١٣\٦\٢٠١٥ دەسەڵاتی شوناس!
بێگومان دەسەڵاتی یادەوەری شوناس دوو دیوی هەیە، دیوێکی فیزیکی بینراو، دیوێکی هێزی کێشی نادیار، ئەم دەسەڵاتە ئەگەر بە وردی پێناسەی بکەین یەکەم لەسەر بنەمای یادەوەری تاک بەرجەستە دەبێ، لێرەش دا بوونی دەسەڵاتی یادەوەری تاک هەموو نەوەکان دەگرێتەوە هەر لە مناڵەوە بگرە تا دەگاتە گەنج و پیری هەردوو رەگەزی نیرۆ مێ یەوە تەنانەت رەگەزی سێ یەمیش دەگرێتەوە وەک نێرەمۆک، ئەم دەسەڵاتە درێژبوونەوەی (امتداد)ی هەیە، لە یەکەی شوناس خۆی دەدۆزێتەوە بێگومان دواتر شوناسی کۆ و شوناسی بە کۆمەڵی لێ پەیدا ئەبێ، لێرەدا سەرەتاییترین شوناس، شوناسی خێڵە ، وەک ئاشکرایە ئەم شوناسە لەسەر بنەمای خوێن و خزمایەتی دێتە کایەوەو پەیدا دەبێ، دیارە یەکەم دابەشبوونی شوناس لە میژوودا لەسەر ئەم بنەمایە بووە کە بەرهەمی قوناغی میژووی شوانکاری و کشتوکاڵە، لێرەدا دەسەڵاتی باڵاو رەها لای سەرۆک خێڵە کە دواتر بەشێوەیەکی هەرەمی دادەبەزێتە خوارەوە، ئەندامانی خێڵێش وەک یەکەی یادەوەری ملکەچی دەبن، بێگومان خێڵ خاوەنی داب و نەریتی خۆیەتی بەڵام داب و نەریتێکی دواکەوتووانە، دژ بە ژن، داخراو، هەموو خێڵی میکانیزمی دەسەڵاتی تیایە کە ئاکام سنور و سیماکانی خێڵ دیاری دەکەن بەڵام دەسەڵاتێکی دیکتاتور و نائینسانی یە، لەبەر ئەوەی هیچ نووسراو دەستورێک لە نێوان سەرۆک خێڵ و ئەندامانی دا نییە، بەڵکو دەسەڵاتێکی خۆرسکی یە، پشت بە هێز دەبەستێ، خەمی سەرۆک خێڵ ئەوەیە ئەندامانی خێڵ یەکبخا لەرووی پێکهات و ئاراستەی یادەوەری یەوە یا روونتر بڵێم یەکخستنی دەسەڵاتی یادەوەری یە بە هەردوو دیوەکەی، دیوی فیزیکی دیار هەروا دیوی هێزی کێشی نادیار کە ئەمەی دواییان لە رێگای داگیرکردنی نەستی تاکەوە مەیسەر ئەبێ، داگیرکردنی بە رموزو سیمبولەکانی خێڵ و بەهاکانی خێڵ، لەم قوناغە جارێ شوناسی ئاینی نەهاتۆتە کایەوە، پەیوەندی نێوان تاکەکانی خێڵ و خوداوەند پەیوەندییەکی (طوطم)ی بوو، هەر چۆن رەشماڵ نشینەکان مانگیان دەپەرست وەک سیمبولی کەڵک لێوەرگرتن و دۆزینەوەی رێگا لە شەودا، ئیدی هەر خێڵ و تەوتەمی خۆی هەبوو، بۆیە زۆر جار شەڕ لە نێوان خێڵەکان رووی داوە لەسەر پاوانخوازی لەسەر خوێن لەسەر شەرەفی ژن بەڵام کاتێک بازرگانی هاتە کایەوە دەبوایە هاتۆچۆ هەبێ لە نێوان خێڵەکان ئەم هاتۆچۆ ە بە مەبەستی بازرگانی و ئاڵو گۆرکردنی کاڵا پێویستی بە فەزایەکی ئاسایش و ئاشتی بوو لە نێوان خێڵەکان بە مەبەستی بەردەوامی لە ژیانی ئابوری دا، لێرەدا دەبێ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین کە شوناسی داخراوی خێڵ رێگر بوو لە پێش کاری بازرگانی بەو یەکە داخراوە، بەو یادەوەری دیاریکراوە نەیتوانی پێشوازی لە کاری بازرگانی بکا بۆیە ئاین وەک پێداویستی قوناغەکە هاتە کایەوە سەرەتا وەک پێویستی لایەنە ئابوریەکە دواتر وەک گۆرانکاری لە شوناسی خێڵ و یەکخستنی تەوتەمی خێڵە جیاوازەکان و بەرجەستەکردنیان لە وێنەی دەسەڵاتی خوداوەند لە ئاسمان و نادیار، لەبەر ئەوەی ئەرکی ئاین لەم قوناغە، شکاندنی یەکەی داخراوی خێڵ بوو بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایشێکی بەرفراوانتر بۆ کاری بازرگانی بەڵام لێرەدا دەبێ ئەوە لەبەرچاومان روون بێ کە ئاین یان شوناسی ئاینی توانی یەکەی بایلوجی خێڵ بترازێنێ و کاری تیا بکا بەڵام تائێستاس نەیتوانی لە ناوی بەرێ بۆیە ئەبینین وێرای پێشکەوتنی رووکەشی شارستانیەت چ لە رۆژئاوا یان رۆژهەڵات کەچی شوناسی خێڵ لە نەستی تاکەکان نووستوە، وادیارە ئەم شوناسە بایلوجی یە، بە شوناس گەلێکی دیکە داپۆشراوە بەڵام هەرگیز لە نێو نەبراوەو نابرێ! لێرەدا ئەگەر لە گۆشەنیگای مێژووییەوە بەراورد لە نێوان شوناسی یەکەی خێڵ وشوناسی ئاینی بکەین، لەو سەردەمە بە شیوەیەکی رێژەیی شوناسی ئاینی یەکە پێشکەوتوو تر بووە، هەر بۆ نموونە ئاینی ئیسلام زیندە بە چال کردنی ئافرەتی نەهێشت، شەری نێوان خێڵە عەرەبەکانی گۆری و ئاراستەو بەهایەکی دیکەی پێ بەخشی، بۆ نموونە لە بری تەوتەم و سەرۆک پەرەستن ئاراستەی یادەوەریان گۆرا بۆ (سیمبولێکی دیکەی ئیفترازی) لە فۆرمێکی تر کە ئەویش فورمی خوداوەندە، بەم شێوەیە ئاین وەزیفەی دیکەی هەبوو لە رووی دەسەڵات و شوناسەوە، سنوری دەسەڵات و وەزیفەی لە دەسەڵاتی خێڵ بەرفراوانتر بوو، هاتنە کایەی شوناسی ئاینی ئاسۆی تەماحی گەورەترە لە ئاسۆی تەماحی دەسەڵاتی خێڵ و سەرۆک خێڵ، لێرەدا وەزیفەی ئاین شکاندنی پێکهاتەی یادەوەری خێڵە و ئیش کردن تیایە بەو مەبەستەی ئاین دەسەڵات و هەژمونی خۆی بەرفراوانتر بکا!
بۆیە لێرەدا پێم وایە جگە لە شوناسی خێڵی بایلوجی و شوناسی چینایەتی، شوناسەکانی دیکەی ئاینی و نەتەوایەتی شوناسی ئیفترازی و وەهمیین، هەر یەکەیان بە پێ قوناغێکی میژووی هاتۆتە کایەوەو نوێنەرەکانیان ئیشیان لەسەر یادەوەری تاک و دواتر کۆ کردووە، پارتەکانیش بۆ نموونە لە کوردستانی خۆمان سێ ئاراستەیان هەیە، ئاینی و نەتەوایەتی و چینایەتی هەر یەکەیان دەیەوێ ئیش لەسەر یادەوەری ئینسانی کورد بکا بە پێ ئەو شوناسەی هەڵیگرتووەو بروای پێیەتی و چەختی لەسەر دەکا یان بە واتایەکی تر زەقی دەکاتەوە بەرگی بایەخی سەرەکی پێ ئەبەخشێ، کەواتە ململانی یەکە لەسەر دەسەڵاتی یادەوەری و شوناسە بە هەردوو دیوەکەی، دیوی فیزیکی جەستەیی و دیوی یەکخستنی نەستی تاک و کۆ و ئاراستەکردنیان لە ململانیەکاندا!
|