|
١\٩\٢٠٢٦
دەستەواژەی یەکێتی
و برایەتی گەلان.

زاھیر باھیر
زۆرێك لە نوسەر و ڕۆشنبیرانی کورد دەستەواژەی یەکێتی و برایەتی گەلان-ی
هەسەدە بە هەڵەیەکی سەرەکی دەزانن لەو ڕوداوانەی کە لە ڕۆژئاوادا
ڕوویدا . بەڵام لە ڕاستیدا ئەو بڕوابوونەی هەسەدە بەو دەستەواژەیە
پرشنگدارترین خاڵی ئەو بزوتنەوەیە بووە بە درێژایی ئەو ماوە زۆرە، کە
ئەو تەبایی و بەیەکەوەژیانەی کە لە سایدا دروست بوو، ڕێگری سەرەکی بوو
لە لافاوی خوێنڕشتنی نێوانی ئەو ئیتنیکیانەی کە لەو شوێنانەدا دەژیان
کە هەسەدە باڵادەست بوو . نەك هەر ئەوە بەڵکو خاڵێکە کە بزوتنەوەکانی
دیکە و ئەو نوسەر و ڕۆشنبیرانە دەبێت لێوەی فێر بن.
هەرگیز ئەوە پرسێکی سەرەکی و گەورە نەبووە لە ڕوودانی هەندێك رووداوی
نەخوازراوی خوێناویدا. ئەوە ڕاستییە هەندێک لە سەرەك خێل و هۆزەکانی
عەرەب بە بەهێزکردنی زیاتری هەیئەی شام لە لایەن ئەمەریکاوە، هەسەدەیان
لە کاتێکی زۆر ناسك و هەستیاردا بەجێهێڵا . ئەو سەرەك هۆز و خێڵانە
هەرگیز وەکو کەسانی مەبدەئی کە باوەڕیان بە دروشم و کارەکانی هەسەدە لە
بنەڕەتدا نەبووە ، بەڵکو ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و مانەوەی هەیمەنەی
خۆیان بەسەر هۆزەکانییاندا و دەستکەوتنی جۆرێك لە ئیمتیاز لەگەڵ
هەسەدەدا مابونەوە.
ئەم خاڵە لای ئەم ڕۆشنبیر و نوسەرانە زۆر زیاتر لە قەبارەی خۆی لە
نوسین و دیمانە و یوتیوبەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە. هەندێکیشیان وەکو
کینە لەدڵ دژی عەرەب بەکاری دەهێنن تاکو ئەوەی کە باوەڕیان پێی هەیە
ئەمە وەکو بەڵگەیەکی " سەلمێنراو " بەکار بهێنن و پاساوی کوردایەتی
پێبکەن.
ئەوەی مایەی نائەمانەتی نوسین نەگواستنەوە و نە وتنی ڕاستییە بە
خوێنەرەکانیان ئەوەیە کە ئەمان باس لە زۆرێک لەو سەرەك هۆز و خێڵانە
ناکەن کە هەتا ئێستاش لەگەڵ هەسەدەدا ماونەتەوەو لاینگری کورد و
هەسەدەیان کردووە . لە سەردەمی ڕودادوە دەڵتەزێنەکەی گەڕەکی ئەشرەفییە
و شێخ مەقصود و ڕەقە بە دەیەها ڤیدۆ و دیمانە و یوتیوبمان دەبینی لە
وەتساپ و بڕێك لە ماڵپەرەکانەوە کە ئەوان چۆن دژ بە جۆلانی و ئیدارکەی
وەستانەوە.
بەڵام ئایا خودی دەستەواژەی یەکێتی و برایەتی گەلان ڕاستە؟
مێژوی هەموو نەتەوەیەك تا ئێستا پێی وتوین ئەو دەستەواژە هەر لە
ئەساسەوە هەڵەیە ، چونکە نەتەوە دابەش بووە بەسەر چینی جیاوازدا و
چینەکانیش بەسەر توێژاڵی جیاوازدا ، کە بەرژەوەندی خۆیان یەکێتییان و
برایەتییان دیاری دەکات لەگەڵ نەتەوکانی دیکەدا. هەر لەناو خودی ئەو
چینانەشدا بەش بوون هەیە سەبارەت بە لاینگری یاخود دوژمنایەتی لایەنێك
. بوونی دەوڵەت بەڵگەی بوونی برایەتی و یەکێتی گەلەکەی نییە ، گەر
وابوایە بۆ ئەو هەموو ناڕەزایی و خۆپیشاندانانە دەکران؟!!
لێرەدا پێویست ناکات بگەڕێینەو بۆ بەڵگە مێژووییە کۆنەکان باهەر
تەماشای تورکیا بکەین ، ئێران ، هەموو بزوتنەوەکانی کورد ، ئێستای
هەرێم پرسی فەلەستینییەکان...تد ئایە یەکێتییەکی نەتەوەیی هەرگیز
هەبووەیا خود هەیە؟ گەر هەبووە بۆ کورد نەیتوانیوە دەوڵەت دروست بکات؟
پێم مەڵێ بارودۆخی ناوچەکە و ئیمپریالیزم و غەرب و ئیسرائیل دژایەتییان
کردووە، ئەوانە هۆکاری سەرەکی نەبوون!! .یا بۆچی فەلەستینییەکان
ئاوایان بەسەر هاتووە کە لە کاتێکدا بەشێکن لە نزیکەی ٦٠٠ ملیۆن کەس؟
دەتوانم سەد نموونە بهێنمەوە بە بەڵگەوە ، بەڵام نامەوێت نوسینەکەم
درێژتر بکەمەوە لە حەوسەڵەی خوێنەری تێپەڕێنم.
١\٩\٢٠٢٦
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|