٢٥\١١\٢٠١٤
دایسان.

دارا
خونچە
لەسەر گلکۆی ژنە تێکۆشەرەکی
یەکسانییخواز ولۆ
نووسرابوو:*
ئەو دەمەی خۆم وەک
چرایەک دایساند
دڵنیا بووم رۆشناییەکەی ژێرە خۆمم دامراند.
ئیدی ئەمن باکم چییە
چ خەم نینە؛**
''یەکەم تیشکی سەربزێوی سپێدان و
زەردەی بەرپێی
پڕ ئارامی ئێواران و
گوڕ و تاوی هوڕە
و چلەی هاوینان و***
پەلکەزێڕینە و شەبەنگ و ورتەورتی ترووسکان و
گورزە
رۆشنایی رەنگینی ئاسمانان و
سروە و شەماڵ و کزەبا و
بۆنی
خاکی پاش بارانی بەهاران و
زەردەپەڕ و خەزەلوەری پایزان و
تەمومژ و برووسکە و با و گرمەگرمی گەواران و
یەکەم پڕووشە باران و
سڕوسەرمای جستانان و
بەند و بەندرخە
و چلوورە و رێبەندان و****
زوقم و شەختە و کەویەبەفری قەدپاڵان و
هاژەی تاڤگە و خوڕەخوڕی رووباران و
قاسپەی کەو و بوغەی کۆتر و قغەقغی قەتێیان و
دەنگ و ئاوازی شالوور و جریوەجریوی پاسارییان و
نمە و ئاونگ و خووساری سپێدانی
سەر چیمەن و گەڵا و گوڵ و گوڵزاران و
مێریی و جوامێریی و نەبەردیی
یارۆی خۆم و پیاوی جەربەزە
و دڵۆڤان...
ئی دی و ئی
دی و...''*****
خڕیان
لێرەدا رسکان و******
خڕیان بێرەدا تێپەڕین
-
بێرە وە (کۆبانێ)دا
-
کۆبانێی مەکۆی
رۆناهیی
تەنێ خۆم بووم خودێی بیرۆکە و رۆنانی..
هەر وە خۆشم
وە دەست و پەنجەی مێینەییم ئاوام کرد و
یەکەم کاروانی ئەڤینی بەرابەرییم
لێ وەڕێخست!
_______________________________
فەرهەنگۆک:
*
ولۆ:
وەها، ئەوها، وەتۆ، ئاوەها، ئاوا، بەو شێوە، بەو جۆرە.
**
نینە:
نییە، تنە.
***
هوڕە:
بایەکی فرە گەرمی هاوینانە.
****
ئی:
هی.
*****
خڕیان:
هەموویان، گشتیان، هەمیان.
******
(بەند و بەندرخە):
کۆمەڵە رۆژەکی ماوەی چلەی جستانە لە ژمێریاریی کوردەواریی سەبارەت وە
کەش.
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|