٣٠\٩\٢٠١٣
دەربەستبوون.

دارا خونچە
ئەز هەر دەبوو
لە توخم و تۆرمە*
و هامێزی (خونچەخان*)ێ
وەپاشکەوم.. بپشکوێم؛
چون*
ئەویشیان تێگەیاندبوو:
''ئەز سەرەنجام باغەوانم..
گوڵستانان
چێدەکەم و
بەخێوکردنی گوڵ پیشەمە''!
* * *
دوا (گوڵ) چاوم
فڕییە سەری؛
تێڕامانمی داگیر کرد و لۆ خۆی بردی!
جا هەر دەبوو
ئەو (گوڵ)ەشم بۆن کردبا؛
ئاخەر وە(وی*)شیان
گۆتبوو:
''هەناسەی من
چەند فێنک و ئارامبەخشە''!
* * *
هەنار؛ چ هەنار!؟
هێند گوپن و ناسکۆڵە بوو..
دڵنیا بووم وە لێو دەخورا!
جا هەر دەبوو
چێژی (ئەو)یشم کردبا؛
ئاخەر وە(وی)شیان گۆتبوو:
''لێوانی من
چەند تەڕوبڕ..
چەند پڕ جۆشن''!
* * *
هەر دە پەنجەی
تا (کەرخ*)ی
پشتی دەستانی
لە دوڕ ناخم ختم ببوون!
جا هەر دەبوو
دەستی (ئەو)یش رابمووسم؛
ئاخەر وە(وی)شیان گۆتبوو:
''پەنجەکانم
چەند لێزان و نەرمونیان و میهرەبانن''!
* * *
رەوهان..خۆشبەز، چالاک.. چاپووک...
ئاورینگ لە بن پێیانیدا پڕشەی دەکرد..
هێند وە قۆشمە و هێند جوانڕۆ بوو
(هەسپ)یش لە رووی شەرمەزار
بوو!
جا هەر دەبوو
لە تەک (ئەو)یش خۆ بنوێنم؛
ئاخەر وە(وی)شیان گۆتبوو:
''هەنگاوی من
چەند هووردیلە و چوست و جوانن،
چەند
خورت و خێرا و خۆشڕەوم''!
* * *
هێند وە لەنجە و چوست و بزۆز..
لە
(گاوانیی*)ش
تێکڕای چاوان لەسەر وی بوون!
جا هەر دەبوو
دەگەڵ
(ئەو)یش سەما بکەم؛
ئاخەر وە(وی)شیان گۆتبوو:
''جوولەی جەستە و
ریتمی سۆز و هەست و نەستم
چەند پڕ رەنگ و پڕ ئاوازی
هاوئاهەنگن*''!
* * *
سەرەنجامیش:
ئەز هەر دەبوو (یارۆ*)ی
خۆشم دڵنیاکەم؛
وە پێی ناز و خواست و ویستە ناسکەکانی
دەربەستی بم:
دەست و پەنجە و
تێکڕای جەستە و
هەرچی هەست و نەستم هەیە
(سندم*)یان
کەم؛
چون ئەویشیان تێگەیاندبوو:
''دڵ و دەروون و
مەژیی*
من
بەرگەی
هەژموون و هاڵاوی جوانییەکانی
هیچ کەس ناگرن''!
ئای لە دەربەستبوون:
چەند پڕ ئازار و پڕ کولوکۆیە
چەند پڕ لە ژان و پڕ سفتوسۆیە
چەند پڕ ستەم و پڕ لە ئەستەم و
پڕ ژانوژۆیە!!!
ئای لە دەربەستبوون..
وای لە دەربەستبوون!!!
_______________________________
*
تۆرمە: رەچەلەک.
*
خونچەخان: (خونچە
میراز)ی داکم.
*
چون: چونکە.
*
وی: ئەو.
*
کەرخ: دیارکردنی
جێیەک بە هۆی
تشتەک.
*
گاوانیی: پێچەوانەی
سەرچۆپیی.
*
هاوئاهەنگ: هارمۆنیی.
*
یارۆ: هاوڕێ،
خۆشەویست، هاوسەر.
*
سندمکردن: زنجیرکردن،
بەستنەوە.
*
مەژیی: مێشک، بیر.
ئەیلوولی
٢٠١٣ - لەندەن
ماڵپهڕی دارا
خونچە
|