

سوهرابى سپهرى
وەرگێڕانى: دلاوەر عومەر و نەبەز گۆران
خەڵکى کاشانم
رۆژگارم خراپ نییە.
لەتە نانێ شک ئەبەم، تۆزێ هۆش و
هێندەى سەرە دەرزیەکیش ئارەزوو.
دایکێکم هەیە، نیانتر لەگەڵاى درەخت.
هاوڕێیانێ ، روونتر لەئاوى رەوان.
خوایەکیش لەم نزیکانە:
لاى ئەم شەوبۆیانە، لەسەر ئەو کاژە بەرزانە.
بەسەر هۆشى ئاوەوە، لەسەر قانونى گیاوە.
من موسڵمانم .
قیبلەم گوڵێکى سوورە.
جێ نوێژم کانییە، بەردەمۆرم روناکییە.
دەشت بەرماڵى منە.
من دەست نوێژم بەترپەى تۆزى پەنجەرەکان هەڵئەگرم
لەنوێژما مانگ جۆلانێ ئەکا، شەبەنگ جۆلانێ ئەکا.
لەپشت نوێژمەوە بەرد دیارە.
تەواوى نزاکانى نوێژم ئەبنە بلوور.*
کاتێک نوێژم دا ئەبەسم
_ با _ لەسەر منارەى سنەوبەرێکەوە بانگى دابێ.
من نوێژم دواى (( تەکبیروالاحرامى )) (1) گیا ئەخوێنم
دواى ((قەدقامەتى)) (2) شەپۆلان.
کەعبەى من لەقەراخ ئاوە.
کەعبەى من لەژێر (( ئەکاکیەکان )) دایە(3).
کەعبەى من وەک نەسیم، باخ بەباخ و شار بەشار ئەڕوا.
(( حەجرولئەسوەدى)) من روناکى باخچەیە.
خەڵکى کاشانم
کارم نیگار کێشانە
جار جارە قەفەزێ لەڕەنگ دروست ئەکەم، بەئێوەى ئەفرۆشم
تابە ئاوازى ئەو گوڵاڵە سوورەى تێیدا بەندە
دڵى تەنهایتان تازەبێتەوە.
چ خەیاڵێکە .... چ خەیاڵێ .... ئەزانم
تابلۆکانم بێ گیانن
باش ئەزانم ، حەوزى نیگارەکانم بێ ماسیە.
خەڵکى کاشانم
ئەشێ رەچەڵەکم بچێتەوە
سەرگیایەک لەهیند
سەر گۆزەیەک لەخاکى (( سیلک)) (4).
لەوانەشە نەسەبم بچێتەوە سەر ژنێکى فاحیشە لەسارى بوخارا.
باوکم دواى دووجار هاتنى پەڕەسێلکەکان
دواى دووجار بارینى بەفر
دواى دووجار خەوتنى بەرهەیوان، باوکم مرد
باوکم لەپشت زەمەنەکانەوە مردووە.
کاتێ باوکم مرد ، ئاسمان شین بوو.
دایکم بێئاگا لەخەو راچڵەکى، خوشکەکەشم زیبا بوویەوە.
کاتێ باوکم مرد، پاسەوانەکان هەموو شاعیر بوون.
کابراى میوە فرۆش لێى پرسیم: چەن مەن کاڵەکت ئەوێ؟
منیش لەوم پرسى:
مشتێ دڵخۆشى بەچەنە؟
باوکم نیگارى ئەکێشا
سازى دروست ئەکردو ئەیشى ژەنى
خەتیشى خۆش بوو.
باخەکەمان لاى سێبەرى دانایەوە بوو.
باخەکەمان شوێنى پێکەوە گرێدانى هەست و گیابوو.
باخەکەمان خاڵى پێکدادانى نیگاو قەفەس وئاوێنە بوو.
لەوانەیە باخەکەمان کەوانێ لەبازنەى سەوزى بەختەوەرى بووبێ
ئەو رۆژەى لەخەوما میوە کاڵەکانى خوام ئەجوى
ئاوم بەبێ فەلسەفە ئەخواردەوە.
توم بەبێ زانست ئەچنى
تا هەنارێ قڵیشى ئەبرد، دەست ئەبویە فوارەى تکا.
تا پاساریەک ئەى خوێند، سینە لەخۆشى بیستنا ئەسوتا.
جار جارەش تەنهایى، ڕوخسارى بەپشت پەنجەرەوە ئەنا.
شەوق ئەهات و دەستى لەگەردنى هەست ئەکرد.
هزر ، گەمەى ئەکرد.
ژیان شتێک بوو، وەک بارینى جەژن، چەشنى چنارێکى پڕ لەڕیشۆڵە.
ئەوسا ژیان ، پۆلێ لە روناکى و بووکە شوشە بوو.
باوەشێ ئازادى بوو.
ئەوسا ژیان، حەوزى پڕ لەمۆسیقا بوو.
مناڵى، وردە وردە
لەکۆڵانى پوشکە بەقنگەکان دوور کەوتەوە،
بارو بنەى خۆم پێچایەوە، لەشارى خەیاڵە خۆشەکان چومە دەرێ.
دڵیشم پڕە لەغوربەتى پوشکە بەقنگەکان.
من چووم بۆمیوانى دنیا
بۆ دەشتى غەم
بۆ باخى عیرفان
بۆهەیوانى چراخانى زانست چووم.
بەسەر پلیکانەى مەزەبا سەرکەوتم.
تاقوڵایى کۆڵانى گومان
تاهەواى فێنکى بێ نیازى.
تا شەوى تەڕى موحیبەت چووم.
چومە دیدارى کەسێ لەوپەڕى عیشق
ڕۆشتم..... رۆشتم تالاى ژن،
تاچراى لەزەت،
تابێدەنگى تکا،
تاشەقەى باڵى تەنهایى.
شتانێکم دى لەم سەر زەمینە:
مناڵێکم دى: بۆنى بەمانگەوە ئەکرد.
قەفەزێکى بێ دەرگام دى، کە روناکى باڵەفڕێى تیا ئەکرد.
پەیژەیەک کە عەشق بەسەریا ئەچویە سەربانى مەلەکوت
ژنێکم دى: نوورى لەهاوەنا ئەکوتى
نیوەڕۆ لەسەر سفرەکەیان نان هەبوو، سەوزە هەبوو، دەورى شەونم هەبوو
قاپى گەرمى خۆشەویستى هەبوو.
گەدایەکم دى: ماڵ بەماڵ ئەگەڕا ئاوازى پاسارى ئەویست.
کەناسێکیش ، سوژدەى ئەبرد بۆتوێکڵى کالەَکێ.
بەرخێکم دى، کۆلارەى ئەخوارد.
وڵاخێکیش، لەوێنجە ئەگەیشت.
لە لەوەڕگەى (( نەسیحەتا)) گایەکى تێرم بینى.
شاعیرێکم دى لەوەختى قسەکردنا بەگوڵە سۆسەنى ئەوت (( جەنابتان ))
کتێبێکم دى، هەموو وشەکانى لەجنسى بلور
کاغەزێ لەجنسى بەهار
مۆزەخانەیەکم دى، دوورلەشینایی.
مزگەوتێکیش دوور لە ئاو.
لەسەر سەرینى فەقێکى نائومێد ، گۆزەیەکم دى لێوان لێو لەپرسیار.
هێسترێکم دى بارەکەى (( ئینشا))
وشترێکم دى بارەکەى سەبەتەیەکى بەتاڵى (( پەندى پێشینان ))
عارفێکم دى بارەکەى (( هەى ، یا هوو ))
من قیتارێکم دى، رۆشناى ئەبرد
من قیتارێکم دى، فیقهى ئەبردو چەن قورس ئەڕۆیى
من قیتارێکم دى، سیاسەتى ئەبردو چەن بەتاڵ ئەڕۆیى
من قیتارێکم دى، تۆوى نیلۆفەڕى و ئاوازى کەنارى ئەبرد
فڕۆکەیەکیش ، لەبەرزایى هەزاران پێ
زەوى لەشوشەکەیەوە دیار بوو
پۆپنەى کوندە پەپوو،
خاڵەکانى باڵى پەپولە،
وێنەى بۆقێک لەحەوزا
تێپەڕینى مێشێک بەکۆڵانى تەنهایا.
تکاى روونى چۆلەکە، وەختێ لەسەر چنارێکەوە بەردەبێتەوە
سەر زەمین.
باڵغ بوونى هەتاوم دى........
دەست لەملانى جوانى بووکەشوشە وبەیانى
ئەو پلیکانانەى بۆ گوڵخانەى شەهوەت ئەچوون.
ئەو پلیکانانەى بۆ سەرە داوەکانى زەمان ئەچوون.
ئەو پلیکانانەى بەرەو قانونى فەسادى گولًى سوور ئەچوون.
بەرەو ئیدراکى ماتماتیکى ژیان.
ئەو پلیکانانەى بەرەو بەرزایی ئیشراق ئەچوون
ئەو پلیکانانەى بەرەو سەکۆى تەجەلا ئەچوون
دایکیشم لەو خوارەوە
پیاڵەکانى لەیادەوەرى روبار ئەششت.
شار، دیا بوو:
سیمای هەندەسەى _ چیمەنتۆ_، ئاسن، بەرد
سەقفى بێ کۆترى سەدان پاس.
گوڵفرۆشێ گوڵەکانى هەڕاج ئەکرد
لەنێوان دوو درەختى گوڵى یاسەمینا، شاعیرێ جۆلانەى ئەبەست
کوڕێک بەردى دەگرتە قوتایخانەکەیان.
مناڵێ دەنکێ قەیسى، تف ئەکردە سەر بەرماڵە بێڕەنگەکەى
باوکى .
بزنێکیش لە دەریاى (( خەزەرى )) (5 ) نەخشەى جوگرافیادا، ئاوى
ئەخواردەوە
تەنافێکى جل هەڵواسین دیاربوو، مەمک بەندێکى بێ ئۆقرەش.
چەرخى گالیسکەیەک لەحەسرەت ماندویەتى ئەسپ
ئەسپیش لەداخ خەوتنى گالیسکەچى
کابراى گالیسکە چیش لەداخى مەرگ.
ئەوین دیار بوو، شەپۆل دیار بوو،
بەفر دیار بوو، دۆستایەتى دیار بوو
وشە دیار بوو،
ئاو دیار بوو، وێنەى شتەکان لەئاوا
سێبەرى فێنکى خرۆکە لەگەرمى خوێنا
لاى ئاوڕینگى ژیان.
ڕۆژهەڵاتى پەژارەى ناخى مرۆڤایەتى.
وەرزى سەرگەردانى لەکۆڵانى ژنا.
بۆنى تەنهایى لەکۆڵانى وەرزێکا.
بەدەس هاوینەوە باوەشێنێک دیار بوو.
سەفەرى تۆو بۆ گڵ
سەفەرى لاولاو لەم ماڵەوە بۆ ئەو ماڵ.
سەفەرى مانگ بۆ حەوز.
خرۆشانى گوڵى حەسرەت لەخاکا.
ڕژانى خەڵفى مێو بەسەر دیوارا.
بارینى شەونم بەسەر پردى خەوا.
پرشى شادى بەسەر چاڵى مەرگا.
گوزەرى روداو لەودیوو قسەوە.
جەنگى رۆچنەیەک لەگەڵ تکاى روناکیا
جەنگى پلیکانەیەک لەگەڵ قاچى درێژى خۆرا
شەڕى تەنیایى لەگەڵ ئاوازێکا.
جەنگى جوانى هەرمێیەک لەگەڵ بەتاڵى زەمبیلەیەکا
شەڕى خوێناوى هەنار و ددان.
جەنگى نازدارەکان لەتەک ناسکى ناز نازا
جەنگى توتى و رەوانبێژى لەگەڵ یەکا
جەنگى تەوێڵ لەتەک ساردى بەردە نوێژا
شاڵاوى کاشى مزگەوت بۆسوژدە.
شاڵاوى _ با_ بۆمیحرابى کەفى سابوون.
شاڵاوى لەشکرى پەپولە بۆ بەرنامەى (( قەڵاچۆکردنى ئافات ))
شاڵاوى دەستەى پوشکەبەقنگە ، بۆپۆلى کرێکارانى (( لولەکەشى ))
شاڵاوى قەڵەم قامیش بۆسەر پیتە قوڕقوشمیەکان
شاڵاوى وشە بۆخەیاڵى شاعیر.
فەتحى سەدەیەک بەدەستى شیعرێک.
فەتحى باخێ بەفڕینى ریشۆڵەیەک
فەتحى کۆڵانێ بە دوو سەڵاو
فەتحى شارێ بەدەستى سێ چوار ئەسپ سوارى دارین
فەتحى جەژنێ بەدەستى دوو بووکە شوشەو تۆپێ
کوژرانى شەقشەقەیەک لەسەر دۆشەکى دەمەو عەسران.
کوژرانى حیکایەتێ لەسەر کۆڵانى خەو.
کوژرانى خەمێ بە فرمانى سرود.
کوژرانى مانگ بەئەمرى (( نیئۆن ))(6)
کوژرانى داربیەک بەدەستى دەوڵەت.
کوژرانى شاعیرێکى خەمۆک بەدەستى هەڵاڵە.
سەراپاى زەوى دیار بوو:
نەزم (7) بەکۆڵانەکانى یۆنانا تێ ئەپەڕى .
پەپویەک لەباخى (( هەڵواساروا ))(8) ئەیخوێند.
_ با_ لەملەى (( خەیبەر )) (9) باوەشێ پوشوپەڵاشى بەرەو
رۆژهەڵات ئەبرد.
لەسەر دەریاچەى ئارامى (( نگین )) (10) بەلەمێ گوڵى ئەبرد.
لە (( بنارس )) (11) بەسەر هەرکۆڵانێکەوە چرایەکى ئەبەدى هەڵکرابوو.
خەڵکانم دى:
شارانم دى
دەشتەکان و کێوەکانم دى
ئاوم دى، خاکم دى.
ڕوناکى و تاریکیم دى
گیاکانم لەڕوناکى و گیاکانم لەتاریکیا دى
گیانەوەرم لەڕوناکى و گیانەوەرم لەتاریکیا دى.
مرۆڤم لەڕوناکى و مرۆڤم لەتاریکا دى
خەڵکى کاشانم
وەلێ شارى من کاشان نیە
شارى من ونبووە.
من بەدڵ و بەگیان، بەکڵوکۆ
ماڵێکم لەدیوى دیکەى شەوە وە دروستکرد.
من لەم ماڵەدا لەگومانى تەڕى گیاکانەوە نزیکم
گوێم لەدەنگى هەناسەى باخچەیە، و
لەدەنگى تاریکى کاتێ لەگەڵایەکەوە بەرئەبێتەوە
لە دەنگى کۆکەى روناکى لەپشت درەختەوە.
لە پژمەى ئاو لەناو درزى بەردا
لە جیکە جیکى پەڕەسێلکە لەساپیتەى بەهارا
گوێم لە دەنگى سافى کرانەوەو داخرانى دەلاقەى تەنیایە، و
لەدەنگى پاکى، لە هەڵدانى توێکڵى سەرگوڵمى عیشق
لە کەڵەکەبوونى مەیلى فڕینى باڵ و
قڵیشانى خۆپارێزى رۆح.
گوێم لەدەنگى پێى پاڕانەوەیە.
لە دەنگى پێى قانونى خوێن لەدەمارا
لە ترپەى خەیاڵى کۆترەکان لەبەربەیانا
لە خورپەى شەوانى هەینى
لە عیشوەى گوڵە مێخەک لەهزرا
لە حیلەى پاکى حەقیقەت لەدوورەوە
من دەنگى زڕنگانەوەى ماددە ئەبیسم.
گوێم لە دەنگى پێى ئیمانە لەکوچەى شەوقا.
لەخرمەى باران، لەسەر پێڵوى تەڕى عیشق.
لەسەر مۆسیقاى خەمگینى بالقبوون.
لەسەر ئاوازى باخەکانى هەنار...
گوێم لەدەنگى ورد بوونى شوشەى شادیە لەشەوا.
لە لە توپەت بوونى کاغەزى جوانى،
پڕى و خاڵى بوونەوەى کاسەى غوربەت لە _ با_
من لە سەرەتاى زەویەوە نزیکم:
ترپەى دڵى گوڵەکان ئەگرم.
ئاشنام بەچارەنووسى تەڕى ئاو ، و عادەتى سەوزى درەخت.
ڕۆحى من بەرەو لاى تازەى شتەکان ئەڕوا
ڕۆحى من گەنجە
ڕۆحى من جارى واهەیە لەهەژمەتا کۆکە ئەیگرێ
ڕۆحى من بێئیشە
دڵۆپەکانى باران و درزى خشتەکان ئەژمێرێ
ڕۆحى من جارى واهەیە ، وەک بەردى سەر رێگەکان پڕە لەحەقیقەت.
من نەم بینى دوو سنەوبەر دوژمنى یەک بن
من نەم بینى داربیەک، سێبەرى خۆى بفرۆشى بە زەوى
(( ناڕەوەن ))(12) لقى خۆى بەخۆڕاى بە قاڵاو ئەبەخشێ
لەهەر کوێک گەلایەک هەبێ، ئارەزوى شکۆفەئەکا
بنچکە (( خشخاش )) (13) منى لەباوەشی بوونا ششتووە.
وەک باڵى مێروو لەقورساى بەرەبەیان تێئەگەم.
وەک گوڵدانێ، گوێ لەئاوازى رسکان ئەگرم.
چەشنى زەمبیلەیەکى پڕ لەمیوە، بەحەسرەتى گەیینم.
بەوێنەى مەیکەدەیەک، لە لێوارى تەمەڵیم.
وەک باڵەخانەیەکى گوێى دەریا، نیگەرانم لەبەرزاى ئەبەدیەت.
تا حەزکەى هەتاو، تا حەزکەى پەیوەندى، تا حەزکەى زاوزێ.
من دڵم بەسێَوێک خۆشە
بەبۆنکردنى بنچکێ بەیبوون
من بەئاوێنەیەک، بەیەک پەیوەندى پاک قایلم
بەتەقینى میزەڵانێ پێناکەنم
پێکەنینیشم نایە گەر فەلسەفەیەک مانگ بکا بەدوو لەتەوە
شەقەى باڵى قەتێ ئەناسمەوە
ڕەنگى تۆخى پۆِر، جێ پێى بزنە کێوى
باش ئەزانم رێواس لەکوێ ئەڕوێ
ڕیشۆڵە کەى دێ، کەو کەى ئەخوێنێ، باز کەى ئەمرێ
مانگ لەخەوى بیابانا چیە،
مەرگ لەلاسکى تکادا و
توتڕکى لەزەت لەژێر لێوى دوو باوەشا چیە.
ژیان عادەتێکى خۆشە.
ژیان پەڕوباڵى هێندەى مەرگە.
فڕینى بەئەندازەى عیشقە.
ژیان شتێک نیە ، لەسەر تاقى عادەت لەیادى من و تۆ
بچێتەوە.
ژیان سەرنجى دەستێکە لەوەختى چنینا
ژیان نۆبەرەى هەنجیرى رەشە، لەدڵى گەرمى هاوینا
ژیان دوورى درەختێکە بەچاوى مێروولەیەک
ژیان ئەزموونى شەمشەمە کوێرەیە لە چکەچکى شەوا
ژیان هەستى غەیبى مەلێکى کۆچەریە.
ژیان شوتى قیتارێکە، لەخەوى پردیکا ئەزرینگێتەوە
ژیان تەماشاکردنى باخێکە لەشوشەى داخراوى فڕۆکەیەکەوە
هەواڵى رۆیشتنى موشەکە بۆ فەزا
لەمسکردنى تەنیایى مانگە
خەیاڵى بۆنکردنى گوڵێکە لەهەسارەیەکى ترا.
ژیان شوشتنى قاپێکە.
ژیان دۆزینەوەى سکەیەکى کۆنە لەجۆگەلەى شەقامێکا.
ژیان رەگى دووجاى ئاوێنەیە.
ژیان گولێ بە (( توان )) ى ئەبەدیەتە.
ژیان لێدانى زەویە، لەترپەى دڵى ئێمەدا.
ژیان (( ئەندازەى )) سادەو یەکسانى هەناسەکانە.
لەهەرکوێکم باببم
ئاسمان هى منە
پەنجەرە، فیکر، هەوا، عیشق، زەوى هى منە
چ ئەهمیەتى تییایە
گەر جارجارە قارچکێکى
غەریبى بڕوێ؟
من نازانم
بۆچى ئەڵێن، ئەسپ حەیوانێکى نەجیبە، کۆتر
جوانە
بۆچى لەقەفەزى هیچ کەسێکا داڵ نیە
گوڵى وێنجە چى لەگوڵاڵە سوورە کەمترە
ئەبێ چاوانمان بشۆین، بەجۆرێکى دى بڕوانین
ئەبێ وشەکان بشۆین
ووشە ئەبێ خۆى _ با _ وشە ئەبێ خۆى باران بێ.
باچەترەکانمان فڕێدەین، بچێچینەوە، داخەین.
بڕۆینە ژێر باران
بیرو یادەوەریمان ببەینە بەرباران
لەگەڵ تەواوى خەڵکى شارا بەژێر بارانا رێبکەین
یارانمان لەژێر بارانا ببینین.
دەبێ لەژێر بارانا بۆعیشق بگەڕێین
لەژێر بارانا لەتەک ژنا بخەوین
لەژێر بارانا یارى بکەین
شت بنووسین، قسەبکەین، نیلۆفەڕ بچێنین.
ژیان تەڕبوونى پەیتا پەیتایە.
ژیان مەلەکردنە لەئەستێرکى هەنووکەدا.
باجلەکانمان داکەنین
ئاوەکە هەنگاوێک دوورە.
تامى رۆشنایى بکەین.
شەوى لادێیەک بکێشن وخەوى ئاسکێ
پەى بەگەرمایى هێلانەى لەق لەقێ بەرین
پێ بەقانونى چیمەنا نەنێین.
لەنێو بێستانى چێژا ، گرێى زەوق بکەینەوە.
وەختێ مانگ هەڵهات، گۆرانى بڵێین.
نەشڵێین شەو شتێکى خراپە.
نەشڵێین گوڵە ئەستێرە لەدیتنى باخ بێ خەبەرە.
باسەبەتەیەک بێنین:
ئەم هەموو رەنگە سوورە، ئەم هەموو رەنگە سەوزە بەرین.
بەیانیان نان و تۆڵەکە بخۆین:
لەپێچى هەرقسەیەکا نەمامێ بڕوێنین
لەنێوان دوو بڕگەیا تۆوى بێدەنگى بچنین
کتێبێ نەخوێنینەوە کە _ با_ تیایا هەڵناکا
کتێبێ تیایدا پەڕى شەونم تەڕ نیە
کتێبێ تیایدا خانەکان بێ مەودان
ئارەزوو نەکەین مێش لەسەر مەچەکى تەبیعەت بفڕێ
ئارەزوو نەکەین پڵنگ لەدەرگاى (( خەلقەتەوە )) بچێتە دەرێ
ئەبێ بزانین گەر کرم نەبوایە ژیان شتێکى کەم ئەبوو
ئەگەر کرمۆکە نەبوایە، زەبرێک بەقانونى درەخت ئەکەوت
ئەگەر مەرگ نەبوایە، بەشوێن شتێکى ترا ئەگەڕاین
بشزانین گەر روناکى نەبوایە، مەنتیقى زیندووى فڕین
ئەگۆڕا.
بشزانین بەرلەمەرجان ، کەلێنێک لەهزرى دەریاکانا
هەبوو.
نەشپرسین لەکوێین:
بۆن بەگوڵە مێخەکى تازەى نەخۆشخانەوە بکەین.
نەشپرسین فوارەى بەخت لەکوێیە.
نەشپرسین بۆچى دڵى حەقیقەت شینە.
نەشپرسین باوانى باوان، چ نەسیمێ، چ شەوێکیان هەبوو.
لەڕابردوا فەزایەکى زیندوو نیە.
لەراِبردوا مەلێک ناخوێنێ.
لەڕابردوا بایەک هەڵناکا.
لەڕابردوودا پەنجەرەى سەوزى سنەوبەر داخراوە.
لەڕابردوودا فڕۆکەکان تۆزیان لەسەر نیشتووە.
لەڕابردودا مێژوو هیلاکە.
لەڕابردودا یادەوەرى ئەڕژێتە کەنار سەدەفى ساردو سڕەوە.
بابچینە کەنار دەریاکە.
تۆڕ هەڵدەینە ئاوە وە.
تەڕو تازەیى ئاو بگرین.
زیخێک لەسەر روى زەوى هەڵگرینەوە
تا هەست بەقورسایى بوون بکەین.
وەختێ کەتامان لێهات خراپەى تریفە نەڵێین
(( بڕێ جار کەتام بووە، بینیومە مانگ دێتە خوارێ
دەست گەیشتوەتە بین میچى مەلەکوت
بینیومە کەنارى خۆشتر ئەخوێنێ
بڕێ جار کە برینێ لەژێر پێما بووە
کەندو لەندەکانى زەوى پێناساندووم
بڕێ جاریش لەپێخەفى بیماریما، قەوارەى گوڵ چەن بەرانبەر بووە
گەورەتربووە شێوەى نارنج، تیشکى چرا ))
نەشترسین لەمەرگ
(( مەرگ کۆتایى کۆترنیە
مەرگ هەڵگێڕانەوەى زیکزیکە نیە
مەرگ لە شنەى هزرا جێگرە
مەرگ لەزاتى شەوى لادێیا لە بەیانى ئەدوێ
مەرگ لەتەک بۆڵەترێکا دێتە سەر لێوان
مەرگ لەگەڵ (( بوکەسوورە))دا( 14 ) ئەخوێنێ
مەرگ بەرپرسى جوانى باڵى پەپولەیە
هەندێ جاریش مەرگ رێحان ئەچنێ
مەرگ هەندێجار ڤۆدگا ئەنۆشێ.
بڕێ جاریش لەژێر سێبەرا دانیشتوەو تەماشامان ئەکا
هەمووشمان دەزانین
سیەکانى لەزەت ، پڕن لەهەناسەى مەرگ ))
بادەرگا بەڕووى چارەنووسى قسەى زیندوا دانەخەین
وەختێ لەودیوى پەرژینەکانى دەنگەوە ئەیبیستین.
پەردەکان لادەین:
لێگەڕێن ئیحساس باى باڵى خۆى بدا، هەناسە بدا
لێگەڕێن بالقبوون ، لەژێر هەربنمیچێ پێى خۆشبوو
دەوارى خۆى هەڵبدا
لێگەڕێن باغەریزە یارى بکا
پێڵاوى داکەنێ و بەدواى وەرزەکانا، لەم گوڵەوە بۆئەو گوڵ باز بدا
لێگەڕێن تەنیایى گۆرانى خۆى بڵێ
شت بنووسێ
بچێتە سەر جادە.
باسادە بین
باسادەبین چ لەبەردەم پەنجەرەى بانقێکا، یان لەژێر سێبەرى درەختیکا .
کارى ئێمە پەیبردن نیە بەنهێنى گوڵاڵە سوورە
ئەشێ کارى ئێمە ئەوەبێ
لەئەفسونى گوڵەباخا مەلەبکەین
لەودیوو داناییەوە دەوار هەڵدەین
دەستمان بەنەشئەى گەڵایەک بشۆین و بچینە سەر سفرە
بەیانیان وەختى خۆرهەڵات ، لەدایک بینەوە
ئارەزوەکانمان هەڵفڕێنین
بەسەر ئیدراکى فەزادا، رەنگ، دەنگ، پەنجەرە، گوڵ ، ئاوڕنک بڕژێنین
ئاسمان بخەینە نێوان دوو بڕگەى بوونەوە
سیەکان لەئەبەدیەت پڕو خاڵى کەینەوە
بارى زانست لەکۆڵى پەڕەسێلکە داگرین.
ناو لەهەور
لەچنار، لە مێشولە ، لەهاوین بسێنینەوە.
بەشوێن پێى تەڕى بارانا بەرەو دوندى ئەوین بچین.
دەرگا بەڕوى مرۆڤ و روناکى و گیاو مێروولەیا بکەینەوە.
ئەشێ کارى ئێمە ئەوەبێ
لەنێوان گوڵى نەیلەوفەڕو سەدەکانا
بەشوێن ئاوازى حەقیقەت کەوین.
سەرچاوەو پەراوێزەکان
ئەم وەرگێڕانەى ئێمە وەرگێَڕانێکى حەرفى نیە، بەڵکو هەوڵێکە
بۆنووسینەوەى سوهراب بەتێگەیشتن لە دێڕە شیعرەکان، نەک وەرگێڕانى
وشەبەوشە، نزیکەى ساڵێکە تەواو بووە، وەکاتێکیش دەستمان بەوەرگێرانى
سوهراب کرد نزیکەى سێ ساڵ لەگەڵى ژیاین، وە دەتوانین بڵێین زۆربەى
شیعرەکانیمان دەرخ کرد، با دانیش بەوەدا بنێین ئەوەندەى نزیکین لەفەزاى
شیعرى سوهرابەوە تەانیومانە جورئەتى ئەوە بکەین دەستى بۆببەین، گەر
هەڵەیەکیشمانکردبێ بەرلەهەموو کەس داواى لێبوردن لەرۆحى سوهراب دەکەین
پاشان لەئێوەى خوێنەر.
(1) تەکبیرە الاحرام ، وتنى اللەاکبر ە بەدەنگى بەرز لەوەختى نوێژ
کردنا.
(2) قەدقامەت: ئیشارەت دانە بە قەت قامەتى سەڵاتکردن لەوەختى نوێژا.
(3) ئەکاکیا: جۆرە درەختێکە بەهێشوو گوڵى پەمەیى یان سپى دەگرێت، کەئەم
درەختە لەئێران زۆرە.
(4) سیلک: شوێنەوارێکى دێرینى شارى کاشانە، کەزادگەى سوهرابە.
(5) خەزەر : یەکێکە لەدەریاچەکان.
(6) نیئۆن: بەمەست لەچراى نیئۆنە.
(7) نەزم، بە واتاى سیستەم دێت، بەس پێم باش بوو نەزم بەکار بهێنم،لەو
دێڕەدا، بۆئەوەى ئاوازى شیعرەکە تێک نەدەم.
(8) باخچە هەڵواسراوەکان: ئاماژەیە بۆباخچە هەڵواسراوەکانى شارى بابل.
(9) ملەى خەیبەر، شوێنێکى مێژووى دێرینە، دەکەوێتە نێوان پاکستان و
هیندستانەوە.
(10) نگین: دەریاچەیەکى بچوکە لەسنوورى کشمیر.
(11) بنارس: شارەپیرۆزەکەى هیندستانەو هیندیەکان دەچن لەوێ خۆیان دەشۆن.
(12) ناڕەوەن: درەختێکى باڵا کورتە.
(13) خشخاش: گیایەکى دوو گەڵایە، لەشیلاوەکەى تریاکى لێ دروست دەبێ.
(14) بووکەسوورە، باڵندەیەکى بچوکە.
|