١٣\٥\٢٠٢٥
دەرکردنی ''ئەوی
تر'' لە وتارەکەی ''سودانی''دا.

ئەرسەلان مەحمود
پێشەکی:
وتارەکەی محمد شیاع سودانی کە تایبەت بە میوانداری لوتکەی عەرەبی لە
بەغدا نووسیویەتی و ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ئایار بڵاوکراوەتەوە، نموونەیەکی
کلاسیکی 'تێپەڕاندنی ئایدیۆلۆژی'یە، واتە خەونێکی خەیاڵی پێشکەش دەکات
کە ناکۆکییە ڕاستەقینەکانی ناوچەکە دەشارێتەوە و پەیوەندی دیالێکتیکی
نێوان ئایدیالیزم و واقیعیەتی ماتریالی نادیدە دەگرێت. سودانی باسی 'هاوپشتی'
و 'چارەنووسی هاوبەش' دەکات کەچی لە هەمانکاتدا جەخت لەسەر 'دەستێوەرنەدان
لە کاروباری ناوخۆی یەکتر' دەکاتەوە - ئەمە پارادۆکسێکی بنەڕەتییە.
ئەوەی جێی سەرنجە، ئەوەیە، کە چی باس نەکراوە، نەک ئەوەی باسکراوە. 'نەگوتراو'ەکان،
واتە ململانێ ئابووری و چینایەتییەکان، فاکتەرە ئیمپریالیستییەکان و
پەیوەندییەکانی هێز، ئەو وێنانەی کە نەخشەی ڕاستەقینەی ناوچەکە
پێکدەهێنن، لە وتارەکەدا نائامادەن. ئەو جیهانەی سودانی پێشکەشی دەکات،
ئایدیالێکی 'بێ-سیاسەت'ـە، کە ناکۆکییە ڕاستەقینەکان دەشارێتەوە بۆ
ئەوەی تەوافوقێکی خەیاڵی دروست بکات.
پڕۆژەی 'ڕێگەی گەشەپێدان' کە باسی دەکات، تەنها ماسکێکە بۆ شاردنەوەی
لۆژیکی سەرمایەداری نیولیبرالی و مەزهەبگەرایی عەرەبی و ناوچەیی، کە
هۆکاری ڕاستەقینەی قووڵبوونەوەی نایەکسانی و دابەشبوونن. ئەمە
نموونەیەکی ڕوونی 'سەرمایەداری و مەزهەبگەراییە بە ڕووخسارێکی مرۆیی
عەرەبی'ـیەوە. ئەم پڕۆژەیە ئەجێندای نیولیبرالیزمی جیهانی کە جیهانی
سێیەم دەکاتە بازاڕی کراوە و سەرچاوەی کاری هەرزان بۆ کۆمپانیا
فرەنەتەوەییەکان جێبەجێ دەکات، هەر بەڕاستی ئایا ئەمە هیچ
بەرژەوەندییەکی خەڵکی ئاسایی عیراق و ناوچەکە دەستەبەر دەکات، یاخود
تەنها بەرژەوەندی نوخبەی دەسەڵاتدار؟
سودانی، لە وتارەکەیدا لەلایەک 'ئەوی تر'ی نادیار دەخاتە بەر ڕەخنە - 'دەستێوەردانی
هەرێمی و نێودەوڵەتی' - لە لایەکەی ترەوە 'ئەوی تر'ی غەیرە عەرەبی لە
پێکهاتەی دەوڵەتانی عەرەبی، نادیدە دەگرێ و دەردەکات یان دەتوێنێتەوە
لە بۆتەی عروبەدا، ئەمە میکانیزمێکی کلاسیکی ناسنامەسازییە لەسەر
بنەمای دژایەتی: 'ئێمە' لە بەرامبەر 'ئەوان'دا. ئەو 'ئەوی تر'ە وەک
ڕووخسارێکی خەیاڵی ئامادەیە بۆ شاردنەوەی ناکۆکییە قووڵە دەرەکی و
ناوخۆییەکان. وتارەکە تەنانەت 'شەڕی غەززە' و 'دەستدرێژی بەردەوامی
ئیسرائیل' وەک 'شتەکان' یان 'ڕووداوەکان' باس دەکات، بێ ئەوەی بانگەشەی
توندوتیژی و پێشێلکاری مافەکانی هەردوولا ڕەچاو بکات.
لە وتارەکەیدا، سودانی هەوڵدەدا جۆرێک لە یەکێتی و ئاشتەوایی هەرێمی
دروست بکات، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو هۆکارە بنەڕەتییانە پشتگوێ دەخات کە
ناوچەکەیان خستووەتە ئەو دۆخەی ئێستاوە. کاتێک باس لە 'دەستدرێژی
بەردەوامی ئیسرائیل' دەکات، هەوڵنادات ئەو پشتگیرییە سەربازی،
دیپلۆماسی و ئابوورییە گەورانە ڕوون بکاتەوە کە ولایەتە یەکگرتووەکان و
زلهێزەکانی ڕۆژئاوا پێشکەشی ئیسرائیلیان کردووە و دەکەن.
باسی 'دەستێوەردانی هەرێمی و نێودەوڵەتی' دەکات بەڵام شیکردنەوەیەکی
قووڵ بۆ ئەو بەرژەوەندییە ئیمپریالیستی و کۆلۆنیالیستیانە ناکات کە لە
پشت ئەو دەستێوەردانانەوەن. بۆ نموونە، کاریگەری ڕۆڵی ئەمریکا و
بەریتانیا لە ناوچەکەدا، داگیرکردنی عیراق و بەشی ئەوان لە دروستکردنی
قەیرانەکانی وڵاتانی عەرەبی، ناسنامە و گوزەرانی گەلانی ناوچەکە باس
ناکات.
سەرنجڕاکێشە کە سودانی پێداگری لەسەر 'دەوڵەتە دەستووریەکان' دەکات
بەڵام هیچ جەختێک لەسەر دیموکراسی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، مافەکانی
مرۆڤ یان بەشداری پێکردنی جەماوەر و گەلانی غەیرە عەرەب لە بڕیاردان
ناکاتەوە. ئەم نموونەیە بەرەو سیستەمێکی عەرەبی-لیبراڵی نوێ دەڕوات کە
تیایدا شکڵی دەوڵەت دەستووری بێت بەڵام ناوەڕۆکەکەی هەر ئۆتۆریتاری
بمێنێتەوە. ئەم جۆرە وتارانە بەشێکن لەو 'پڕۆپاگەندا'نەی کە ڕواڵەتێکی
جوان و هیوابەخش پێشکەش دەکەن، بەڵام مەبەستە ڕاستەقینەکان و
پەیوەندییە ناوازەکانی هێز دەشارنەوە - ئەمەش یارمەتی بەردەوامبوونی
ستاتۆکۆ دەدات.
وتارەکە کەمتر فۆکەس لەسەر بەرپرسیارێتی حکومەتە عەرەبییەکان و پرسی
گەندەڵی، سەرکوت و نادادپەروەری ناوخۆیی دەکات. ئەم خۆدزینەوەیە لە
بەرپرسیارێتی، میکانیزمێکی ئاسایی و باوە لە گوتاری فەرمی سیاسی
ناوچەکەدا کە تێیدا هەموو کێشەکان دەخرێنە ملی هێزە دەرەکییەکان، بێ
ئەوەی بیر لە هەڵەکانی خۆیان و دەسەڵاتدارانی ناوخۆ بکرێتەوە.
دواجار، وتارەکەی سودانی نموونەیەکی ڕوونە لە گوتاری ناوێنەری واقیعی
کە لە جیاتی چارەسەری ڕیشەیی کێشەکان، هەوڵی دۆزینەوەی فۆرمولایەکی
ڕیتۆریکی دەدات. تەنها بە باسکردنی یەکێتی، هاوبەشی و ئاشتەوایی بەبێ
ئاماژەکردن بە ڕێگای ڕاستەقینەی چارەسەرکردنی ناکۆکییە قووڵەکان،
دادپەروەری کۆمەڵایەتی، و دیموکراسی ڕاستەقینە، ناتوانرێت گۆڕانی
بنەڕەتی بەرەوپێش ببرێت. پرسی سەرەکی ئەوەیە، وتارەکە بێدەنگە لەسەر
مافی یەکسانی هەموو گەلە پێکهێنەرەکانی ناوچەکە و بەتایبەت مافی چارەی
خۆنووسینی گەلان وەک مافێکی سەرەتایی بۆ سەقامگیری و ئاشتی ڕاستەقینە.
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|