(ده‌رباز یونس)شاعیره بچکۆڵانه‌که خه‌ریکی چاپکردنی کتێبی سێیه‌میه‌تی.
دیمانه : محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د چه‌مچه‌ماڵی
( ده‌رباز یونس ) ئه‌و شاعیره بچکۆڵانه ته‌مه‌ن هه‌ژده ساڵیه‌یه که له‌م ته‌مه‌نه بچووکه‌ی خۆی خاوه‌نی دوو کتێبی شیعره، شاعیرێکه لێوان لێوه له خۆشه‌ویستی و ئه‌شق و وه‌فا ، بۆیه پێمان خۆش بوو لێره‌وه ده‌رگای ڕازه‌کانی ده‌رباز یونس بۆئێوه‌ی خۆشه‌ویست بکه‌ینه‌وه و چه‌ند کاتێکی میوانی دونیا جوانه پڕ شیعره‌که‌ی بین .
پ / زۆر خۆت پێمان ناساندووه ، به‌ڵام خۆت بناسێنه بۆ که‌سێ که یه‌که‌م جاره له ڕێی ئێمه‌وه ده‌تناسێ ؟ ده‌رباز یونس / من ناوم ( ده‌رباز یونس حوسێن ) له ڕۆژی 23/6/1990 له شاری هه‌ولێر چاوم به دونیا هه‌ڵێناوه و ناتوانم بڵێم شاعیرم به ڵام توانای نووسینی شیعرم هه‌یه .
پ / با بزانین ( ده‌رباز یونس ) له که‌یه‌وه شیعر ده‌نووسێ ؟ ده‌رباز یونس / یه‌که‌م شیعرم که وه‌ک ده‌ستنووس ماومه شیعرێک بوو له ڕۆژی نه‌ورۆزی ساڵی 2005 نووسیم .
پ / چی وای لێ کردی شیعر بنووسی ؟ ده‌رباز یونس / له مناڵیه‌وه ده‌ستی نووسینی شیعرم هه‌بووه جار جار شتم ده‌نووسی ، به‌ڵام خه‌مه ڕه‌نگاو ڕه‌نگه‌کانی ژیان شیعری ده‌وڵه‌مه‌ند و جوان کردم .
پ / وه‌ک شاعیرێکی گه‌نج ، دونیای شیعری ئێستا چۆن ده‌بینی ؟ ده‌رباز یونس / دونیایه‌کی جوانه و شاعیری باش و هه‌ست ناسک هه‌ڵکه‌وتوون و جێی دڵخۆشین ، له هه‌مان کاتیش‌دا خوێنه‌ری شیعر به هۆی خۆ به شاعیر کردنه‌وه زۆر که‌م بۆته‌وه .
پ / چی بکرێ باشه بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ری شیعر بێته‌وه قالبی ئاسایی خۆی ؟ ده‌رباز یونس / وه‌ک له زۆر شوێنی تریش ئاماژه‌م پێکردووه ، پێویسته وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری سانسۆرێک به‌رده‌م چاپکردنی کتێب دابنێ و ژماره‌ی سپاردن به هه‌موو کتێبێک نه‌دا ، ناوه‌ڕۆکی کتێب و هه‌روه‌ها به‌رگه‌کانیشیان هه‌ڵسه‌نگێنی ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویست به لێژنه‌یه‌ک هه‌یه که له چه‌ند شاعیرێکی باش پێک بهێندرێت ، من دژی نووسین و ئازادی خه‌ڵک نیم حه‌ز ده‌که‌م هه‌موو که‌سێک بنووسێ و ئه‌وه‌ی له دڵیه‌تی بیکاته شیعرێک به‌ڵام هه‌موو شیعرێکیش شایه‌نی بڵاوکردنه‌وه نین .
پ / تا چه‌ند خۆت به شاعیرێکی سه‌رکه‌وتوو ده‌زانی له نێو ئه‌ده‌بیاتی کوردی ؟ ده‌رباز یونس / ئه‌مه بڕیارێکه ده‌بێ خه‌ڵکی بیده‌ن ، به‌ڵام دڵنیام هیچ شتێک ئه‌وه‌نده باش نیه که نه‌توانرێ باشتر بکرێ .
پ / با که‌مێک له‌سه‌ر هه‌ردوو بڵاوکردوه‌ی شیعری ( ده‌رباز یونس ) بدوێین ، ئه‌گه‌ر باسی هه‌ر یه‌ک له دوو به‌رهه‌مه‌که‌ت بکه‌ی ؟ ده‌رباز یونس / به‌ڵی ، دوو کتێبی شیعریم هه‌یه یه‌که‌میان به ناوی ( دڵێکی دوور ) بوو که له ساڵی 2007 به تیراژی 1000 دانه له‌سه‌ر ئه‌رکی خۆم چاپم کردوو بڵاویشم کرده‌وه ، دووه‌میش له ژێر ناوی ( خه‌می غوربه‌تیشت ئه‌خۆم ) به هه‌مان تیراژ به یارمه‌تی سه‌نته‌ری به‌هره و نواڵه‌ی نوێ و یارمه‌تی باوکیشم زۆر سوپاسیان ده‌که‌م له 8.6.2008 بڵاوم کرده‌وه سوپاس بۆ خوا ئاشقانی شیعریش که به باوه‌شێکی گه‌وره‌تر وه‌ک له کتێبی یه‌که‌م پێشوازیان لێکردم بۆ زیاتر هاتن بۆ نێو ئه‌ده‌بیات و نووسینی شیعر .
پ / بێگومان له دوای بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبی دوومیش هه‌ر خه‌ریکی نووسینی ، چه‌ند شیعری تازه‌ت هه‌یه ؟ ده‌رباز یونس / بێگومان به‌رده‌وام ده‌نووسم ، به نزیکی 200 شیعرێکی تازه‌م هه‌یه ، له ئێستاوه وا خه‌ریکی ئاماده‌کردنم بۆ چاپکردنی کتێبی سێیه‌مم ، به یارمه‌تی خوا له ساڵی داهاتوو شتێکی جوانتر له کتێبی یه‌که‌م و دووه‌میش بڵاو ده‌که‌مه‌وه .
پ / به نیازی ناوی چی بنێێت ؟ مه‌به‌ستم کتێبی سێیه‌مه ؟ ده‌رباز یونس / چه‌ند ناوێکم هه‌ڵبژاردووه ، به‌ڵام زیاتریش پرس ده‌که‌م و په‌نا به‌خوا ناوێکی جوانی بۆ هه‌ڵده‌بژێرم .
پ / ناوه‌ڕۆکی شیعره‌کانی کتێبی سێیه‌م زیاتر چی ده‌بێت ؟ ده‌رباز یونس / ( دڵداری ، نیشتمان په‌روه‌ری ) له‌گه‌ڵ چه‌ند شیعرێک بۆ دایکم و مامۆستا ( عبدالله په‌شێو ) .
پ / کێ هاوکاریت ده‌کات بۆ چاپکردنی ئه‌م کتێبه ؟ ده‌رباز یونس / تا ئێستا دیار نیه به‌ڕاستی ، به‌ڵام ئه‌مجاره سه‌رێک له وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری ده‌ده‌م .
پ / بۆچی هه‌وڵی ده‌رکردنی سێ دی ناده‌ی ؟ ده‌رباز یونس / به‌ڕاستی حه‌ز ده‌که‌م ، به‌ڵام ئه‌مه پاره‌یه‌کی باشی تێده‌چێت و منیش جارێ له توانام دانیه ، له داهاتوو ئه‌گه‌ر یارمه‌تی بدرێم ئه‌وا هه‌وڵ ده‌ده‌م به ده‌نگی خۆم سێ دی یه‌ک تۆمار بکه‌م .
پ / ده‌رباز یونس له‌گه‌ڵ نووسیینی شیعری گۆرانی چۆنه ؟ ده‌رباز یونس / من ناتوانم بڵیم شاعیری شیعری گۆرانیم ، چونکه به ڕاستی شیعری گۆرانی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه ، به‌ڵام چه‌ند شیعرێکم کراوه‌ته گۆرانی له لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێک وه‌کو ( دیار حه‌یده‌ر ، شانیا ، سامان شه‌وکه‌ت ) هه‌روه‌ها گروپی موزیکی په‌نجه‌ی زێرین زیاتر له 3 شیعری منیان کردووه به گۆرانی و شیعرێکیشم له لایه‌ن چالاکی قوتابخانه‌کانی هه‌ولێر کراوه به گۆرانی بۆ ڕۆژی جیهانی منداڵانی 2007 و 2008 به‌شداری میهره‌جانی جیهانی پێکراوه و ئێستاش له لایه‌ن چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکه‌وه چه‌ند شیعڕێکم کاری تێده‌کرێ بۆ ئاماده‌کردن و کردن به گۆرانی .
پ / باسی تایبه‌تمه‌ندی شیعری گۆرانیت کرد ، ئه‌گه‌ر که‌مێک ڕوونی که‌یته‌وه ؟ ده‌رباز یونس / تایبه‌تمه‌ندی زۆرن ، بۆ نموونه شیعره‌که ده‌بێ ساده بێت و زوو بچێته ناو خه‌ڵکی ، ده‌بێ ڕه‌چاوی جۆری ئه‌داکردن بکه‌یت ، جگه له‌مانه‌ش کێش و سه‌روا ده‌بێ زاڵ بێت به‌سه‌ر شیعره‌که به جۆرێکی تر ئه‌وه‌ی بۆ گۆرانی ده‌نووسرێت تێکسته نه‌ک شیعر.
پ / خۆشحاڵ بووین به‌وه‌ی کاتی خۆت به ئێمه به‌خشی و میوانی ئه‌مجاره‌مان بوویت ، تۆ شتیکت ماوه بڵێی ؟ ده‌رباز یونس / ته‌نیا ڕێز و خۆشه‌ویستیم بۆ خوێنه‌ری شیعره‌کانم ، سوپاس بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی کاتیان دا به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م دیمانه‌یه ، سوپاس بۆ تۆش
27.8.2008
|