١٣\١١\٢٠٢١
دەرەنجامی
ھەڵبژاردنەکانی عێراق و شەڕێکی نەبڕاوە!

کامیل ئەحمەد
سەرەنجام ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، بەپێی نەخشەی ئەمریکا و ھێزە
بورژوازییە ھاوپەیمانەکانی و وڵاتانی ھاوپەیمانی لە ناوچەکەدا، لە کاتی
خۆیدا ئەنجام درا وێڕای ھەوڵدان لە لایەن ھەندێک لایەنی شیعی یەوە بۆ
دواخستنی لە ترسی لە دەستدانی ھاوسەنگی ھێزیان و دەسەڵاتیان. ھاوکات
پرۆسەی ھەژمارکردنی دەنگەکانیش تەواو بوو وە ئەوەی نیشان دا کە لەم
کێبەرکێ و شەڕەدا لە نێوان ئێران و ئەمریکا دا، کە عێراق
گۆڕەپانەکەیەتی، تا ئێستا ئەمریکا براوەیەکی ڕانەگەیەندراوە.
ڕانەگەیەندراوە چونکە لایەنی براوە لە ھەڵبژاردنەکاندا تەیاری سەدری و
ئەو لایەنانەن کە زیاتر لە سەر لایەنی ئەمریکی ھەژماردەکرێن لە
ئێستادا. باشترین بەڵگەش ئەوەیە لایەنەکانی سەر بە ئێران کە
دیارترینیان ھاوپەیمانی فەتحە ھەم لە ھەوڵی ئەوەدابوون کە ھەڵبژاردن
نەکرێت و ھەم لە ئێستاشدا بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ڕازینین و خەریکی
ئاستەنگی پێکھێنانن بۆ ڕاگەیەندنی ئەنجامە کۆتاییەکان و پێکھێنانی
حکومەت. ئەگەرچی ھەمووشیان لەسەر ئەوە کۆکن کە ئەم حکومەتە دەبێت
ھاوپەیمانیەتی بێت و کێکەکە لە نێوان پێکھاتە کوردی و سوننی و
شیعیەکاندا بەشبکرێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە کام لەم لایەنانە بە
پێی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بەشی شێر لەم کێکە دەبات.
ئەمەی لە عێراقدا ڕوویداوە و ڕوو دەدات بە پێی بنەما پووچەکانی
دیموکراسی بورژوازیش ھەڵبژاردن نیە و شەڕێکە لە نێوان ئەم لایەنە دژ بە
یەکانەدا کە دەیانەوێت لە باری یاساییشەوە فۆرمێک بەم شەڕە نەبڕاوەیە
بدەن. لە ئێستادا شکڵدان بەم پڕۆسەیە شکستی ھێناوە و خودی پڕۆسەکە
وەستاوە، وێڕای سەرکەوتنی ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی. ئەم پڕۆسەیە دوور
نیە چەند مانگی تر بخایەنێت، وە یان ھەر بە ئێجگاری لەبارببرێت و
تەنانەت حکومەتیش پێکنەیەت و ھەڵبژاردنی تر بکرێت چونکە تەرازووی ھێز
لە نێوان لایەنە دژ بە یەکەکاندا زۆر بە خێرایی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت
لە وابەست بە کێشەکانی ناوچەکەوە. یەکلاکردنەوەی ئەنجامەکانی ئەم
ھەڵبژاردنە پەیوەندی ھەیە بە ھەموو بارودۆخی ناوچەکەوە چونکە لە
ئێستادا یەکێکە لە پایە سەرەکیەکانی بوونی ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە
ڕێگای ھاوپەیمانە ناوچەییەکانیەوە. ئەم شەڕە نەبڕاوەیە پەیوەندی بە
کێشەی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران و چۆنیەتی چوونە پێشەوەی
دانووستانەکان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتووگۆوە ھەیە کە تا ئێستا لەم
مەیدانەدا ئێران سەرکەوتووە و وەڵام بە ئەمریکا ناداتەوە، پەیوەندی بە
نفوزی ئێرانەوە ھەیە لە ناوچەکەدا لە ڕێگای حزب اللە لوبنان و
حوسیەکانی یەمەنەوە. پەیوەندی بەو ھەوڵانەوە ھەیە کە کازمی و چەندین
ڕەوەندی سەر بە ئەمریکا لە ھەوڵی ھێنانەوەی عێراقن بۆ ناو کۆمەڵگای
عەرەبی و ڕووماڵکردنی عێراق و کۆکردنەوەی جارێکی تر لەژێر بەیداخی
نەتەوەییدا و ھەوڵەکانی لوتکەی بەغدا پێش ھەڵبژاردنەکان یەکێک بوو لەم
ھەوڵانە. ئەم کێشمەکێشانە وا پێدەچێت کە بارودۆخی شیعەکان دوولەتبکات و
ئاسۆی ناسیۆنالیستی زاڵبکات، بەڵام زمانەی ئامانی خۆیان لە فەتوا و
ڕاگەیاندنی سیستانیدا دۆزییەوە کە جارێکی دیکە دەڵێت ڕێک بکەون کە
ئەمەش ھەم ھێزەکانی شیعە کۆدەکاتەوە وە ھەم بە ناچار بەشێک دەبێت لە
سیاسەتی ئێران لەم ھەلومەرجەدا. بەو ڕادەیەی ئەم کێشانە ھەڵکشان و
داکشانیان بەسەردا دێت و ڕووداوەکان لە بارودۆخێکی ڕاگوزەردا دەچنە
پێشەوە و ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت، بەو ڕادەیش لەسەر کۆی چوونە پێشەوەی
ئەم پڕۆسەیە و ڕاوحکردنی لە جێی خۆیدا کاریگەری دادەنێت. ئەمەش
نیشانەیەکی ئاشکرای ئەو کێشمەکێشە جیھانیەیە کە لە نێوان دوو گەورە
زلھێزی جیھاندا، چین و ئەمریکا، بەڕێوەدەچێت بۆ دەستەبەرکردنی
بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەکانیان و بردنە بەرەوەی شەڕەکانیان لە
ڕێگای ھاوپەیمانە ناوچەیی و ناوخۆییەکانیانەوە.
براوە و دۆڕاوی ئەم ھەڵبژاردنە کە زۆرترین کورسیەکانی پەرلەمانی بە
دەستھێناوە، تەیاری سەدرە. سەدر ھاوکات براوە و دۆڕاویشە. براوەیە
بەوەی کە زۆرترین کورسیەکانی بەدەستھێناوە و بانگەشەی پاکوبێگەردی
ھەڵبژاردنەکان دەکات و پێی دێتە سەر حوکم و لە پاڵپشتی ئەمریکاش
بەھرەمەندە و لە ئێستادا وەک ھێزێکی ناو بازنەی ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا
بازی دەکات، وێڕای مۆلەقەبوونی ئەم ھێزە و بەیناوبەینکردنیشی. ھاوکات
دۆڕاوە چونکە ناچارە ڕیککەوتن بکات لە گەڵ بەرەی تەنسیقی شیعەکان بەپێی
ڕینماییەکانی سیستانی.
ئەو ھێزانەشی بەسەر شانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی عێراقدا ھاتوونەتە سەر
و ھەر لە ناوەندی تەحریر و خێمە ھەڵدانەکانیانەوە وەک بەشێک لە
کۆمەڵگای مەدەنی و ڕێکخراوەکانیان لە لایەن ئەمریکا و ھێزە بورژوازییە
ناوخۆییەکانی سەر بە ئەمریکا پشتیوانی دەکرێن. ئەمڕۆش وا دەردەکەوێت
بەھەمان شێوەی کاتی ناڕەزایەتیەکانی تەحریر لە پشتی سەدر بن.
ھێزە ناسیۆنالیستیە کوردیەکانیش ئەجێندایان ڕۆشنە کە زیاتر سەر بە
لایەنی ئەمریکین و ئەمریکا وەک پێگەیەکی ئامنی خۆی سەیری کوردستان
دەکات و ئەوانیش وەک ھێزی گوێڕایەڵی خۆی سەیردەکات وێڕای ڕەنگدانەوەی
بەشێک لەم کێشمەکێشە جیھانی و ناوچەییانەش لە نێوان بەشێک لەو
ھێزانەدا.
ئەمە ئەو وێنەیەیە کە ئێستا عێراقی تیادا ڕاوەستاوە و دەیانەوێت لە ڕێی
ئەم ھەڵبژاردنەوە شەرعیەتی یاسایی بە کۆمپانیا بازرگانیەکانیان بدەن بۆ
کەڵەککردنی سەرمایەی زیاتر و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگا و
ھێشتنەوەی کۆەمڵگا لە ژێر ڕادەی ھەژاری و ژیانی کولەمەرگیەوە.
پڕۆلیتاریای عێراق پێویستی بە ھوشیاری و ڕێکخراوبوونی زیاترە تا لە
ڕاھێنانێکی چینایەتیدا بتوانێت وەک ھێزێکی چینایەتی لە مەیدانی
ململانێێ سیاسیدا دەرکەوێت.
٤\١١\٢٠٢١
kamil.ahmed.f@gmail.com
|