په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٢\٢٠٢١

دەسەڵات وەک با!


ئەرسەلان مەحمود    


ئەم وڵاتە "هەرێمی كوردستان" پڕە لە زیندانی نهێنی و تایبەت، پڕە لە رووداوی هەڵكوتانەسەر و جوڵەی شاراوەی هێزە دەمامكدار و یەكە تایبەتەكان، هەروەك چۆن پڕیشە لە خەڵكانی ڕفێندراو و ئەتك پێكراو و بێسەروشوێنكراو، كەچی ئەگەر تەنها شتێك لە بەرامبەر بەدواداچوونی خانەوادەی قوربانی و بەقوربانیكراواندا وترابێ‌ و بوترێتەوە، لەم دەستەواژە زیاتر نەبووە و نییە و تێناپەڕێت "خۆتان لەخستنە ژێر پرسیار و لێپرسینەوەی چۆن و چیەتی جووڵەی هێز و یەكە تایبەتەكان و ئەم باس و بابەت و بەدواداچوونانە بەدوور بگرن باشتر دەبێت بۆتان"!!

ئەم بەزم و بالۆرە لێدانە، ئیدی كورت و درێژخایەن، تا ئێوارە یا بەرەبەیانێك لەڕێگەی یەكێك لەئامێرەكانی پەیوەندییكردنەوە بە خێزان و خانەوادەی قوربانی و بە قوربانی كراوەكە ڕادەگەیەندرێ: بفەرموون لاشەی كەسەكەتان لەفڵان شوێن دۆزراوەتەوە یان وا لەپزیشكی دادوەری و مردووخانەیە وەربگرنەوە بەردەوام دەبێت، كارەساتبار تریش لەوەدایە ئەمە شتێك نییە دەگمەن و نوێ‌، بە درێژایی دەیان ساڵەی حكومڕانێتی هەرێم، بێگومان لە فۆڕم و شێوەو شێوازو سیناریۆی سەیردا خۆی وێنا و دووبارە و دەبارە و سەدبارە دەكاتەوە، بە جۆرێ‌ ڕۆژ نییە هەواڵێ‌ تەواو تراژیك، خۆی نەكا بەسەر دێر لە میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی كوردیدا!!

ئەرێ‌ ئەمە چجۆرە حكومەتێكە ڕۆژ تا ئێوارە بالۆرەی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەزگەی دادوەری و (حوكمی ڕەشید) و چاكە خوازی و پارێزەری سەرو ماڵ و مووڵك و ماف و ئازادییەكان بە گوێی جیهان و خەڵكی خۆیدا ئەدات، بەڵام لەپشت هەر هەموو ئەمانەوە زیندانی نهێنی و تایبەتی هەبێ‌ و جۆرە حوكم و حاكمیەتێكی شاراوە جێبەجێ بكات، ئەمە چجۆرە حوكمێكە كێوماڵی تۆمەتباران بەم جۆرە تەموومژاوییە بكاو ڕێگە بەخێزان و نزیك و خانەوادەكانیش نەدا تەنانەت بەدواداچوون و پرسینەوە لەسەر چۆن و چییەتی گرتن و كێشەو دۆسییەی كەسەكانیان بكەن، ئاخر ئەمە چجۆرە دەسەڵاتێكە هێزی گرتن و ڕفاندن و سزادان و كوشتن و بێسەرو شوێنكردنی خەڵكەكەی خۆی لە تاریكیدا هەبێ‌ بەڵام بوێری ئەوەی تێدا نەبێت لە ڕووناكیدا تاوانی تاوانبار كراوەكان، سزای سزادراوان دادپەروەرانە جێبەجێ و ئاشكرا بكاو ڕابگەیەنێت!!

لە ڕاستیدا و لەم بەشە باشورەی كوردستاندا، مرۆڤی هۆشمەند و خاوەن ویژدان و زیندوو، جگە لەنیشتمان بێگومان بەشە نیشتمانێك لە خۆیدا لە توپەت و هەپرون بەهەپرون كراو، دزراو بەسەرخان و ژێرخانییەوە، فرۆشراو بە ئاسمان و ڕێسمانییەوە، هەست ناكاو ناتوانێ‌ لەوە تێبگات هیچ جۆرە دەزگە و دامەزراوەیەكی هەبێ نیشتمانی، درۆینەی دەیان ساڵەی یەك ڕیزی نیشتمانی و یەك گوتاری نیشتمانی و یەك چی و چی نیشتمانی، سەلمێنەری بێ چەند و چۆنی ئەم ڕاستەقینەیە و بەس.

لە هەرێمی کوردستاندا، بە داخەوە ئەمڕۆ ڕۆژی خەڵکە ئازادیخواز و بژاردە جیاوازە کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیرییەکەی بە ڕۆژێک گەیشتووە تاریک و توند، هەر شتێک بکەوێتە دەرەوەی بەرژەوەندیی و گوتاری دەسەڵات لەژێر هەڕەشەو مەترسیدایە، دەسەڵات جگە لە پەڵپ و بیانووە زۆرو زەوەندەکانی جۆرەها تەکنیک لەسەرکوت کردن و بێدەنگ کردنی خەڵک ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بە بۆنە و بۆنە، بەکاردەبات، وەک با ئاوڕ لە هیچ بەهایەک ناداتەوە!!

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک