٢١\٩\٢٠١٠
دەمەوێت بێمە ئەوینتەوە.

کەژاڵ ئیبراهیم
خدر
1
دەمەوێت بێمە
ئەوینتەوە
وەرزێک لەتەمەنی خۆم بچنمەوە
تاکوو خەیاڵێکی ناسکی رۆحم و
پەپولەی دڵێکی شکاوی
ئێوارانت پێبەخشم و
بەزەردەخەنەیەکی غەمبارەوە
نیگایەکی پڕ لەسحر
بۆتاڵەکانی زوڵفت بنێرم.
2
دەمەوێت بێمە ئەوینتەوە
درەختێکی پرچ درێژ لەقژم
بکەمە وەرزی تەنیایی
تا رەنگی پایز بنوێنێ
شەپۆلی دەریای مەنگیش
بەدیاری بداتە دەست و،
هەناسەی ئاوێنەی تەمەن
وەک منداڵێکی خۆشەویست و
وەک رەونەقی بەهاری سەوز
بەدەمتەوە پێبکەنێ.
3
کاتێ پایز وەرزی ئەوین دەچنێتەوە
ئاسمانی خۆی ، پڕ دەکا لەبەزەیی
چاوەکانی زەرد هەڵدەگەڕێ
دەستەکانی پڕ دەکا لەدوعا
هەناسەی بۆنی نەرمە بارانیان لێ دێ
پایز دەبێتە دایک و
کۆرپەکانیشی دەبنە گەڵا.
4
دەمەوێت بێمە ئەوینتەوە
بەڵام تۆ وەرزی تەمەنم دەدزی و
شەوانیش بەنێرگزو مێلاقە دامدەپۆشی
تاکوو ترپەی دڵمان
هەست نەکات بەسەر باڵی دەریاوە
دەنیشێتەوە.
5
ئازیزەکەم راستە پایز
چیرۆکەکانی ژیان دەنوسێتەوە
بەڵام شەپۆلەکانی بێدەنگی و
بێگەردی وەرینی گەڵا
دەمانباتەوە بۆتەنهایی.
6
تۆ دەزانی ئەوشەوانەی
بەدیار شەوەزەنگی مۆمێکەوە
یادی مەرگی ئاوو،
خوڕەی لێزمەی باران و
تریفەی هەڵهاتنی مانگ دەکەم
تۆ لەقژم دەئاڵێت و
لێوی تەڕم دەڕژێتە ناو ئەوینتەوە.
7
تۆ دەزانی پایز
نوزەی گەڵایەکی هەڵوەریووەو
وێستگەیەکی بێهودەیی
وەرینی باخچەکانی تەمەنە،
کاتێ مەست دەبێت بەنەشئەی دڵم
رەنگی گەڵای دەوەرێت و
چاوەڕوانی بزەو خەندەی ژنێکی عاشقە.
8
کاتێ پایز وێنەی خۆی لەتەنهایی
درەختەکاندا دەبینێ
زەوی دەکاتە چێژوانی خۆی
شەقامەکان رەنگ زەرد دەبن
خۆریش ئاسمان زەوتی دەکاو
ئەوینیش دەیباتەوە بۆ نیگەرانی.
9
پایز وەرزی دڵشکان و
ئاسوودەیی رۆحی منە
ئەم وەرزەم ناو دەنێم سەفەر
چونکە زەریا پێدەکەنێ و
دارستانیش بۆسەوزایی خۆیان دەگرین
کێڵگەش برین دەچنێتەوە.
ماڵپهڕی
کهژاڵ
ئیبراهیم خدر
|