١٢\٧\٢٠١٢
دە ساڵی تر
سەرۆکەکان خۆیان خۆیان دیاریدەکەن.

هێمن رەئووف
بە بۆنەی بوون بە سەرۆکی
بارزانییەکی ترەوە، لە پاش پیرۆزبایی ئەم پێشبینیانە دەخەینە ڕوو:
دە ساڵی تر لە کوردستان یاسایەک دەردەچێت کە چیتر هەڵبژاردن بۆ
سەرۆکەکان نایەتە کردن. لە دوای پەسەندکردنی یاساکە بە دەنگی زۆرینەی
پەرلەمان، ئیتر خەڵک نوێنەرەکانی خۆیان هەڵدەبژێرن بۆ جێگری سەرۆکەکان!!
ئیتر هەڵبژاردن تەنها بۆ ئەندام پەرلەمانی داماو و وەزیری گێژ و
بەڕێوەبەری گێل دێتە ئەنجامدان. دەساڵی تر خانەوادەی بارزانی بۆ هەمیشە
دەبنە سەرۆکمان . ئەوان دەبنە سەرۆکی هەموو شتەکانمان . سەرۆکی هەرێم
سەرۆکی حکومەت سەرۆکی دەزگا سەرۆکی کۆمپانی سەرۆکی عەشرەت سەرۆکی
سەندیکا و ڕێکخراو کەناڵ و وێستگە و فڕۆکەخانە و مۆڵەکان و سەرۆکی شار
و شارەوانی سەرۆکی گوند و ناحیە و گەڕەک و تیپی دوگۆڵی و مۆسیقا و شانۆ...
دە ساڵی تر وانەیەک دەوترێتەوە لە خوێندنگا سەرەتاییەکاندا باس لە
سەرۆکەکان دەکات، باس لەو منداڵانە دەکات کە دوای باڵق بوون دەبنە
سەرۆک باس لەو کۆرپانە دەکات کە چۆن ئامادەدەکرێن بۆ سەرۆکایەتی.
وانەیەک باس لە دەستڕاستی سەرۆکەکان دەکات لە هەڵماتێندا، باس لە تیژ
لێخوڕینی ترومبێلەکان دەکات کاتێک هێشتا دوازدە ساڵە تەمەنی سەرۆک،
وانەیەک باس لە گوێڕایەلی گەل و هاونیشتیمانیانی بەشەرەف دەکات بۆ
توڕەبوونەکانی سەرۆک کە پازدە ساڵەو پێدەگات.
دوای دەساڵی تر کەس بۆی نیە باسی مێژوو بکات، سەرۆکەکان فەرمان
دەردەکەن بە سوتاندنی هەموو ئەو کتێبانەی باسی ئاشبەتاڵی ١٩٧٤ دەکەن،
هەموو ئەو مەقالانە دەسڕێتەوە بۆ ٣١ی ئاب نوسراون. هەموو شیعرە
ناسکەکان قەدەغە دەکەن کەبۆ سەردەشتو سۆران و ڕێژوانەکان نووسران. ١٧ی
شوبات کەس بۆی نیە لەخەو هەستێت. دەساڵی تر پڕۆژەی سڕینەوەی وشەی مێژوو
لە میتۆدی پەروەردەی زمانی کوردیدا گەڵاڵە دەکرێت.
دە ساڵی تر ڕووی مزگەوتەکان دەکرێتە بارزان.. کەعبەی کوردان
دەگوازرێتەوە بۆ گوندەکەی بارزان و تەوافی گڵکۆی نەمران دەبێتە
نەریتێکی کوردەواری. دە ساڵی تر نوێژ دەبێت بە کوردی و هەموو بۆ
باپیرەگەورەی کوردان نوێژ دەکەین. منداڵەکانمان دەکەینە قوربانی بۆ ئەو
مەشایخە پیرۆزانە.
دە ساڵی تر فەیسبوک دەبێت بە کوردی و سەرۆکەکەی بارزانییەکی خنجیلە و
یاساکانی بەئارەزوی خۆی دادەنێت. ئەوکات منداڵەکانیش دەتوانن ببنە
خاوەنی ئەکاونتی خۆیان تەنها بەومەرجەی هەموو لایکی پەیجەکەی سەرۆک
بکەن. دەساڵی تر ئەدڤەرتایز و ڕیکلامکردن لەفەیسبوکا نامێنێ، لای ڕاست
لای هەموو بەندەیەک دەبێت بە پەیجی سەرۆک و کوڕی سەرۆک و ئامۆزا و
برازا و کوڕەزا و خوارزای سەرۆکی هێژا.
دە ساڵی تر ئەم سەرۆکە ئاومان دەدات، گەر ئەو نەبێ هەموو لە تینوا
دەخنکێین. ئەو سەرۆکە قوتی ئێمە دابین دەکات ئەگەر ڕۆژێ ئەمر نەکا
هەموو بێ شێو ئێوارە سەر ئەنێینەوە، ئەوی تر نەبێ هەموومان لە سەرمان
ڕەق دەبینەوە، ئەم هاوینە سەرۆک نەبێت کەس سپلیتێکی بۆ ناکڕێت خوا دەست
بەباڵیەوە بگرێت.
دە ساڵی تر زۆر شتی تریش ڕوودەدات. هەموو دەبین بە کرێچی و سەرۆک بە
خاوەنی ماڵ و خاوەن باخ و خاوەن نەوت و خاوەن بانک و خاوەن هەموو
شتەکانمان.
ماڵپهڕی
هێمن رهئووف
|