٢\٣\٢٠٢٥
دەرفەت و
ئاستەنگەکانی بەردەم ڕۆشنبیرانی ڕاپەڕین.

ئەرسەلان مەحمود
بزووتنەوەی ڕۆشنبیری لە دەڤەری ڕاپەڕین "ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین"
مێژوویەکی دێرین و درەوشاوەی هەیە و ئەگەر نەوترێ دینامۆی شۆڕش و
گۆڕانکارییەکان بووە لە تێکڕای قۆناغەکاندا، بەشێکی کارا و کاریگەری
دانەبڕاو بووە، بە جۆرێک کە هەوێنی بیر و کردارەکان بووە لە نێوان خەون
و واقیع، لە داهێنان و بەرگری و بەرەنگاربوونەوەدا.
بە واتایەکی تر، هیچ بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری لە بۆشاییدا سەرهەڵنادات،
بەڵکو هەمیشە وەڵامێکە بۆ پێداویستییەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی قووڵ.
بزوتنەوەی ڕۆشنبیری لە ڕانیە و قەڵادزێ و سەرجەم دەڤەرەکەدا، بە هۆی
دۆخە تایبەتمەندە کوردییەکەی، ئەگەر ئەو وڵامدەرەوە قووڵیش نەبووبێ، لە
هیچ دۆخێکدا بێ نەخش و بێ شوێن نەبووە.
پشت بەست بە ڕوانگەیەکی شیکاری، دەتوانین سێ ڕەهەندی سەرەکی لە
دینامیکیەتی بزووتنەوەی ڕۆشنبیری دەڤەری ڕاپەڕین دەستنیشان بکەین.
یەکەم، ڕەهەندی هزری و فەلسەفی کە پەیوەندی بە پرسیارە بنەڕەتییەکانی
بوون و شوناس و مانا و ئامانجەوە هەیە. گرفتی بزوتنەوەکە لێرەدا لە
پرسیار نەکردنەکەدا نەبووە، بەڵکو لە جۆر و ئاستی پرسیارکردنەکەدایە.
کورد لەبەر خەمی هێشتنەوەی بوونە مرۆییەکەی وەک نەتەوە، دەرفەتی ئەوەی
نەبووە بپڕژێتە سەر بوارە فیکری و فەلسەفییە قووڵەکەی.
ڕەهەندی دووەم، کۆمەڵایەتی-مێژووییە کە هیچ بزووتنەوەیەکی ڕۆشنبیری
ناتوانێت لە دەرەوەی چوارچێوەکەی تێبگات. بزوتنەوەی ڕۆشنبیری لە
ڕاپەڕین، لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆنەپارێزی و
داگیرکاری و کۆڵۆنیالیزم، دیسانەوە تەنها هەوڵیداوە وەڵامێک بۆ پرسیاری
بوونەکەی بدۆزێتەوە.
ڕەهەندی سێیەم، پراکتیکی و کردارییە کە لە ڕێگەی دامەزراوە کەلتووری و
پەروەردەییەکان، بڵاوکراوەکان، و چالاکییە هونەری و ئەدەبییەکانەوە خۆی
دەردەخات، لەم بوارەدا کەم بەش نەبووە و نییە، بەڵام هێشتا کەمخوێنە.
لە سەردەمی دیجیتاڵدا، بزووتنەوەکە لەگەڵ دەرفەت و ئاستەنگی نوێ
ڕووبەڕووە. تەکنەلۆژیای نوێ دەرفەتی بڵاوکردنەوەی بیر و گەیشتن بە
خەڵکی زیاتری ڕەخساندووە، بەڵام هەڕەشەی لەناوچوونی هەندێک شێوازی
کەلتووری کلاسیکی و کێشەی نوێی وەک بڵاوبوونەوەی زانیاری هەڵە و پچڕانی
پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، وەک ئەوەی پێویستە هێشتا نەی هەژاندووە.
سەرکەوتنی بزووتنەوە ڕۆشنبیرییەکان تەنها بە گۆڕانکارییە دەرەکییەکان
ناپێورێن، بەڵکو بە قووڵی و بەردەوامی کاریگەرییان لەسەر بیرکردنەوە و
هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە دەپێورێت. بۆیە گرنگە بزووتنەوە ڕۆشنبیری ڕاپەڕین
لە ڕوانگەیەکی درێژخایەنەوە هەڵبسەنگێنین وەک بەشێکی جیانەکراوە، لە
پرۆسەی بەردەوامی گەشەسەندنی دەڤەرەکە و کوردەواری بە گشتی.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|