په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٦\٢٠١٣

دەقی ھەشتەم
چێژوەرگرتن لە سەفەری هزر، بۆ سەرەتای شیعر.

- (حرکة‌ الحداثةفي الشعر الكردي)ی وەکو موسافیرێکی ئەو سەفەرە -


بڵند رۆستەم        

(ئەبیکۆر): چێژی راستەقینە ئەو چێژەیە کە بۆ مودەتێکی زۆر بەردەوام دەبێت.

(حرکة‌ الحداثةفي الشعر الكردي)ی کتێبێکی تازەی (د.سەروەر عەبدوڵا)یە کە لێکۆڵینەوەیە لە رەوتی تازەکردنەوەی شیعری کوردی .
ئەو لێکۆڵینەوەیە رووبەڕووی سیاقێکی ناتەقلیدی و فەزایەکی کراوەی شیعری و ھەناسەیەکی درێژی بڕیاردانمان دەکاتەوە ، چونکە ئیش لەسەر عاتیفە نەکراوە ، ئیشکردن لەسەر عاتیفە لە جەوھەردا دوورکەوتنەوەیە لە شوناس :
(مەبەست لە عاتیفەیەکی خاڵییە لە عەقڵانیەت ،چونکە بەگشتی پێموایە عاتیفە بەشێکی دانەبڕاوە لە عەقڵ ) .
ئەو لێکۆڵینەوەیە دانانی خاڵێکە لە کۆتایی ئەو رستەیەی کە دەکرێ لە وشەیەکدا کورتی بکەینەوە ، ئەویش وشەی( دانپیانانە) .
ئەوەی گرنگە بۆ لێکۆڵەرەوە ھەڵسەنگاندنی بابەت نییە بەو جۆرەی خۆی دەیبینێ ، بەڵکو بینینی بابەتەکەیە بەو جۆرەی ھەیە ، ئەو کردارەش کامڵ نابێت تا بە چاوی وشەی نێو دەقەکان ، سەیری دەقەکان خۆیان نەکەین .
ئەوەی دەبێتە سەنتەر وشەگەلی نێو تێکستە . دواجار یەکگرتنی وشەکان رستەگەلی لێدەکەوێتەوە :
(ھەڵبەت مامەڵەی لێکۆڵەرەوە لەگەڵَ وشە و رستە ، دوو مامەڵەی جیاوازە ) .
دەرەنجامی یەکگرتنی رستەکان، ھاتنە کایەی تێکستە بە ژانرە جیاوازەکانیەوە ، ھەموو تێکستێک رووبەڕووی چەند رێگایەکی بێ کۆتایی دەبێتەوە ، لە دیارترینی ئەو رێگایانەش لێکۆڵینەوەیە وەکو رێگایەک بۆ گەڕانەوە بۆ ناخ و دڵی دەق : (لێرەدا لێکۆڵینەوەمان بە رێگا چوواند ، ئەگینا خودی لێکۆڵینەوەش تێکستە) .

بەگشتی (حرکة‌ الحداثةفي الشعر الكردي)ی قسەکردن و لێکۆڵینەوەیە بە زمانی عەرەبی لەبارەی کۆمەڵێک دەقی شیعرییەوە کە بە زمانی کوردی نووسراون ، ئەمەش دووبارە وێناکردنەوەی زمان و جیاکردنەوەی وەزیفەی زمانە لە وەزیفە تەقلیدییەکە ،ھاوکات جیھانبینییەکی فراوانیشە بەو مانایەی رۆشنبیرە عەرەبەکانیش دەتوانن لە رەوتی نوێکردنەوەی شیعری کوردی ئاگاداربن ، ئەو ئاگادارییەش چەند سوودێکی ھەیە کە دەکرێ لەو دەربڕینانەی خوارەوە کورتیان بکەینەوە :

١- بەریەککەوتنی زیاتری دەقەکان .
٢- کۆنتاکت .
٣- کورتکردنەوەی رێگا بە ئامانجی گەیشت بە رێگایەکی فراوان .

ئەو کتێبە پێمان دەڵێ:


دەشێ لەنێوان( زمانی دەق ) و ئەو زمانەی قسە لەسەر زمانی دەق دەکا ، جۆرێک لە بەریەککەوتنی زمانەوانی ھەبێت لە فەزا گەورەکەی زماندا .
دواجار ئەو فەزا گەورەیەی زمان لە پاڵ فەزای مانا و جوانی و چەند فەزای تردا ، دەبێتە پاشکۆی شتێکی گرنگتر کە خودی ئەدەبە .
ئەو لێکۆڵینەوەیە گرنگی خۆی ھەیە بۆ نووسەرێک کە بە زمانی کوردی شیعر دەنووسێ و لە رێگەی ئەو زمانەوە مەبەستە زمانەوانییەکانی خۆی ئاڕاستە کردووە .
ئەو نووسەرە وێنای گشتی خۆی و شیعرەکانی لە دوو توێی کتێبێکدا دەدۆزێتەوە کە بە زمانی عەرەبی نووسراوە و مەعریفەیەکی کوردی کە لە شیعردا چڕ بۆتەوە ، گوازراوەتەوە بۆ فەزایەکی تری زمانەوانی کە فەزای (زمانی دووەم) ە ، ئەگەر دەربڕینی (زمانی یەکەم) بۆ زمانی کوردی کە زمانی شیعرە نووسراوەکانە ، درووست بێت .

(د. سەروەر عەبدوڵا ) بە زمانی عەرەبی لە دوو توێی کتێبەکەیدا پۆلێنکارییەکی تازە بۆ شیعری کوردی دەکا ، پۆلێنکارییەکی جیاواز لەو پۆلێنکارییانەی تر کە بۆ شیعری کوردی کراون .
واتە :
(گۆڕانی زمان رێگر نەبووە لە بەردەم نیشاندانی فۆڕمێکی تری لێکۆڵینەوە و بڕیاردان ) ، ئەمە سەرەڕای دیاریکردنێکی وردی قۆناغەکان و ھۆکار و پاڵنەرەکانی ھەریەکە لەو قۆناغانە .
نووسین بەو زمانە جیاوازە (زمانی دووەم) ، رێگر نەبووە لە بەردەم بینینی شاعیرە جیاوازەکان و شوێنە جیاوازەکان ، واتە ئەم لێکۆڵینەوەیە قسەکردن نییە لەسەر بازنەیەکی تەسک و دیاریکراو ، بەڵکو ئیش کراوە لەسەر خودی تێکست ، جا ئەگەر لە ھەر شوێنێکی کوردستاندا نووسرابێت .
من لێرەدا نامەوێ بە وردی قسە لەسەر ئەو قۆناغانە بکەم کە لە لێکۆڵینەوەکەدا ھاتوون ، ھاوکات قسە لەسەر پاڵنەر و ھۆکار و شێوازەکانیش ناکەم ، ئەمانە ھەمووی بۆ خوێنەر جێدێڵم کە بە خوێندنەوەی کتێبەکە دەتوانێ بەشێک لە وەڵامەکانی دەستبکەون .
دەمەوێ لە دەرەوەی دەق قسە لەسەر دەق بکەم ، ئێستا من تێکستەکەم خوێندۆتەوە (خوێندنەوە تەنھا مانای خوێندنەوەی وشەکان ناگەیەنێ ) ، بۆیە ئاساییە بێمە دەرەوەی و لە دەرەوەی دەقەکەوە قسە لەسەر ھەمان دەق بکەم ، دەقێک لە لەحزەیەکدا لە سەنتەرەکەیدا گیرساومەتەوە .
لە روانگەیەکی فکرییەوە قسە لەسەر ئەو تێکستە ئەدەبییە دەکەم ،چونکە ئەو لێکۆڵینەوەیە ناڕاستەوخۆ و بەبێ ئاگایی نووسەرەکەی ، ھەوڵی بەخشینی وەزیفەیەکی تازە دەدات بە فکر لە ئاست دەقی ئەدەبیدا ، واتە ھەندێ لەو پنتانەی لە لێکۆڵینەوەکەدا ھەن و لە دەرەوەش ھەستیان پێدەکرێ ، قابیلی ئەوەن لە روانگەیەکی فکرییەوە قسەیان لەسەر بکەین ، من لێرەدا بە تەنھا باسی یەکێک لەو پنتە فکرییانە دەکەم کە ئەویش (ئاکار)ە:

ئاکاری دەق (ئاکاری شاعیران لە شیعر)دا و ئاکاری نووسەر (ئاکاری دکتۆر سەروەر لە بەرامبەر دەقەکان ) ،لە فەزایەکی ئاکاریی ئەدەبیدا (لێکۆڵینەوە)

قسەکردن لەسەر ئاکار دوو جۆر لە ئاکار دێنێتە پێشەوە:

١- ئاکاری کردەکی تایبەت.
٢- ئاکاری تیۆریانە .

ئەو دوو جۆرەی ئاکار کە دوو جۆری ئاکارن لە روانگەیەکی رووتی فکرییەوە ، دەبەستینەوە بە ئەدەبەوە کە مەبەست لە ئەدەب لێکۆڵینەوەکەی (د.سەروەر عەبدوڵا )یە .
دەرەنجامی ئەو بەیەکبەستنەوەیە ، کەوتنەوەی دوو جۆری تری ئاکارە ، قسەکردن لەسەر ئەو ئاکارانەش قسەکردنە لەسەر دەقی ئەدەبی ، دوو جۆرەکەی ئاکاریش ئەمانەن :
١- ئاکاری( فکری- ئەدەبی)ی لێکۆڵەرەوە لە بەرامبەر کۆمەڵێک دەقی شیعریدا .
٢- ئاکاری (فکری - شیعری)ی لێکۆلەرەوە لە بەرامبەر کتێبێک کە قسە لەسەر کۆمەڵێک تێکستی شیعری دەکا .
.
واتە:
ئێستا کە من قسە لەسەر ئاکاری (د.سەروەر) دەکەم ، وەک ئەوە وایە قسەم لەسەر لێکۆڵینەوەکەی کردبێت ، ئەگینا ئیشی منی ئەدیب نییە لە چوارچێوە دەقێکی ئەدەبیدا قسە لەسەر ئاکاری مرۆڤێکی تر بکەم ، مەگەر لە سیاقی دەقێکی وەکو (رۆمان و چیرۆک و شانۆنامە و....ھتد)دا نەک لە بازنەی (لێکۆڵینەوەی ئەدەبی) و (خوێندنەوەی ئەدەبی ) دا .
تا ئێستا پۆلێنبەندییەکی دیاریکراو نەکراوە بۆ (ئاکاری ئەدیب) ، قسەکردن لەسەر ئاکاری ئەدیب ھەمان ئەو قسەکردنەیە کە پێشتر لەسەر ئاکاری مرۆڤ بەگشتی کراوە ، بەستنەوەی ئەدیب بە گشتاندنەوە ، خنکاندنی ئەدیبە ، ئەوەتا دەبینین ھەندێک لەو پۆلێنبەندییانە لەسەر بنەمای سەردەمەکان بوونە :

١-سەردەمی کۆن .
٢- سەردەمی ناوەڕاست .
٣- سەردەمی نوێ .
٤- سەردەمی ھاوچەرخ .

تەنانەت ھەندێ لە بیرمەندان ، راستەوخۆ ئاکاریان بەستۆتەوە بە رێبازە فەلسەفییەکانەوە :
- ئاکاری بوونگەرایی
- ئاکاری مارکسیزم
- ئاکاری پڕاگماتیزم .

لێرەدا لە بەرامبەر دەقێکی ئەدەبیدا قسە لەسەر ئاکارێک ناکەم کە بۆ پۆلێنکردنی پشت بەستراوە بە سەردەمەکانەوە ، ناشمەوێ نزیکی ئاکارێک بکەومەوە کە رووت رووت بەستراوەتەوە بە فکرە فەلسەفییەکانەوە ، بە پێویستیشی نازانم ئەو دوو جۆرە تازەیەی ئاکاری ئەدەبی کە لە دیدی خۆمەوە خستمنە روو زیاتر شی بکەمەوە ، ئەمەش پەیوەندی ھەیە بە سادەیی ئەو ئاکارە ئەدەبییانەوە کە ھەر لە یەکەم لەحزەوە ھەست بە جیاوازی نێوان (ئاکاری ئەدیب ) و (ئاکاری فەیلەسوف) دەکەین .
ھەڵبەت لەنێو دەقی ئەدەبیشدا فەلسەفە وجودی ھەبێت ،تێکستەکانی (کافکا) نموونەیەکن لەو بوارەدا کە ھەڵگری فەلسەفەیەکی بەئەدەبیکراون ، لە رۆژھەڵاتیش (سادقی ھیدایەتی) نموونەیەکی زەقە و ناکرێ نکوڵی لێبکرێ .
لە رێگەی ئەو پۆلێنبەندییەی خوارەوە کە بۆ ئاکار کراوە ، قسە لەسەر لێکۆڵینەوەکەمان دەکەم:

١- ئاکاری ھەستەکی
٢- ئاکاری سۆز
٣- ئاکاری ژیری .

ئەم پۆلێنکردنە رێگاکەمان بۆ کورت دەکاتەوە و وامان لێدەکا باشتر دەستمان بە شتەکان رابگا ، چونکە (د.سەروەر عەبدوڵا) لەو لێکۆڵینەوەیەدا ھەستی کردووە دەبێت بە جۆرێکی تر لێکۆڵینەوە بکا لەسەر شیعر و سۆزی جوڵاوە بۆ شیعری کوردی و لە روانگەی ئەو سۆزەشەوە کە سۆزێکە خاڵی نییە لە پنتی عەقڵانیەت ، عەقڵی خۆی دەکاتە کەرستەیەک و بوێرانە رووبەڕووی عەقڵەکانی تر دەبێتەوە کە بە جۆرێکی تر لە قۆناغەکانی شیعر گەیشتوون ، ئەو رووبەڕووبوونەوەیەش ئاساییە و لە چوارچێوە سروشتییەکەی ئەدەب بەدەر نییە .

١- ئاکاری ھەستەکی:


(ئەبیکۆر)ی فەیلەسوفی یۆنانی پێش زاین ، نموونەیەکە دەکرێ وەکو رەمزێکی دیار و ئاشکرای ئاکاری ھەستەکیی وەریبگرین و تێیڕامێنین .
ئەو تێڕامانەمان لە (ئەبیکۆر)، تێڕامانە بە ئاڕاستەی جیاواز لە چەند گۆشەنیگایەکی لێکۆڵینەوەکەی (د. سەروەر عەبدوڵا ) . سەرەڕای جیاوازییان، ئاڕاستەکان لە دوورەوە سەلام لە یەکتری دەکەن و ئاشنان بە یەکتری .
سێ گۆشە نیگا دەخەینە روو :

گۆشەنیگای یەکەم:


لای (ئەبیکۆر)، فەرد بەھۆی پاڵنەری غەریزەییەوەیە کە شوێنی چێژ دەکەوێت ، یان بۆ پێویستی بایۆلۆجی خۆرسک .
لە لێکۆڵینەوەکەشماندا ،فەرد کە ئەمجارە فەردێکی تایبەتمەندە بەوەی شیعر دەنووسێ و تایبەتمەندییەکەی لە وشەی (شاعیر)دا گیرساوەتەوە ، شوێنی چێژ دەکەوێ .
ئەوەتا (گۆران) لە لێکۆڵینەوەکەدا کراوە بە سەرەتای تازەگەریی لە شیعری کوردیدا ، (گۆران) شوێنی چێژ دەکەوێ بەوەی گۆڕانکاری دەکا لە کێش و سەروادا ، دواجار (گۆران) سەرەڕای گەڕانی بەدوای چێژدا ، بۆ خۆشی دەبێتە وەسیلەیەک بۆ چێژ وەرگرتن ، بێ سۆ چێژ وەرگرتنیش لە (گۆران)، چێژ وەرگرتنە لە تێکستە شیعرییە نوێخوازەکانی نەک لە (گۆران)ێک کە یەکسانە بە (خوێن + گۆشت + ئێسقان) ، قسەی ئێمە لەسەر (گۆران)ێکە کە یەکسانە بە (تێکست) .

گۆشەنیگای دووەم:


(ئەبیکۆر) چێژ پۆلێن دەکا بۆ :
- چێژە سروشتییە پێویستەکان
- چێژە سروشتییە ناپێویستەکان
- چێژە ناسروشتی و ناپێویستەکان .

لە لێکۆڵینەوەکەشماندا چێژ کە ئەمجارە چێژێکی ئەدەبی و شیعرییە و بەستراوەتەوە بە شیعر خۆیەوە ، پۆلێن دەکرێ بۆ چوار جۆر لە چێژ ، ھەر جۆرێکی چێژیش تایبەتە بە قۆناغێک .
واتە :
چێژ لە قۆناغی یەکەمدا (١٩٣٢- ١٩٦٨) کە دەکرێ بە قۆناغی (گۆران) ناوزەندی بکەین ،جۆرێکە و لە قۆناغی دووەمدا(١٩٦٩- ١٩٨٣) کە دەکرێ بە قۆناغی گروپی (روانگە و کفری) و (عەبدوڵا پەشێو) ناوزەندی بکەین ، جۆرێکی ترە ، جۆری چێژەکانیش بەستراونەتەوە بە جۆری دەقەکانەوە .
چێژ لە قۆناغی سێیەمدا (١٩٨٤-٢٠٠٠) کە (شاعیرانی پێشڕەو) لە ھەولێر لە دیارترینەکانن، جیایە لە قۆناغی کۆتایی کە ساڵی (٢٠٠١) تا ئێستا دەگرێتەوە.
جیاوازی پۆلێنکردنی چێژی ئەدەبی(چێژی لێکۆڵینەوەکەمان) و چێژی فەلسەفی (چێژی ئەبیکۆر) لە دوو خاڵدایە :


- چێژی فەلسەفی پۆلێن کردنێکی سەربەخۆ پۆلێندەکرێ ، وەک ئەوەی (ئەبیکۆر) بۆ سێ لق دابەشیکردووە، چێژی ئەدەبی پۆلێنکردنێکی پەیوەست و بەستراوە پۆلێندەکرێ (بەستنەوە بە قۆناغەکان) ...
- دەکرێ چێژی فەلسەفی بە دیاریکراوی لەسەر کاغەز بنووسرێتەوە ، وەلێ چێژی ئەدەبی چێژێکە لە تێکست جیاناکرێتەوە و دەبێت لەنێو تێکستەکاندا بەدوایدا بگەڕێین .

گۆشەنیگای سێیەم:


لای (ئەبیکۆر) چێژی راستەقینە ئەو چێژەیە کە بۆ مودەتێکی زۆر بەردەوام بێت و ترس و بیمی تیا نەبێت و ئارامی رۆحی تیابێت و دووربێت لە ئازار .
لە لێکۆڵینەوەکەشماندا (د. سەروەر) ،(ئەبیکۆر)ئاسا رەفتار دەکا ، ئەوەتا پێگەیەکی بەھێزی داوەتە (وریا مەزھەر) بەھۆی ئەو چێژە بەردەوامەی (وریا) تا ئێستاش و دوای مردنیشی پێمان دەبەخشێ، یان ئەو چێژە بەردەوامەی (گۆران) تا ئێستا پێمان دەبەخشێ ، سەرەڕای گۆڕانی ئەدەبیات و فۆڕمەکانی نووسینی شیعر .

٢- ئاکاری سۆز:


بۆ قسەکردن لەسەر (ئاکاری سۆز) ، (بیرگسۆن)ی بیرمەندی فەڕەنسی دەکەمە نموونە ، چونکە:
١-(بیرگسۆن) بۆچونێکی تایبەت بەخۆی ھەیە بۆ چێژ ،ئەو پێیوایە کە دیرۆکی مرۆڤایەتی دەرکەوتنی کۆمەڵە کەسێکی تایبەتی بەخۆوە بینیوە لە وێنەی پاڵەوانەکان کە سۆزیان جۆشی خواردووە ، لە بانگھێشت بۆ ئەخلاقی تازە و بەھاگەلی ئەخلاقی تازە ، گوزارشتی لە خودی خۆی کردووە .
٢- (بیرگسۆن) پێغەمبەرەکان و (سوقرات)یش بە پاڵەوان دادەنێت کە ئەوان ئەگەرچی مردووشن ، بەڵام بازنە تێکدەشکێنن (ئەمەش دەمانگەڕێنێتەوە بۆ ئەو چێژە بەردەوامە ئەدەبییەی لە سەرەوە باسمان کرد و وریا مەزھەر و گۆرانیشمان کردن بە نموونە ) .

لە لێکۆڵینەوەکەی دکتۆردا ، چێژ چێژێکی دەستەجەمعی نییە و بەستراوەتەوە بە دەرکەوتە تازەکان و چەند شاعیرێکی دیاریکراو کە دواجار بە بەراورد لەگەڵ شاعیرانی تری سەردەمی خۆیان وەکو پاڵەوان دەردەکەون .
بۆ نموونە :
لە سەردەمی (گۆران ) و ( شێخ نوری شێخ ساڵح) و (کامەران موکری)دا ، دەیان و سەدان شاعیر ھەبوونە بوونە بە کەفی سەر دەریا .
ئەگەر دوورتر بڕۆین :
لە سەردەمی (ناڵی)و(سالم)و(کوردی)دا ، دەیان شاعیر ھەبوونە کەس ناویان نابا و پەراوێزخراون لە لایەن خودی شیعرەوە ، ئەوەی ماوەتەوە ئەو سێکوچکەیەی شیعرە کە بەردەوام باسدەکرێ ...
ئیتر ئەو دیدە بۆ ھەموو قۆتاغ و سەردەمێکی شیعر راستە تەنانەت بۆ رۆژئاواش .
لە فەڕەنسا ئەوەندەی باس لە (رامبۆ)و (بۆدلێر)و (تی ئێس ئیلیۆت) دەکرێ ، باسی ئەو دەیان و سەدان شاعیرە ناکرێ کە لەسەردەمی ئەواندا شیعریان نووسیوە .
لە ئێران ئەوەندەی باسی (سوھراب)و (فروغ)و (شاملۆ) دەکرێ، باسی شاعیرۆکەکانی تر ناکرێت .
(ھەڵبەت من ئەو چەند ناوەم تەنھا وەکو نموونە ھێناوەتەوە ، ئەگینا شاعیری باشی تریشمان ھەن لە سەردەمی ئەو شاعیرانەدا)....

٣- ئاکاری ژیری:


ئەو کاتەی لە لێکۆڵینەوەکەدا (عەبدولڕەحیم ھەکاری ) دەکرێتە سەردەستەی یەکێک لە قۆناغەکانی شیعری سەدەی بیستەم ،راستەوخۆ پاساوێکی ئەقڵانی بۆ دەھێنرێتەوە ئەویش ئەوەیە کە :
( عەبدولڕەحیم ھەکاری لە بونیادی کۆنی زمانەوانی دەرچووە )
بوونی پاساوێکی عەقڵانی ئاماژەیە بۆ بوونی عەقڵێک کە ئەقڵی (د. سەروەر)ە ، ئەو عەقڵەش دەبێتە سەرچاوەی کرداری ئاکاری ، ئەمەش ھەمان روانگەی (ئاکاری عەقڵانییە) .
بەگوێرەی ئەو ئاکارە ، مرۆڤ کائینێکی ژیرە ، عەقڵیش تاکە ھۆکاری تێگەیشتن و زانین نییە ، بەڵکو بنەمای فەزیلەتیشە و ئەگەر بارودۆخ بە ئاقارێکی جیا لەوەی مرۆڤ دەیەوێ بڕوا ، ئەوا دەکرێ مرۆ ویستی خۆی بەھۆی مەعریفەی عەقڵییەوە بگونجێنێ .
(زینۆن ئەلاکتیومی)ی فەیلەسوفی یۆنانی دامەزرێنەری (قوتابخانەی ریواقیەت ) ، دەکەینە نموونەیەک بۆ ئەم پۆلە رێبازە ئاکارییە ، چونکە :
(زینۆن) و ریواقییەکانی شوێنکەوتووی، کۆک بوون لەسەر بنەمایەک :
(عەقڵ رێکخەرە)...
لێرەوە خاڵێک دادەنێم لە بەرامبەر (ئاکاری عەقڵانیدا) و چیتر قوڵنابنەوە تیایدا ، چونکە لە بازنەی بابەتەکە دەردەچین و خودا دەکرێتە باس و ئەوەی ئاکار بریتییە لەوەی مرۆڤ لە تەبابووندا لەگەڵ سروشتدا بژی و دەکرێ تەبایی ھەبێت لەنێوان ئەوەی عەقڵی مرۆڤ دەیەوێ و ئەوەی خودا بڕیاری داوە لە میانەی مومارەسەی فەزیلەی عەقڵییەوە کە لە زاڵبوون بەسەر نەفس و پاکردنەوەی رۆح و...ھتد ، خۆی دەنوێنێت .

ئەنجامەکان:


١- ئەم لێکۆڵینەوەیەی (دکتۆر سەروەر عەبدوڵا) ھەڵگری ھێزی دانپیانای ئەدەبییە
٢- بەسەنتەرکردنی عاتیفە نامانگەیەنێتە حەقیقەتی ئەدەبی ، بەڵکو ئەو حەقیقەتانەشی ھەن کاڵدەبنەوە .
٣- چێژ و گەمە چێژبەخشەکان دەکرێ بگوازرێنەوە بۆ نێو ھەموو ژانرێکی ئەدەبی بە (لێکۆڵینەوە)شەوە .
٤- ئاکاری ئەدیب جیایە لە ئاکاری مرۆڤەکان بەگشتی ، واتە ئەوکاتەی قسە لەسەر ئەدیب دەکرێ لە بازنەی ئەدەبدا ، دەبێ رەچاوی (چێژی ئەدیببوون)ەکەی بکرێ .
٥- ئەو لێکۆڵینەوەیە کردنەوەی دەرگایەکی جیاوازی جۆری لێکۆڵینەوەیە و داخستنی پەنجەرەیەکی تەقلیدی لێکۆڵینەوەیە ..
_____________________________________
سەرچاوەکان:
١- (حرکة‌ الحداثةفي الشعر الكردي/ د. سرور عبدالله‌/ من مطبوعات : مركز جاودیر / ٢٠١٢).
٢- Mi mostra lo sporetello dei telegrammi , rachele formica, Italia,1994.
٣- voglio vedere il distributore della posta , Marko di maio, Italia , 1975.
٤- La ringrazio di tutto il cuore , Mirea corto, Italia , 2000. 
٥- ادبیات و اندیشه‌ ، مصطفى رحیمى ، نشر : كتاب به‌ زمان
٦- ما هیه‌ الفلسفه‌ ، جیل دولوز ، فلیكس غیتارى ، ترجمه‌ : مطاع صفدى و فریق مركز الانما القومى.

ئەم کتێبە ئیتاڵییە زۆر گرنگە بۆ دیاریکردنی چێژ و جۆرەکانی و پەیوەندی (ئەبیکۆر) بە چێژەوە:
(Lo pren do questo/ rachele formica / Italia/1991).
ئەم کتێبەش باشتر حاڵیمان دەکا لە زمان و ئەو فەزایانەی زمان کاڵیان دەکاتەوە و درووستیان دەکاتەوە:
(posso pre n ta re/ Antonino torre / Italia/1992).

 

ماڵپه‌ڕی بڵند رۆستەم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک