|
٧\١٢\٢٠١٣
دەنگێکی تری ئازاد
(کاوە گەرمیانی) خنکێندرا.
لە شارەکانی
(ستۆکهۆلم، یۆتۆبوری، مالمۆ) ئامادەکاریی
دەکرێ بۆ کار و
چالاکی و ناڕەزایەتی دەڕبڕین.
چەند
کاتژمێر لەمەوبەر گروپێکی تیرۆریستی
بالادەست لە کوردستان لاپەڕەیەکی ڕەشی تریان خستە سەر مێژووی پڕ لە
تاوانیان. قوربانی ئەم جارەی ترۆریزمی تاقمە جەردەکانی کوردستان
ڕۆژنامەنووسی بوێر و چاونەترس کاوە گەرمیانییە، کە لەبەردەم ماڵی خۆیان
لە شاری کەلار درایە بەر دەستڕێژی گولـلە و گیانی نایە پێناو
ئاشکراکردنی ڕاستیەکان. کاوە گەرمیانی دەیزانی کە لەژێر چەپۆکی
مافیاکاندا خەریکە یاری بە ئاگر دەکات، بەڵام لە پەردە هەڵماڵین لەسەر
تاڵانکاران بەردەوام بوو، سەرەڕای هەڕەشە و گوڕەشەکان کۆڵی نەدا و
بەڵگە حاشا هەڵنەگرەکانی لەسەر تاڵانی و دەست بەسەرداگرتنی مڵک و ماڵی
هاوڵاتیان بڵاو دەکردەوە. بەڵام ئەمڕۆ نەک ماهیەتی گەندەڵی
دەسەڵاتداران، بەڵکو بەم قوربانی دانەی جارێکی تر زەبوونی و ترسنۆکی
نەیارانی ئازادی و مافەکانی خەڵکیشی ئاشکرا کرد. کاوە گەرمیانی دەنگێکی
تری ڕێگای خەبات لەپێناوی ئازادی و عەدالەت و یەکسانیە. خوێنی ئەو و
قوربانی دانی ئەو بە هەدەر ناچێت و هەوڵی پیرۆزی بۆ بنیاتنانی
کۆمەڵگایەکی دادپەروارانە و ئازاد بەردەوامە.
ئێمە ئەو کۆمەلەو ڕێکخراوە کوردیانەی سوید
کە لە خوارەوە ناومان هاتوە،هاودەنگ لەگەڵ هەموو ئازادیخوازانی
کوردستان ئەم کردەوە چەپەڵە ئیدانە و ڕیسوا دەکەین و بانگەوازی سەرجەم
ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین کە مەیدان و شوینە گشتیەکان بکەنە شانۆی
نیشاندانی توڕەیی و بێزاری لە گەندەڵکاران و مافیا تیرۆریستەکانی
کوردستان. بکوژانی کاوە گەرمیانی، ئەوانەی نەخشەیان بۆ کێشاوە و
کارئاسانییان بۆ کردووە دەبێ ڕادەستی دادگا بکرێن و بە سزای
تاوانەکانیان بگەن. دەسەڵاتدارانی هەرێمی سەوز و بە تایبەتی دەزگا
ئەمنیەکانی سەر بە یەکیتی نیشتیمانی کوردستان بەگشتی و گەرمیان
بەتایبەتی لەم بابەتەوە بەرپرسیاری یەکەمن . هەروا لێرەدا ڕایدەگەیەنین
کە کەیسی کاوە گەرمیانی و هەڕەشەکانی کە لە ڕابردوودا لێی کراوە
لەوڵاتی سوید سکالای لەسەر تۆمار کراوە و هاوکات لای رێکخراوی ئامنستی
ئەنتەرناسیۆنالیش هەیە . هاوکات لە ڕۆژەکانی داهاتوو ئەم تاوانە دزێوە
و ڕاستیەکانی تیرۆریزمی باڵادەست لە کوردستان بە تەواوی ناوەندە
سیاسیەکانی سوید و سەرتاسەری ئەوروپا دەگەیەنین. هەموو لایەکیش ئاگادار
دەکەینەوە کە لەشارەکانی ( ستۆکهۆلم .یۆتۆبۆری ، مالمۆ ) بۆ ڕێزگرتن لە
ژیان و قوربانی دانی کاک کاوە گەرمیانی کارو چالاکی ئەنجام دەدەین و لە
ڕاگەیاندنی داهاتووماندا کات و شوینی چالاکیەکانمان بڵاو دەکەینەوە.
- گروپی ١٧ شوبات لەستۆکهۆلم
- کۆمیتەی پشتگیری لە داواکاریەکانی
خەڵکی کوردستان لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
- ناوەندی خوێندن و کلتوری کوردی لە
شاری یۆتۆبۆری/سوید
- ماڵی کلتوری کوردی لە شاری یۆتۆبۆری/سوید
- کۆمەڵەی ئەکادیمیەکانی کوردستان لە
شاری یۆتۆبۆری/سوید
- کۆمەڵەی کلتوری کوردستان لە شاری
یۆتۆبۆری سوید
- کۆمیتەی سەردەشت عوسمان لە شاری
یۆتۆبۆری/سوید
- کۆمەڵەی سکۆنە کورد لە شاری مالمۆ/سوید
٥\١٢\٢٠١٣
________________________________________________
•
بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی)
لێرە کرتە بکە:
http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm
|