په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

دەسەڵات و بێ‌ئیرادەکردنى میللەت.

   

ئیسماعیل عبدولڕەحمان

 

مەرجى بەهێزى کۆمەڵگا بەندە بەپتەوى ئیرادەى تاکەکان ، هیچ گومانێک لەوەدانییە کەمانەوەى نەتەوەى کورد لەودابەش بونەى بەسەر دەوڵەتان و ئەو هەمو زوڵم وزۆرەى لێیکراوە لەلایان حکومەتى ئەودەوڵەتانەوە گەواهیدەرى ئەم ڕاستیەن کەچینێک لەتاکەکانى میللەتى کورد هەردەم خاوەن ئیرادەى پۆڵاینى خۆیان بونە بۆیە توانیویانە لەژێر دەسەڵاتى ڕژێمە داگیرکەرەکان و لەناوجەرگەى شارو شارۆچکەکان شانەى ڕێکخستن و گروپى چەکدارى دروستبکەن و چەندین چالاکى جۆراو جۆر دژى ڕژێمە داگیرکەرەکان ئەنجام بدەن ، زۆرى ژمارەى قوربانى و لەسێدارە دراوەکانى ڕۆڵەکانى گەلەکەمان و دەسکەوتى ڕاپەڕینیش نمونەى زیندون بۆ سەلماندنى ئیرادەى بەرزی تاکى کورد لەهەمو قۆناغە سەختەکانى ژیانیدا.

 

هەر بۆیەش ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکان بەگشتى و ڕژێمى دڕندەکەى بەعس بەتایبەتى زۆرى هەوڵدەدا لەڕێگاى کوشتن و ترساندن و پارە بەخشین و دروستکردنى چەندەها فەوجى جاش و چەندین مەفرەزەى تایبەتى ئەمن بۆئەوەى ئیرادەى پۆڵاینى گەلى کورد بتوێنتەوەو گیانى ڕەوشت بەرزى و شۆڕشگێڕى لەناخیاندا بسڕێتەوە، بەڵام ڕژێم بەو هەمو ئامێرو کەرەسەى لەبەر دەستیدابو نەیتوانى هەمو تاکەکانى کۆمەڵگاى کوردەوارى لەئیرادە بەرزى فۆڕمات بکات ، بەڵکو کۆمەڵێک تاکى ئیرادە بەرز لەشارو شاخدا توانیان خۆیان لەڕاست ترس و پارەو ناپاکى ڕابگرن بۆ ئەوەى وەک هەوێنى ئیرادەبەرزى میللەت بمێنەوە ، دواتریش هەر ئیرادە بەرزو بەهێزى ئەو تاکەکانە بو بوە هۆکارى ئیرادەى بەرزى تێکڕاى گەلى کورد کەڕاپەڕینى بەرهەم هێناو کۆتایى بەدەسەڵاتى ڕەشى بەعس هێنا لەکوردستان ، هەر بەهۆى ئیرادەى بەرزى گەل بو سەرکردەکان توانیان لەوڵاتى غەریبیەوە بگەڕێنەوە کوردستان ، بەڵام کاتێک دەسەڵاتداران چاویان بەپارەو سامان و موڵکى میللەت کەوت ئیتر ئیرادەی بەرزى شۆڕشگێڕیان دابەزیە ژێر سفرەوەو هەمو خەبات و هاوسۆزى و دڵسۆزى گەلیان فەرامۆشکرد و هەرکەسەو لەهەوڵى گیرفان پڕکردنى خۆیدابو ، تاکارگەیشتە ئەوەى خەسڵەتى بێئیرادەیی لەڕاست سەروەت و سامان وەکو ڤایرۆسى ئەنفلۆنزا لەسەرکردەکان بەدەرکەوت ، ئینجا خەسڵەتى بێئیرادەیى وەکو نەخۆشى پەتا لەدەسەڵاتدارانەوە گوازرایەوە ناو کۆمەڵگاو هەمو کون و کەلەبەرێکى ناو کۆمەڵگاى کوردەوارى گرتەوە کەزۆرینەى تاکەکان لەهەمو ئاستەکان کەوتنە ژێرکاریگەرى خەسڵەتى بێئیرادەیى و لەڕاست پارەو سامان بەچۆکدا کەوتن و بونە پاسەوان و شەریکێکى بچوکى دەسەڵات.

 

ئەوە هەژدەساڵە تاکو ئێستا دەبینین لەناو کۆمەڵگاى ئێمەدا هەڵکشان بەرەو پلەو پایەو پۆست پەیوەستە بەشەریکبون و زەلیل بون و پاسەوان بون ، نەک پەیوەست بون بێت بەلێوەشاوەیى و دڵسۆزى بۆ گەل و نیشتیمان ، هەرکەسێکیش بیەوێ ڕەزامەندى دەسەڵاتداران بەدەست بێنێت دەبێ هەرچى خەسڵەتى نامرۆڤانەیە لەدرۆو دوڕوى و بوختان و بێویژدانى لەخۆیدا بەرجەستە بکات بۆ ئەوەى بتوانێت بەئاسانى بگاتە خزمەت دەسەڵات بۆ بەدەستهێنانى پلەو پایەو پارەى زیاتر، بێگومان دەسەڵاتیش بۆ ئەم جۆرە کەسانە قسوری نەبوە ، چونکە حەزدەکەن هەمو تاکەکانى کۆمەڵگا بەم ڕێگایەوە بگەنە خزمەتیان تاکو هەمویان دەستەمۆ بکەن و کەس خاوەن کەسایەتى خۆى نەمینێ ، بۆیەش ئەو کەسانەى بەو ڕێگایەوە گەیشتبنە خزمەتى دەسەڵات هەرچى خەسڵەتى دو ڕویى هەیە بەشێوەیەکى تۆکمەو توند لەناخیاندا چەسپیوە چونکە خەسڵەتەکە لەسەرەوە بۆ خوارەوە واهاتوە ، هەربۆیەش مرۆڤى ژیرو دڵسۆز بۆ ئەم کۆمەڵگایە دڵى ژان دەکات و لەخۆى دەپرسێ ئایا بۆچى زۆرینەى تاکەکانى کۆمەڵگەى کوردەوارى توشى خەسڵەتى بێئیرادەیى بونەو گەل و نیشتیمانیان لاپیرۆز نییە و هەتا کەسایەتى خۆشیان لاپیرۆزو گرنگ نییەو لەشێوەى دنکە نیسکن و بێبەرو پشتن و بۆ ویست و میزاجى بەرانبەرەکەیان بەڵێ دەکەن نەک بۆ ویستى خۆیان.

 

بەداخەوە ئێستا لەسایەى دەسەڵاتى کوردا ئیرادەیى زۆرینەى تاکەکان لەوپەڕى نزمى دایە، ئەوەى بەدوژمنانى نەتەوەى کورد نەکرا بۆ بێئرادەکردنى تاکەکانى کۆمەڵگا ، ئەوە دەسەڵاتى کوردى بەهەمو تواناى مادى و مەعنەوى لەهەوڵدایە بۆ نەهێشتنى ئیرادەى تاکەکان ، بۆیەش تاکەکانى کورد لەهەموئاستەکانى کۆمەڵگەدا هەرکەسەو لەناخى خۆیدا دەورى چەند کەسێک دەگێڕێت ، بۆئەوەى هەمولایەک لەخۆى ڕازیبکات و هیچ لایەکیش لۆمەى نەکەن ، هەرکاتێکیش کێشەیەک یان بارو دۆخێکى نوێ بێتە ئاراوە زیاتر هەست بەوخەسڵەتە دوو ڕویە دەکرێت لەناو کۆمەڵگەى کوردەواریدا ، وەک ئێستا کەباسى پرۆسەى هەڵبژاردن هاتۆتە گۆڕێ کەلەبنەڕەتدا ئەو پرۆسەیە بەوشێوەیە جێگاى مەترسى نییە کەتاکەکانى کۆمەڵگا هەرچى هەق و ڕاستى هەیە لەناخیدا حەشارى بدا و لەڕوخساریشدا لەلاى هەرلایەک و خۆى بەموڵکى ئەو لایەندا نیشان بدا ، یان هەندێک لەخەڵکیش لەژێرەوە لایەندارەو لەسەرەوەش واخۆى نیشان دەدات کەبێلایەنە ، ئەودوڕویە گەرچى لەترسانە بەڵام دەبێتە هۆکارێکى سەرەکى بۆ ئەوەى مرۆڤەکان مسداقیاتى ڕاستگۆیى خۆیان لەدەست بدەن ، وە لەترسى دەسەڵاتیش پێناسەى بیرو بۆچونى و ڕادەربڕینى خۆیان پێچەوانە بکەن ، کەئەمەش دەبێتە هۆى بەرهەم هێنانى تاکى لاوازو بێئیرادەو درۆزن لەکۆمەڵگاکەمەندا، کەبەڕاسیتى جێگاى مەترسیە لەسەر ئایندەى کۆمەڵگاى کوردەوارى کەهەرکەسەو بیەوێ درۆ لەگەڵ بەرانبەرەکەى بکات و باوڕى پێینەبێ.

 

باوه‌ڕ و متمانە بەیەک نەبون لەکۆمەڵگادا هۆکارى سەرەکیە بۆ نەبونى تەبایى و ئیرادەى گشتى میللەت ، دیارە دەسەڵاتیش هەرئەوەى دەوێ کە میللەت ئیرادەى نەبێت ، بۆیە بەردەوام هەوڵى لەباربردنى ئیرادەى تاکەکانى داوە ، بەڵگەو نمونە گەلێکى زۆر هەیە لەسەر هەوڵدان بۆ بێئیرادەکردنى تاکەکانى کۆمەڵگا لەلایان دەسەڵاتەوە وەک بێمنەتى لەناعەدالەتى و گوێنەدان بەبەرژەوەندى گشتى و واستەو ماستاو و ڕیایى و هەوڵدان بۆ بەدوڕویى کردنى خەڵکى و خزمخزمێنە و پارەدانى خەیاڵى بەکەسانى ناشایەستە و بێکەلک ئەمانەو چەندان هۆکارى تر بەڵگەى زیندون لەوبارەیەوە ، بەڵام من تەنها نمونەیەک دێنمەوە لەو بابەتەمدا پیاوێک دەناسم دوو ساڵ لەمەوبەر بەفەرمى بڕى 1250000 دینارى مانگانە بۆ بڕاوەتەوە لەلایان حزبێکى دەسەڵاتدارەوە بەو مەبەستەى کابرا پیاوێکى دیارو بەرچاوە تاکو لەحزبە ئیسلامیەکان نەچێتە پێش ئەم کابرایە لەو ڕۆژانە لاى من وتى ڕاستە ئیش و کارناکەم و مانگانە بڕى 1250000 دینار وەردەگرم لەو حزبە ، بەڵام بەخواى ویژدانم ڕێگەم نادا دەنگ بەو حزبە بدەم لەترسى خوا دەنگدان یانى ڕازیبون بەدەسەڵاتى ناعەدالەتى ئەو حزبە ، کابرا وتى لەو پارەدانەى کەدەیدەنە من ڕازى نیم چونکە دەزانم ناڕەوایە.

 

جا بزانن دەسەڵات چەندە هۆکارە بۆ لەناوبردنى ئیرادەى تاکەکان ، ئەو پیاوە کەمن باسى دەکەم لەڕوخساردا بەپیاوى ماقول دادەنرێت بەڵام کاتێک ئەو لەپێناوى لەدەست نەچونى پارەکەى بچێت لەلاى دەسەڵات بەئاره‌زوى دەسەڵات قسە بکات و لەدەرەوەى دەسەڵاتیش بەجۆرێکى تر قسە بکات ، ئەوە دەبێتە کەسێکى دوڕوى بێ ئیرادەى ، ئاخر بێئیرادەیى تاکى کورد لەوەدایە دەیەوێ لەیەککاتدا دوو لایەن لەخۆى ڕازیبکات گەرچى ئەو لەبنەڕەتدا موڵکى یەکلایەنە بەڵام بەهۆى ترسان لەنانبڕینەکەى ناچارە لەڕوخساردا شتێکبێت و لەناخیشیدا شتێکى تربێت ،چونکە ئەو دەسەڵاتە عەتیکەى کورد هەرگیز نان ناداتە کەسێک کەلەبیرو بۆچون هاوڕاى نەبێت ، بۆیەش هەندێک خەڵک هەن لەئاخاوتن و گفتوگۆدا سەد لەسەد پشتگیریت دەکات و دەڵێ بەڵێ گەندەڵى و دزى و ناپاکى هەیە و زۆر لەتۆش زیاتر خۆى بەپەرۆش دەزانى بۆ گەل و نیشتیمانەکەى و باسى گۆڕانت بۆدەکاو دەڵێ هەردەبێت گۆڕانبکرێت و ئەو ناعەدالەتیە تاکەى ، کەچى لەڕاستیشدا ئەوکەسە بەخۆى ئامادەنییە بچوکترین گۆڕان لەخۆى بکات گەر بزانى یەک دینار لەداهاتى کەم دەکات لەهەمو ئەو بەڵێن و قسە زلانەى کەکردویەتى پەشیمان دەبێتەوە لەبەرئەوەى خاوەن ئیرادەو کەسایەتى خۆى نییە.

 

لەڕاستیدا ئەو جۆرەکەسانە کەبەرهەم هێنراوى دەسەڵاتن جگەلەوەى کەبێکەلکترین جۆرى کەسن لەکۆمەڵگاداو هەرئەوکەسانەشن دەبنە هۆى لەبەرچاوکەوتنى دەسەڵات لەلایەن میللەتەوە ، چونکە ئەوکەسانە خاوەن کەسایەتى ڕاست و ڕەواى خۆیان نین و هەرکەسێکیش خاوەن ئیرادەو کەسایەتى ڕاستەقینەى خۆى نەبێ و نەوێرێ لەسەنگەرى یەکلاکەرەوەدا خۆى نمایش بکات بێگومان ئەو جۆرەکەسانە لاوازترین چینى کۆمەڵگان بۆیەش ناتوانن تاسەر ڕێگربن لەبەردەم شەپۆلى گۆڕان ، گەردەسەڵاتیش بەتەماى پارەدانى ئەم کەسانە بێت تەمەن درێژى بۆ خۆى مسۆگر بکات ئەوە بەهەڵە داچوە چونکە گەر ئەوان دڵیان بەو فێرگەیە خۆشبێت کەبەتەورى تیژى پارەو ترس و نان بڕین ئیرادە لەتاکەکان دادەڕنن بۆ ئەوەى کۆمەڵگا لاوازو داڕوخاوبێ تاکو تواناى گۆڕانى نەبێت ، گەرچى دان دەنێین بەوەى تاکە بێئیرادەکان یەکجار زۆرن لەکۆمەڵگەماندا ، بەڵام نابێ بێ‌هیواش بین چونکە پەیمانگاى پێگەیاندنیش هەیە لەوڵات کەمەشقى پەروەردەو ئیرادەى بەرزى باوه‌ڕ بەخۆبونى تاکەکان دەکات بۆ گەڕانەوەى گیانى نیشتیمان پەروەرى و دەست پاکى و ڕاستگۆیى بۆ میللەتەکەمان کەسەرەنجامیش ئەو ئیرادەیە دەبێتە شەپۆلى گۆڕان و هەمو بەربەستە لم و خۆڵاویەکان ڕادەماڵى .