په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٣\٢٠١٠
 
دەمەوێت شازدە لە مانگی سێدا نەهێڵم.

 هێمن ره‌ئووف

هەموو ساڵێک لە شازدەی سێ دا هەست دەکەم
بە قۆڵ و بازووی خۆم ئەم تایتانیکەم درووستکرد و
بە بانگەشەی " وەرن بۆ بینینی ڕۆحی زەریا" هەوادارانی ئەم گەشتەم کۆکردەوە و
بە فریوی شەپۆلێکی بەستوو، ڕۆحی پێنج هەزار گەشتیارم بەخشیە ئاو.
ئەمڕۆ، غەمگینترم بۆ شەهیدبوونی تۆ
هەڵەبجە کۆستکەوتووەکەم.


کە دوا بەفر دەتوێتەوە
هەموو ڕۆژێ چاو دەبڕمە ئەو نەمامەی لە سەر پەنجەرەکەم لە ئنجانەیەکدا بەند کراوە
لە ساتەکانی نمایشی زیندووبوونەوە دەڕوانم
باڵایەکی ڕەش داگەڕاو هێدی هێدی سەوز هەڵدەگەڕێت
چرۆیەکی نوێ دەبێت بەگەڵا، نەش و نما، چرۆیەکیتر، گەڵەیەکی تر، ژیانەوە...
ئەم ڕووەکە بەهارییە یەک گوڵ دەگرێت
لە ئێوارەی شازدەی سێدا خونچە دەیەوێت سبەینێ بکرێتەوە
ئەو خونچەیە نابێ بە گوڵ
ئەو ڕۆژە، لە پێشنیوەڕۆدا هەڵدەوەرێت
ئەم گوڵە خۆی بە نائومێد ترین گوڵی دنیا دەزانێت
منیش خۆم بە پەستترین پیاو
لەم ڕۆژەدا کە تۆی جەستەم دەکولێیتەوە
هەڵەبجە لێقەوماوەکەم.


غەمگینیم و پەستیم دەمبەن بۆ سیلەی شێتی
دەمەوێت شازدە لە مانگی سێدا نەهێڵم
وەک چۆن سی لە مانگی دوودا سڕایەوە
دەمەوێت ئەو ڕۆژە کەڵەشێر و مەلا بانگ نەدەن
هەتا لەشەوی پازدەدا جێبمێنین
دەمەوێت خۆر هەڵنەیەت
تا نەبێت بە نیوەڕۆ
دەمەوێت هیچ فڕۆکەیەک نەفڕێت
هەتا هیچ گازێک نەڕژێت لە ئاسمانەوە
دەمەوێت هیچ کەس ئاهەنگ نەگێڕێت
هەتا هەموومان لە پرسەدا بین ئەو ڕۆژە.


نازانم ئەمە دۆزینەوەی حەقیقەتێکە یان خەیاڵیکی شێتانەی ترە؟
لە ناوەڕاستی ئازاردا هەڵەبجەکەم شەهید کرا
بەم پێیە!!!
قوڵترین برینی زەمین
سەختترین ئازاری دنیا
ئەوڕۆژەیە کە ئەم شارە خنکێنرا.


لە مرۆڤەکان دەگەڕیم و ڕووی هەڕەشەم دەکەمە سروشت!
با سێو داوای بەخشین لە هەڵەبجە بکات
با ئاسمان سەردانەوێنێ لەبەر پێیا
با شەماڵ بە شەرمەوە لە شنە کەوێت
ئەمانە بۆن و پانتایی و کەشیان بەخشی بەم تاوانە.


ئەی ئەم ڕستانە؟
ئێمە هەموو لەدایک دەبین بۆ ژیان
منداڵەکەی عومەری خاوەر بۆ مردن.
ئێمە دەژین بۆ گەشتن بە کامەرانی
خەڵکی هەڵەبجە بۆ ئازار
ئێمە چاوەڕیی ساڕێژبوونی برینەکانین
هەڵەبجە هەموو ساڵیک چاوەڕیی شازدەی سێیە،
بۆ کولانەوەی زامەکان.


15.03.2010

www.hemnrauf.kurdblogger.com