په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٧\٢٠١٦

  دەست لەکارکێشانەوەی ئەستێرەکان.

نەژاد عەزیز سورمێ

١
ئەو ژنەی
لە ڕەنووی ھزرە مایە پووچەکانەوە
کەوتووەتەوە ..
ئەو ژنەی
ڕەشەبای پۆشیوە و
شەڕی سپێدەدەمان ئاگردەدا و
چاو لە ئێوارە دادەگرێ....
ئەو ژنە حسابێک بۆ کەس ناکا
نە بۆ ھێزی ھاوپەیمانان،
نە ئەنجوومەنی حوکم...
بە نیلۆفەری چاوی ،
ھەموو ھۆیەکی ژیانی لەشار بڕیوە...
ئەستێرەی لە ئاسمان خانەگومان کردووە
دەستی پێ لە کار کێشاونەتەوە...

لە میوانداری مەرگدا
کە خوێندنەوەیەک نامێنێ ،
با خۆی ڕووت دەکاتەوە
چیاکان سەر لەبن گوێی یەکتر دەنێن...
ژنێک ڕەشەبا دەپۆشێ
سپێدەدەمان ئاگرد دەدا و
چاو لە ئێوارە دادەگرێ...
ئەستێرە ئیتر ھەڵنایێن...
دەست لەکاردەکێشنەوە.

٢
من خەونێکی دیکەم نەبوو
ئەو ئازیزانەی خۆشم ویستن
داخ کە پێیان نەزانیبوو
لەگەڵ دەست لەکارکێشانەوەی ئەستێرەکان
ونم کردن.

٣
لە خۆشەویستی دەپرسی
چۆن دێ و چۆن دەڕوا ؟!
بۆ ھاتنی خۆشەویستی ھۆیەک نییە
خۆشەویستی ھەمیشە دێ...

٤
شارم بە چۆلەواری ڕۆحم سپارد
سۆز و چاوەڕوانی و خەونی مناڵیم
بەم دەمودەستە
لەکوێ بێنمەوە؟
کە خۆم ئاگرم دەکردەوە و
خۆم سڕ ببووم...
ئەو چاوانەی
تریفەیان لە مانگ دەدزی و
باری (نوور)یان
لەبەر ئاستانەی خەراباتان لێ دەخست
ئەو چاوانە
نسێی خۆرئاوا بردنی....

٥
ئەستێرەکان
دەستیان لە کار کێشایەوە...
پێویستە چارەیەک بۆ ئاسمان بدۆزرێتەوە
لە میوانداری مەرگدا
خوێندنەوەیەک نامێنێ....


ئەیلوولی ٢٠٠٣
ماڵپەڕی نەژاد عەزیز سورمێ

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک