١٨\٥\٢٠١٣ دەنگ بە بارزانى نادەم.
دواى زیاتر لە دوو دەیە لە حکومڕانیکردنى ئەم هەرێمە لەسەر بنەماى سیستمێکى دیموکراسى فرە لایەنى ، بەڵام هێشتا بابەتى جێگیرکردنى هەڵبژارنەکان لەلایەن ئەم دەسەڵاتدارە حکومڕانانەوە وەک پێویست کارى بۆ نەکراوە، تەنانەت زۆربەى جار بەهۆى پەکخستى ئەنجامدانى هەڵبژاردن خەریکە ئەم هەرێمە تووشى قەیرانى گەورە گەورە ئەکرێت، یاخود هەموو کارتێکى سیاسى و دیبلۆماسى بەکار ئەهێنرێت بۆ ئەوەى هەڵبژارن یان نەکرێت، یاخود دوابخرێت، نمونەى زیندووش هەڵبژاردنى شارەوانیەکان و ئەنجومەنى پارێزگاکانە، پێشتر بە پاساوى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان لە کانونى دوومى ٢٠٠٥ دا هەڵبژاردنى شارەوانیەکان رەتکرایەوە، هەروەها تا هەنووکە پارێزگاکانى ترى عێراق سێ خولى هەڵبژاردنیان ئەنجامدا تا ئێستا بابەتى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان نەبۆتە جێى مشت ومڕو گفتوگۆى سەر مێزى دەسەڵاتدارانى ئەم هەرێمە.
پێش هەر شتێک پێویستە ئەم هەرێمە بەرەو سیستمێک بڕوات کە لانى کەم بگونێجت لەگەڵ ئەو گۆرانکاریە خێراو بەرفراوانانەى ناوچەکە و بەرپرسانى ئەم هەرێمەش ئەبێت ئەوان وەک ئەزمونێکى راستەقینە وێنا بکەن، (موعەمر قەزافى و سەام حسین و حوسنى موبارەک) نمونەى سمبولى ناسیونالیستى عەربى بوون، زۆربەى دوژمنەکانیان بەهۆى هەڵوێستى توندیان بوو بۆ داکۆکیکردن لە نەتەوەى عەرەب و زمان و کلتورو خەڵکەکەى، بەڵام بەهۆى ئەوەى ئەوان پێش ئەوەى ئاشتى و خۆشگوزەرانى بەرقەرار بکەن بۆ میللەتەکەیان، دەرگاى شەرى نائومێدیان واڵاکرد، ئەنجامەکەى وەک وێنەیەکى زیندو لە زهنى هەمووتاکێکدا ماوەتەوە...
بۆیە ئەگەر بڕیار بێت هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانى کوردستان و سەرۆکایەتى هەرێم بکرێت، پێویستە بارزانى بەبێ ئەوەى کەس داواى لێ بکات، یان تەنانەت ئەگەریش گوشارى لەسەر بێت بۆ خۆ کاندیدکردنەوە، پێویستە ئەو رەتى بکاتەوە لە پێناو میللەت و وڵاتەکەیدا، لانى کەم کشانەوە لە خۆکاندیدکرنەوەى رێزگرتنە لەو یاساو ماددانەى کە بەدەستى خۆى واژووى کردوون، ئەمەش جگە لە هەڵوێستێکى مێژوویى جوامێرانە هیچ شتێکى تر نیە، بە پێچەوانەوە خۆ سەپاندن یاخود دۆزینەوەى رێگایەک بۆ ئەوەى ( بارزانى) کاندید یاخود هەڵبژێردرێتەوە، جگە لە پێشێلکردنێکى ئاشکراى یاسا، لە هەمان کاتدا گومان لەسەر مێژووى تێکۆشان و قوربانى خۆیى و بنەماڵەکەى دروست ئەکات.
|