په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دەبێ ئەزموونى سیاسیى کوردستان شکستخواردووبێ و لە قەیراندابێ؟؟

 

- بەدواداچوونێک بۆ گوتارێکى بەڕێز جەوهەر نامیق -


نەجات حەمید ئەحمەد


بەڕێز جەوهەر نامیق کەسایەتیى سیاسى و پێشمەرگەى دێرینى کوردستان نووسینێکى لە سایتەکانى ئەنتەرنێتدا بڵاو کردەوە لە ژێر ناوونیشانى((دەقى پڕءژەى بەڕێز جەلال تاڵەبانى (هەنگاو نان بەرەو چاکسازى)لە 2/12/2008))لە ڕاستیدا ماوەیەکە بەڕێزیان کۆمەڵێک گوتارى سەرنجڕاکێشى سەبارەت بە بارودۆخى کوردستان و ئەزموونە سیاسیەکەى بڵاودەکردەوە کە دوایینیان ئەو چاوپێکەوتنە بوو کە لە هاوڵاتیدا بڵاو کرایەوە و تیایدا ئەزموونى کوردستانى بە ئەزموونێکى شکستخواردوو لە قەڵەم دابوو.. تاکو ئێستاش هیچ نووسینێکى ئەوتۆم بەرچاو نەکەوتووە کە گفتوگۆیەکى زانستیانەى لەگەڵ بیروبۆچوونەکانى بەڕێزیاندا کردبێت .. ئەم نووسینە بەدواداچوونێکە بۆ ئەو گوتارەى سەرەوە کە هیوادارم بە هەڵە شیکردنەوەى بۆ نەکرێ.


سەرەتا من زرۆم پێ سەیرە کەسایەتیەکى وەکو بەڕێزیان لەو شوێنانەدا نووسین و چاوپێکەوتن دەکات کە هەمیشەو هەموو کاتێک تەنها کاریان ئەوەیە ئەزموونى سیاسیى کوردستان .. بە شکست و مایەپووچ دابنێن و ئەم کارەشیان وەکو کارى بژێوى دابنێن چونکە ئەو باوەڕانەى کاریان لە سەر داڕشتووە گەڕاندنەوەى کوردە بۆ باوەشى دەسەڵاتى ناوەند و نەهێشتنى هەر دەسەڵاتێکى کورد و جۆشدانى دووبەرەکى و چاندنى نائومێدى و دوژمنایەتى لەنێو گەلى کوردا بە تایبەتى کوردستانپۆست و ڕۆژنامەى هاوڵاتى و لڤین ..من پێم سەیرە ناوى بەڕێزیان و نووسینەکانیان لەو شوێنانەدا ببینم.. دووەم سەرنجى گشتیش من سەیرم دێ لەوەى بەڕێزیان لە ماوەى ئەو حەڤدە ساڵەى کە باسیان دەکات کە هەوڵەکانى کورد بەڕێگەیەکى ناتەندروستدا ڕۆسشتوونە و بە درێژایى ئەو 17 ساڵە هەردوو حزبى سەرەکى مۆنۆپۆلى دەسەڵاتیان کردووە ئایا لە خۆى نەپرسیوە هەردوو حزب لە کوێوە هاتنە سەر دەسەڵات و کێ دەنگى بۆدان و چۆن بوونە واقیعێکى سیاسى و دەسەڵاتدارێتى لە کوردستاندا و چەندێکیش خۆى بە بەرپرسیارى ئەم ((شکست خواردنە دادەنێ))؟ کە لە کۆتاییدا تاکو ساڵانى 2003 هەر خۆى کارى بۆ ئەم گەیشتنەى حزب کردووە بۆ دەسەڵات و نوێنەرایەتى دەسەڵاتى سیاسیى لە کوردستاندا لە دەست بووە ؟؟ لەڕاستیدا هەرچەندە من ئەمە بە شتێکى سروشتى دەزانم بەڵام ئەوەى مەبەستمە بیڵێم کە ئاخۆ گەلى کورد چ ئەزموونێکى لە دەسەڵاتدارێتى و گرتنە دەستى دەسەڵاتدا هەبووە پێش ساڵانى نەوەدەکان جگە لە دەسەڵاتێکى شۆڕشگێڕى تاکو بێت و دەسەڵات قۆرخ کات ؟؟

 

مەبەستیشم لەم پرسیارە ئەوەیە بۆچوونەکانى بەڕێزیان لە مۆنۆپۆل کردنى دەسەڵات دەشێ لە شوێنى حۆیاندانەبن لە بەرئەوەى:

 
1-
سەرتاپاى ئەزموونە سیاسیەکانى دنیا لە حزبەوە دروست بوونەو دەسەڵاتیش هەمیشە لە دەستى ئەو حزبەدا بووە کە زۆرینەیەکى لە دەنگ و پشتگیرى لە نێو خەڵکدا هەبووە ئەوە پاش چەندین سیستەمى جیاوازى دەسەڵاتى حزب بووە لە دامەزراندنى حکومەت و شێوازى حوکم کردندا کە جۆرێک لە ئۆرگانیزە کردنى هێزى گۆراِنکارى هاتۆتە پێش و بە دیارى کراویش لەو سەردەمانەى ئەو ڕژێمانە هیچ مەترسیەکى دەرەکیان لە سەر نەبووە کە یۆگۆسلافیاو سۆڤیێت و چیلى وپۆلۆنیاو ...هتد نموونەى ئەم جۆرە گۆرانکاریانە بوونە ..حزبى دامەزرێنەرى دەسەڵاتى پاش سەردەمى شۆڕشگێڕى و بۆ یەکەمین جار لە مێژوودائەمڕۆکە بوونى نیە ئەوە تەنها گەلى کوردە کە لەدواوەى هەموو گەلانى دنیاوە دەگاتە پێگەیەک لە نیمچە دەسەڵات نەک دەسەَڵاتێکى ڕەها کە یەکسەر لە شاخەوە دێتەوە شار نەوەک وەکو حکومەتێک کە تەمەنى حوکمڕانیى سەدان ساڵ بێت بەڵکو وەکو میللەتێکى هەمیشە ژێر ستەم و چەپۆکى زۆردارانى وەکو گەلى کورد لە دوا دواوەى مییللەتاندا دێت و هەروەک فۆکۆیاما ئەم سەردەمە بە سەردەمى کۆتایى سیاسەت و ئایدۆلۆژیا لە قەڵەم دەدات کورد دێ و دەرەنجامى تراژیدیا گەورەو شۆڕشە خوێناویە سەدان ساڵەکانى خۆى وەکو دوا میللەتى جێماوى سەر ئەم زەمینە دێت و هێلانەیەکى بچووکى بۆ دادەمەزرێنن وناوى دەنێن باکوورى عێراق و کوردیش ناو لە خۆى دەنێت حکومەتى هەرێمى کوردستان .. ئەمەیە واقیعى ئەو سنوورانەى کە دەسەڵاتى کورد هەیبووە کە سێ بەشى جەستەى لێ دابڕێندرابووزەویەکەى لێ حەرام و قەدەغە کرابوولە سەر کۆمەکیى نەتەوە یکگرتوەکان و ڕێکخراوە خێرخوازیەکان دەیگوزەران کە پرۆگرامێک بوو ناوى نرابوو خواردن بە کەوچک ..ئەو ساڵانەى دەکەونە دواى ساڵانى نەوەدەکانەوە تاکو ڕوخانى سەدام ساڵانێکى پڕ بڕشت و پڕ لە خێرو پڕ لە بوونى ناسنامەیى کورد نەبوو نە لە دەسەڵات و نەلە دان پێدانان بە هیچ بوونێکى کورد وەکو حکومەت و دەسەڵات و ئەمڕۆشى لە گەڵدا بێت تازە بە تازە هەندێک لە دەسەڵات دارانى بەغدا فەرمان بە ڕاگەیاندنەکانیان دەدەن کە چیتر زاراوەى حکومەتى هەرێم بەکار نەهێنن و زاراوەى باکوورى عێراق بە کار بێنن..بەڵام لە هەموو ئەم سەردەمانەدا شکست خواردنى کورد شکستێک نەبووە بە هۆى هەڵەکانیەوە بەڵکو شکستى کورد شکستێکە دەتوانین ناوى بنێین شکستى لە قاڵبدانى کورد لە لایەن دەوڵەتانى ناوچەکەو عێراق ونەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتانى ڕۆژئاواوە چونکە کورد بەرامبەر عەرەب وەکو نەتەوەیەک یەک لە سەر سەدە لە جوگرافیایەکى وەکو جوگرافیاو دانیشتوانى کوردستانى عێراق و هیچ هێزێک لە جیهاندا ئەوەندە ناسیاسى نیە بەرژەوەندیى خۆى لە گەڵ سەد کەسدا تێک دات بۆ یەکیک کە لەدواسەردەمى کۆتایى هاتنى سیاسەت و بە دەوڵەت بووندا سەرى بۆ ژیان و ناسنامەکەى بەرز دەکاتەوە ..کورد دەسەڵاتى نە لەحکومەتێًکى پێش خۆى و نەلە میرنشین و پادشایى و ئیمبراتۆریەتێکەوە وەرگرتووە تاکو مۆنۆپۆلى دەسەڵات بکات بەڵکو کوردى پاش ڕاپەڕین لە خەونیشدا بیرى لەوە نەدەکردەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان تەنانەت پاش سەد ساڵى دیکەش دەبێتە بچووکترین دەسەڵات لە ناوچەکە..لە بارو دۆخى سیاسى و جوگرافى و مێژوویى و ئابووریى لەم بابەتەدا کاتێک کورد دەسەڵات دەگرێتە دەست شتێکى زۆر ئاساییە حزب هەر خۆى دەسەڵات بگرێتە دەست ..چونکە هەر ئەوان بوون لە گەڵ گەلەکەیاندا قوربانى و خەباتێکى درێژ خایەنیان کرد بۆ دەسەڵاتى کوردو ناسنامەى کوردوو بوونى کوردو حزبیش هەمیشە دەنگى نەتەوەو میللەتێکەو ئەندامەکانى ناکورد نین و لەودیوى سنوورەوە ناهاتوونەتەکوردستان و ئەمە واقیعى کوردە کە هەردەبوایە حزب دەسەڵات بگرێتە دەست و ئەو دەسەڵاتەش مۆنۆپۆل بکات تاکو بە دوا ئامانجى خۆى دەگات کە ڕاگەیاندنى سەربەخۆیى کۆتاییەو گەڕاندنەوەو ئازاد کردنى هەموو ناوچە داگیر کراوەکانیەتى..ئەزموونى ڕابوردوو ئێستاى کوردستان لە دەسەڵات دارێتیدا شکست خواردوونیە چونکە ئەم ئەزموونە وەکو هێڵێکى بیانى ڕۆژلە دواى ڕۆژ بەرەو پێشەوە دەچێ وواقیعى جیهان و ناوچەکەو ناوخۆى عێراقیش وا دەخوازن کە کورد هێمنانەو سیاسیانە هەنگاو بهاوێ و کورد بە سیاسەت و خۆگرتن نەبێت لە کاردانەوەو بڕیارى نالۆژیکى ناتوانێت واقیعێکى سیاسى نە لە عێراق و نە لەناوچەکە بگۆڕێت کە هەزار ساڵە ڕۆیشتوەو گەشەى سەندووە و لە گەوهەردا هەموولایەکیان ئەگەر دوژمنى یەکتریش بن لە سەر ئەوە کۆکن کە کورد نابێ لەو سنوورەى بۆى دیارى کراوە کەلکاندنیەتى بە دەوڵەتانى ناوچەکەو دەسەڵاتەکانیانەوە یەک هەنگاو بهاوێ ..هەڵەى گەورەى بۆچوونى دژ بەم بیرکردنەوەیە هەمیشە لە نێو خەیاڵ پڵاویدا نوستوونەو خەون بە سوپەرمانێتى گەلى کوردەوە دەبینن وەکو ئەوەى هەموو شتێکى لە دەستدا بێت و هەموو دەرگایەکى لە بەردەمدا کراوە بێت ..ئەزموونى کوردستان شکست خواردوونیەو لە قەیران و کێشەى زۆر گەورەشدا نیە بەڵکو ئەو ئەوموونە لە نێو واقیعێکدا گەشە دەسەنێ کە بە دڵنیاییەوە دەیڵێم هیچ نەتەوەیەکى سەر ئەم زەمینە واقیعەکەى بە هى کورد ناکات و زۆر لە سیاسەت مەدارو بیریارو ساسیى بە ناوبانگ و زۆر لە ئەکادیمى و پەرلەمەنتارو سەرکردەى وڵاتان شایەدى بۆ سەرکەوتنى ئەو ئەزموونە دەدەن و هەموو ئەم کەسانەش خاوەنى فیکرو زانست و تێگەیشتنن لە دنیادا ..تەنانەت دوژمنانى کوردیش لە ئەزموونى کورد دڵیان پفى کردوەو دەڵێن کورد بەرەو دەوڵەت بوون دەچێت و ئەوەتەنها کوردە کە لە هەموو دنیا خۆى بە سیاسى ترو بیرمەند تر دەزانێ و ڕۆژانە هەوڵ بۆ چاندنى نائومێدى و نووچ پێدانى کوردو سارکردنەوەو کوشتنى هەستى نەتەوەیى دەدەن ..لە ڕاستیدا دەشێ بەشێک لە دواکەوتنى بیرکرنەوەى سیاسیەکانمان کە زۆر لە سەر خۆ گەشە دەسەنن هۆیەکەى ئەوە نەبێ کە حزب دەست لە کاروبارى حکومەت دەدات و ئەم مەسەلەیە پێویستیى بە بیرکردنەوەو لێ وورد بوونەوەى زۆر هەیەو بە دووسێ دێڕ شى ناکرێتەوە پەیوەست بە کوردەوە ..بەڵکو هۆیەکى سەرەکیى ئەم دواکەوتنە ئەو دابڕانە ڕوونەیە لە نێوان بیرکردنەوەیەک کە دەربڕین لە کۆى هێزى بیرکردنەوەى نەتەوەیەک بکات کە بە داخەوە بە هۆى ئەوەوەى کە دام و دەزگا مەدەنى و دیموکراتیەکانى کوردستان تاکو ئەمڕۆ لە لایەن کەسانى سیاسەت مەدارو بیریارى لێ هاتوەوە بەڕێوە نابرێن بۆیە هەنگاوەکان لە سەرخۆن و پەرە ناسێنن هۆیەکەش لەوێوەیە زۆرترین بڕیارى ستراتیژیى کار بۆ کراو لە کوردستاندا ئاشکرا کردن و کار لە سەرکردنیان لە بنکە فراوانەکەى زیانى زیاترە لە قازانجى ئەمەش ئەو سنوورە بچووکە نیشان دەدات کە کورد لە سیاسەت و بڕیارداندا هەیەتى بۆ کار لە سەر کردنى هەر ستراتیژێکى سیاسى ..چاکترین نموونە کارو کەسایەتیە دیارى کراوەکانى پەرلەمانى کوردستانە کە سەرکردایەتى سیاسى پێش دووساڵ لەمەوبەر هانى پەرلەمانى کوردستانى دا کە ببێتە پەرلەمانێکى چالاک و بەشداریەکى سیاسیى چالاکى هەبێت لە هەموو بارو دۆخە جیاوازەکانى کوردستان ..بەڵام ئەم هاندانە سوودى نەبوو چونکە پەرلەمانى کوردستان نەک بەهۆى دەست تێوەردانى حیزبەوە ناچالاک بووە بەڵکو بەهۆى ئەوەوە ناچالاک بووە چونکە لە ڕوویەکەوە کەسانى زۆر نەشیاوئەو پۆستەیان بە بێ پێشینەى زانستى و نە ئەکادیمى وەرگرتووە لە لایەکى دیکەشەوە لەم بارو دۆخەدا پەرلەمانى کوردستان ناتوانێ بە بێ تەنسیق لە گەڵ سەرکردایەتى حزبەکاندا کار لە سەر بڕیارو بۆچوونى سیاسیى هەستیار بکات و هەر لە بناغەشەوە پەرلەمانى کوردستان دەست پێشخەر نەبووە لە هیچ گرفت و کێشەیەکى ناوخۆیى و دەرەکیى کوردستان بە هۆى بزربوونى بیرکردنەوەى داهێنەرانە لەوێدا لە هەموو ڕوویەکەوە ئەمەش دەمانباتەوە سەر بۆچوونەکانى دەورى حزب کە بەڕێزیان دەست تێوەردانى حزب لە حکومەت بە سەرچاوەى هەمووگرفت و کێشەکانى کوردستان دادەنێ و با بزانین بەڕیزیان چۆن سەیرى ئەم پەیوەندیە دەکات..سەبارەت بە قۆرخ کردن و مۆنۆپۆل کردنى دەسەڵات لە لایەن حزبەوە نووسەر دەنووسێ((ئێستاش هه‌ر چۆن سه‌رکردایه‌تیی ئه‌م دوو حیزبه‌‌مۆ‌نۆ‌پۆلی گشت ده‌سه‌ڵاته‌کانیان کردووه‌‌و ئه‌م ئه‌زموونه‌یان‌توشی چه‌ندین گرفت‌و قه‌یران کردووه‌‌و کۆمه‌ڵگایان کردووه‌به ‌کۆمه‌ڵگایه‌کی (حیزبی لیسته‌)، ئه‌وه‌ی له‌بازنه‌ی ولا‌و‌و ئینتیماو به‌رژه‌وه‌ندیی یه‌ک له‌وان نه‌بێت،ئه‌وه‌ژیان‌و ئازاد‌ییه‌کانی تا حه‌دێک سنوورداره‌، باشتره‌هه‌ر خۆیان ده‌ستپێشخه‌ربن له‌عیلاجیکردنی ئه‌و دیارده‌یه‌..))ئایا لە دەرەوەى وەلابۆ حزبەکانى کوردستان تاک چ ژیان و چ ئازادیەکى بۆ بەڕەوا دەبینین یا هیواى بۆ دەخوازین؟؟سەرەتا حکومەتى کوردستان حکومەتێکى هاوبەشە لە نێوان هەموو حزبەکانداو هەموو حزبەکانیش ئەندامیان لە پەرلەماندا هەیەوبەڵکو هەندێک حزب لە هەڵبژاردندا دەنگى نیو ئەندامیشى نەبوەکەچى لە پۆستە وەزاریەکاندا پشکیان هەبوە.حزبى ئۆپۆزیسیۆن بەشدار نابێت لە حکومەتێکداو هیچ پۆستێکى وەزارى و ئیمتیازاتى لابەلاو بەرژەوەندیى جۆربەجۆرى نابێت لە حکومەتێکدا کە ئەو خۆى بە ناکۆک دادەنێ لە دیدو بۆچوونەکانى بەشدارى کردن، بەڵکو حزبى ئۆپۆزیسیۆن هەمیشە لە دەرەوەى حکومەتدا کارى خۆى دەکات..حزبەکانى کوردستان وەکو وەزارەتەکان خاوەن میزانیەو داهاتن لە حکومەتدا ..نموونەى بە ئۆپۆزیسیۆن بوونى حزب لە کوردستاندا لە گەڵ هەندێک حزبدا کە تواناى خۆیان تاقى کردەوە و نوشوستیان هێنا گەیشتە کۆتاییەکى تراژیدى ..هۆکارى ئەم بارو دۆخەش هۆکارى جیاوازن لە بەر ئەم هۆیانە::


1- حکومەتى کوردستان لە سەر بناغەى هاوبەشى کردنى هەموو حزبەکان دروست بووە چونکە بارو دۆخى کوردستان لە مەسەلە نەتەوەیى ونیشتیمانیە زۆر هەستیارەکانى دەرنەچووە وهێشتا مەترسیەکانى داهاتوو لە سەر کوردو کوردستان هەروەکو خۆیانن و هەر حزبێک لەم بیرە نەتەوەیى و نیشتیمانى کوردستانیە لابدات نوشوستى دێنێت ..ئەمەش هۆیەکە بۆ بە هێز بوونى پێگەى هەردوو حزبى سەرەکى لە کوردستان کە بە هەموو جیاوازیەکانیانەوە دووحزبى نەتەوەیین و پێگەى جەماوەریان هێشتا لە نێو خەڵکى کوردستان زۆر بە هێزەو هەر ئەوانیش بوون دەسەڵاتیان لە کوردستاندا دامەزراندو لە گەڵ هەموو کێشەکانى کوردستاندا ژیان.


2- هەموو حزبێک لە دنیادا مافى خۆیەتى دەسەڵات مۆنۆپۆل بکات کاتێک ئەو حزبە هەر خۆى دامەزرێنەرى حکومەتێکە و زۆرینەى خەڵک متمانەى پێ دەکەن و دەنگى بۆ دەدەن و حزب بە پێى دەنگەکانى بەرامبەرەکانى ڕێگە بە حزبەکانى دیکە دەدات هاوبەش بن لە پۆستەکاندا،حزب هەر خۆى هەڵبژێرەرى پۆستە سەرەکیەکانە لەو حکومەتەدا کە ئەمەش مۆنۆپۆل کردن نیە بە قەد ئەوەى پراکتیزە کردنى دیموکراتیەتە.


3- لە گەڵ گەشە سەندنى کوردستان وحکومەتەکەیدا دەسەڵاتى حزبەکان وەکو دەست تێوەردان ڕۆژ لە دواى ڕۆژ لە کزیدایە و کاتێک ئەم پرۆسەیە لە سەر خۆیە ئەوە بارو دۆخى کوردستانە کەوا دەخوازێ کە حزب هاوبەش بێت لە دیارى کردن و کاندید کردنى ئەندامانى خۆى بۆ هەر پۆستێکى هەستیار ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ کە هێشتا مۆدێلى سەدا سەد دیموکراتى لە کوردستاندا سەرناگرێت کە هێشتا کورد نەیتوانیوە کێشەى بوونایەتى و دەستووریى خۆى ،کێشەى دژایەتیە فرە ڕەنگەکانى خۆى لە نێو عێراق و ناوچەکەدا یەک لا بکاتەوە ئەوە باسى کێشەى ئابوورى و کۆمەڵایەتى و داب و دەستوورى کوردو بیرکردنەوەى هەر مەکە کە پێویستیان بە گۆڕانکاریى زۆر هەیە ..دیموکراتیەت لە عێراقدا هەروەها لە دەوڵەتانى ناوچەکەدا لە قەیراندایە بە بەراوردیش لە گەڵ کوردستان ئەوا کورد لە زۆر ڕوەوە دیموکراتیەتەکەى زۆر پێشکەوتووترە..


4- ئازادیەکانى تاک لە هەر کۆمەڵگەیەکى دیموکراتیدا لە سەر بناغەى ماف و لێپرسراوێتیە نەک لە سەر بناغەى ئازادیى ڕەهاو بێ سنووریاخو ئازادیەکى دروست کراو لە سەر ئیمتیازات ..لە بەر ئەوەى کوردستان لە ڕووە سیاسیەکەوەى لە کێشەیەکى گەورەدایە لە گەڵ عێراق و ناوچەکە ئەوە ئازادى نیە کورد بانگەشە بۆ شکست پێهێنانى حکومەت و دەسەڵاتەکەى بکات کورد ببێتە دەستى بێگانەو دوژمنەکانى لە کوردستانداو سیخوڕى و جاسووسى بۆ نەیارانى کورد بکات بە ناوى ئازادیەوە کورد بۆى نیە لە دەرەوەى.. بەڵێ حزب و حکومەتیشەوە پەیوەندیى ژێراو ژێر لە گەڵ هیچ لایەنێکى دژ بەکورد هەبێت بە ناوى دیموکراتیەتەوە ..کورد بۆى نیە هاوپەیمانێتى حزبایەتى لە گەڵ دوژمنانى کوردا بکات لە دەرەوەى کوردستان بە ناوى ئازادیەوە ..لە پاش ئەمانەوەش کورد چارەنووس و داهاتووى زۆر ڕوون و ئاشکران و بەرژوەندى وهەڵوێستەکانیشى ڕوون و ئاشکران ئەگەر بمانەوێ لێپرسراوێتى خۆمان دەست نیشان بکەین ..


5- بەوەى حزب کۆمەڵگاى کردۆتە حزب لیستەو کۆمەڵگەیان تووشى چەندین کێشەو قەیران کردووە ئەم گوتانە ساکارى و گشتاندنێکى زۆرى تێدایە هۆیەکەشى تێگەیشتنى یا جۆرى تێگەیشتنى بەڕێزیانە لە دەورى حزب لە کۆمەڵگەو پەیوەندیەکانى بە دەسەڵاتى سیاسیەوە کە دەربارەیان دەڵێ((هە هه‌وڵی بنیات نانى دیموکراتیه‌ت‌و تێإوانین بۆ گشت دامه‌زراوه‌کانی ده‌سه‌ڵات، له‌وانه‌حکومه‌ت‌و (په‌رله‌مان)، ره‌نگدانه‌وه‌ی بیروبۆچوون‌و تێگه‌یشتنه‌‌له بوون‌و‌ئامانج‌و رۆڵی ئه‌و دیارده‌‌و ئه‌و دامه‌زراوانه‌و بنه‌ما‌و ئامرازه‌کانییه‌تی که‌یه‌ک ‌.)) هەروەها لە دەورى حزب و کارو ئامانجەکانیدا‌.


نووسەر دەڵێ((له‌هه‌ر سستێمێکی ‌دیموکراتی (حیزب)‌و ژیان‌و خه‌باتی حیزبایه‌تی،‌یه‌ک له‌کۆڵه‌که‌گرنگه‌‌کانیه‌تی‌و پێویستییه‌کی وه‌هایه‌هه‌ر چۆن زادو هه‌وا بۆ به‌رده‌وامبوونی ژیان....)) لەوەش زیاترسەبارەت بە حزب دەڵێ((1. گه‌ڕانه‌وه‌ی حیزب بۆ رۆڵ‌و ئامانج‌و ئه‌رکی خۆی وه‌ک ئا‌مرازێکی رێکخه‌رو پێگه‌یاندن‌و ته‌عبئه‌کردنی جه‌ماوه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و پره‌نسیپانه‌که‌خودی ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌قبوڵی ده‌که‌ن‌و بڕیاری له‌سه‌ر ‌ده‌ده‌‌ن‌و په‌یڕه‌وو پرۆگرامی بۆ داده‌نێن‌و له‌پێناویدا خه‌باتی هه‌مه‌جۆره‌ی بۆ ده‌که‌ن، ئامانجیش: گه‌یشتنه‌به‌ده‌سه‌ڵات‌و پیاده‌کردنی ئه‌و پرۆگرامه‌یه‌‌که‌بۆ قۆناغێکی دیاریکراو‌و په‌سه‌ند کراوه‌،))هەروەها سەبارەت بە گرنگیى حزب دەڵێت((شیاوی وتنه‌له‌مباره‌یه‌وه‌‌که‌ئه‌وه‌بۆ زیاتر له‌یه‌ک سه‌ده‌ده‌چێت هوزری سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م جیهانه‌بۆ رێکخستنی کۆمه‌ڵگا‌و گۆڕین‌و گۆڕانکاریی‌و به‌ڕێوه‌بردن‌و گه‌یشتن به‌ده‌سه‌ڵات، به‌تایبه‌تی له‌سستێمێکی دیموکراتی، چ به‌گشتی‌و چ له‌سه‌ر ئه‌ساسی چینایه‌تی‌و نه‌ته‌وایه‌تی‌و ئایینی‌و مه‌زهه‌بی.. تاد، جگه‌له‌حیزب ئا‌مرازێکی دیکه‌ی باشتری نه‌دۆزێته‌وه‌، نه‌ک هه‌ر ئه‌وه به‌ڵکو‌باس له‌سستێمێکی دیموکراتی‌و مۆدێرن، بێ‌بوونی حیزب‌و ململانێی حیزبایه‌تی، یان بوونی بۆ نییه‌یان له‌نگه‌.)ئەوەى ئەم بۆچوونانە بخوێنێتەوە دەگاتە ئەو باوەڕەى کە لە دەرەوە حزبدا تەنانەت هەواو زادیش بوونیان نیە ئەوە حزبە دیموکراتیەت دەچەسپێنێ ئەوە حزبە پەرلەمان و حکومەت دادەمەزرێنێ ئەوە حزبە ڕێک خەرو تەعبئە کەروپێگەیێنەرى جەماوەرە و تەنانەت حکومەت و پەرلەمانیش کەرەستەو ئامرازى حزبن کە لە گەیشتن بە دەسەڵات لە پەیڕەوو پرۆگرامەکانیدا لە سەرى ڕێک دەکەون ...لێرەدا دوو شت تێکەڵ بە یەک کراون یەکەمیان مەسەلەى کارى حزبایەتى لە ناوخۆى حزبێکدا جیاوازە لە مەسەلەى کارکردنى حزبێک لە حکومەتێکدا.. دووەمیان کۆتایى حزبایەتى لە حکومەتدا تێکەڵکراوە لە گەڵ کۆتایى هاتنى دەورى حزب لە کۆمەڵگەدا..کاتێک نووسەر بەم ڕەهایەتیە دەورى حزب دیارى دەکات ئاخۆ چۆن دەتوانێ حزب لە حکومەت و جەماوەر جیا بکاتەوە ؟؟تاک لە دەرەوەى ئەم تێڕوانینە بۆ حزب چ دەورێکى بۆ دەمێنێتەوە یاخود چ ئازادیەکى بە شایەن بۆ لە قەڵەم دەدرێ؟؟


لە ئەزموونى دیموکراتیدا حزب پاش دامەزراندنى حکومەت لە حکومەت و تەنانەت لە کۆمەڵگەش دوور ناکەوێتەوە ..چونکە حکومەت و حزب ودەسەڵات لە سەر جیهانبینى و ئایدۆلۆژیاى ئەو حزبە دادەمەزرێنَ و حزب داکۆکى لەو بۆچوونانە دەکات کە هەر خۆى وەکو یاسایەکى پێشینەو سەرچاوەیى لە شێوەى پەیڕەوو پرۆگرامێک دایڕشتووە و لە کوردستاندا بە پێچەوانەوە پەیڕەوو پرۆگرامى حزبەکان ئەو دەورانەیان نەماوە لە سەر وێنا کردن و نەخشەى سیاسیى حکومەت و دەسەڵاتدا چونکە ئەو ئامانجانەى لە پەیڕەوو پرۆگرامەکاندان گۆڕانکاریەکى گەوهەریان تێدا نەکراوەو زۆر بەشیان بۆ سەردەمى ئەمڕۆ نەشیاون ئەمەش هۆکارى خۆى هەیە چونکە مەتسیدارترین بڕگەى حزب پەیڕەوو پرۆگرامەکەیەتى کوردستان وەکو جوگرافیاو مێژوو ڕۆژانە لە گۆڕانکاریى بەردەوامدایەوڕۆژانە سیاسەت گۆڕنکارى و ڕووداوى نوێ دێنێتەکایەوە لە بەر ئەوەشى حکومەتى کوردستان تاکو ئەمڕۆ حکومەتێکە کە لە دووحزبى سەرەکى پێک هاتووە کە لە پەیڕەووپرۆگرامدا جیاوازیان هەیە بەڵام لە حکومەتدایەکگرتوون و دیدى هاوبەشیان هەیە، بۆیە کارکردن بە پەیڕەوو پرۆگرامەکانى حزب لە کوردستاندا ئاستەمە چونکە ئێمە هێشتا لە قۆناغى دروست کردنى دەسەڵاتداین نەک لە قۆناغى گواستنەوەى دەسەڵات .هەر بۆیە جیا کردنەوەى حزب لە حکومەت و پەرلەمان وهەموو دامەزراوەکاندا کارێکە لۆژیکى نابێت مەبەستیش دەست تێوەردان نیە بە ماناى حزب لە کۆتاییدا هەر خۆى حکومەت بێت بەڵکو مەبەستم لە جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکانە لە حکومەتدا..ئاشکرایەحکومەتى کوردستان و پەرلەمانەکەى نەدەتوانێ حزبى بێ و نەدەتوانێ حزبیش نەبێت نەدەتوانێ دیموکراتى نەبێ و نەدەتوانێ سوپەر دیموکراتى بێت نەدەتوانێ عیلمانى نەبێ و نەدەشتوانێ عیلمانیەکى سەدا سەد دیموکراتى بێت..ئەمە واقیعى کۆمەڵگەى کوردو واقیعى عێراق و ناوچەکەو واقیعى سیاسەتى ئەمریکاو ڕۆژئاوا لە عێراق و کوردستاندا هێناویانەتە کایەوە ..کۆمەڵگەیەک بانگەشەى دیموکراتیەت بکاو باوەڕى بە باوک سالارى و قۆرخ کردنى یەکترى و ویژدان فرۆشى و بەرژەوەندیى تاکە کەسى و کولتوورى دواکەوتووتەنانەت جاشایەتى و تێرۆریش هەبێت لە نێو زۆرینەیەکدا دیموکراتیەت و هەوڵًدان بۆ پیادە کردنى بە تەواوەتى جۆرێکە لە شێت بوون دیموکراتیەت دەبێ بنەماو باوەڕێک بێت لە نێو کۆمەڵگەدا ..چونکە دیموکراتیەت لە بناغەوە فیکرە نەک سیاسەت کردن ئەوە سیاسەت و سیستەمە کەبە پێچەوانەى بۆچوونى بەڕێزیانەوە دیموکراتیەت دەکاتە شێوازێ و ئامرازێک لە ئامرازەکانى دامەزراندنى حکومەت نەک حزب لە سیاسەتدا..هەموو حزبێک لە دنیادا لەپەیڕەو کردنى دیموکراتیەتدا خوێندنەوەى بۆ کۆمەڵگاى خۆى هەیەو لە سەر بنەماى بۆچوون و هەڵسەنگاندنى خۆى پیادەى دیموکراتیەت دەکات لە حزبدا لە دەولەتێکى وەکو ئیسرائیلدا کە لە ژێر کاریگەریى مێژوویى و سیاسیى خۆیاندان دیموکراتیەت تەنها لە نێوان کەنێست وحزبە ئاینیەکاندا قەتیس ماوە لە تورکیادا لە ژێر کاریگەریى دەستوورێکدا قەتیس ماوە کە قەت ناتوانێ دیموکراتى بێت بەو ئاستەى دیموکراتیەکى ئەوروپى بێت و بۆیە دیموکراتیەت جل و بەرگێکى دووراو نیە کە ئەوەندە بانگەشەى بێ بنەماى بۆ دەکرێ لە کوردستاندا وەکو ئەوەى خاوەنى دەسەڵاتێک بین کە سەد ساڵە ئەزموونى سیاسى و سەدان حزبى تێدابووبێت و گواستنەوەى دەسەڵاتەکان سروشتى بن و کۆمەڵگەى کوردیش لە زۆرینەکەیدا لە گەڵ بیرى دیموکراتیەتدا بن بەڵکو هەموو دیموکراتیەتەکانى دنیا لە گەڵ پەرەسەندنى کۆمەڵگەکەیاندا گۆڕانکارى بە سەر خۆیاندا دێنین. لە ڕاستیدا ئەم بیرو ڕایانەى بەڕێزیان سەبارەت بە حزب و حکومەت حزب وکۆمەڵگە تەنانەت حزب و ژیانیش بە تەواوەتى حزباندنى تاکە نەک گەڕان بە دواى دیموکراتیەتدا...


6-  بەڕێزیان پێى وایە حکومەتى کوردستان لە بەڕێوەبەرایەتیدا نەیتوانیوە زۆربەى گرفتە سیاسى و خزمەت گوزاریەکانى خەڵکى چارەسەر بکاو بە خاڵ ئەو کەم و کورتیانە دیارى دەکات کە ئەمانەن(( له‌گه‌ڵ‌ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به‌غدا کێشه‌کان ئاڵۆزتربوون‌و شۆڕبوونه‌ته‌وه‌بۆ شه‌قامی عه‌ره‌بی‌و ئیسلامی.)) قووڵبوونەوەى کێشەکان لە گەڵ بەغدا جیاواز بوونە لە بەرژەوەندى و بۆچوونى سیاسى نەک بەوەى گوناهەکە بخرێتە ملى سەرکردایەتیى سیاسیى کوردو حکومەتەکەى و ئەمەش مەسەلەیەکى سروشتیە چونکە نە عەرەب و نە کورد دەتوانن لەو دەستوورە خۆیان ڕزگار بکەن کە لە سەرى ڕێک کەوتوون و هەر گۆڕانکاریەکى داهاتووییش لە دەستوور هەر بە پێى بڕگەکانى دەستوور دەبێ بە ڕێکەوتن و بڕیارى هەموو لایەک بێت ..شۆڕبوونەوەى کێشەکان بۆ شەقامى عەرەبى و کۆمەڵگەى ئیسلامى نەنگیەک نیە بۆ دەسەڵاتى کوردولاوازیەکى دەسەڵاتى کوردیش نیە بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ بە هێزبوونى پێگەى سیاسیى دەسەڵاتى کوردبەرامبەر بە سەرهەڵدانەوەى یا مەیلى سەر هەڵداوەى شۆڤینیەتى عەرەبى لە عێراقدا.بەڵام ئەگەر بێتوو ئێمەحکومەتى عەرەبى و کۆمەڵگەى عەرەبى و ئیسلامى بە چەند قەبارەیەک دابنێین کە ئەوان لە گەڵماندا جیاواز نەبن و دان بە هەموو مافەکانماندا دەنێن وئێمەش ئەو مافانە رَەت کەینەوە ئەوا دەگونجێ بڵێین کورد گوناهبارە ..لەو بڕوایەدانیم سیاسەت مەدارانى کورد کەم تەرخەم بووبێتن لە هەوڵدان بۆ بە دەست هێنانى مافەکانى کورد لە بەغدا چونکە ئەوەى ڕاستى بێت و شایەنى گوتنیشس بێ هەر ئەوەیە کە چۆن ئێمە پێ دادەگرین لە سەر مافەکانمان بۆ کوردستان ئەوانیش پێ دادەگرن لە سەر مافەکانیان نە ئێمە دەتوانین فڕیویان دەین و لە گەڵیان بکەوینە گرەوەوە نە ئەوانیش دەتوانن فڕیومان دەن و گرەومان لێ ببەنەوە ..ئەوانەى هەر گرفتێکى سیاسى ڕوودەداو گوناهەکەى دەخەنە ملى سەرکردایەتیى کوردەوە زۆر سادانە بیر دەکەنەوە کە قەوانى وەڵڵا عێراق نەمابوو کورد زیندووى کردەوە ..عێراق چۆن نەمابوو لەو کاتەى ئەمریکا هاتووە لە سەر دنیا بینیى خۆى عێراقێکى نوێ دامەزرێنێ؟ عێراق چۆن نەمابوو کە ئەگەر ئەمریکا نەبوایە عەرەبى عێراق یەکسەر پاش سەدام لە گەڵماندا دەکەوتنە جەنگەوە ؟؟؟


2- نووسەر هەموو کێشەو گرفتەکانى کوردستان بەرەو ڕووى حزب دەکاتەوە و پێى وایە"کۆمەڵێک هۆکارى نوێ و گرفت و قەیران، دەرەنجامى دابەش کردنى دەسەڵات لە پەنجا بە پەنجا هاتە کایەوە..لەوانە ئاڵۆز کردنى کێشەکانى کوردستان.ڕێگرى لە بەردەم دیموکراتیەت و گەشەپێدان و سەقەت کردنى. مۆنۆپۆل کردنى دەسەڵات. نابووت کردنى بنکەى حبزب و بنکەکەى،لاوازکردنى ئەزموونى حکومەتى کوردستان،....لە ڕاستیدا ئەمانە بیرى زۆر ڕەهان و دوورن لە هەر هەڵسەنگاندنێکى واقیعى و سیاسیى کوردستان کە پشت بە زانیاریى دروست و سەرژمێریى دروست و داتاى سیاسیى ڕاستەقینە ببەستێت ئەمانە بیرو ڕاى زۆر گشتى و قسەى ئاسایین لە بەر ئەم هۆیانە:

 

بۆ زانینى نابووت بوونى حزب دەیێ بزانین ژمارەى ئەندامانى حزب و لایەنگرانى چەندێکن و ئەو ژمارەیەش دەتوانێ لە هەر هەڵبژاردنێکدا بیباتەوە یانا؟؟ کە بە پێچەوانەى ئەمەوە فراوان بوونەوەى بنکەى حزبى لە ڕووى جەماوەریەوە پاش ڕێکەوتنى نێوان یەکێتى و پارتى زۆر زیاتر بووە لە جاران و ئەمڕۆکە سەرکردایەتیى هەردوو حزب لەوە گەیشتوونە کە دابڕانیان لە یەکترى چەندێک زیان بە پرۆسەى سیاسى دەگەیێنێ لە کوردستان و عێراقدا هەربۆیە ئەو تێگەیشتن لە یەکتریەى نێوان هەردو حزب تێگەیشتنێکى مێژووییانەیە، ئەمڕۆکە لە سەر قورسترینى گرفتەکان هەردوو حزب ئامادەییان تێدایە بۆ چارەسەر کردنى . نابووت بوونى حزب لە تێڕوانینى کێوە ؟ کێن ئەمڕۆکە حزب بە بارێکى نابووت سەیر دەکەن ؟؟ ئاخۆ مەرجە حزب هەمیشە ئایدیال و بیرکردنەوەو جیهانبینى هەموو گەلى کورد بێت ؟ ئەگەر وایە ئیتر ئێمە حکومەتمان بۆ چیەو بۆچى باس لە ئەزموونى سیاسیى حوکمڕانى بکەین .. لەڕاستیدا بیرى حزباندنى هەموو تاک و پرۆسەو بڕیارێکى سیاسیى کوردو لکاندنیان بە حزبەوە لە لایەن بەڕێزیانەوە خۆى لە خۆیدا کوشتنى بیرى دیموکراتیە کە زۆر زاڵە لە نووسینەکەدا ..من پێم چاک بوو نووسەر باسى لە میکانیزمێکى نوێ بکردایەتەوە لە دیاریکردنى پەیوەندیى حزب بە حکومەتەوە لە پێناوى بە هێز کردنى حکومەت نەک حزب کە ئەمەش زۆر شوێنى سەر سوڕمانە چونکە لە سەرەتاوە ئەوەمان دەست نیشان کرد دەورى حزب لە کوێ کۆتایى دێت و لە کوێ بە گرنگى دەمێنێتەوە ..سەیرە نووسەر هیچ بیرێکى نوێ و تێڕوانینێکى نوێى پێ نیە بۆ داهاتووى حکومەتى کوردستان و سەر کەوتنى .. نووسەر لە من چاکتر دەزانێ ئەوانەى ئەمڕۆکە بانگەشەى ئەوە دەکەن کە حکەمەتى کوردستان و ئەزموونە سیاسیەکەى لە قەیران و کێشەدایە هەر ئەوانەن کە خۆیان لە هاوبەشى کردندا نین و کەچى هەر لە سەر ئەو ئەزمونە ژیان دەگوزەرێنن ..بۆ نموونە هەندێک لە نووسینەکانم کە لەسەر حکومەتى کوردستانە لە هەندێک ڕۆژنامەى ناوەوەى کوردستان بڵاو ناکرێنەوە نەوەک پێیان بڵێن کە ئەوان لە گەڵ دەسەڵاتدان یا دەسەڵات ئەوانى دامەزراندووە کەچى گۆرەویەکەیان بە پارەى دەسەڵات کڕاوە و مانگانە چەندین بلۆکى دۆلار لە حکومەت وەردەگرن ،ئەوانەی کە لە دوو ڕووییەکى ئاشکراو بەرژەوەندیخواز و خۆپەرستیدا دەژین کەچى تا ئێستا نازانن دیموکراتیەت لە کوردستان یانى چى و ئازادیى نووسین یانى چى و کەچى خۆیان بە ئازادتر لە پەپوولەى هەردو کێوان دادەنێن .. ئا ئەوانەن دەڵێن ئەزموونى سیاسى و حکومەتى کوردستان لە قەیران و مۆنۆپۆلکردن و کێشەى چارەسەر نەکراو و تەنگژەدایە .. ئەوانن کە بە دە پەنجە وەکو مشەخۆر لە سەر ئەم ئەزموونە و حکومەتەکەى دەژین و کەچى خۆیان بە هەموو نەزانى و گەوجیەکانیانەوە کردۆتە دیموکراتخوازى پلە یەک..


بە هەر حاڵ ئەم نووسینە بە هیچ شێوەیەک هەوڵى کەم کردنەوە نیە لە ژیان و خەباتى بەڕێز جەوهەر نامیق ..نە هەوڵێکیشە بۆ ڕاستکردنەوەى هەر بۆچوونێکى بەڵکو ئەمە گفتوگۆیەکە لەگەڵ بەڕێزیان وابزانم کەسى دیموکراتخواز پێى ناخۆش نیە لە چوارچێوەى ڕێزلەیەکناندا ڕاى جیاوازى خۆیان دەربڕن...
 

bawagorgor@yahoo.com