونکە
کاری وەها بۆ کەسایەتی لە بابەت باوکم ڵە کارنامەی سەرکردەی حیزبەکان
دا هەیە . لایەکەی تر واتە پارتی دیموکراتی کوردستان لە لایەن
کەسایەتیە سیاسیی و سەربازیە دیارەکانیان زۆر بە فراوانتر لە یەکیەتی
تازیەکەیان لە باوەش گرت . بەڕێز سیداد بارزانی بە نوێنەرایەتی سەرۆکی
هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسعود بارزانی بۆ ماوەی نزیک لە یەک کاتژمێر لە
سەر تازیەکە دانیشت و لەو ڕێو ڕەسمیەتەدا ڕاگەیاندنی وێنەیش بۆ کەنالی
تەلەفزیۆن و دەزگا راگەیاندنەکانیان گواستیانەوە . من لێڕەدا بە ناوی
خۆم و تەواوی خانەوادەم زۆر سوپاسی ئەو بەرێزەو تەواوی ئەو
کەسایەتیانەی ناو حیزبەکەیان دەکەم کە بە ڕێزلێنانەوە تازیەکەیان لە
باوەش گرت و زیاتر لە لایەکەی تر ئەوەیان سەڵماند کە فعلەن باوکم زیاتر
لە لاکەی تر شەهیدی خۆیانە هەروەها دیسان زۆر سووپاسی خەلکانی هەواداری
یەکیەتی نیشتمانی کوردسوتانیش دەکەم بە کادیرەکانیشیانەوە کە تا
ڕادەیەک دوور لـە زڵەکانیان ، نەختێ بە فراوانی و بێ تەوجیه بەشدار
بوون لە تازیبکەدا . بەڵام ئەوەی لێره گرنگە ئەو بەشداری کردنە هەرە
فراوانەی کۆمەڵانی خەلکەکەیە کە بەڕاستی ئەو بەشداری کردنە فراوانەیان
وای لێ هاتبوو ئەوە بڵێیت کە دووباربکردنەوەی تازی باوکم بوو . مرۆڤ
وای دەزانی کە پاش 45 ساڵ بە سەر شەهید بوونی باوکم ، ئێستاکە مبڕاسیمی
تازیەی بۆ دەگێڕدرێ .
با لە سەر گۆڕی دایکم تێکۆشانی شەهیدانمان و قوربانی دانیان بنرخێنین
کە لە ڕۆژگارێکی وەک ئەمڕۆماندا کە حکومەتی کوردی لە گۆڕێیە ، چەندی
هاتۆتە دێ . ئێستاکە نرخی یەک بەرمیل نەوتی خام لە بازاڕی جیهانی بە
نزیکی 100 دۆلار دەفرۆشرێ و بەرکەوتەی کوردیش لەو داهاتە نەوتیەی عیڕاق
17% ە . چەندی لەو داهاتە بەر کەرتی کشت و کاڵ و بە پە پشەسازی کردنی
کەوتووە کە داینەمۆی بوژانەوەی کوردستان و هەرزان داهێنان و پشت بەستنە
بە خۆمان .وەڵام هیچ یان بڕێکی زۆر کەم . بەڕاستی ئەوەی تەماشای باری
ئێستای خەلکی کوردستان بکات ، باریان زۆر لە کاتەکانی پێشووتریان
خراپترە . گرانی کەل و پەل ، موچە ،بێ کاری ،نەبوونی کارەباو سوتەمەنی
،..... ڕۆژبە ڕۆژ ژیانیان لە خراپیەوە بەرەو خراپی تر دەڕوات ،لە
سەرەکەی تریش هەڕەمی دەسەڵات لەو پەڕی خۆشی ژیان و ڕوفاهیەت و سەفاهەت
دانە لە تەلارسازی و ئۆتۆمبێلی مۆدیل بەرزو مەنسەبی گەورەو خاوەن
سەرمایەی بەرز ، بەشی شێر هی خۆیانە . مرۆڤ هەقی خۆیەتی ئەوە بڵێ کوا
خواستی شەهیدانمان . دەبێ خواستی شەهیدانمان بۆ ئەوە بێت کە سەردەمی
پاشاکانی کۆن ببوژینینەوەو بڵێین هەموو شتێ لە پێناو ژیان و خۆشی
پادشاکانمان . گەڵ بمرێ و پادشاکانمان لە خۆش گوزەرانی دابن.
بنو دایە گیان بنو ، جارێکی تر ، دە جاری تر ، هەزار جار بنو دایە گیان
،بنو لە پاڵ هاوسەرەکەت ،بنو ، بڕوا بکە ئەو جیهانەی کەدەی چیتێ ، لەو
جیهانەی ئێستامان ئارامترە ، بنو بنو دایە گیان .
|