په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٥\٢٠١٥

    دەستم بە گوڵی هەتاوە.

عەبدولموتەلیب عەبدوڵا

دڵم تاریک بوو
بە دڵی وەک شەو پەنجەرەم بۆ ھەتاو کردەوە
تیشکی سەر چاوم کەوتە حاڵەتی فڕین
بۆ کوێ نازانم
حاڵم باش نییە ھەمووان دەڵێن خوا باشیکا
زمان نەدەگەڕا لە بەر خۆ دەمگوت
ئەو ھەموو تاریکییە چۆن تەسلیم دەکرێتەوە
دڵم تاریک بوو
بە بەر چاوی ھەمووان
بە دڵی کوێر لە مردن رامدەکرد
بۆ کوێ نازانم
ھەر ئەوەندەم بیر دێتەوە
وەک ئەوەی شەو قەفەزی تاریکی بێ
دەستم لە تاریکی بەردا
خۆم تەسلیمی رۆناکی کرد
دڵم رۆناک بوو
دەستم بە گوڵی ھەتاوە
تۆ بڵێ مرۆڤ ناوەستێ لە گۆڕستان نەبێ
من ئەوەتان بۆ روون ناکەمەوە
وەک ئەوەی مردن مردن بێ
ھەست بە ھەمان ترپەی تاریکی دەکەم
یەکێک گوتی ئەوە تاریکییە بەردەبێتەوە یان دڵ
ژیان لە ھەردوو چاوم ھەتا دەھات دەشکایەوە
سەر باڵندەی تەریوو
جەستەم گوڵی ھەتاو بردی بۆ باخی تەماشا
بە دڵ دەمگوت دێمەوە
بە چاو تیشکەکانم لە گۆڕستان رزگار دەکرد
زمان نەدەگەڕا وەک ئەوەی تاریکی مردن بێ
ئەو ھەموو تاریکییەم تەسلیم کردەوە
بە ھەمووان دەڵێم من ئەوەتا لێرەم
وڵات تاریکە
ھەر ئەوەندەم بیر دێتەوە
دەستم لە تاریکی بەردا.


٢٩\٤\٢٠١٥
ماڵپەڕی عەبدولمتەلیب عەبدوڵا

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک