٢٣\٣\٢٠١٢
دە
فیگەر لە نێوان خۆکوشتن و ژیاندا!

ھەژار عوسمان
-١-
ئیشتیھام بە ژیان
ناکرێتەوه
بە بیرم نایەتەوە کەی
بوو
درکم بەوە کرد
سەد ھێندەی توێکڵی لیمۆ تاڵە!!
-٢-
کوشندەیە ئەم وەھمە
عەزابە ئەم جورئەتە
پووچە ژیان
پووچە خۆکوشتن
عەبەسە ئومێد!
-٣-
بێھوودە ئەم عەتری ئومێدە
بە جلەکانمدا دەپرژێنی
بێھوودە لەبیرت کردووە
ئەی دۆست…
بۆنی مردن لە گیرفانەکانتەوە دێ!
-٤-
ئەم خەیاڵەم، ھێواش… ھێواش
بیر لە ساتەوەختی
لە زرمەزرم کەوتنت دەکاتەوە
ئەی دڵ!
-٥-
خۆکوشتن سەگەکانی خۆی
بەرداوەتە قاپی و دیوارەکانم
لێ من، زەھری "ئەو" کوشتن
بۆ سەگەکانی دادەنێم!!
-٦-
جیاوازی چییە؟
تۆ بمکوژی یاخود گوللە
ئەی مەراقم!
جیاوازی چییە؟
تۆ بمکوژی یاخود حەرف
ئەی تەنیاییم!
-٧-
تەمەنێک بەدیار نەھاتنتەوە چاوەڕێ
کزکز دەسوتێ چرای ئومێد
ھێشتاکە خەبەرێ نییە لە "گۆدۆ"!
-٨-
ئازارێک لە سینەمایە
کتومت دەمخاتەوە یادی خۆکوشتنی ئەو کۆترەی
لە حیکایەتێکتدا پرسەت بۆ نەگرت
ئەی شەھرەزاد!
-٩-
سەرت مەنێ بە سەرمەوە
ژیان ھێند رەتاندوومی
دەترسێم رۆژێ تۆش بەرببیتەوە نێو ئەم پەتایە!
-١٠-
مەپرسە…
شیعرم ھیچ نییە،
جگە لە غافڵگیرکردنی خۆکوشتن نەبێ!
hajarzabihi@yahoo.com
|