٢٥\٩\٢٠٢٠
دەستەڵات و بنیادی
بەدبینیی فەرهەنگیی.

جوتیار
تاوانکاری وەک چەمکێکی سایکۆ - سۆسیۆلۆژی کاتێک دەگاتە چڵەپۆپە لە
کۆمەڵگادا، ئەو کاتەی (Legitimation)
مەشروعیەتی دەستەڵات و حیزبی سیاسی دەچێتە ناو بیرکردنەوەی تاک و لە
ناو هەموو وەتەرەکانی ووشیاری و هەڵچونە فیکری و ڕۆحیەکانماندا جێگیر
دەبێت، ئەوکاتەی حیزب و دەستەڵات دەبێت بە بەشێک لە بەهاو تێکەڵ بە
ڕیتواڵە کۆمەڵایەتیەکانمان دەکرێت.
ژن سوتاندن، پیاوکوشتن ، تۆقاندن، دەستدرێژی ، ڕفاندن و سەربڕین،
تازەترینیشیان جنێودان و سوکایەتیکردن، کەوتنە سەرئەژنۆ و گریان و
پاڕانەوەو خۆ بچوککردنەوە و دەرچون لە جوغزی ڕاستەقینەی مرۆڤبوون،
خەریکە ببێتە خەسڵەت و دیاردەیەکی گشتگیر لە کۆمەڵگای کوردستاندا، کە
دەکرێت وەک دیاردەیەکی زۆر نافەرهەنگیی پێناسە بکرێت، ئەو شەرایتە
کۆمەڵایەتیە کاتێک دێتە ئارا کە دەستەڵات و هێزەکەی وە هەروەها
ئۆپۆزیسیۆن و میدیاکەی بە ئاگایەوە سیستێمێک بۆ بە سێنتڕالیزەکردنی
دنیابینی خۆیان بنیاد دەنێن و لە ڕێگایەوە خەڵکی تێکەڵ بە ئاریشەیەکی
هەرزانی دیدگا سیاسی و ئیدۆلۆژیکیەکانیان دەکەن و وپەکیان دەخەن لە هەر
جوڵەو گەشەیەکی سروشتی و کۆمەڵایەتی خۆیان.
فاکتە بونیادەکانی تاکێکی ئیرادەگەر و مرۆیی؛ پێویستە بەر لە هەر شتێک
فەرهەنگێکی ئیرادەئامێزو جیهانبینیەکی مرۆیی بۆ دەستەبەربکرێت، پێویستە
دەوڵەت ئەگەر هەبێت، ڕایەڵەکانی (فەرهەنگی سێنتڕال) وەکوو چەمکێکی
پەروەردەو بونیادی بۆ کۆمەڵگاو تاکەکانی بەرهەمبێنێت، (فەرهەنگی
سێنتراڵ) وەکوو جێگرەوەی ڕەوایەتی قودرەت و دەستەڵات، دەتوانێت
ڕۆڵبگێڕێت لە پێگەیاندن و سەرپێخستنی نەوەیەکی کاراو کۆمەڵگایەکی
کراوەو بێ توندوتیژی و دنیابین.
با ئێمە باسی فەرهەنگ لە ڕوانگە تەقلیدی و شاراوەکەیەوە نەکەین، با ئەو
پرسانە ئاراستە بکەین کە فەرهەنگ وەکوو چەمکێکی زیندوو و ئامادە
دەتوانێت چ ڕۆڵێک دروستبکات لە بونیادی مرۆڤێکی هۆشیار؛ ئیرادەگەر و
وابەستە بە بونیەویەتی خۆی و کۆمەڵگاکەیەوە.
پرسیارکردن لەسەر جەوهەری فەرهەنگ هەمیشە وایە کە ئەوەی پەیوەندی بە
فەرهەنگەوە هەیە مرۆڤ ناتوانێت وەکوو خۆی نیشانی بدات، چونکە کۆمەڵگا
خۆی فەرهەنگ بەرهەم دێنێت و وەکوو دیاردەیەک دەیخاتە دەرەوەی خۆی و
نمایشی دەکات، ئەوەی کە ئێستا لە کوردستان ڕوودەدات ئەوەمان بۆ
دەسەلمێنێت ئەوەی دەگوزەرێت لە پەیوەست بە ژیانی خەڵکەوە بریتییە لە
نمایشی راستەقینەی خراپترین جۆری بەها فەرهەنگییەکان.
فەرهەنگ وەکوو میکانیزمێکی کاراو بەرجەستە، وەکوو بەشێک لە مێژوو و
سۆسیۆلۆژیای مرۆڤ لە جوڵەو گەشەکردندایە، ئەوەش لەژێر هەژموونی
بەرخوردو جوڵە ئەقلیەکانی مرۆڤ وەکوو هەر چەمکێکی تری کۆمەڵایەتی.
فەرهەنگ تەنها باسی مرۆڤ و هەڵسوکەوتەکانی نییە، بەلکوو دەرەنجامێکی
نەبڕاوەی بەرهەمە کۆمەڵایەتیەکانی مرۆڤ و سروشتە بۆ بونیادو دروستکردنی
ئیرادەی کۆمەڵگا، دکرێت ئەوانەی دەوڵەت و دەزگاکانی بنیاد دەنێن،
ئەوانەی ڕایەڵەی یاساو ڕێساکان ڕێکدەخەن؛ فەرهەنگێکی هیومانیستی
سەرتاپاگیر بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی پڕ ئیرادەو ناتوندوتیژو ئارام
فەراهەم بکەن.
بیرکردنەوە .. ئەقڵ و مۆڕاڵ.. دین و ئیلاهیەت،.. هزرگەرایی و فەلسەفە،..
ئەوانە هەموویان بەرهەمی تێکەڵەی ئاوزگەرایی مرۆڤن، بۆیە ناکرێت مرۆڤ
وەکوو دەرهاوێشتەی فەرهەنگ سەیر بکرێت، بەڵکو تەواو پێچەوانەکەی دروستە
کە فەرهەنگ بە هەموو دیاردەکانیەوە مرۆڤ بەرهەمی دێنێت و ئاوێتەی دیدگا
فیکری و ئیدۆلۆژیکیەکانی خۆی دەکات.
ئەو پرسیارە هەندێکجار ڕوبەڕوی خەڵکانی پەنابەرو کۆچەری دەکرێتەوە لەو
کۆمەڵگایانەی کە دەبێت بە ووڵاتی دووەمیان و تێیدا نەشتەجێدەبن، نمونەی
ووڵاتانی ئۆروپای ڕۆژئاوا ، کاتێک لێت دەپرسن (تۆ سەر بە کام
فەرهەنگیت)!؟، بونیادی هێز و ڕەهەندی پرسیارەکە ئەوە نییە، بەڵکو ئەوان
مەبستیانە بزانن ( تۆ چی فەرهەنگێک پێشکەش دەکەی یاخود چی مۆڕاڵێک
دەبەخشیت)!!
Oliver Scott کە زانایەکی ئینسرۆپلۆژی
بەریتانییە دەڵێت، لە سەرتاسەری جیهاندا خەڵکی بەشدارن لە بونیادی
سیمبوڵێکی مۆڕاڵی هاوبەش، کەواتە گەیشتن بە فەرهەنگ و ئیرادەیەکی
دادگەرا بۆچی دەبێت قورس بێت و کەی دروست دەبێت)، تێکەڵکردنی مۆڕاڵ بە
بەها فەرهەنگییەکان، دەمانگەیەنێت بە فەهمێکی باڵای مرۆیی و لەڕێگایەوە
دەتواندرێت ستراکچەری بوونێکی مرۆییانە بۆ کۆمەڵگا دەستەبەربکات،
هەروەکوو ئەوەی کە لە کۆمەڵگا پێشکەوتوو و لیبڕالەکاندا بەدیدەکرێت و
بەردەوامیش هەوڵ دەدرێت لە ڕێگای دەزگا مرۆیی و مەدەنیەکانەوە ئەو
چەمکە بکرێت بە بەهایەکی جیهانی و سەرتاپاگیر.
فەرهەنگی ئیرادەو مرۆیی کە دەتوانێت هاوسەنگی لە ناو هەموو چینە
جیاوازەکاندا بخولقێنێت، لە فەلسەفەی دووانەی (دەوڵەت و سیاسەتدا) لە
کۆمەڵگای کوردستاندا لە سایەی دەستەڵاتە تۆتالیتاریستەکانیدا تەنها
بەشێکە لە جوانکاری هەیکەلی حیزب و موقەدەساتەکانی ، کە ناتوانێت لە
فەرهەنگی تاوانکاری و ڕوخان و بێ ئیرادەکردنی مرۆڤ زیاتر شتێکیتر
پێشکەش و نمایش بکات کە کۆمەڵگا بە دەستیەوە کەوتۆتە قەیرانێکی قوڵی
فەرهەنگیی-مرۆیی گەورەوە، دەرەنجامی ئەوەش خەریکە تاوانکاری و
توندوتیژی لە ناو هەموو یەکەکانی کۆمەڵگاو پەیوەندی و هەلسوکەوتە
کۆمەڵایەتیەکانی ئێمەدا ڕنگدەداتەوە، پەیوەندیەکانمان نەک بە جەستەو
فیزیک و هەست و تێڕوانین ، بەڵکو تەنانەت لە ناو سۆشیال میدیاشدا
هەڵگری شوناسێکی تاوانکارانەن، لە تێکشاندنی یەکتر و بێقیمەتکردنی
بەهاو دیاردەفەرهەنگیی و مرۆییەکان، من پێموایە ئەوە (بەدبینیی
فەرهەنگیی) و دیپرۆسیۆن و تێکشکانێکی سەرتاپاگیری کۆمەڵایەتی و سیاسیە
کە ئەو کۆمەڵگایە بە گەورەو بچوکەوە بە هۆی فەرهەنگی دەستەڵات و
حیزبگەراییەوە ڕووبەڕوی بۆتەوە.
raney.g1@gmail.com
|