١\١١\٢٠٢٣
دەربارەی شەری
ئیسرائیل و حەماس.

عارف کەریم
ئەم شەڕە بۆچی؟
کێ شەرەکەی هەڵگیرسان و کێ براوەیە؟
ئایا حەماس یان فەلەستینیەکان توانای دەرپەراندنی ئیسرائیلیان هەیە
لەسەر خاکی فەلەستین؟
ڕێگاچارە چیە بۆ کۆتاییهێنان بە پێکدادان و شەڕەکانی نێوان ئیسرائیل و
فەلەستینیەکان؟
وا پێ دەنێینە هەفتەی دووەمی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، فەلەستین
بریندارە و خوێنی لێدەچۆڕێ و قوربانیەکان هەزاران کەسن لە هەردولا
بەتایبەتی فەلەستینیەکان.
شەر بۆخۆی شایی و زەماوەند و ئاهەنگ گێران نیە و لەهەر شوێنێکی دنیا
هەڵبگیرسێ کاولکاری و ماڵوێرانی بەدوای خۆیدا دێنێ و هەموو گەشەکردن و
پێشکەوتنێکی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی رادەگرێ و تێکیدەدات و چەندین
ساڵ کۆمەڵگا دەگێرێتەوە بۆ دواوە، هەزاران کەس لەم شەڕەدا دەبنە
قوربانی، باری سایکۆلۆجی و دەرونی تاکەکانی کۆمەڵ دەشێوێنێ، هەزاران
کەسی تری بێتاوان لە منداڵ و ژن و پیرو پەککەوتە تیادەچن و دەبنە
سووتەمەنی شەڕەکە.
ئەم شەڕە بۆچی؟
پێشەکی دەمەوێ بڵێم کە فەلەستین لە بنەڕەتدا پێک هاتوە لە سێ پێکهاتەی
موسڵمان و مەسیحی و جولەکە، لەپێش هیجرەتکردنی جولەکە بۆ فەلەستین
لەئەوروپا و وڵاتانی دنیاوە واتە پیش ساڵی ١٩٤٨ موسلمانەکان و
مەسیحیەکان زۆربەی دانیشتوانیان پێکهێناوە و جولەکەکان کەمینە بوون و
ڕێژەی دانیشتوانیان لەسەدا دە ١٠٪ کەمتر بوون، کاتێک جولەکە
بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینیان کرد لە ساڵی ١٩٤٨ دا، پشێوی
و ئاژاوە و ناکۆکی و نشەڕ کەوتە نێوان ئەمان و فەلەستینیەکان، ژمارەیەک
لە وڵاتە عەرەبیەکان پشگیرییان لە فەلەستینیەکان دەکرد، لەو کاتەوە کە
زیاتر لە ٧٠ ساڵ دەکات هەتا ئەمڕۆ ٢٠٢٣ چەندجارێک چەنگ بەرپابوە لە
نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا، لەهەر جارێکدا ئیسرائیل بە هاوکاری و
پشتگیرێ وڵاتە زلهێزەکانی وەکوو ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنسا
توانیویەتی پانتاییەکی گەورە لە خاکی فەلەستین داگیر بکات و بیخاتە سەر
ئیسرائیل، دواجار کە فەلەستینیەکان بەرگەی هێزەکانی ئیسرائیلیان
نەگرتوە و خوێنی زۆریان لێرۆیشتوە و قوربانی زۆریان داوە، ئەنجومەنی
ئاسایشی نێودەولەتی بە فشاری وڵاتە عەرەبیەکان بریاری ڕاگرتنی
شەرەکەیان داوە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل، بێگومان لەم شەڕانەدا
ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتە عەرەبیەکان ژێربەژێر لەگەڵ ئیسرائیل بوون و بە
رووکەش پشگیریان لە فەلەستین کردوە.
شەری ئەمجارە هەفتەیەک زیاتری تێپەراندوە و گەوەرەترین قوربانی
لێکەوتۆتەوە لە مێژووی شەری نێوان ئیسرائیل و فەلەستیندا، ڕێکخراوی
حەماسی فەلەستینی شەڕەکەی هەلگیرسان و لایەنەکانی تری فەلەستینی وەکو
رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین بەسەرکردایەتی مەحمود عەباس و ئەوانی تر
بەشداری شەرەکەیان نەکرد.
حەماس کەڕێکخراوێکی ئیسلامی توندرەوی فەلەستینیە، ئێران پشتگیری
لێدەکات و بەخێوی دەکات و ڕێنمایی دەداتێ، هەر ئەوان چەک و تەقەمەنی و
تفاقی جەنگ و تەکنۆلۆجیای خۆیان دەنێرن بۆ ئەوان و نەخشەی پەلاماردان و
هێرشکردنیان بۆ دادەرێژن بۆیە حەماس لەمجارەدا کەوتە تەڵەی لوتبەرزی و
غروری ئێران دژی ئیسرائیل و وایاندەزانی هەنگوینیان لەدارا دۆزیوەتەوە
و لە چەند کاتژمێرێکدا ئیسرائیل وێراندەکەن و و هەقی بەرەودوای
لێدەکەنەوە، حەماس بە عەقڵێکی دواکەوتوو بەبیرێکی تەسکی توندرەوەوە، بە
فیتی ئێران بەبێ پەنابردنە بەر دیراسەیەکی زانستی وردی هاوچەرخ سەبارەت
بە هاوسەنگی جەنگ و بەراوردکردنی هێزەکانی خۆیان لەگەڵ ئیسرائیل
هەروەها تەکنۆلۆجیای نوێی سەربازی و چەکە ئەلیکترۆنەکانی ئیسرائیل و
هاوکاری ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ ئیسرائیل، بەکورتیەکەی حەماس پەنای بردە
بەر سیاسەتێکی دیپلۆماسیانەی ژێرکەوتوو بۆ بەرپاکردنی ئەم شەرە و
ماڵوێرانی بۆ خۆیان و دانیشتوانی غەزە هێنا جگە لە وێرانبوونی ناوچەکە.
هەڵە گەورەکە ئەوەیە حەماس و ئێران جولەکەو ئیسرائیلیان لا قەبوڵ نیە
و لە مێژەوە خەتێکی ڕاستو چەپیان بەسەردا هێناون و لای ئەوان دەبێ
جولەکە و ئیسرائیل لەناوبچێ، هەرئەم بیرکردنەوەیە وای کردوە کە ئەوان
دۆڕان و شکست بۆخۆیان تۆمار بکەن.
ئەمە هاوکێشەی نێوان جولەکە و فەلەستینە لەماوەی ئەم ٧٥ سالەدا،
ئیسرائیل دەوڵەتێکی بەهێزی نەوەویە لەسەر خاکی فەلەستین و تازە بۆتە
ئەمری واقع و لەناوچوونی مەحاڵە، بەدرێژایی ئەم ساڵانە عەرەب و
فەلەستین نەیانتوانیوە ئیسرائیل لەناوبەرن و خاکەکەیان ڕزگاربکەن، ئەی
ئیستا بەو هەموو هێزو پشتگیریەوە چۆن دەتوانن بەوکارەهەڵسن.
ئەی چارەسەر چیە؟
فەلەستینیەکان خاکیان داگیرکراوە و لە ساڵی ١٩٤٨ وە تێدەکۆشن و
خەباتدەکەن و خوێندەدەن لەپێناوی رزگارکردنی وڵاتەکەیان، فەلەستینیەکان
داوای مافی ئازادی و سەربەستی بۆ خۆیاندەکەن لەسەر خاکەکەی خۆیان بە
مافی چارەی خۆنوسین و دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینیشەوە، ئەمە هەقێکی
شەرعی ئەوانە و پێویستە پشتگیری لێ بکرێت. لەپاڵ ئەمەدا دەوڵەتێک هەیە
بەناوی ئیسرائیل کە زیاتر لە حەفتا ساڵە لەسەر قاچی خۆی وەستاوە و
بوونی هەیە و لەلایەن دەوڵەتانی زۆری دنیاوە دانی پێدا نراوە و
پەیوەندیەکی فراوانی سیاسی و دیپلۆماسی هەیە لەگەڵ ئەم ولاتانەدا. بۆیە
هەموو پەنابردنێک بۆ بەکارهێنانی چەک و هێزی سەربازی چارەسەری
کێشەکەناکات، پەنابردنە بە چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسی تاکەڕێگەیە بۆ
بەلادا خستنی ئەم کێشە ئاڵۆز و گەورەیە کە بەرەوڕووی وڵاتانی عەرەبی و
فەلەستینیەکان دەبێتەوە کەدەبێ کاری بۆ بکەن:
١- فشارخستنە سەر ئەمەریکاو زلهێزەکانی تر بۆ ڕاگرتنی شەڕەکە و
کردنەوەی هاوکاری مرۆیی بۆ غەزە.
٢- دەستبەجێ زەمینەسازکردن بۆ دانوستانێکی چروپر لەنێوان عەرەب و
فەلەستین و ئەمەریکاو ئیسرائیل لەپێناوی دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ
فەلەستینیەکان بۆ ئەوەی هەتا هەتایە شەر نەمێنێ و ئەم دوو دەوڵەتە
پێکەوە بەشێوەکی ئاشتیخوازانە بژین.
١٩\١٠\٢٠٢٣
- ستۆکهۆڵم
ماڵپهڕی عارف کهریم
|