١٦\٢\٢٠١٨
دەسەڵاتی گەنـدەڵ.
رەزا ساڵح
لە ئەمڕۆدا گەندەڵی ترسناکترین و زیانبەخشترین دیاردەی نەرێنی دەوڵەت و
دەسەڵاتە.. نەخۆشییەکی مەترسیدارە.. خەریکە بڵاوبێتەوە و ببێت بە پەتا
و لەدەسەڵاتی باڵاوە شۆڕببێتەوە بۆ خوارەوە و، ژمارەیەکی زۆرتری
دەسەڵاتدارن و کاربەدەستان تووشی ڤایرۆسی گەندەڵی ببن.. لە راستی دا
گەندەڵی لە تیـرۆر زۆر مەترسیدارترە.
چەمکی دەسەڵات لە لای دەسەڵاتدارانی گەندەڵ بریتییە لە خۆسەپاندن و لە
قورخکردنی دەسەڵات ولە دەستگرتن بەسەر ئابووری و دارایی گەل و بوونی
هێز و دەستوپێوەند.
دەسەڵاتدارانی گەندەڵ چاوچنۆکن.. نە تێردەبن و نەگیرفانیان پڕدەبێت و
نە وازیش لە دەسەڵات دەهێنن.. خۆیان و بنەماڵەکانیان بە پارەی دزینی
گەلەوە تەخشان و پەخشان دەکەن.. گوێشیان لەوە نییە کە رۆڵەکانی
گەلەکەیان برسی و رەش و رووتوون.
بڕێک لەو پارانەش کە دەیدزن، بۆ هێزی چەکداری تایبەت بە خۆیان و، بۆ
زیادکردنی دەستوپێوەندەکانیان.. یا بۆ کڕینی سیاسی تەشیرێس و بۆ
راگەیەندکاری بە شان و باڵ هەڵدەر و بۆ نووسەری ماستاوکەر،بۆ
کەسانێکیبەرەماوەخۆر و کاسەلێس و بۆ چەپڵەلێدەران و بۆ شاباشکەرەکانیان
خەرجیدەکەن.
بیرمەندە ناودارەکانی جیهان، حەز و هەڵپەی دەسەڵاتیان لە پلەی یەکەم
داناوە، چونکە دەسەڵاتدارانی دز و گەندەڵ، لە رێی قورخکردنی دەسەڵاتەوە،
دەتوانن دوو حەزەکەی تریشیان بهێننەدی.. حەزی کۆکردنەوەی پـارە و
گیرفان پڕکردن و خۆدەوڵەمەندکردنی بێ ئەندازەی ناڕەوا.. حەزی هـێز و
زۆرکردنی لایەنگر و دەستوپێوەندی زیاتر.. ئەم دەستوپێوەندە
خۆفرۆشانەش،دەخرێنە ریزی گەندەڵچییەکان.
دەسەڵاتی گەندەڵ دەیەوێت خەڵکی نوزەیان لێوە نەیت.. گوێش بە رای جیاواز
و بە داواکارییەکانی گەل نادەن بە تایبەتیش لەو کۆمەڵگایانەی کە
دەسەڵات دەستی خستۆتە بینەقاقای ئازادی و دیموکراتی و دادپەروەری و
مافیمرۆڤ.. دەسەڵاتی گەندەڵ گوێ بە ناڕەزایی و تووڕەی و داواکانی خەڵی
برسی و بێکار و بێدەرەتاننادەن و، خوێنی خەڵکیان لا هەرزانە و ئامادەن
بە زەبری هێز بێدەنگ و سەرکوتیان بکەن.
لە چەند نووسینێکی ترم دا هەر لە بارەی گەندەڵییەوە، چەختم لەسەر ئەوە
کردووە کە گەورەترین و گەندەڵترین گەندەڵی.. بوونی کەسی نەشیاوە لە
شوێنی شیاودا.. بوونی کەسانی نابەڵەد و هیچ لەبـار و نەزانە لە پۆستی
باڵا و هەستیاری حوکمڕانی دا.. لە ئێستا و لە پێشتریش،لە سەدا نەوەتی
پۆستە باڵاکانی هەرێمی کوردستان درابوون و دراون بە کەسانێکی نابەڵەد و
ناپسپۆر و نەشارەزا و نەزان و بێ ئەزموون و بێ توانا.. کە شیاوی ئەو
پۆستانە نین.. هیچ بەگراوندێکی سیاسی و پسپۆریان نییە، بە شایستەی و
توانای خۆیان وەریان نەگرتوون.. بە پایەکانی پەیژەی حیزبایەتی و سیاسی
و دەسەڵات و بەڕێوەبردنيش دا سەرنەکەوتوون.. زۆربەیان ئەکادیمی نین،
بەشێکیان خاوەنی بڕوانامەی نزمیشن.. گەمەکەرێکی سیاسی نابەڵەدیشن و
هەمیشە دۆڕاون.
ئەم دەسەڵاتدارانە لە رێی بنەماڵەیی و عەشیرەتگەری و لە رێی خزم خزمێنە
و رادەی هاوبەستەبوونیان بۆ بنەماڵە، ئەو ئەو پۆستانەیان پێدراون،یا
کوڕی فڵان سەرکردەن. شەرمەزاری و شوورەییەکی گەورەیە بۆ کەسانی نەشیاو
لە شوێنی شیاودابن.. کورد وتەنیش:"تا رەجەب سەرپاڵەمان بێت.. حاڵمان
لەمەش خراپتر دەبێت.." چاوەڕوانی ئەوەشمەبن کە قەیرانە سیاسی و ئابووری
و دەسەڵاتییەکانمان لە سایەی دەسەڵاتی گەندەڵ دا چارەسەربکرێن.. ئەم
گەندەڵییەش تەنها دەسەڵاتی حوکمڕانی نەگرتۆتەوە.. بەڵکو بەشی زۆری
کارگێڕان و ئەنـدامانی دەستەی باڵا ومەکتەبی سیاسی زۆربەی حیزبەکـانی
باشووری کوردستان و دەزگا هەستیارەکانیشی لە هەرێمی کوردستان دا
گرتۆنەتەوە. پارتە سیاسییەکانیش بوونە بە بنەماڵەیی و عەشیرەتی و
هاوبەرژەوەندی و پشک پشکێنە و باڵ باڵێنە،پۆستە باڵاکان بوونە بە
میراتی و بە بۆماوەییبنەماڵە و عەشرەت.. کۆمەڵێک لە نێو حیزبەکان،
بوونە بە مافیا و هێزی سەرکوتکەریان هەیە.. تەنانەت حیزبەکانیشیان
لێیان دەترسن کە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دا بکەن.
دەسەڵاتی گەندەڵ، دەسەڵاتێکی درۆزن و بێ شەرم و بەڵێن پـووکە..
دەیانەوێت بە کۆمەڵێک بەڵێنی درۆ و دروشمی بریقەدار، خۆڵ لە چاوی خەڵکی
سادەیدڵپاک بکەن و، پەردەپۆشی ستەم و تاوان و دزی و کارە ناڕەواکانیان
و قەیرانەکان بکەن.
دەسەڵاتدارانی گەندەڵ، بە زەقی پێشێلی هەموو بەها رەوشتی و یاسایی و
ویژدانییەکان دەکەن.. لە پێناوی خۆقایمکردن و خۆسەپاندن و بەرنەدانی
کورسییەکانیان و مانەوەیان بۆ درێژترین ماوە لە پۆستەکانیان، بێ
شەرمانە هەموو رێگا و شێوازێکی نایاسایی و نەشیاویش دەگرنەبەر بۆگەیشتن
بە مەرامەکانیان، پاکانە بۆ هۆکارە نادروستییەکانیان دەکەن.. گەر
پێویست کات بەبێ دودڵییش هێزەکانیان بۆ سەرکوتکردنی دەنگی
ناڕەزاییگەلەکەیان بەکاردەهێنن.. تا ئێستا چەندین رۆژنامەنووس و
چالاکوانیان فتکردوون.
مایەی پێکەنینیشە، گوایە لە لایەن حکوومەت و پەرلەمانەوە (دەستەی
دەستپاکی) دانراوە بۆ بە دواداچوون و لێکۆڵینەوە لە گەندەڵییەکانی
گەندەڵکارانی دەسەڵات.. ئەو دەستەیە لە لایەن خودی دەسەڵاتی گەندەڵەوە
سەرۆک و ئەندامەکانی دانراون.. ئەمەو پەرلەمانێکیش لەژێر چەتری
دەسەڵاتی گەندەڵ دابێت.. ئەو پەرلەمانەش دەچێتە ریزی گەندەڵییەوە،
چونکە ناتوانن بانگهێشتی گەندەڵکارنی باڵا بکەن و بە گەندەڵکار ناویان
بەرن و بیان دەن بە دادگا و دادگاییان بکەن و سزای یاساییان بدەن..
تەنانەت دادگاش بێلایەن نییە، لە لایەن دەسەڵاتی گەندەڵەوە ئەندامەکانی
دادەنرێن و ئاراستە دەکرێت و بڕیارەکانیشی لە خزمەتی دەسەڵاتی گەندەڵ
دان.
لە راستیش دا، لە باشووری کوردستان دا، ئۆپۆزسیۆنێکی ئەکتیف و بوێرمان
نییە، کە بتوانێت بە راشکاوی دەنگی لێهەڵبڕێت و رووبەڕووی دەسەڵاتی
گەندەڵ ببێتەوە و بەبێ ترس پەردە لەسەر گەندەڵییەکانی دەسەڵاتدارانی
گەندەڵ هەڵبماڵێت و ئاشکرایان بکات.بە لای منەوە، ئۆپۆزسیۆنی گەندەڵ و
بێ دەسەڵات، لە حکوومەتی دەسەڵاتداری گەندەڵ مەترسیدارتر و گەندەڵترە.
لە باشووری کوردستان دا، کێشەی سەرکی، کێشەی قورخکردنی دەسەڵات و
دەسەڵاتی گەندەڵ و دزیکردنە لە پارە و سامانی گەلەکەمان.. دەسەڵاتیش
بووە بە پشک پشکێنە لە نێوان دوو بنەماڵەی خۆسەپێندا.. بە هەزان
ماستاوکەر و شان تەکێنیش لە دەوریان کۆبوونەتەوە.. لاچوونی
دەسەڵاتدارانی گەندەڵ لە پۆست و دەسەڵات هێڵی سووریانە.
ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە، قەیران لە دوای قەیران بۆ کوردستان دروست دەکەن..
ئەمانە هۆکاری ئەم رۆژە رەشە و هەموو نەهاماتییەکانن.. جامی بێزاری و
تووڕەیی خەڵک پڕبووە و لێی دەڕژێ.. کەچی دەسەڵاتی گەندەڵ زۆر بێباکن و
گوێ بە ئازار و برسێتی هەژاران و بێدەرەتانان نادەن.. چونکە خۆیان تێرن
و تێریش ئاگای لە برسی نییە.
بێێدەنگی و چاوپۆشین لە گەندەڵی و لە دزینی سامانی گەل و لە بەرتیل
وەرگرتن و لە مەحسوبییەت و لە مەنسوبیەت لە لایەن ئەو کەسانەی کە
لەدەسەڵات دان و،لە نێـو بازنـەی بڕیارەکانی دەسەڵاتی گەنـدەڵ دان..
هیچ جیاوازییەکیان نییە، لەگەڵ دەسەڵاتی گەندەڵدا.. ئەوانیش لەو
ستەمانەی دەکرێن هاوبەشن، بەرپرسێتی یاسایی و رەوشتی و ویژدانییان لە
ئەستۆدایە.. بە سوودپەرست و بەتێوەگلانیگەندەڵی تاوانبار دەکرێن.
پێشم سەیرە کە دەسەڵاتی گەندەڵ لە هەرێمی کوردستان دا، داوای نەهێشتنی
گەندەڵی دەکات و پرۆژەی چاکسازی راگەیاند! پێویستە ئەوە بزانن کە
رووبەڕووبوونەوە و ریشەکێشکردنی گەندەڵی، لە سەرەوە بۆ خوارەوە دەست
پێدەکات.. بەڵام چاکسازی لە خـوارەوە بۆ سەرەوە دەکرێت.. واتە گەر
راستدەکەن کە دەیانەوێت چاکسازی بکەن با لە خۆیان و لە حکوومەت و لە
دەسەڵاتی سەپێنراویانەوە دەست پێبکەن.. نەهێشتنی گەندەڵی و ئەنجامدانی
چاکسازی، بە بەڵێن و بە قسەی رووت و بە فیشاڵی بەردەم مایکەکانی کەناڵە
تەلەفزیۆنییەکان ناکرێن.. بەڵکو بەکار و ئەنجامدان دەسەلمێنرێن.
تەنیا گەلەکەمان بە یەکگرتووی و بە خۆپيشاندان و بە راپەڕینێکی
سەرتاسەری.. بە شێوەیەکی شارستانی و ئاشتییانە، دوور لە توندوتیژی و لە
زیان گەیاندن بە سامانی هاوڵاتیان و سامانی گشتی، دوور لە کاری ناشیرین..
دەتوانێت رووبەڕووی دەسەڵاتی گەندەڵی شکستخواردوو ببێتەوە.. ئەمەش بە
بێ ئیرادە و دڵسۆزی و قوربانیدان نایەتەدی و کۆتایی بە گەندەڵی و بە
دەسەڵاتی گەندەڵ نایەت.
ماڵپهڕی رهزا
ساڵح
|