٢٠\٩\٢٠١٢
دەمەوێ
لەدایک بم.

یوسف
خەلیل
کاتێ مرۆ نۆش دەکا..
هەناسە بێ سانسۆرەکان
کە پەیوەست بوون
بە بوونى خوود فەرهەنگ ڕێژکا...!
هاوڕێ ئەتوو نەبووى
ستارى بنەوشە و سیماى ئاسۆ
و
فریشتەکانت
وەک زەنگى سپێدە وەخەبەرکرد
دڵی تەم و سۆزى گەدا و
ئەڤینی کات و ساتت
لە نێو قۆزاخەى
رۆژە نادیارەکان و
فەلەکى سۆزانییە هات و نەهاتەکاندا
وەک دووانەیەکى تاک جەستە
عاشق بە یەک ئاسا
لە نێو خەزانێکى هەمیشە بەهارا
ژیینی نوێمان بە هەردووکمان
بنیات دەنا.
* * *
ئەمێستاش
لە دووت دەگەڕێم و نازانم نانا بۆ
تەمەن خۆی کردۆتە
مۆتەکەى ژەنگ و
پاییز و دیل و
دەسەپاچەى خوا!
هێدی هێدی وەک بارانێکى دووڕییان و
وەرزى بێ ناونیشان
نمووى داستانە تارماییەکان و
بێشەڵانە
بەوقووم و خوێن ئامێزەکان
بوونە پۆشاک و
کرا بە بەرى ئاسۆدا
و
تاراندییانن.
* * *
خەزانى دۆزەخیش
یەک لە دواى یەک
وەک کاى دەم با و زامى بێ شومار
زەوى کردە کۆیلە و
زنجیرە چیاکانى بەهارى
کردە ئاوەڕۆی کانیاوەکان و
هۆن هۆن
فرمێسکی قەتیسماو
بێهوودە و نامۆ
بەرەو دەریا رۆدەچوو
باڕێژەى ئاسمان ئاسا رەشیش
لە نێو دۆزەخا
کەژاوەى مەرگیان تاودەدا و
جەستەى دڵداریش
ژیلەمۆ ئاسا
هەڵدەپڕوکا.
Yousif_kazh@yahoo.com
|