٢٢\٦\٢٠١٠
دە چوارینە.

هیوا
رەش
چاو
تریفەى دا وەکو مانگى چواردە هەردوو چاوت
نیگات ، لە ژێر شەپۆڵى ڕەشیى زوڵفى خاوت
بەدمەبەستە ، ئەمڕۆ دەکا بە ڕۆژى مردنم
دیارە ئەجەل ، قوربانى دەوێ بۆ پێناوت.
درزى مەمک.
سەختە تاقەتم بەرگە بگرێ و بەو درزەدا
سەرکەوێ و قەدەرێک پشوو دا لە لوتکەدا
هەڵزنان بەو بنارە ڕووتەن و ساف و لووسەدا
ئەستەمە ، چونکە ستیان گیرە لە پەنجەدا.
لێو.
شکۆفە دەکا ، کە خەندە دەکەوێتە لێوت
گوڵ ئاسا بە شەونم تەڕ دەکا باخى سێوت
ئەنجن دەکا دڵم بۆ ئەوەى بیکاتە پەرژین
تا جوانتر بێ بەهەشتى پڕ لە سێو و (مێو)ت.
روومەت.
کە سابات دەکات لە ڕوومەتت ، زوڵفى ڕەشت
کە نیگا دەگرێتە هەناوى من چاوى گەشت
تیرى برژانگ خۆى لە کەوانى برۆ دەهاوێ
ڕاوچیت ، دەتەوێ بئەنگوى دڵى هیواى ڕەشت.
گەردن.
تێناگەم لە گەردن ! بۆ ئەوەندە بێگەردە ؟
دڵى هەزار عاشقى وەک منى پێوە بەندە !
بێسوودە بەردى ڕەش ، ئەمن ئیدى سوجدە
بۆ مل دەبەم ، کە نازانم سپییە یان زەردە.
مەم.
هێشتا دەرباز نەبوومە لە زوڵف و پەرچەمت
کە چى گیرۆدەتریان کردم هەردوو مەمت
فەرموو ئەوەتا دەستم ، بییان کە بە ستیان
ڕێگەم دە ، با ببمە میوان لە دۆڵ و چەمت.
دیدە.
دیدەکەم دیدەم دیدەى کردووە لە تۆدا
لە سینەت بەرەو سەر بۆ من بوون بە بەرمۆدا
موحوققەق بێت لە لات ، کەوا بۆ منى گەدا
گڕم دەدا ، لەوە خوارتر گەر بچم بە ڕۆدا.
کوڵم.
پێم بڵى َلە کوێوە دەست پێ بکەم وەسفى کوڵم ؟
ئەمن کوا دەرەقەت دێم وەسفى بکەم ؟ گولم
هێندە کە تامەزرۆ بم ، منى هەژار و کڵۆڵ
چیم پێ دەووترێ ؟ ! بە قوربانیان دەکەم دڵم.
پەرچەم.
ئەگەر چى دایان پۆشیوە ئەگریجە و پەرچەم
بە ئاسمانى ڕووخسارتا پەخشانن ، چەشنى تەم
چ سەیرە ؟ لانەوازم دەکەن بە بارى غەم !
من بوومەتە دێوانە و تۆشم لێ بۆتە شەم.
ددان.
کاتێک خەندە دەکەى و دەردەکەوێ دانت
ئەوساى قاقا دەکەى ، نێوانیان دەکا زمانت
دوڕ و گەوهەر و مروارى و مەرجان و سەدەف
گشت وەک خزمەتچین بۆ تۆزى بەر پێیەکانت.
ماڵپهڕی
هیوا رهش
|