په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٧\٢٠١٣

دەسەڵات و ژن.


پەخشان مستەفا    


کێشمەکێش و ململانێی رۆژگار لەسەر دەسەڵات و هاتنەمەیدانی ژنان لە نێو رێکخراوەکانی بەناو رزگاریی ژنان کە گوایە تەواوی کۆمەڵگە لە ستەم و دواکەوتن رزگار دەکەن، دەسەڵاتدارانی وا لێکردووە کە بە کۆمەڵێک وشە و دەستەواژەی بریقەدار ئەو بەشەی کۆمەڵگە بەکاربهێن و ژێردەستەیان بکەن و تێکڕای خەون و خولیایەکانیان لەنێو ببەن.

بە واتایەکی دیکە دەسەڵاتداران توانیویانە لە چوارچێوەی ئەو هەلومەرجە گونجاو و باوەی کە لە دێرزەمانەوە لەسەر بنچینەی نێرسالاریی و پیاوسالاریی دامەزراوە بە ئاسانیی ژنان لە خۆیان کۆبکەنەوە و لە نێو کایەی سیاسیی و ململانێیە ناڕەواکانیان بەکاریانبهێنن و بە لارێیاندا ببەن.

داگیرکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو بەشەی کۆمەڵگە لە رێگەی دروستکردنی رێکخراوگەلێکی لەو چەشنانەی نێو دەسەڵات بە ناوی ژنان.. سەرلێشێوان و ناکارایی و بێدەنگیی ژنان پتر درێژە پێدەدا، هیچ کام لەو رێکخراوانە نەک هەر هیچ خزمەتێک بە گەشە و پەرەپێدانی ژنان ناکەن بەڵکە ئەوەی وەدستیشیان هێناوە لەباری دەبەن.

لە کاتێکدا ژنان نیوەی کۆمەڵگە پێکدەهێنن دەبووایە لە هەموو کایەکی ژیان جێپەنجەیان دیار بووایە.. بەڵام دەسەڵات توانیویەتی کەڵک لەو نیوەیەی کۆمەڵ وەربگرێ، بە شێوەیەک بواری بە ژنان داوە بێنە ناو سیاسەتەوە و بە ناوی ژنان و رێکخراوەکانی ژنانەوە قسە بکەن تا ببنە سوتەمەنی بۆ خواستە پیاوسالاریی و چەوسێنەرییەکانیان.. ئەگینا کێشەی ژن هیچ بوونێکی نییە لە لای ئەوان و هەرگیز نایانەوێ کار بۆ پێگەیاندنی ژانان و بەهرەکانیان بکەن، هەر بۆیە کپکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی ژنان بۆتە مایەی ئەوەی کە لاواز و بێ ئەزموون دەربکەون و بکەونە ژێر رکێف و حوکمی دەسەڵات و کۆمەڵگە، دەسەڵاتی بە ناو دیموکراسیی و مافی مرۆڤیش یاسا و رێسای بۆ داناون تا پتر بوار بە حوکمی نێرسالاریی بدەن و بەر بە بزووتنەوەی راستەقینەی ژنان بگرن، بە داخەوە لە ئێستاشدا ئومێدێک نییە لەوەی کە هێزێکی تۆکمە و بە توانا هەبێ بتوانی رابەرایەتیی ژنان بکا و لە خەم و ئازارەکانیان کەم بکاتەوە و بیانکات بە گژ فەرهەنگی نێرسالاریی و دەسەڵاتی دواکەوتووی ئەمرۆی کۆمەڵگە کۆتایی پێ بێنێ و بەرەو جیهانی یەکسانیی ژنان و پیاوان هەنگاو بنێ.
 


paxshanmustafa@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک