په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٦\٢٠٢١

دەسەڵاتێکی گەندەڵ دەستوورێکی سەقەت بەرهەمدێنێ.

عارف کەریم      


ڕۆژی ٢٠٢١/٠٥/١٩ زانکۆی کوردستان لە هەولێر کۆنفرانسێکی ڕێکخست لەژێر ناوی یەکریزی و دەستوور بە هاوکاری و بەشداری هەر سێ سەرۆکایەتییەکە (هەرێم و پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران) هەروەها نوێنەرانی پارتی و یەکێتی و گۆران و کۆمەڵ و یەکگرتوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی جۆراوجۆر بانگەێشت کرابوون بۆ ئەم کۆنفرانسە بۆ قسەکردن و ڕادەربرین لەسەر پرسی دەستوور.


بێگومان ئەوانەی لەم کۆنفرانسەدا ئامادەبوون ئەوانە بوون کە بەدڵی پارتی بوون و کارەکانیش زیاتی بە سەرپەرشتی و چاودێری پارتی بەرێوەدەچوو ئەگەنا زانکۆی کوردستان ئەو توانایەی نیە لە هەموو شوێنێکی کوردستانەوە خەڵک کۆبکاتەوە و لە فیلتەریان بدات و بانگەێشتیان بکات بۆ هەولێر، بەکورتی و بەکوردی بەشداربووەکان جێی رەزامەندی پارتی بوون ، ئەوانەبوون کە نیشانەی پرسیاریان لەسەر نەبوو.


لەم وتارە کورتەدا دەمەوێ بڵێم دەستوور چییە و بۆچی ؟ کامەیە ئەو دەستوورەی پیویستە گەلەکەمان هەیبێ ؟ دەبێ کێ دەستوورێک بۆ هەرێمی کوردستان بنووسێتەوە؟


دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیە لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا ، دەسەڵات بە مانای ئەوانەی دەوڵەتداری و حوکمرانی دەکەن ، خەڵکیش بەمانای حوکمکراوەکان لە هاوڵاتی و تاکەکانی کۆمەڵ.


دەستوور لوتکەی یاسایە شێوەی حوکمی وڵات پێناسە و دەستنیشاندەکات ، پاشایەتی-کۆماری یان ئیسلامی بێت ، هەروەها ئەو بنەمایانە دیاریدەکات کە دەوڵەتی لەسەر دادەمەزرێ ، سێ دەسەڵاتەکەی (یاسادانان ، جێبەجێکردن ، دادوەری) دەستنیشاندەکات لەگەڵ ئەرکەکانیان و جۆری پەیوەندییان بەیەکەوە.


دەستوور کەبەردی بیناخەی دەوڵەتە چارەسەری کێشە سیاسی و نەتەوەیی ومەزهەبییەکان دەکات لە رێگای گواستنەوەی دەسەڵات بۆ نوێنەرانی گەل هەروهها ماف و ئەرکەکانی تاک لە کۆمەڵدا دیای دەکات لەناو ئەوانەدا ئازادیە دیموکراتەکان و مافی مرۆڤ ، کەوابوو دەستوور سەنەدێکە پەیوەندییەکانی تاک و دەسەڵاتداران دیاری و دابیندەکات و پێکەوە دەیانبەستێتەوە ، وﻻت یان هەرێمی بیدەستوور وەکوو ئەو موڵک و ماڵە وایە کە تاپۆی نیە و بێخاوەنە ، وەکوو ئەو حزب و ڕێکخراوە وایە کە بەبێ بەرنامە ملدەنێ و نازانێ لە پێناوی چیدا کاردەکات و تێدەکۆشێ.

ئەو دەستوورەی پێویستە هەرێمی کوردستان هەیبێ ئەوەیە کە دەستووری عێراق لە مادە ١١٦ دا ڕێگای پێداوە بەومەرجەی گونجاوبێ و ناکۆک نەبێ لەگەڵ دەستووری عێراقدا.


لەم ٣٠ ساڵەدا دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستان دووجار هەوڵی ئامادەکردنی رەشنووسێکی داوە بۆ نووسینەوەی دەستوور ، ساڵەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٤ بەڵام هەردووجارەکە سەری نەگرت و وەکوو خۆی مایەوە . دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بیر لە نوسینەوەی دەستوورێکی تۆکمە و بێکەموکوڕی ناکاتەوە کە نوێنەرانی خەڵک بەردی بیناخەی بۆدابنێن و دایێێژن ، ئەوان دەستوورێکیان دەوێ بە ئارەزووی خۆیان بێت و هەرکاتێک ویستیان یاری پێبکەن و دەستکاریبکەن و تێکوپێکی بدەن وەکو چۆن یاری بەهەر سێ دەسەڵاتەکەی هەرێم (پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران و دادوەری) دەکەن.

 

مێژووی عێراق ٣ جار دەستووری بەخۆیەوە بینیوە ، یەکەمیان ئەوەی ساڵی ١٩٢٥ بوو بەناوی یاسای بنەرەتی (القانون اﻻساسی) کە تەمەنەکەی هەتا ساڵی ١٩٥٨ بوو واتە ٣٣ساڵ ، دووەمیان دەستووری ساڵی ١٩٥٨ بوو بەناوی دەستووری کاتی ، لەمادە ٣ دا باسی شەراکەتی کوردو عەرەب کراوە لە عێراقدا بەبێ ڕوونکردنەوەی زیاتر ، تەمەنی ئەمیش ٤٥ ساڵ بوو ، ئەوەی سێیەمیان ئەوە بوو کە ئەنجومەنی فەرمانرەوا (مجلس الحکم) لەدوای رووخانی رژێمی سەددام - ٢٠٠٣ بە بەشداری نوێنەرانی کور دایان ڕشت و نووسییانەوە ، نوێنەرانی کورد - پارتی و یەکێتی - پرۆژەیەکیان پێشکەشی ئەنجومەنەکە کرد بەناوی فیدرالی لەسەر بنەمای سیاسی و جوگرافی و نەتەوەیی بەبێئەوەی گەلی کوردی لێ ئاگاراد بکەن تابزانن ڕای ئەوان چییە و حسابی مێگەلیان بۆ ئەو میللەتە کرد ئەمە لەکاتێکدا دەستوورەکە شتی باشی تێدایە ، بەڵام بەرامبەر بەوە شتی خراپ و لوغم کراویشی تێدایە کە هەرکاتێک ویستیان دەیتەقێننەوە بەڕووی کوردا.
 

ئەو ناونیشانەی بۆ کۆنفرانسەکەی ڕۆژی ٢٠٢١/٠٥/١٩ دانرابوو - یەکریزی و دەستوور - لە جێی خۆیدا نەبوو چونکە یەکریزی دەستوور بەرهەم ناهێنێ ، بەپێچەوانەوە ، ئەوە دەستوور و یاسایە کە ماف و ئەرکەکانی تاک لە کۆمەڵدا دیاریدەکات و ڕێکیدەخات ، ئەوە دەستوورە پەیوەندییەکانی تاک و دەسەڵات ڕێکدەخات و دەستەبەری جێبەجێکردنی دەبێت.


ماوەی ٣٠ ساڵە دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا شکست لەدوای شکست بۆ کوردی هێناو و بۆتە مۆدێلێکی چارەگران ، لەستەمکاری و گەندەڵی بەوﻻوە نەیتوانیوە هیچ هەنگاوێک بنێ یان ئامادەکارییەک بکا بۆ نووسینەوەی دەستوور ، ئیتر کامەیە ئەو یەکریزییەی ئەوان باسی لێوەدەکەن، ساڵ نیە دەﻻقەی گەورە گەورە نەکەوتبێتە گیانی ئەم سیستمە حوکمرانیە ، ساڵ نیە ناکۆکی و ئاژاوە و دووبەرەکی ئێخەی ئەم دەسەڵاتەی نەگرتبێ ساڵ نیە شایی و زەماوەند وهەڵپەرکێی دزو جەردەو قاچاخچی وگەندەڵکاران زیادی نەکردبێ.


هەڵبەتە هۆکاری ئەم شکستخواردنە دەگەرێتەوە بۆئەوەی دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا دەسەڵاتی خێ و بنەماڵەیە ، دەسەڵاتی سەربازی و موخابەراتی و پۆلیسیە ولە سێبەری هەڕەشە و گوڕەشە و ڕاونان و گرتن و کوشتندا درێژە بە حوکمی خۆیان دەدەن ، ئەو دەستوورەی کە دادەرێژرێ و دەنووسرێتەوە دەبێ بۆ هاوڵاتیان و تاکی ئەم هەرێمە )نیشتمانە ، کوردستانە( بێت و داکۆکی لە مافەکانی ئەوان بکات ، ژیان و گوزەرانی ئەوان خۆشبکات بۆئەوەی بەبێ جیاوازی تیایدا بژین ، ئەم نیشتمانە دۆزەخێک نەبێت بۆ هاوڵاتیان و بەهەزارەها ﻻوی کورد لەناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە ناچار نەبن نیشتمانی خۆیان جێبهێڵن و ڕووبکەنە وڵاتانی دەرەوە و ببن بە پەناهەندە.


خەڵکی کوردستان توورەیە لەم دەسەڵاتە چونکە بە چاوی خۆیان دەبینن کەمینەیەکی دەسەڵاتدار مافی زۆرینەی بێدەسەڵات دەخوات بە ناوی ئازادی و دیموکراتیەوە ، ئەوان دەبینن کە ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە هیچ پﻼنێکیان نیە بۆ بنیاتنانی وڵات و ئاشتکردنەوەی میللەت، ئیترچۆنچۆنی لە سێبەری ئەمانەدا دەستوورێک لەدایکدەبێت کە موڵکی خەڵک بێت.


دستوور دەبێ لەﻻیەن خەڵکانی بیرمەند و بە ئەزموون ، پسپۆر و شارەزاکانی بوارەکانی یاسا ، ئابوری ، سیاسەت ، فەلسەفە ، کۆمەڵناسی بنوسرێتەوە ، دەبێ نوێنەری هەموو توێژوچینەکان بەشداریبکەن لە داڕشتن و نووسینەوەیدا ، جگەلەوە دەبێ ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستووری وڵاتان لەبەردەستدا بیت بۆ ئەم مەبەستە و سوودی لێوەربگیرێ.


دەستوور بە سەرانی حزب-ی مێشکبەتاڵ و نووسەری ماستاوچی و مەسینەهەڵگر ، بە لێپرسراوی ئاسایش و موخابەرات و بەرپرسی سوپا نانوسرێتەوە چونکە ئەو دەستوورە ئەوەیە دەسەڵاتی سیاسی مەبەستێتی ، ئەوەیە کە پارێزەری بەرژەوەندییەکانیەتی و دژی خواست و هیواکانی خەڵکە ، ئەوان بەهۆی ئەوەی مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانیەکانیان کردۆتە ئامرازێک بۆ بەدەستهێنانی پارە و دەسەڵات ، کار بۆئەوە ناکەن کۆمەڵگا بگۆرن بۆ خزمەتی زۆرینەی میللەت ، بەڵام لێکدانەوەو هەڵوێستی جیاجیایان زۆرە لەسەر کۆمەڵگا کە خۆی لەو شتانەدا دەنوێنێ کە ڕێگە خۆشدەکات بۆ مانەوە و درێژەدان بە دەسەڵاتەکەیان . لەوڵاتی پێشکەوتووی دنیادا زۆر ئاساییە بەرپرسە گەورەکان هەر لە سەرەک کۆمارەوە بیگرە هەتا سەرەک وە زیران و ئەوانەی تر زوو زوو لەناو خەڵکدا ببینرێن یان لە شوێنە گشتیەکاندا لە ناو خەلکدا نان بخۆن یان بە پاس و قیتاری دەولەت بچن بۆ شوێنی کارەکەیان ، بەڵام ئەمە لە بەرپرسەکانی ئێستای کورد ناوەشێتەوە چونکە خۆیان بە سێبەری خودا دەزانن لەسەر زەوی. ئەگەر دەسەڵات باسی یەکریزی دەکات بۆ نووسینەوەی دەستوور لە پێشاندا دەبێ ئەو دەیان ملیار دۆﻻرەی (ملەووڕانە و بەزۆر) بردوویانە بۆ دەرەوەی وڵات و بە شێوازی جیا جیا کاری پێوەدەکەن یان خەواندوویانە لە بانکەکانی دنیادا ، لەپێشانا دەبێ ئەو پارەیە بگێرنەوە بۆخەزێنەی حکومەت و میللەت بۆئەوەی ژێرخانی کۆمەڵی پێبەهێز بکرێ و کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و پەروەردە و تەندروستی پێببوژێتەوە ، ژیان و گوزەرانی خەڵکی ستەمدیدە و چەوساوەی کوردستانی پێچاکبکرێ و کارگەو کارخانەی پێویستی پێ بنیات بنرێ و هەڵی کاری پێ برەخسێنرێ و هتد جگەلەوە دەبێ کۆمپانیاکانی قاچاخ ، دەرمان ، خۆراک ، جگەرەو مەشروبات تەفلیش بکرێت و بەرەوڕووی خەڵکی دەستپاک و دڵسۆز بکرێتەوە ، هەروەها دەبێ بزانرێ داهاتی میللەت لە نەوت و گاز و سامانی تری سروشتی ، هەروەها داهاتی خاڵە سنوریەکان و داهاتی ناوەوە چەندە و چۆن خەرج دەکرێت ، دەبێ پۆستە ئابووری و داراییەکان بەرەوڕووی کەسانی دەستپاک و دڵسۆزبکرێنەوە.


ئەگەر دەسەڵات باسی یەکریزی دەکات ، بەر لە هەموو شتێک دەبێ حزب و نوێنەرانی حزب و بنەماڵە بەشداری نەکەن لە نووسینەوەی دەستووردا و ئەو پرسە بۆ میللەت جێبهێڵن ، هەروەها ڕێگەیان پێنەدرێ دەست وەربدەنە کارەکانی خەڵک لە نووسینەوەی دەستووردا ، بەڵام هەقی شەرعی حزبەکانە بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن و دوای ئەوەی هەرﻻیە قەوارەی خۆی زانی نوێنەری خۆیان بنێرن بۆ پەرلەمان و دواتریش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیەکان بەشیوەیەکی عادیلانە ئەنجام بدەن ، دەستوور دەبێ ئەوە دەستنیشان بکات کە حزبەکان بۆیان نەبێ دەست وەربدەنە کاروباری پەرلەمان و حکومەت لە دوای هەڵبژاردن، حکومەت و پەرلەمان نوێنەری هەرحزبێکی تێدا بێت نابێ فەرمان لە حزبەکانیانەوە وەربگرن بۆ بەرێوەبردنی کاروباری وڵات.


دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا دەیانەوێ خەڵکی رەوشەنبیرو بە توانا ڕابکێشن بۆ کۆڵانە تاریک و تەنگەبەرەکان ، ئەمان دەستوورێکیان دەوێت دەسەڵاتەکان لە ناوەندا کۆبکاتەوە ، واتا بەمەرکەزیکردنی دەسەڵاتەکان و بە پارتی و بنەماڵەکردنی شتەکان و ڕووتکردنەوەی خەڵک لە هەموو شتە بەها و بەنرخەکان ، لەبەرئەوە لەم کاتەدا هیچ هەلومەرجێک لە ئارادا نیە و بارودۆخەکەش لەبار نیە بۆ نووسینەوەی دەستوور.


ئەمە ئەوەدەگەیەنێ کە هەموو سێکتەرو کایەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و حوکمێانی هەمووی ئیفلیجە چونکە هیچ شتێک نەماوە کە ئەمان نەیانشێواندبێ و لە پەلوپۆیان نەخستبێ . ئەوەی ئەمان شانازی پێوەدەکەن تەنها و تەنها زۆرنا لێدانە بۆ دەسەڵاتەکەیان و مانەوەیان لە حوکمڕانیکردنی خەلک.


٤\٦\٢٠٢١ - ستۆکهۆڵم
ماڵپه‌ڕی عارف که‌ریم

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک