٢٢\٧\٢٠١٤
دەستپێشخەریی رەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک.
ھاوڵاتیانی کوردستان
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و رۆژنامەنووسان
حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان
بارودۆخی نوێی عێراق و گۆڕانکارییەکانی دوای ٩ حوزیرانی ٢٠١٤، کۆمەڵێک
پرسی ھێناوەتە پێشەوە، کە جێگای بایەخی ھەموو خەڵکی کوردستانن. یەکێک
لەمانە، پرسی سەربەخۆیی ھەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی
درەوەی ھەرێمە، بۆ ئەو مەبەستە پێکھێنانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی
ھەڵبژاردنەکان بووە بە یەکێک لە ئەولەویاتەکانی کاری پەرلەمانی
کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١١ وە پرۆژە یاساکە جێگای گفتوگۆبووە و
نەگەیشتۆتە ئەنجام.
ئەوەی جێگای سەرنجە، لەئێستادا پەرلەمانی کوردستان سەرقاڵی گفتوگۆیە
لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە بەبیانووی ئەوەی رەھەندی نیشتیمانی ھەیەو
بڕیارە رەشنووسی یاساکە بە تەوافوق و رێککەوتنی سیاسی فراکسیۆنەکان
بڕیاری لەسەر بدرێت.
رەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بە ئاشکرا ئەوە روون دەکاتەوە کە ئەو
یاسایانەی رەھەندی نیشتیمانیان ھەیە، دەبێت بەفروانی راوێژیان لەبارەوە
بکرێت لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان و بە تەواوی وشەی ئەو توافوقە
رەتدەکاتەوە کە جێگای (٥)
حیزبەکەی تێدا ببێتەوەو تەواوی گفتوگۆکان بە
ئاراستەی ئەوە بێت ئەم لایەنانە نوێنەری ناڕاستەوخۆیان ھەبێت لەنێو
دەستەکەدا، بەمەش بەتەواوی وشەی سەربەخۆی کۆمسیۆنەکە لەکەدار دەبێت و
ھیچ مانایەکی بۆ نامێنێتەوە.
لێرەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە پەرلەمانتارانی خولی چوارەم
بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و قانونی و مێژووییان لە ئەستۆدایە و پێویستە
خۆیان بە دوور بگرن لەبەرژەوەندی تەسکی
حیزبایەتی و گەمە بەچارەنووسی
سیاسی ئەم ھەرێمە نەکەن لەپێناو چەند پۆستێکدا، دوا لەسەرۆکی ھەرێمی
کوردستانیش دەکەین کە ئەم جۆرە یارییە ناشیرینە بووەستێنێت و رێگای
پێنەدات، چونکە دەستەیەک لەسەر بنەمای
حیزبایەتی و قۆرغکاری دابمەزرێت،
ھەر زوو دەکەوێتە بەر رەخنەی لایەنە جیاوازەکان و متمانەی خەڵک لەدەست
دەدات.
ئێمە تێبینی ئەوە دەکەین کە ھەنگاوەکانی داڕشتنی ئەم یاسایە لەلایەن
حیزبەکان، تەواو ھاوشێوەو دووبارە کردنەوەی ھەژموونی شکستخواردووی یاسای
کۆمسیۆنی عێراقەو ئێمەش پێویستیمان بەدووبارەکردنەوەی ئەم شکستە نییە.
وەکو دەستپێشخەریی رەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، پێمان وایە لەھەرێمی
کوردستان ئەگەر بمانەوێت دامەزراوەیەکی نیشتیمانی بەھێز دروست بکەین،
پێویستە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەین:
١- توانا و بەھرەی ئەکادیمی و زانستی ئەوتۆ ھەیە کە بتوانێ ئەم
دامەزراوەیە بەڕێوە ببەن بەشێوەیەکی پیشەگەرانە.
٢- کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان و راپرسی دەبێت بەتەواوی لە دەست تێوەردانی
حیزبی بپارێزێن و یاساکەشی زەمانەتی سەربەخۆیی بکات.
٣- پێویستە بازنەی بەشداری خەڵک فراوانتر بکرێت لەڕێگای پرس و راوێژ
لەگەڵ ناوەندە ئەکادیمییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی کە
ھاوبەشێکی سەرەکی سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەن.
٤- دەبێت یاساکە بەڕوونی زەمانەتی شەفافییەت و پیشەگەری ئەم دەستەیە
بکات و وەڵامدەرەوەی چارەسەری کۆمەڵێک گرفت بێت کە لە ئەزمونەکانی
رابردوو گرفتی گەورە بوون، لەوانە:(دواکەوتنی راگەیاندنی ئەنجامەکانی
ھەڵبژاردن، بەحیزبی کردنی کارمەندان، پشتبەستن بە تۆمارێکی پڕ لە کەم و
کوڕی کە جێگای متمانە نییە).
٥- کۆمسیۆن بە تەواوی دامەزراوەیەکی جێبەجێ کار بێت و بەھیج شێوەیەک
پەیوەندی بە یەکلایی کردنەوەی سکاڵا و تانە نەبێت و تەواو پشت بە
دەسەڵاتی دادوەری ببسترێت.
٦- بەمەبەستی دەوڵەمەندکردنی پڕۆژە یاساکە، پێویستە پەرلەمانی کوردستان
زنجیرەیەک دانیشتنی راوێژکاری لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان
ساز بکات پشت ئەستوور بەبڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (١٧٧٠) ساڵی
(٢٠٠٧) و، بڕیارەکانی دواتر وەکو بڕیاری (١٨٣٠ ساڵی ٢٠٠٨) و، بڕیاری
(١٨٨٣ ساڵی ٢٠٠٩) و، بڕیاری (١٩٣٦ ساڵی ٢٠١٠) و، بڕیاری (٢٠٠١ ساڵی
٢٠١١) و، بڕیاری (٢٠٦١ ساڵی ٢٠١٢) کە بە روونی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن
پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان یارمەتی عێراق بدەن لەڕێوڕەسمی سازکردنی
ھەڵبژاردن و راپرسیدا.
٧- نابێت یاساکە دەستەواژەی ناڕوون و لاستیکی لەخۆ بگرێت کە دواتر
دامەزراوەکە تووشی گرفت بکات وەکو ئەوەی لەمادەی (٧) بڕگەی دووەمی
پڕۆژەکەدا ھاتووە.
٨- دەبێت یاساکە جۆرێک لەجێگیری بۆ کۆمسیاران و بەڕێوەبەرەکان دابین
بکات، بەشێوەیەک نەکەونە بەر فشار و ھەڕەشەی لایەنەکانی پێشبڕکێی
ھەڵبژاردنەکان.
ھەر بۆیە دەستپێشخەریی رەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، بەردەوام دەبێت
لەھەوڵدان بۆ سازدانی چالاکی مەدەنی و ئاشتیخوازانە تاوەکو تەواوی
داخوازییەکانی خەڵک رێزیان لێ دەگیرێت و جێبەجێ دەکرێن.
دەستپێشخەریی رەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک
ھەولێر - پایتەختی ھەرێمی کوردستان
٢١\٧\٢٠١٤
|