په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

دەنگدان لەنێوان ترس و چاوەڕوانیدا.


حەسەن حسێن  


(سەعد حەریرى) لە یەکەم لێدوانی دواى سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی (لوبنان)دا وتی: لوبنان بردیەوە. ئەو رستەیە بەدەر لە ناوەڕۆکە گشتگیرەکەى نیشانەى خەمخۆریی بوو بۆ هاوڵاتیان  و کۆمەڵگەى لوبنان، چونکە خەمی گەورەى هێزە سیاسییەکان ئەوە بوو هێزە سیاسییە خاوەن میلیشیاکان، ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبوڵ نەکەن و پەنا ببەنە بەر توند وتیژیی و زمانی چەک و لوبنان بگێڕنەوە بۆ دۆخی شەڕى ناوخۆى هەشتاکان.


هەنووکە ئێمەش لەکوردستان لەو خەمەدا دەژین، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لەنێو سەرکردە قاڵ و بە ئەزموونەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا کەسێک دەدۆزینەوە هێندەى ئەو سیاسییە گەنجەى لوبنان هەڵگرى گیانى خەمخۆرى بێت بۆ ئاسایش و ئارامی کۆمەڵگەکەى؟ بەشبەحاڵى خۆم من بەگومانم لەوە، زۆرینەى هاوڵاتیانیش بە ترس و نیگەرانیی و بەدگومانییەوە دەڕواننە ڕادەى خەمخۆریی هێزە سیاسییەکان بۆ پاراستنی ئاشتی و ئارامی ژیانی هاوڵاتیان و ئامادەییان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی، بۆ قبوڵکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن ئەگەر هات و شکستیان هێنا.


نائامادەیی ئەم هێزانە بۆ قبوڵکردنی شکست بە دیوەکەى تردا ماناى ئامادەبوونیانە بۆ پەنابردنە بەر چەک و هەڵبژاردنی شەڕ، بوونی میلیشیاى چەکدارى پارتی و یەکێتی، ئەوە دەڵێت. زمانی ئێستایان و رستە نەگوتراوەکانی بانگەشەکانی هەڵبژاردنیش هەر ئەوە دەڵێت، سەرۆکی هەرێمیش بە ڕوونی ئەوەى پێ وتووین کاتێک دەستوورى هەرێمی کردە چقڵێک بۆ چاوى نەیارەکانی، ئەو دەستوورەى کە بەشی زۆرى رۆشنبیران، رۆژنامەنووسان، پزیشک، یاساناسان دادوەر، پارێزەران، ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى  و ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ڕەتیان کردۆتەوە..؟!!


لە ڕاستیدا ترس لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، ترسێکى واقعیە و گریمانەکردنی دروستبوونی شەڕ و توند و تیژیی، بەرنامەى هەڵبژاردنی لیستەکان و بگرە هەموو پرۆسەکەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.


لەم حاڵەتەدا هاوڵاتی ئازادانە و بآ ترس ناچێت بۆ دەنگدان، بەڵکو لەکاتی چوونی بۆ بەردەم سندوقی دەنگدان بەرلەوەى بیر لەو لیست و هێزە سیاسییە بکاتەوە کە دەشێت گۆِرانکاریی پۆزەتیف و چاکسازیی لە ژیانیدا بکات و دەنگی پێ بدات، جگە لەوەى بیر لە نانبڕینى خۆى دەکاتەوە بیر لە مۆتەکەیەکیش دەکاتەوە کە دەشێت ژیانی خۆى وکۆمەلگاکەى بکاتە دۆزەخێ.


واتە مۆتەکەى قبوڵنەکردنی ئەنجامەکان و دروستبوونی توند و تیژیی و ئاشوب، کەوایە هەر لە سەرەتاوە دۆخێکی ئارام و لەبار بۆدەنگدەر نەڕەخساوە کە بڕیارى خۆى تیا بدات. لێرەوەیە کە دەوترێت ئەو هێزانە نە بیر لە ئێست و ئاییندەى کۆمەڵگەى کوردى دەکەنەوە و نە لە بانگەشەکانیشیاندا راستگۆن و تاکە مەبەستیان دەسەڵات و خێرو بێرەکانی فەرمانڕەوایەتییە.


واتە ئەم هێزانە ئەوەندەى دەسەڵاتگرتن یا مانەوەیان لە دەسەڵاتدا بە لاوە گرنگە، ئەوەندە ڕاگرتنی ئارامی و ئاسایش و پێشخستن و خزمەتکردنی کۆمەڵگەیان لا گرنگ نییە، گەر وا نییە کۆمەڵگە بۆچی لەم ترسەدا بژیێت؟ ئایا ئەو هێزانەى ئەو ترسە دروست دەکەن بە ڕاستی شایستەى فەرمانڕەوایەتی کردنن؟


ئەمە درێژە و بەردەوامیی ئەو بۆچوونەیە کە پرۆسەى هەڵبژاردن و بەشداریى سیاسی (گەرچی رواڵەتیی و کەم و کورتیشە) کورت دەکاتەوە بۆ سەرکەوتن و شکستی لیستەکان. لە دۆخێکی ئاوا ناتەندروستدا لە ئێستاوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان روونە کە لە باشترین حاڵەتیدا وەهمی خێر و خۆشی و چنینەوەى دەستکەوت دەخزێنرێتە مێشکی دەنگدەرانەوە و ئەگەرە خراپەکەش ئەوەیە کە دەشێت کوردستان ببێتە ئەو مەعبەدەى شەمشون بەسەر خۆیی و دوژمنەکانیدا ڕوخاندى.


بەم مانایە دەکرێت بڵێین لیست و هێزەکان لە جەمسەرێکی هاوکێشەکەدان و کۆمەڵگەش لە جەمسەرەکەی تر، سەرکەوتن  و شکستی لیستەکانیش لە تاکە جەمسەرێکدا کاریگەریی نییە و دواجار سودمەند و زیانمەند لیستیکی ناو جەمسەرەکە نییە بەڵکو کۆمەڵگەیە کە یا هەندێک چاکسازى لە ژیانیدا دەکرێت یاخود دیسان لە چاوەڕوانیدا دەمێنێتەوە.


دابەشبوونی هاوڵاتی سادە بەسەر لیستە جیاوازەکاندا لە گەڕانیایەتی لە دووى چەند ئامانج و خواستێکی ونبوودا کە پێی وایە لەو هێزە سیاسییەدا دەیدۆزێتەوە کە لایەنگرى دەکات یا دەنگی دەداتێ. ئەو ئامانجە ونبووانە لە چڕترین و کورتترین دەربڕیندا بریتین لە خۆشگوزەرانی، ئاشتی و ئازادى. هێزە سیاسییەکانیش هەر چییەک دەلێن و دەکەن و چۆن وردى دەکەنەوە، دەیانەوێت بەڵینی بەدیهاتنی ئەم خواستە سەرەکییانە بدەن بە هاوڵاتی. بۆیە گرنگ سەرکەوتنى لیستێک یا هێزێکی سیاسی نییە، گرنگ ئەوەیە کە لیست و هێزى براوە کاتێک دەسەڵات دەگرێتە دەست چەندە راستگۆیە و چەندێک ئامادەیە ئەو خواست و بەڵێنانە دەستەبەر بکات. ئەوە سەرکەوتن نییە کە بە دروشمی بریقەدار متمانەى هاوڵاتییان بەدەست بهێنرێت و دواتر دەسخەڕۆ بکرێن، ئەوە سەرکەوتنە کە متمانەى خەڵکی نەدۆڕێنرێت. وەک ئەوەى هەر دوو هێزى دەسەڵاتدار لەماوەى هەژدە ساڵدا متمانەى زۆربەى هاوڵاتیانیان دۆڕاند.


چ کاتێک هێزێکی سیاسی دەتوانێت خۆشحاڵ بێت بەوەى سەرکەوتوە! حەتمەن ئەو دەمەى کە توانیبێتی بڕواى خەڵکی بەدەست بهێنێت و متمانەى کۆمەڵگەى بردبێتەوە. ئەو دەمەش کۆمەڵگە دەیباتەوە کە ڕێز لە ئاسایش و ئارامییەکەى بگیرێت و هیچ هێزێکی سیاسیی چ لە دەسەڵاتدا یا لە دەرەوەى دەسەڵات بۆیان نەبێت مەترسی و گومانی لا دروست بکەن، ئەو دەمە کۆمەڵگە دەیباتەوە کە هێزە سیاسییەکان بە جیدى و راستگۆیییەوە لەسەر خزمەتکردنی کۆمەڵگەکە ململانآ دەکەن و پرۆژە دەخەنە روو، کۆمەڵگە ئەوکاتە دەیباتەوە کە دواى هەڵبژاردنەکان خەڵکی وەک ئێستا بتوانن بڕژێنە سەر شەقامەکان و لێپرسینەوەیان هەبێت لە بەرامبەر جێبەجێ نەبوونی بەڵێنەکانیان.

 


hasan0156@yahoo.com