١٤\١٠\٢٠١٥
دەسەڵات بەرپرسی
سەرەکیی کۆی توندوتیژییەکانە!

تاهیر حەسەن
خۆپیشاندانی مامۆستایان و ڕشتە جۆراو جۆرەکانی دیکەی نێو کۆمەڵگای
باشووری کوردستان بۆ داواکاریە ڕەواکانیان لە پێدانی موچەو دابین کردنی
مافی ڕەوای ھەقدەستیان لەکاتی خۆیدا،بەھەموو شێوازێک مافێکی
سەرەتیاییەو دەبوا گەر دەسەڵاتدارانی ھەرێم بڕێک پەروەردەیان
ھەبوایە،پێویست بوونی ئەو خۆپیشاندانە،بەپێویست نەزانرایە.
مەخابن،وا گوێبیستی کوژرانی پێنج کەس دەبین لە خۆپیشاندەران بەدەستی
ئەو کۆیلانەی کە بەرگری لەو دەسەڵاتە چەتەو ناڕەوایە دەکەن. خەڵکی
باشووری کوردستان،لەساڵی ١٩٩٦ وە بەلانی کەم دەنگی ناڕەزایەتیەکانیان
بەرز دەکەنەوە دژی دەسەڵاتی خۆماڵی کوردی،دەرئەنجامی کەمی خزمەت گوزاری
و نەبوونی موچە لەکاتی خۆیدا،لەھەموو کاتێکی ئەو
ناڕەزایەتیانەشدا،ھەردەم چەندین کەس بوون بەقوربانی و بریندار کراون
لەلایەن سەگە پارێزەرەکانی چەتەکانی دەسەڵاتەوە. لێرەدا پێویستە
بپرسین:
ئاخۆ لەکاتێکدا دەسەڵات بەکۆی ماناکان دەبێتە ڕێگر و چەتە و مرۆڤ
کوژ،ئیتر بەچ ھەقانیەتێک ماف بەخۆی دەدات کە خۆی بەدادگەر بزانێت و
ڕەوایی بەبونی خۆی بدات؟ ئاخۆ گەر دەسەڵات بۆخۆی چەتە نەبێت و گیرفان
بڕی گیرفانە بەتاڵەکراوەکانی کۆی فەرمانبەران و مامۆستایان و کرێکاران
و خەڵکی زەحمەتکێش نەبێت،چۆن خەڵکی ناڕەزایەتی دەردەبڕن؟! ئایا گەر
دەسەڵاتدارانی ھەرێم چەتە بنەڕەتیەکە نەبێت،چۆن ئەوان بەگشتی لە
تێرترین ژیاندا دەبن و زۆرینەش لە بێبەشی و زەحمەتی پەیدا کردنی
پارویەک ناندا دەبن؟! دەبێت بۆکۆی پارتە بەشداربوەکانی نێو دەسەڵاتی
ھەرێم ڕوون بێت کە لەگەورە تا بچوکیان وەک یەک تاوانبار و بەد ڕەوشتن
لەبەرانبەر کۆی نەھامەتیەکانی بەشی زۆرینەی ھەژار کراوی کۆمەڵگادا؟
ئاخۆ ئەگەر تەنھا پارتەکەی بەرزانی تاوانبار و بەرپرسیارە بەرانبەر
بارخراپی ژیانی کۆمەڵگا،ئەوا دەبێت بڵێین ئەی ئەوە چ خێرێکە وا ئێوەی
دەرەوەی پارتی نایەنە دەرەوە لەو ھاو پەیمانێتیەی کە واژۆتان لێ
کردوە؟! ئاخۆ بەرگری کردن لەمافی ڕەوای گەل مەزنترە یان واژۆ کردنێکی
درۆزنانە!؟ ئاخۆ ئەگەر ئێوەی پارتی دەرەووەی پارتی بارزانی خۆتان
بەدیموکراسیتر و پێشکەوتنخوازتر دەزانن،ئەوە چۆنە وا بیستوچوار ساڵی
ڕەبەقە بوون بەکۆیلەی ئەو پارتە بنەماڵەیی و خێڵەکیە!؟ ئاخۆ ئێوەی
پارتی دەرەوەی پارتەکەی بارزانی،زیاد لەو پارتی بنەماڵەیە تاوانبارتر و
بێ پەروەردەتر و بێ ڕەوشتر نین! ئاخۆ کامە ھەڵوێستی جیدیتان بوو کە
لەبەرانبەر ھەر ھاتنەمەیدانێکی ھەق خوازانەی جەماوەردا کە بۆ داخوازیە
سەرەتاییەکانیان ڕژابێتنە سەر شەقامەکان و دواجار لێکەوتنەوەی خوێن
ڕشتن و بڕیندار بوون،کامەیەکتان بوون ئەو ئامادەیەتان تێدا بێت کە لەو
دەسەڵاتە بێنە دەرو ببن بەپاڵپشتی ھێزی جەماوەری بێماف کراو؟ ئاخۆ گەر
ئێوەی چوار پارتی دەرەوەی پارتی و ھاوپەیمانە گچکەکانی،لەوان ڕیسواتر و
بێپەروەردەتر نەبن،چۆن پارتەکەی بارزانیتان دەکر بەو کەڵەگایەی کە
بەئارەزوی خۆی سواری کۆمەڵگا ببێت!؟ دڵنیا بن ئێوەی پارتی بن دەستی
پارتەکەی بارزانی،لە بارزانی و پارتەکەی تاوانبارترو دڕندەترن،چۆن
ئەگەر وانیە،بۆ ئێستا لەو ھاوپەیمانیە مافیا گەرایە ناکشێنەوە و چیتر
بارزانی و دەسەڵاتەکەی ڕیسوا ناکەن!؟
ئاخۆ کوژرانی مرۆڤە زەحمەتکێش و ئازیزەکانی نێو کۆمەڵگا ھەروا ھەرزان و
بێ بەھان؟! ئاخۆ ئێستا کە پارتەکەی بارزانی دەستی بەرپرسیارێتی و
گێرەشێوێنی دەداتە پاڵ بزوتنەوەی گوڕان،ئاخۆ گەر ئەو بزوتنەوەیە ڕاست
دەکات و لەخزمەتی دەسەڵات و چەتەیدا نیە؛بۆ بەفەرمی ڕای ناگەیەنێت
کەئەو لەپشتی داواکاریەکانی گشت کۆمەڵگاوەیە؟! ئاخۆ ئەگەر بزوتنەوەی
گۆڕان بەشێک نیە لەبەلاڕێدا بردنی خۆپیشاندانە مەدەنیەکانی
جەماوەردا،بۆچی نایەت دەسەڵاتداران و خودی خۆیشیان بدەنە بەر ڕەخنەو
پەنجەی تاوان و گەندەڵی بۆ خۆیان و دەسەڵاتە ھاوپەیمانێتیەکەیان درێژ
بکەن؟ ئاخۆ گەمە دۆڕاوەکانی ١٧/٠٢/٢٠١١ ەیان بیرچۆتەوە کە چۆن لەگەڵ
برا ئیسلامیەکانیاندا ڕێڕەوی خۆپیشاندانەکانیان گۆڕی و بوون بەو سەبەب
کارەی کە دەیان ڕۆڵەی دڵسۆز بکووژرێن بەدەستی کۆیلە پارێزەرەکانی پارتی
و یەکێتیەوە؟!
ئاخر مرۆڤ ناھەقی ناکات کە بەگشت پارتەکانی نێو دەسەڵاتی باشووری
کوردستان بڵێت چەتەن،چونکە ھەر ئەو پارتانە پێش ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی
١٩٩١ کە ھەر خۆپیشاندان و چالاکیەکی جەماوەری دژی ڕژێمی بەعس بکرایە
بەکارێکی شۆڕشگێڕێتی دەدرایە قەڵەم،بەڵام ئێستا دەڵێن ئەو خەڵکە گێرە
شێوێنە؟! کەوایە کامەیە جیاوازی نێوان ئێوەی دەسەڵاتداری ئەمڕۆ و
ئەوانی دەسەڵاتداری دوێنێی بەعس؟! ھەموو دەسەڵاتدارەکانی وڵاتانی
ڕۆژھەڵات لەیەک دەچن و بەکۆی گشتیان لەخزمەتی چینێکی مشەخۆری بازرگانی
سیاسیدان و تەواو کەری ئەو پەروەردە دیکتاتۆریانەن کە سەدان ساڵە
خەریکی گیرفان دزینی کۆمەڵگا سیڤیلەکەن!
ئەوەی پوختەی ئەم نووسینەیە ئەو خاڵەیە کە دەسەڵاتداران بەگشتی
تاوانباری سەرەکی نێو توتندوتیژیەکانن و ھەر ئەوانن بەرھەمھێنەری ناداد
پەروەریە کۆمەڵایەتیەکانن،نەک خەڵکی ئازادیخواز و زەحمەتکێشی نێو
کومەڵگا. بۆیە مافی ڕەوای گشت چین و توێژە بەرھەمھێەر و زەحمەتکێشەکانە
کە ئەو دەسەڵاتانە بەموڵکی خۆی نەزانێت و بەبەشێکی سەپێنراو بیبینێت
بەسەر ژیان و گوزەرانە قورسکراوەکەیەوە. کەواتە مافی گشت چین و توێژە
چەوساوەکانە کەنەفرەتی لەو دەسەڵاتە بکەن و کار بۆ وەلاوە نانی بکەن و
خۆیان بتوانن بەھۆشیاری سیاسی ڕێکخراو بوونی خۆیان ئیدارەی سیاسی و
ئابوری کۆمەڵگا بگرنە ئەستۆی خۆیان. ئێوەی دەسەڵاتداری چەتەی باشوور
تەنھا بۆ نێو زبڵدان دەشێن نەک بۆ ڕێزلێنان و خۆشەویستی و بەرگریکردن
لێتان. بەڕاستی مێژوەکەتان زیاد لەمێژوەکەی دەسەڵاتی بەعس ڕەشتر و
قێزەونترە.
١٠\١٠\٢٠١٥
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|