په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١\٢٠١٧

دەقگەرایی و توندوتیژیی.

سەروەر تەھا حەمەئەمین

 

دەقگەرایی (النصوصی) یاخود پێشینەگەرایی (السلفیة)، ئاڕاستەیەکە لە ئایینداریدا کە مرۆڤی ئاییندار تێیدا پابەندە بە ڕواڵەت و تێگەشتنی دەقاو دەقی دەقە ئایینیەکانەوە و لە سەر سروت و داب و نەرێتی شێوەیی و رواڵەتی پێداگری دەکات و خۆی بە نوێنەر و بە جێھێنەری راستەوخۆ و ئەمیندار و راستەقینەی ئایینەکە دەزانێت و شێوازی لێکدانەوە و جێبەجێکردنی چەمکە ئایینیەکان بۆ خۆی قۆرغ دەکات...ھەروەھا پێداگری دەکات لەسەر ڕەسەنایەتی لە ئایینداو دژایەتیی ھەر گونجاندنێکی بنەماو جێبەجێکردنی ئایین دەکات لەگەڵ ئایین و کولتوری ناوچەییدا.ھەروەھا لەم ئاڕاستەیەدا مەعریفە ھەر ئەوەیە لە ڕواڵەتی دەقەکانەوە دیارە و لە پێشینان و یەکەمینەکانەوە و لە رێگەی کەلەپوری دەماودەمەوە وەرگیراوە ئیتر عەقڵ و بارودۆخی نوێ و کاریگەری کولتوری نوێ ھیچ رۆڵێکی لە ژیان و بیری ئایینیدا نابێت.ھەروەکو ئایینداری ئەم ئاراستەیە بەوە جیا دەکرێتەوە کە توندوتیژە لە جێبەجێکردنی فەرمان و ڕێسا ئایینەکاندا وەکو ڕوکەشی خۆیان و ئەوە دەبێتە ئامانج و فرمانی ھەرە گەورەی ئەم ئاڕاستەیە بەوەی کە ھیچ فرەییەک لە بۆچون و لێکدانەوە و شێوازی ئایینداریدا وەرناگرێت و رێگە پێ نادات،میراتگری راستەوخۆی ئایینی یەکتاپەرستیەو ئاوێنەیەکی رونترە بۆ تایبەتمەندیەکانی ئایینی یەکتا پەرستی،گرنگترین بابەتێکیش لە بیری ئایینی ئەم ئاڕاستەیەدا بابەتەکانی خواوەندی تاک و خۆ پارێزیە لە ھەر شتێک کە بەلای فرە پەرستیدا بڕوانێت.


ئەم ئاڕاستەیە لە ئیسلامدا لە ئاراستەیەکدا بەرجەستە دەبێت کە ڕەگ و ڕیشەی راستەوخۆی لە بیری ئایینی ئیسلامیدا ھەیە،بەڵام کۆمەڵێک پێشەواو پیاوی ئایینی زیاتر پەرەیان پێ داوە و گەیاندویانە بە ئاکام و ئەنجامە تەواوەکانی و ھەندێک لە ئاکار و سروشت و سایکۆلۆجیای تایبەتییی خۆیشیان داوەتێ،ئەم چەند کەسە لە مێژووی ئیسلامدا زنجیرەیەکی پەیوەست و نەپساوە پێک دەھێنن کە بە درێژایی ئەو مێژوە ئەو ئاڕاستە دەقگەرایی و یەکتاپەرستیە توندەی بوژاندوەتەوە و گەشەی پێ داوە.


لەمانە ئێمە تەنھا سەرنجی چەند نمونەیەکی زەق و دیار دەدەین:


لەوانە لە نەوەی ێەحابەدا عومەری کوری خەتتاب (٤٠پ.ک_٢٣ک.٥٨٤-٦٤٤ز) کە پێش ئیسلام و دوایشی(بێ گومان پێش ئیسلام و پاش ئیسلام لە لایەنی سۆسیۆ-سایکۆلۆجیاییەوە جیاوازیەکی ئەوتۆیان نییە)سروشتێکی توندی ھەبوە و نمونەی کارەکتەرێک بوە کە ھێزو مامەڵەی توند بەکاردەھێنێت لە پێناوی ڕاستەقینەو بنەماو باوەڕی خۆید،ھەر چەند یەکێکیشە لە فەرمانڕەوا دادپەروەرەکانی مێژوو،بەڵام داد پەروەریەکەشی توندی پێوە دیارە،گێڕانەوە ئیسلامییەکان خۆیان ماندوو دەبن لە گێڕانەوەی ئەو دیمەنانەدا کە مرۆڤێک ھەڵەیەک دەکات و عومەر داوا لە پێغەمبەر دەکات ڕێگەی بدات لە ملی بدات،دواتریش کە دەبێتە جێ نشین قامچی (درە)ە بە ناوبانگەکەی عومەر ھەمیشە ئامادە بوە بۆ تەمێکردنی ئەو مرۆڤانەی ھەڵەیان دەکرد،ھەر جۆرە ھەڵەیەک،ھەندێک جار ھەڵەکە ئەوە بوە کە کەسێک قورعانی لە(موێحەف)ێکی بچوکدا نوسیوەتەوە،یان کەسێک(بە تایبەتی عەبدواللەی کوڕی و موعاویە)جارێک پۆشاکی جوان و ڕازاوەی لەبەر کردوە،یان گەنجێک بە ھێواشی و سستی ڕۆشتوە،یان ژنێک بۆ مردوی گریاوە،یان کەنیزێک وەکو خانم دەمامکی پۆشیوە،یان کەنیزێک بە کاری با ھەندێکی جەستەی دەرکەوتوە،یان کەسێک پرسیاری لێ کروە دەربارەی واتای ئایەتێک لە قورعان ئەمیش بە ھۆکارێکی نادیار پێی ناخۆش بوە،ئیتر عومەر بە قامچیەکەی خۆی کە وا دەردەکەوێت ھەموو کات پێی بوە،تەمێی کردوە،یان مرۆڤێک ھەندێک پرسیاری لێ کردوە دەربارەی ھەندێک دەستەواژەی ئاڵۆزی قورعان یان ھەندێک بیروباوەڕی نا ڕۆشن بەڵام عومەر بە بەڵًگەی ئەوەی کە ئەو پرسیارانە گومان و ناکۆکی و مشتومڕ لەناو موسوڵماناندا دروست دەکەن سزایەکی توندی بە لیسی پەلی دار خورما بۆ ئەو مرۆڤە بڕیوەتەوە..گومانیشی تیا نییە کە ئەم شێوازی مامەڵًەیە دەبێتە نمونەو مۆدێل و پێشەنگ لە ئیسلامدا بە گشتی و لە ئاڕاستە دەقگەراییەکاندا بە تایبەتی.


کەسێکی تر لە نەوەی ێەحابەدا عەبدوڵڵای کوڕی عومەری خەتابە،کە زیاتر ناسراوە بە (ابن عمر)(١٠پ.ک-٧٣ک-٦١٣-٦٩٢ز).ئەم کەسە ھەرچەند ھیچ دەسەڵاتێکی لە دەستدا نەبوە و رۆڵێکی ئەوتۆی لە بەڕێوەبردندا نەبوە،بەڵام سەرقاڵی باس و خواسی فەرمودەو فیقھی ئیسلامی بوە و لەم ڕێگەیەوە کاریگەری خۆی بەجێ ھێشتوە.بۆ نمونە ئەو گێڕانەوە ئیسلامییانەی کە گوێگرتن لە مۆسیقا(ھەتاکو شمشاڵی شوان)قەدەغە دەکەن دەگەڕێنەوە بۆ ئەم کەسە،وە دوریش نییە ئەم قەدەغە کردنە لە سروشت و سایکۆلۆجیای خۆیەوە ھاتبێت،یان کەسێک چیرۆکەکەی ساز کردبێت و کەسێتی ئیبن عومەری بە گونجاو زانیوە بیداتە پاڵی،ئەم گێڕانەوەی عەبدواللەی کوری عومەر و بەڵکو کەسێتی خۆیشی یەکێکە لە پێشەنگ و نمونە باڵاکانی گروپ و کۆمەڵە ئیسلامیە توندڕەوەکان.


کەسێکی تر کە لە لایەنی میلیتاری و جیھادیەوە نمونەو مۆدێلێکی تووندڕەوی بەرھەم ھێناوە،خالیدی کوڕی وەلیدە(٢١ک،٦٤٢ز،مردوە)،کە ناسراوە بە شمشێری لە کالان دەرھاتوی خو،ئەم کەسە بەبێ جیاوازی لە نێوان قۆناغی پێش موسوڵمان بوونی و دوای موسوڵمانی بوونیدا جەنگاوەرێک بوە کە خۆی کردۆتە ئامرازی کوشتن و ڕووخاندن..پێش موسوڵمان بوونی بە تایبەتی لە جەنگی ئوحود دا خوێنێکی زۆری موسوڵمانانی ڕشتوە،دوای موسوڵمان بونیشی وەکو ھێزێکی تایبەتی لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتێکی نوێ ھەمان ڕۆڵی بینیوە،دواتریش زۆربەی جەنگەکانی ھەڵگەڕانەوە(الردە)لە سەردەمی ئەبو بەکردا و (فتوحات)ی سەردەمی عومەری کوڕی خەتاب بە ئەمیرایەتیی ئەو چوون بە ڕێوە....لە جەنگ و ڕووبەڕووبونەوەکاندا ستراتیج و تاکتیک و پیلانی ئەو ھەر کوشتن بوە،کوشتنی دیل یان پەنا دراو(ئەوەی چەک دادەنێت و پەیمانی پێ دەدرێت ژیانی پارێزراو بێت)،ئەوەش راستەوخۆ دوای گرتنەوەی مەککە،بەپێی گێرانەوەکان پێغەمبەر خالید دەنێرێت بۆ بانگەشەی ناوچەکانی تر،ئەویش لەگەڵ ھێزێکی زۆردا دەچنە ناوچەیەک کە شوێنی خێڵی(بنو جزیمە)یە و بە خەڵکەکە دەڵێت:ھەموو خەڵک موسوڵمان بون و ئێوەش چەک دانێن و خۆتان بدەن بە دەستەوە،ئەوانیش باوەڕی پێ دەکەن و چەک دادەنێن،خالیدیش بە بێ وەستان فەرمان دەدات پەلاماریان بدەن و ژمارەیەکی زۆریان لێ دەکوژرێت،کاتێک ھەواڵەکە دەگاتەوە بە پێغەمبەر،بەریبونی خۆی لە کارەکەی خالید رادەگەیەنێت:(الا لھم إننی ڕبرڕ إلیک مما ێنع خالد)،پارەیەکی زۆریش بە عەلیدا دەنێرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێنەکان و زیانەکان،وەکو نمونەیەکی تری ئەم کارەش کەسێکی موسوڵمانی لە خێڵی (تمیم)کوشتوە بە ناوی (مالک بن نویرە)کە خالید بە ھەڵگەڕاوە (مرتد)ی داناوە بۆیە دەیکوژێت و ژنەکەشی مارە دەکاتەوە،ئەو کەسەش بە یەکێک لە ێەحابە دەژمێردرێت،ئەبوبەکر و عومەریش لەسەر ئەم کارە بە توندی سەر زەنشتی خالید دەکەن بەڵام لە کۆتاییدا ئەبو بەکر لێی خۆش دەبێت،ئەوەی کە واتایەکی زۆری ھەیە و بۆ باس و خواسەکەی ئێمە گرنگە ئەوەیە کە خالید لەگەڵ ئەمانەدا شاکارێکی تریشی بۆ خۆی تۆمار کردوە کە ئەویش شکاندن و ڕوخاندنی ھەندێک لە بتەکانی نیمچە دوورگەی عەرەبییە..


ئینجا لە سەردەمی گەشەکردنی ڕێبازە ئیسلامییەکان و قۆناغەکانی تری مێژووی ئیسلامیدا کۆمەڵێک پێشەوای ئایینی تر ئاراستە دەقگەراییەکانیان پەرە پێداوە و بناغەیان چەسپاندوە،لێرەدا لەسەر سێ دامەزرێنەر و بناغە دانەری ئەم ئاڕاستە دەقگەراییە لە ئیسلامدا ھەڵوێستە دەکەین کە دوا بە دوای یەک ھەنگاوەکانی یەکتریان تەواو کردوە،ئەوانیش (ئیبن حەنبەل)و(ئیبن تەیمییە)و(ئیبن عەبدولوەھابن).

 

 

sarwartaha52@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک