٤\٣\٢٠١٣
دەرگا.

یوسف خەلیل
دەمەوێ لە دەرگاکانى قەدەر بدەم .. زۆر گەڕام نەم دییەوە ، لە گەڵێ
دەروازەى دیکەم دا و قفڵ و ژەنگى پەنگ خواردووم شکاند ..فرەیی پۆخڵ لە
نەمان نەدەهات! تا تێوەى ژەنى بۆنى بۆگەن دێ ! بە نۆش کردن لە پەلوپۆ
دەکەویت ، گەر بێتوو سەرى بنێیتەوە دەبێت کڵۆمى دەرگاکانى هزر چەندین
جار قفڵ دەیت جا ملکەچانە رێدەکەیت!!
لەبرى بەرەو خۆر هەنگاوەکان بەڕێ بخرێ.. بەرەو سێبەر و نشێوەکان..
خەندەى نەوەکان زیندە بەچاڵ دەکرێن ! ئەوسا دەکرێت بڵێین ژینى پڕ لە
گەندەڵ ،زۆرن ئەوانەى پێ لە مرۆ دەنێن و بەسەر سەرى هەمووانەوە گێلانە
دەخنێنەوە.. پێدەچێت بێ دیدەبن! نە دەکرێت بەرەو پێش رێبکەن نە رابردوو
بەسەر بکەنەوە! چەقیوانە و ملکەچانە رێدەکەن بۆ کوێ؟ تەنها تێرى و
پۆشتەییان دەوێ وەڵامى پرسیارە کانیان بۆ بداتەوە ،ئەم کەشتییەى مەلەى
تێدا دەکەین بێوزە و بێسەوڵ و بێشنەى بایە کەس نییە ئاخێکت بۆ ساڕێژ
کات.. دەبێت هەموو شتێک بیت! بۆ ئەوەى لە کاروان دانەبڕێی و بێ نانى
رۆژانەش نەبیت! لەم مەزرای چاوەڕوانییەدا سوپاس ونە و وەچنگ ناکەوێ!
زۆرجار بارى شان و بارى هزر و چەمکى شەپۆلەکانى نڤار هێندە گران دەبێت
دەتەوێ هانا بۆ پەشیمانى ببەیت.. گومان پاشگەزت دەکاتەوە.. ئێدى رێگە
چارە خۆى ون دەکا و دادى هەناسە تاساوەکانت نادات ..دەکرێت وێڵانە
هەنگاو بنێین!
هەن زۆرجار قەدەر بووەتە دووا خۆزگەى ئاوات بۆیان .. دەکرێت پێشبینى
ئەوە بکەین و بڵێین ماڵێکە بۆ ئەو هەنگاوانەى بەرەو پاش رێدەکەن و
دەرگاکانى بیرکردنەوەیان کڵۆم داوە.. هەرگیز چاوەڕوان ناکرێت قەدەر ئاو
و رۆحى پڕ گەوهەرى داهێنان ئاوەدان کات، تەنها دەرگاکانى چارە برەو
دانە بە ماندووبوون و نەوەستان لە کار و کردەى بە مرۆیی بوون، ئەمەش
ژییان فێرت دەکات بەم قوتابخانەیەدا بە بەردەوامى رێبکەیت! تا بتوانیت
مۆم بیت بۆ دەوروبەرت و ئاسودەیی بهێنیتە کایە.. ئارامانە کاروانى
تەمەن بە رێبکەیت و دڵخۆش بیت بەوەى دەیکەیت! تا چەند توانیت رێبکە و
بوونیەتى خۆت بسەلمێنە.. لە کوێدا پەکت کەوت و جێماى ..گوریسەکە بدەرە
دەست دەروێشێکى دیکە تا گەر لووا و وەدەست هات.. کاروانەکەت بگەیەنێتە
مەنزڵگا!! بەمەش دەکرێت بسەلمێنرێ کە شتێکت کردووە و دونیاى مرۆڤت
بەرەو ئایندە بەڕێکردووە..
Yousif_kazh@yahoo.com
|