په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٧\٢٠٢٣

دەسەڵاتی مەترسییدار.


ئەرسەلان مەحمود    

 
ئەوەی بە ناوی حکومەت و حکومڕانێتیی و خۆڕاگرییەوە، دەگوزەرێ و دەرخواردی کوردەواری ئەدرێ لە سەرکوت و راونان و رفاندن و زیندانی و کوشتنی رۆژنامەنووسان و دەنگی ئازاد و ئازادییخوازان، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر پێگەی هـەرێم و وابەستەیی نیشتمانی تــاک و تێگـەیشتنی شەقام دروستکردووە، ئەوەی دەیان ساڵا بونیادئەنرێ خەریکە لەناوئەبرێ!!

ئەم کار و کاردانەوەو ڕەفتارانەی حکومەت لە هەولێرو دهۆک و دەڤەری بادینان دەرهەق بە ڕۆژنامەوان و ئازادییخوازان گرتوونیەتە بەر کار و کردەی دەسەڵات و حوکمی دەوارنشین و داپڵۆسێنەرانەن، سەلمێنەری ئــەو راستییە ڕەهایەن (ئەوەی ئازادیی لێزەوت نەکرابێ نازانێ بـەهـای لەدەستدانەکەی چەندە و باجەکەی چی دەبێ).

ئەگەرنا ئەوە کەی رەوایە تۆ دوێنێ بەدەست ڕژێمی بەعسەوە هەمان ئەو ماف و ئازادییانەت لێزەوت کرابێ بەلام ئـەمڕۆ بێی خۆت لە خەلک و هاونیشتمانییەکانی قەدەغە و یاساغ بکەی، ئـەمـە ناکۆکە، شەرم شوورەیی و نەنگییە، شەرمەزارییەکە قووڵ، سەرئەنجامەکەی دیارە، لە سەدام و ڕژێمەکەی باشتر نابێ.

گوزارشتکردنێک لە خۆت و گواستنەوەی زانیارییەک لەسەر ڕەوشەکە، تەنانەت هەر نیاز و مەبەست و ئامانجێکی سیاسی و جڤاکی لە پشتیەوە بێ، کاردانەوەیەکی هەڵە چارەسەری ناکا، ئـەگـەر ڕاستییت دەوێ و دەتوانی بەرگەی ڕاستییەکان بگری، بەدەنگەوە چوون و بەدواداچوون و هێنانە ئاراوەی وتوێژێێکی ئاوەزمەندانە، نەک سەرکوتکردنی ماف و بیرۆکە و ئازادییەکان و ئازادییخوازان.

ئەو دۆخەی سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە ڕێگەی سەرکوتکاریی دەنگەکان و سەپاندنی ویستی خۆی بەسەر حیزبەکەی خۆی و کۆمەڵانی خەڵکدا دەیەوێ بیهێنێتە ڕۆژەڤەوە، چونکە ڕەگەکانی لـە سروشتییبـوونی کـاری حیزبیی و خواستی خەڵکەوە نەهاتوون، تڕەکەڵەکە، ئەمڕۆش نەبێ سبەی دەڕمێ، ئەوەی بەباوە هاتبێ هەر بەباوەش دەڕوا و سەرکوتکاریی لە تێگەیشتنە بنچینەییەکانی بوون و سروشتییبوون ناگۆڕێ، هێز و خۆڕاگریی هەر جۆرە بەڕێوەبردن و دەسەڵاتێک توانای سەرکوتکاریی نییە، رەخساندنی کات و زەمینەی گەشە پێدەری بیرۆکە و بەرزکردنەوەی تـوانستەکانی خەڵکەکەیەتی.

سەرۆک وەزیرانێک بە ناوی حکومەت و دەسەڵاتدارییەکی خۆڕاگرەوە، ئەگەر هەروا بێباکانە مافە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیانی خۆی ڕەتبکاتەوە، نەک هەر بۆ سەر خاک و خەلکەکەی خۆی، بگرە بۆ سەر بالیۆزخانە و وەبەرهێنەران و گەشتکەرانی بیانیش دەبێتە مەترسیی، ئـەو دەسەڵات و دەسەڵاتدارەی دوودڵ نییە لە خراپ کەڵک وەرگرتن لە پێگەکەی و خراپ بەکاربردنی دەسەڵاتەکەی بەرامبەر بە خەڵکەکەی خۆی، دوودڵیش نابێ لە درۆکردن و خراپ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ نوێنەری وڵاتان و ئەوانی تردا.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک