په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٢\٢٠١٦

دەستپێشخەرییەکی گرنگ بۆ حکومەت!

تاهیر حەسەن     


ئێوە بەڕێزانی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و وەزیرە جۆراو جۆرەکان. هەموان ئاگاداری ئەو قەیرانە دارایەین کە نەک حکومەتەکەتان بەڵکو کۆمەڵگای تێکەوتوە و کۆی جومگە خزمەت گوزاری و ئیداری و پەروەردەییەکانی تێک شکاندوە. گەلی باشور قەرزاری ئێوە نەبوو،تا بەو دەردەی ببەن،بەڵکو ئەوە نیشانەی ڕێزو حورمەتی گەل بوو کە بەئێوەی بەخشی،بەڵام ڕاستی ئێوەو حیزبەکان فرە نمەک حەرام بوون و هیچ ڕێزێکتان نەبەخشیە ئەو ڕێزەی گەل پێیدان.


ئێستا،ئێوە هیچ متمانەیەکتان لای خەڵکی ئازادیخواز و هەژار کراو نەماوە،بەڵکو ئێوە لەچاوی گەلدا لەچەتەیەک و ڕێگرێک بەو لاوە نین. ئاخۆ لێرەدا دەتوانن چۆن یان بەکام ڕێگا متمانەی خۆتان بگەڕێننەوە؟ ئاخۆ لەڕێی سەرکوت و پەلاماری ئازادیخوازانەوە یان لەڕێی مەلاکان و درۆ کردنیان بۆ کۆمەڵگا یان لەڕێگاکانی ترەوە؟ ئاخۆ ئێوە هەست بەشەرمەزاری دەکەن،لەکاتێکدا پێشمەرگەی هەژار کراو ماڵ و منداڵی بەبرسێتی بەجێهێشتوە و لە بەرانبەر پیسترین و دڕندەترین جۆری ئیسلامی سیاسیدا دەجەنگێت کە داعشە؟ ئاخۆ بۆ ئامادەن بەری جەبهە بدەن بەپێشمەرگە بەڵام ئامادە نین خۆتان و کوڕەکانتان بچنە جێگاکانی پێشمەرگەو ژیان لەگەڵ ئەواندا بکەن؟ ئێوە کام جۆری ئیدارەتان بەکۆمەڵگا بەخشی؟ ئەرێ بیرێکتان لەوە کردۆتەوە هیچ مێژوویەک،هێندەی مێژووی چەتەی، بێڕێز نیە، لەنێو کایە سیاسیەکاندا؟ ئاخۆ خیانەت و کۆمەڵگا فرۆشتن هەر هێندەی دزی کردن و بەفیڕۆ دانی پاروی دەمی کۆمەڵگا نیە؟ کەواتە ئێوە هەم دزن و هەم کۆمەڵگا فرۆشن،لەبەرئەوەی کۆی داهاتی کۆمەڵگاتان بەفیڕۆ داوە و کۆی ژێر زەمینەکەیشیتان بەتورکیا فرۆشتوە بەبێ ئاگاداری کۆمەڵگا.


ئێستا لەهەموو کات زیاتر خەڵکی ئەو کۆمەڵگایە لەئێوە بێزارەو بەکۆی ئومێدەکانی،دەخوازێت چرکە ساتێک بێت و ئیتر تاهەتایە ئێوە و حیزبەکان نەبینێتەوە.


دەستپێشخەریەکەی من ئەوەیە،کە لەدەرەوەی ئێوە و لێژنە موفتە خۆرە حیزبیەکانتانەوە،خەڵکانێکی جوامێر و بەئەمەک لەدەرەوەی ئێوە هەیە و ئامادەیە بێتە نێو چارەسەر کردنی ئەوەی ناوی قەیران و نەبوونی پارەیە. گەر ئێوە دەخوازن بڕێک حورمەت و متمانە بۆخۆتان بگەڕێننەوە،بێن و داوایەکی وا بخەنە بەردەم کۆمەڵگا،جا ئەوکات ببینن،بزانن چەندین کەسایەتی بەڕاستی جوامێر هەیە کە ئامادەیە بێتە نێو لێژنەکانتان و کۆی داهاتەکان بەباشی بخرێتە ژێر چاودێری دەست پاکیەوە. لێژنەکانی ئێوە حیزبین و هەروەک ئەندامانی پەرلەمانی لێ هاتوە،کە هێندەی بۆ بەرژەوەندی حیزب کار دەکەن،هیچ کات ئامادە نەبوون لەپێناو بەرژەوەندی کۆمەڵگادا هەڵسوڕێن،بۆیە ئاستی لێوەشاوەییەکانیشیان هەر هێندەی باڵای حیزبەکانیانە.


من دەست پێشخەریەکی وادەکەم و پێتان نەنگی نەبێت،چونکە مرۆڤ کاتێک لەبەردەم هەیمەنەی پارەدا بچوک دەبێتەوە،ئیتر ئاسان نیە کە هەیبەتی خۆی بەدۆڕاندا نەدات،جا ئێستا حکومەتەکەی ئێوە و حیزبەکانتان،ئەو هەیبەتەی خۆی دۆڕاند لەبەرانبەر هەیبەتی پارەدا،بۆیە لەکاتێکی واشدا هەستانەوە ئاسان نیە تا بتوانرێت جوامێری وەدەست بخرێتەوە. ئێستا کۆمەڵگا لە هەلومەرجێکی دژواردایە و ڕۆژانە ئاستی بێزاریەکانی زیاتر و زیاتر دەبێت،ئەو کارەیش هەروا ناتوانێت درێژە بکێشێت، چونکە حوکمی مێژوو وایە کە لەچرکە ساتێکدا وەک لرفەی دەریا هەموو بەردەمی خۆی ڕادەماڵێت.


من وەک کەسێکی سادە ئەو پێشنیارە دەخەمە بەردەمتان و بێن بەدەمیەوە گەر دەتانەوێت چارەسەرێکی دروست وەدەست بخرێت.


من دەمەوێت پێتان بڵێم؛تا ئێستا چی فرۆشی نەوت هەیە لەگەڵ وەر گرتنی باج و گومرکدا، چوەتە نێو دەستی حیزب و حکومەتەوە،کە خۆشتان باش دەزانن،ئەو دوو لایەنە چ بێحورمەتیەکیان بەسەر ئیرادەی کۆمەڵگادا هێناوە، بۆیە داوا کاریەکەم بەهەند وەرگرن و بالەنێو ئەو جومگە هەستیارانەدا هەمیشە لێژنەیەکی بێ لایەن بوونی هەبێت،تا چیتر فەسای و دزیەکان ئاوا سەری خۆتان و کۆمەڵگاش نەخوات.


٣\٢\٢٠١٦
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن

 


 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک