په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٣\٢٠١١

 دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن ، عەلەشیش و درۆزن.


هیوا رەش    


کاتى خۆى توێژینەوەیەکى زانستیم لەمەڕ نەخۆشى درۆ و هۆکارەکانى خوێندەوە ، کە جۆرەها بۆچوونى جیاى لە خۆ گرتبوو ، من ئەمەیانم لە هەموویان بە لاوە پەسەندتر بوو ، کە دەڵێت : (( هەندێک خانەى مێشک لە مرۆڤدا هەن تایبەتن بە چنینى خەیاڵ و شتى ناواقیعى ، ئەم خانانە لە منداڵدا زۆر چالاکن و بیرکردنەوەى منداڵ بە ئاراستەى دروست کردنى ئەو خەیاڵانە دەورووژێنێت کە خودى منداڵەکە هەست بە جۆرێک چێژ دەکات لە دەربڕینى و گێڕانەوەى بۆ دەوروبەرەکەى ، بەشێکى لە حەزێکى شارراوەى خۆدەرخستن سەرچاوە دەگرێت و پاڵى پێوە دەنێت وەهم دروست بکات و پێى وایە بڕواى پێ دەکرێ ، بۆ نمونە ، دەڵێت : سەیارەیەکم هەبوو هەزار تایەى هەبوو ، ئەوەندە تیژ لێم خوڕى کەوتە فڕین و یەکسەر چوومە ناو مانگەوە ! ، ئەم خانانەى مێشک بە زیاد بوونى تەمەن گەشەى زیاتر دەکات ، بە گەشە کردنیشى ئەرکەکەى دەگۆڕێ و ئاراستەیەکى دیکە وەردەگرێ و وەکو پێشوو نامێنێتەوە ، بەڵکو واقیعیانە بە شێوەیەکى ڕاست و ماقوڵ بیر دەکاتەوە ، بەڵام بەدبەختى هەندێک منداڵ لەوەدایە ئەم خانانە یان وەکو منداڵیى دەمێننەوە و لە گەشە دەوەستن یان کەم گەشە دەکەن ، بۆیە ئەو منداڵانە کە گەورەش دەبن قسەى ناواقیعى دەبێتە بەرهەمى بیرکردنەوەیان کە لە خەیاڵ و ناڕاستییەوە نزیکە نەک لە ڕاستییەوە ، جا ئەم جۆرە کەسانە کە گەورە دەبن بە درۆزن دەناسرێن و کۆمەڵگاش حوکمى خراپیان بەسەردا دەدا و زۆرجاران بۆ ڕابواردنى کات سەر دەنێنە سەریان و پێشیان دەڵێن درۆزن و لەم جۆرە پیاوانە بە زۆرى لە سەرکردایەتى و ڕاگەیاندن و میدیاکان دا لە بەرەى زۆرداریى جێگە خۆش دەکەن و سەرقاڵى هێرش بردنە سەر خەڵک و پیاهەڵدانى حیزب و سەرکردەکانن .

ئەم دەسەڵاتدارانەى ئێستاى شار و جارانیى شاخ نزیکەى نیوسەدەیە ، سیاسەتى ناجێگیر ، سترتیژى نادیار ، دروشمى بریقەدار ، بەڵێنى بێبنەما ، بەهەشتى پڕ نادادپەروەریى ، دیموکراسیەتى زاخاو بە دیکتاتۆریەت ، مافى مرۆڤى تەژى لە دیل کوشتن و بێسەر و شوێنکردن ، خیانەت و نیشتمانپەروەرى تێکەڵکردن ، ناو و ناتۆرە و یەکتر تۆمەتبار کردن ، دەساودەسکردنى دەسەڵات و کورسى داگیر کردن ، دەسەڵاتى مەدەنى بە بنەماڵە ئاوێتە بوو ، شەفافیەت و بودجەى نادیار پێکەوە بەستن ، حکومەتى تەکنۆکراتى لێوان لێو لە پیاوانى حیزبیى بێبڕوانامە و کۆنگرەى ڕۆژنامەنووسیى بە درۆ بەڕێ کردن --- نزیکەى نیوسەدەیە ئەم درۆیانەمان بۆ دەکەن و ئێمەش سەریان بۆ دەلەقێنین ، دوا درۆ و دوا تۆمەت و دوا تاوانیان ، ناساندنى خەڵکى توڕە و ناڕازى لە درۆ بوو ، تاوانبار کردنیان بوو بە ئاژاوەچى و گێرەشێوێن ، ئەو ئاژاوەچى و گێرەشێوێنانەى بە دەنگى بڵند هاتنە مەیدان و پێیان گوتن : بەسە تاکەى درۆمان لەگەڵدا دەکەن ، بەسە و تاکەى داهاتمان بە تاڵان دەبەن ، بەسە و تاکەى بێکار و بێدەرەتان و بێخزمەت و بێئاو و بێکارەبامان دەکەن ؟ ! بەسە و تاکەى نیشتمانەکەمان لەسەر خۆتان تاپۆ دەکەن ، سەیرەکە لەوەدایە هێندە درۆیان کردووە هەست بە درۆکانى خۆیان ناکەن ، بۆیە لە ستۆپ کردنى جەماوەر لە درۆکانیان چەک و چەکدارى درۆیینەى خۆیان جوڵاند ، ئەو چەک و چەکدارانەى بە درۆ گوایە بۆ پاراستنى نیشتمان پێکەوەیان ناوە ، پێیان ناخۆش بوو ڕێگە لە درۆکانیان بگرین ، بۆیە لە باتى بەرگرتن لە دەسدرێژیى جەندرمە و پاسدار ڕوویان بەرەو لاى ئێمە وەرچەرخاند .

ئەو درۆزنانە بە درۆیەکى تاوانئاسا متمانەى خۆیان بە تەواوى لە دەستدا ، دوادێڕى پەیامى درۆزنانەى خۆیان بە گوێماندا دادا ، ئەو درۆزنە بێویژدان و زۆردارانە بە درێژایى ژیانیان یەک کارى باشیان ئەنجام دا ، ئەو درۆزنانە بە درۆکانیان ڕاستییەکیان نیشانمان دا ، پێیان ڕاگەیاندین و ووتیان بەس ئێمە درۆزن نین ، ئەوەتا گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووش وەکو ئێمەن و بە دواى ئێمەدا وەکو عەلەشیش ئەعوولێنن و پێتان دەڵێن : ئاژاوەچى و گێرەشێوێن .

ئێمە وامانزانى ئەوە تەنها دوادرۆى ئۆپۆزیسیۆن ( گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو ) ە ، نەمانزانى بە دواى ئەوەدا بە درۆ پشتیوانیشمان دەکەن ، بە درۆ فرمێسکى تیمساحیش بۆ ئەو شەهیدانەمان دەڕێژن کە تا ئێستا لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە بە کوژراو ناویان دەبەن ، هەر بە درۆش بەسەر بەرماڵێکى مۆرەوە سەراى ئازادى دەکەن بە حوجرە و نوێژى تێدا دادەبەستن ، بە درۆ ناڕەزایەتى جەماوەر بە جیهاد پیشانى دنیا دەدەن و کۆمەڵێک ( سیاسى ، بیرمەند ، فەیلەسوف ، ڕۆشنبیر ، ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندکار ) ى درۆزنیش بەرهەم دەهێنن !

لە دیدگەى درۆزنەکانەوە جەماوەرى ناڕازى ( ئاژاوەچى و گێرەشێوێنن ) ، جەماوەریش ئەو ڕەشوڕووت و بێچەک و ئازادیخوازانەن کە عەرشى دیکتاتۆرەکان دەلەرزێنن .

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک