په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٩\٢٠١٢

دەسەڵاتی ھەرێم بەرپرسی یەکەمە لە کوشتاری ژنان لە کوردستان.
- سەبارەت بە ئازادکردنی بکوژی "مامۆستا ساکار" بە بریاری لێبووردنی گشتیی سەرۆکی ھەرێم - 

 


ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی کوردستان، بەڵگەیەکی تریان لە ‌بێ دەربەستی بەرامبەر بەتاوانەکانی کوشتنی ژنان وئەو توندوتیژیەی بەرەو ڕووویانکراوەتەوە ئاشکراکرد. بە پێی ھەوالەکان ئەمڕۆ سێشەممە (١١ی ئەیلوولی ٢٠١٢) لە دادگای سلێمانی بە ئامادەبوونی رێکخراوەکانی ژنان سێیەم دانیشتنی تایبەت بە دۆسیەی کوشتنی مامۆستا ساکار بەڕێوە چو کە تیایدا دایکی مامۆستا ساکار لە ژێر باری کۆمەڵێک فشاری دەروونی و خێزانی و کۆمەڵایەتیدا ئامادە نەبووە سکالا لەسەر ھاوسەرەکەی تۆمار بکات ولیخۆشبوونی ڕاگەیاندووە لە تاوانبار. بەم جۆرەش لەسەر بنەمای بڕیاری سەرۆکی ھەرێم بۆ لیبوردنی گشتیی، باوکی مامۆستا ساکار "بکوژی کچەکەی" لە زیندان ئازاد کرا.


ئەم ھەنگاوە کەبەبڕیاری سەرۆکایەتی ھەرێم و ‌جێبەجێ کردنی لەلایەن حکومەت و دادگاکانی سەر بەپارتی ویەکیەتیەوە دەستی بۆبراوە نەک ھەر بەڵگەیەکی ئاشکرایە بۆ ئەوەی کەدەسەڵات و حکومەت ودادگاکان خۆیان ھۆکارو سەرچاوەی تاوانەکانی کوشتن و ئەو ھەموو توندوتیژیەن کەڕووبەڕویی ژنانی کوردستان بۆتەوە، بەلکو تەواوی ئەو بەڵێنانەی سەرۆکی حکومەت وھەوڵەکانی دەسەڵات بۆپێکھێنانی ئەنجومەنی راوێژکاری ھاوبەشی ‌نێوان فەرمانگە حکومییەکان‌و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەرگرتن بەتاوانەکانی کوشتنی ژنان بەبەھانەی شەرەف بەدرۆو بێناوەڕۆک دەردێنێ. تەنانەت ئەم بڕیارەی دەسەڵات ھێچ مانایەک بۆ ڕێچکەی یاسایی و عەدالەتی کۆمەلایەتی و دادوەر و دادگا ناھێڵێتەوە. سەرۆکی ھەرێم بەم بڕیارەی ھەموو ئەو یاسایانەی کە بە حساب بۆ پارێزگاری لە گیانی ژنان لە کوشتنی ناموسی ھەموار کراونەتەوە دەخاتە ناو زبڵدانەوە و لە جێگەی دا ھانی " سوڵحی عەشایەری " دەدات بۆ کۆ‌مەڵگە. سوڵحێک کەلەسەر بنەمای پیاوسالاری و وڕاگرتنی فەرھەنگی بەربەریانەی ناموسپەرستی دامەزراوە.


کوشتارو قەسابی کردنی ژنان بەدەستی براو باوک و میر‌دەکانیان، بەدرێژایی ٢٠ سالێ ژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەی حکومەت و یاساو دادگایەی کەیەکیەتی و پارتی دایان مەزرانددوە، قوربانیەکانی دەیان ھەزاری تێپەڕاندوە وکارەساتە تراژیدیەکانی کەمتر نیە لەکارەساتی ھەلەبجەو ئەنفال وشەری ناوخۆ، بەڵام ئەوە ھەر بەرپرسانی ئەم دەسەلاتەن کەئەم بەلاو موسیبەتەیان بە یاسای فرەژنی وڕاگرتنی شەریعەت و فەرھەنگی پیاوسالاری و ژێڕپێنانی کەرامەت و ئازادیەکانی ئینسانی ژن وەڵام پێداوەتەوە و پاراستویانە.


بڕیاری ئازادکردنی بکوژانی ژنان، لەژیڕناوی لێبووردنی گشتییدا، نەک ھەر سوربوونی دەسەڵاتداران لەسەر ئەو دۆخە نائینسانیەی کەژنانی کوردوستانی تیاڕاگیراوە دەسەلمێنێ، بگ‌رە ھەنگاوێکە بۆبرەودانی ھەرچی زیاتری تاوانەکانی کوشتنی ژنان بەبەھانەی شەرەف وبێخەمکردن ودەستئاوەڵاکردنی ئەوانەشە کەبەفەرھەنگی دواکەوتوانەی پیاوسالاریەوە،‌ چەقۆکانیان بەسەر سەری ژنانەوە ڕاگرتووە.


ئێمە لە ریکخراوی ژنانی کورد و خۆرھەلاتی ، ئازاد کردنی تاوانباری کوشتنی مامۆستا ساکار بە توندی مەحکوم دەکەین و بەھەڕەشەیەکی تری ‌دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆسەر ژیان و مافەکانی ژنان دەزانین. ئێمە جگەلەوەی کەبە توانای خۆمان وبەپێکھێنانی یەکڕیزی ڕێکخراوەکانی ژنان وھەڵسوراوان و ئازادیخوازان، تێدەکۆشێن بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەم بڕیارە و گەیاندنی ئەم سکاندالە بە ھەموو نیوەندە نیو دەولەتیەکان، ھاوکات داوادەکەین کە بکوژانی ژنان لە ژیر ھەر ناوێکدا بێت ئازاد نەکرێن و ھیچ جۆرە لی بوردنیکی گشتیی و تایبەتی نەیانگریتەوە.‌


لیرەشەوە بانگەوازی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان و ھەموو رێکخراوە و گروپەکانی ژنان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و دەرەوەیدا دەکەین کە یەکدەست بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەم بڕیارە و ئەم ھاندانە بە ئاشکرایەی سەرۆکی ھەرێم بۆ کوشتنی ژنان لەسەر مەسەلەی شەرەف بێنەمەیدانەوە.

پەیوەندیی: ژمارە تەلەفۆنی: ٠٧٧٤٨٨٥١١٢٥ ، ٠٧٨٩٤٢٥٢٧٠٨.
info@kmewo.org 


 

رێکخراوی ژنانی کورد و خۆر‌ەڵاتی ناوەڕاست لە بەریتانیا
١١\٩\٢٠١٢

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک