١١\٦\٢٠٢١
دەرد!

ئەرسەلان مەحمود
لەوەگەڕێ تورکیا لەوەتەی دەوڵەتە، کورد و گەلانی بە رەگەز نامەغۆل و
تاتار دەکوژێ و بێپەروا کار لەسەر سرینەوەی شوناس و ناسنامە و جوگرافیا
و تاڵانکاریی سەرخان و ژێر خانی خاکەکـەیان دەکا!!
گوێ بەوەش مەدە ئەم مێژووە تەژی لە ستەمکارییەی تورکیا، جگە لە دیرۆکی
ستەمی سەر ئەم گەلانە، جیهان دەزانێ وەک ئەوەی تورکیا و هاوتاکانی لە
هەرێم بانگەشەی دەکەن نا نەخێر هیچ پەیوەندییەکی بە هەبوون و نەبوون و
رابردووی هیچ پارتی و بزاوتێکەوە نییە کوردی بووبێت یان عەلەوی،
ئەرمەنی بووبێت یا ئازەری.
"یەک نەتەوە و یەک خاک و یەک زمان" دروشمێکی بەناوبانگی دەوڵەتی
تورکیایە و لە بێشوێنیی خۆیدا دەیەوێ لەسەر کەوڵی ئەوانی تر شوێن بۆ
خۆی بکاتەوە، تورکیا دەزانێ ئەمەی ئێستاش هەیەتی چۆنی بەدەستهێناوە، لە
پێناو ئەوەی لەدەستی نەدا فراوقنخوازیی دەکا و تا جیهانیش هەیە ناتوانێ
لە داگیرکاریی بوەستێ!!
کاتێک دەڵێم لەوەگەڕێ و گۆێ بەوە مەدە، واتای ئەوە نییە ئەم ستەمکارییە
ئاسایی و دەی تەواو لە رابردودا جێمابێ، نا نەخێر، ئەمە بۆ لێخۆشبوون و
سازش نییە، هەرگیز هیچ کوردێک نییە شکۆمەند ئەمە لەبیر بکا و ئاسایی
وەریگرێ، بەڵکە بۆ ئەوەمە باشتر لە نیاز و ئامانجی تورکیا و
هاوئاخوڕەکانیان تێبگەین!
ئێستا دەمەوێ بپرسم، لەم سەردەم و کاتەدا، ئەوە خێرە هێشتا حکومەتی
هەرێم، بە زمانی فاشیزمی دینیی و نەتەوەیی دەوڵەتی تورکیا، لە پەسن و
پەنای بەقوربانیکردن و بەشەهیدکردندانی پۆلێک پێشمەرگەوە بێگومان تەنها
لە پێناو ڕەوایەتیدان بە شەڕی کورد بە کوردەوە وەک ئەوەی نۆ مێشی لە
دارێکدا دۆزیبێتەوە کەوتووەتە هاوار و لەبری شەرمەزارکردنی دەوڵەتی
تورکیا، داوای کۆدەنگیی نیشتمانیی دژ بە نەیارەکانی دەکا؟!!
٣٠ ساڵە تورکیا لە هەر کوێ بۆی هەڵکەوتبێ دەستی لە کوردکوژیی و
بەتاڵانبردنی خاکەکەی نەپاراستووە، ئەرێ ئەوە بۆچی جارێک رووینەدا ئەم
حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە بەرامبەر یا دژ بە دەوڵەتی تورکیا، داوای
کۆدەنگیی نیشتمانیی بکا؟!!
وڵامەکە ڕون و ئاشکرایە، دەمێکە زەمینەسازیی بۆ بەنیشتمانییکردنی
جەنگێک دەکرێ ئەوپەڕی نانیشتمانیی، پێویستە دامەزراوەکانی هەرێم و
حیزبە سیاسیەکان زۆر ژیرانە و ئاگامەندانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەم
بانگەشانە بکەن و ڕێ لەو دەردە نەتەوەیی و نیشتمانییە بگرن بەڕێگەوەیە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|