١\٦\٢٠١٢
دەربارەى
سوێندخواردن.

شێرکۆ عادل
سوێند، کۆنترین بابەتى نەرێت و یاساى نیوان: مرۆف و "ئاین و پاشا" کانە
لە مێژووى شارستانیە کۆنەکان و هەروەها مرۆف و "کۆمەڵگا و
دامەزراوەکانیتى" لە شارستانیەتى نوێ دا؛ سوێند بۆ گفتدانى ئاشکرا و
بەڵێنى بردنە سەرى و جیبەجێ گەیاندنى داواکراوەکانە لەسەر شانى سوێند
خۆرەکان ، لە بنەڕەتیشدا لەسەر هەردوو بنەماى "شەریعەتى ئاینى" و
هەوەها "یاساى دنیایى کۆمەڵگاکان "پەیڕەو دەکرێت؛ سوێند یەکێکە لە هەرە
کۆنترین بنەماکانى دەست بەکار بوونى دەستەڵاتى فەرمان ڕەوایى و مسۆگەر
کردنى کار و پۆست و ڕێو شوێنى نوێى جێبەجێکارە ، بەلام لە یاساکانى
حاموڕابى سەردەمى شارستانیە کۆنەکانى بابلیەکان کە لە ٢٨٢ یاساى سزادان
پێک هاتوە باس لە سوێند خواردن ناکات ؛ بەڵام لەلاى مادەکان و
فرعەونیەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان سوێند خوراوە و هەروەها لە یاسا
دەستوریەکانى یۆنانى کۆن و ڕۆمانیەکان سوێند خواردن هاتوە و پاشتر لە
ئاینەکانى یەهودى و مەسیحى و ئیسلامى وەک شهادەت و ئایات سوێند ئەخورێ
بە دان نان بەیەزدان و خوا و پەیامبەرى ئاین و کتێبى ئاسمانى بۆ
بڕواهێنانى ئیماندارانى ئاینەکانیان لەسەر ڕێبازە جۆر بەجۆرەکانیان
سوێند خواردنى ئاینى پەیڕەو دەکرێن ، دەکرێ سوێند خواردن بکرێتە چەندین
بەشى جۆربەجۆرى وەک:
١- سوێندى یاسایى و دەستورى: بۆ سەرۆک و کەسى یەکەمى ووڵات و دەوڵەتى :
" شا و شاژن " و " ئەمیر و سوڵتان " وەهەروەها " سەرەک کۆمارو و سەرۆک
وەزیران " هەروەها بۆ هەموو ئەندام پەرلەمان و مجالیسى دەوڵەتى و
یاسایى.
٢- سویندى پیشەیى: بۆ هەموو پیشەوەرانى پەیوەست بە ژیان و چارەنوسى
خەڵکى لە نمونەى بوارەى پزیشکى و دکتۆرەکانى و دادوەرەکان و
ئەندازیاران و " دەزگا سەربازیەکان " و پیشەکانى ترى هاوشێوە لە گرنگى
چارەنوسازى بە ژیانى خەڵکى و کۆمەڵگاوە.
٣- سوێندەکانى دادگا و دادوەرى : لەبوارى شایەت و تاوان باران و
هاوسەرگیرى و پێبەخشینى ڕەگەزنامە و هەموو بەڵێنە یاسایەکانى ناو کارى
دادو داوەریەکان بەگشتى.
٤- سویندى ئاینى : لەبوارى دنیاى شەریعەتى پەیڕەوانى ئاینى لە زانا و
مامۆستا و هەموو ئاستەکانى بوارى دنیاى ئاینى و پەیڕەوەکانى.
٥- سوێندە نایاسایەکانى ناو خەڵکى و کۆمەڵگا : لە سەر هەموو ئاستەکانى
و لەناو هەموو چین و توێژ و گروپ و کۆمەڵە سیاسى و مەدەنى و
کۆمەڵایەتیەکان تا سەر ئاستى نێوان خێزان و دووتاکى کۆمەڵ لە هەر ئاست
و پلە و پایەیەکى مادى و مەعنەوى بن و بە هەر شێواز و مەبەست و کار و
چالاکیەک بێت.
بە شێوەیەکى گشتى سوێند لە کۆنەوە بەسەر دوو
ڕێگا و پەیڕەوى بەڕێوە دەچێت:
١- سوێندى ئاینى : سوێند خواردنە بە خوا و ناوى خوا ؛ کتێبە ئاینیەکان
؛ پێغەمبەر و کەسایەتیە ئاینیەکان ؛ شەریعەت و یاسا و دەستورە
ئاینیەکان ؛ سوێند خواردن بە سەرلەبەرى کایە پیرۆزیە ئاینیەکانى
ئیماندارانى ئاینەکان بەگشتى.
٢- سوێندى دنیایى و زانستى : سوێند خواردنە بە ڕێبازى زانستى ؛ ئازادى
و سیستەماکانى دیموکراتى ؛ مافەکانى مرۆف و خەڵکى ؛ ئاڵاو ووڵات و
دەوڵەت و نەتەوە و ڕەگەز و هەموو ئەو بابەتە دنیاویانەى دەچنە چوار
چێوەى پیرۆزى و بەهاى نرخى یاسایى ناو کۆمەڵگا و خەڵکى و بیرو ڕێبازە
فکرى و فەلسەفیەکانى دنیایى.
٣- سوێندى کەسایەتى : سوێند خواردنە بە کەسایەتیەکان خۆیان و
پیرۆزیەکانى خۆیان بڕوایان پێیەتى لەنمونەى : گۆڕ و خوێن و کەرامەتى
کەسە خۆشەویست و بەڕێزەکانیان لە دایک و باوک و هاوڕێ و ڕابەر و
گەورەکانیان کە هەموو ئەوانە دەگرێتەوە لە و کەسانەى گەورە و پیرۆز و
بەنرخن لەلایان و جێگاى متمانە و پێشڕەوایەتى هەست و سۆز و
خۆشەویستیانن.
سوێند واتە گفت دانە بە بەڵێنەکان و جێبەجێکردنى
لە سەر دوو ئاستى زەمەنى:
١- سوێندى کاتى دیارى کراو : واتە بۆ ماوەیەکى دیارى کرا و
بەجێگەیاندنى بەڵینەکانى ئەو گفتەیە کەلە سوێندەکەدا هاتوە و پێویستە
جێبەجێ بکرێت و بگەینرێتە شوێنى خۆى لە نمونەى وادەى کابینەیەک یان
سەرەک کۆمارێک یان هەر پۆستێکى هاوشێوە لە کار و چالاکى دەزگا
دەوڵەتیەکان و پیشەوەرەکانى تر کە لە ماوەیەکى دیارى کراودا دەبێت
جێبەجێى بگەیەنێ.
٢- سوێندى هەتا هەتایى : واتە کاتى نادیارى کرا وە و بەبەردەوامى
کارکردن لەسەر ئەوبەڵێنەناى سوێندى تیا خوراوە و گفت دراوە بۆ
جێبەجێگەیاندنى تا ڕۆژى کۆچ کردن و هەنێ جاریش نەوە بەدواى نەوە دەى
گرێتەوە بەنمونەى خەبات و تێکۆشانى نیشتمانى و کۆمەڵایەتى و هەروەها
خزمەت کردنى ئاینى و جێبەجێکردنى یاساکانى ؛ یان هەر بابەتێکى تر بێت
لە بەجێگەیاندنى بۆ هەتا هەتایى لە و بەڵێنانەى لەسەر شانیەتى و گفتى
داوە لە سوێنەکەیدا.
لە جیهانى نوێدا سوێند جیاوازترە و گۆڕاوە وەک لە جیهانى کۆندا هەبوە و
پەیڕەو کراوە ؛ سویند لە شارستانیە کۆنەکاندا بە باوەڕەئاینیەکان و
پاشا و سەرکردەکانى ووڵات بووە و ڕێگە نەدراوە لەم چوارچێوەیە بە
دوربێت و گەورەترین و پیرۆزترین سوێند ئاین و دەستەڵاتى سەردەم بووە !
؛ بەڵام لە جیهانى ئەم ڕۆدا سوێند لەو چوار چێوە باوە کۆنە نەماوە و
گۆڕاوە ، بۆنمونە لەپال سوێند خواردن بە پیرۆزیەکانى ئاین بابەتى زەینى
دنیایى تێکەڵ دەکرێت لەنمونەى دیموکراتى و زانستى و هەربابەتێکى دنیاوى
تربێت کە بە گرێدراوى لەگەڵ سوێندە ئاینیەکە پێکەوە دەوترێت و سوێند
دەخورێت ؛ لەمەش زیاتر تێپەڕى کردوە لەوڵاتانى دیموکراتى و علمانى و
پێشکەوتوەکانى نمونەى یەکێتى ئەوروپا و ووڵاتى ترى هاوشێوە کە
جیاکەرەوە و هەڵبژاردن هەیە لە سوێندەکاندا ، بەنمونە سوێند لە ووڵاتى
بریتانیا دوو جۆر سوێند هەیە کە دەتوانیت و سەر پشکیت لە هەڵبژاردنیا ،
سوێندى یاسایى ئاینى کە سوێند خواردنە بە خوا و پیرۆزیەکانى ئاین ؛ وە
سوێندى یاسایى دنیایى بە دیموکراتیەت و ئازادى و زانستە کە کەسى سوێند
خۆر خۆى سەر پشکە لە هەڵبژاردنى سوێندەکەى.
سوێند خواردن بۆتە مادەیەک لە مادە سەرەکیەکانى دەستورى یاسایى
دەوڵەتان و حکومەتە ناوخۆییەکان و دەستەڵاتە ئیدارەیەکان ؛ لە ڕوسیاى
سەردەمى پاشایەتى لە کڵێسا و کۆشکدا لەبەردەم سەرۆکى ئەسقافەدا سوێند
خوراوە " وەک لە یەکەم دەستورى ساڵى ١٩٠٦ دا هاتوە وهەروەها لە سەردەمى
کۆمارى سۆفیەتى لە پەرلەمانى گشتى و کۆنگرەدا دور لەدەستى ئاین سوێند
خوراوە وەک لە دەستورەکانى ساڵانى ١٩٢٥ و ١٩٣٧ و ١٩٧٨ دا هاتوە و
پاشانیش لە سەردەمى کۆمارى نوێیدا لەبەردەم لایەنگران و کەسانى دەوڵەتى
و قشەى ئاینى سوێند ئەخورێ لە کۆشکى کرملین کەوەک لەمادەى ٨٢ى لە
کاپیتاڵى چوارەمى ساڵى ١٩٩٣ دا هاتوە وەک دەقى مادەى دەستوورى ڕوسى ؛
لە جیهانى ئیسلامى و عەرەبیدا سەرکردە و سەرەک کۆمار و ئەمیر و پاشاکان
کەسێک نەبووە بچێتە مزگەوت و سوێند بخوا هەموو لە کۆشکەکانیان و
بەتەنها لە بەردەم کتێبى قورئاندا سوێندى ئاینىیان خواردوە کە نە مەلاو
قازى و نە دادوەرى یاسایى لێبوە ؛ نمونەکانى دەقى دەستورى لە وڵاتانى
وەک لوبنان لە مادەى ٥٠ ، و سوریا لە مادەى ٩٠ ، و ئەردەنى مەلەکى لە
مادەى دەستورى ٧٩ ، و مادەى ٧٥ى جزایرى و وەهەروەها وڵاتانى ترى
ئیسلامى و عەرەبى لە دەستورەکانیاندا سوێند خواردن بەمادەیەکى یاسایى
ڕێکخراوە.
لە دواهەمین دەستورى عێراقى نوێدا بەمادەیەکى دەستورى ژمارە ٥٠ دا
سوێند خواردن ڕێکخراوە بۆ سەرەک کۆمار ، کە بەئاشکر تێکەڵى پێوەدیارە و
هەرکەسێ بیخوێنێتەوە بە ئاسانى لەوە دەگات کەوا چەند قەڵەمێکى جیاواز
لە بیر و نەتەوە و مەزهب نوسراوە ؛ لە دەستورى پێشنیار کراوى هەرێمى
کوردستان دا بە سێ مادەى جیاواز لە سێ دەروازەى پەرلەمان و حکومەت و
سەرۆکایەتى هەرێمدا لە مادەکانى (٤٤ - ٦٣ - ٧١)دا هاتون بۆ سوێند
خواردن لە بەردەم پەرلەماندا . سەرلەبەرى ئەم سوێند خواردنانە لە زۆر
بەى ووڵاتانى عەرەبى و عێراقى و هەروەها هەرێمى کوردستانیش کورتى
هێناوە لەبوارى یاسایى و حەقى دەستورى پێنەدراوە کە دەبوایە و پێویستە
سوێند خواردنى یاسایى و دەستورى لە ناو دقى مادە کاندا ڕێکبخرێت
لەهەموو ئەم خاڵانەى لاى خوارەوە:
١- دانان و نوسینەوەى هەر دوو شێوازى (ئاینى) و (دنیاوى) " کە تیایدا
بە خواستى کەسى سوێند خۆربێ لە هەڵبژاردنى هەرکامێکیان بۆ سووێند
خواردن " لە لایەن سەرۆکایەتى و پەرلەمان وسەرەک وەزیر وەزیرەکان و
هەموو ئەوانەى لە لە ئاستى پۆستە جیاوازەکاندا کاردەکەن : لە دادوەران
و دکتۆرەکان و سەربازەکان و ئەوانەى تر.. .
٢- دەبێت و پێویستە لە هەموو ئاستەکاندا دادوەر ئامادەبێت لەکاتى سوێند
خواردن لە هەر ئاست و پلەیەکدابێ .
٣- دەبێت و پێویستە سوویند خواردنى سەرۆکایەتى و پەرلەمان و
وەزارەتەکان بە ئامادە بوونى نوێنەرایەتى بەشێکى دیارى ڕیکخراوەکانى
چین و تۆێژەکانى کۆمەڵ لە ڕێکخراوە ناحکومى و مەدەنیەکان بێت لەگەڵ
نوێنەرایەتى سەرلەبەرى دەزگا ڕاگەیاندنەکان بەبێ جیاوازى .
٤- کەمترین هەڵە یان نارێکى خوێندنەوەى پێویستە دوبارە بکرێتەوە ( وەک
ئەوەى لەگەڵ سەرۆک ئۆباما ڕویدا یان کابینەى یەکمى حکومەتى یەکەمى
عێراقى تازە).
سوێند خواردن هەر ئەوەندە بەس نیە بۆ پۆست و ئاستە گەورە و
بەرپرسیارەکان بێت ، بەڵکوو پێویستە لەسەرلەبەرى پۆست و شوێن و دەزگاو
پلەکانى ووڵات و دەستور دا ڕێکخرێت ، بەواتاى ئەوەى ئەم نەرێتە پێویستە
دابەزێنرێت بۆ سەر ئاستەکانى خوارەوەى بەڕێوەبەرایەتیەکان و هەموو
دەزگاکانى دەوڵەت ، کە تیایدا سوێند خواردن بکرێتە نەریتێکى باوى ناو
کۆمەڵگا و بەڕێوەبەرایەتیە دەوڵەتیەکان ؛ بە نمونە وەرگرتنى ڕەگەزنامە
بۆ هەموو هاوڵاتیەک لە بۆنەى فەرمى گشتى دا کە سوێند خواردنى تیا دا
بەرجەستە کرێ ، یان لە هەموو ئاستەکانى خوێندن لە دواى تەمەنى ١٦
ساڵیەوە ، وەهەروەها لە پۆست و کار و چالاکەیەکانى ترى وەک دەرچونى
سەربازى و ئاسیشى وڵات و وە هەروەها لە بەشەکانى ترى ژیانى کۆمەلگا و
دەوڵەتدا ، پێویستە ئەم نەریتە بکرێتە بەڵگەنامەى فەرمى دەوڵەتى و لە
دەستور و دەروازە و مادە دەستوریەکاندا بە فەرمى هەمووى ڕاست و دروست
بنوسرێنەوە و فۆڕم و تێکستى تایبەتى هەبێ ، تا سوێند خۆران لەبەردەم
دەستور و کۆمەڵگا و خەڵکى کوردستان دا بە سەربەزى و متمانەوە ئەرک و
بەڵینەکانى سوێند خواردن جێبەچێ بکەن.
________________________________________________
سەرچاوەکان:
١- سوێندى یاسایى ، ویکیبیدیا .
٢- پڕۆژەى دەستورى هەرێمى کوردستان .
٣- الدستور الجمهوریە العراق .
The constitution of the
Russian Federation 1993
Exploring Ancient World Cultures
لەندەن
sherkoedel@hotmail.co.uk
|