٢٩\٧\٢٠١٥
دەستووری مەدەنی
چاوڕاوێکی تری ئیسلامیزم*
لە خەڵکی.

حەسەنی ئایشێ
هێشتا دەوڵەتی عێراق بە رەسمی هەڵنەوەشاوەتەوە، هەرێمی کوردستان
دەستوورەکەیی وەک میراتییەک برد بۆ خۆی. رەنگە حیکمەتی بردنی ئەم
دەستوورە پڕ ناکۆکی و دژیەکییەی ئەو وڵاتە فاشیلە، کە سەرکردەکانی
هەرێم بە نەنگی دەزانن لەگەڵیدا بەراوردی بکەن، لەوەدا بێت کە ئەم
دەستوورە هەر لەم هەرێمە قەیراناوییە جوان بێت و لێی بێت، ئاخر ئەگەر
وا نەبێت ئەی چۆن ئەو پەندە کوردییەی بەسەردا جێبەجێ ببێت کە دەڵێت ماڵ
لە خۆیدا نەبوو میوانیش رووی تێ کرد؟
سەرباری ئەو قەیران و کێشە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییانەی کە لە
هەرێمدا سنگیان داکوتاوە، قسە و باس و مشتومڕێکی زۆریش لەسەر پرسی
دەستوور دروست بووە بە تایبەت لەسەر ناوەڕۆکی دەستوورەکە کە داخۆ
عەلمانی بێت یا ئیسلامی.
لە بەرامبەردا ئەندامانی لیژنە دەستوورییەکە و ئیسلامیستەکان، چەمکی
دەستووری مەدەنییان هێناوەتە ئاراوە. ئەمەش ئەگەر لە رواڵەتدا بۆ
نیشاندانی نیازی سازانچێتی بێت لە نێوان ئاراستە جیاوازەکاندا. بەڵام
لە ناوەڕۆکدا مەبەستی شاردنەوەی نیازێکی شمولییە کە دەیەوێت شوناسێکی
ئیسلامیی بەسەر کۆمەڵگە و پێکهاتەکانیدا بسەپێنێت.
واتە چەمکی دەستووری مەدەنی بە مەبەستی چاوبەستەکی لە هاوڵاتییان بەکار
دەهێنن. چونکە لە لایەکەوە ئەم چەمکە زیاتر لە لایەن گروپە
ئیسلامییەکانی وڵاتانی (بەهاری عەرەبییەوە) بەکارهێنران، بە تایبەت
تونس و میسر، کە تا دوا ساتەکانی رووخانی رژێمەکان بێهەڵوێست بوون و
پاشان بە پارە و پولی قەتەر و وڵاتانی کەنداو سواری ملی شۆڕش بوون.
بۆیە هێنانە ئارای چەمکی دەستووری مەدەنی لەلایەن ئەم گروپانەوە بۆ
چەواشەکردنی رای گشتی و هێزە عەلمانی و پێکهاتە ئاینییەکانی دیکە بوون.
لە لایەکی تریشەوە چەمکی دەستووری مەدەنی ئەوەندە نا روون و لێڵە کە
زیاتر لە مەتەڵێك دەچێت وەک لە چەمکێکی کۆنکرێتی ناو دەستوور.
بۆ نموونە ناکرێت مەبەست لە (مەدەنی) شاریبوون بێت، چونکە بەم مانایە
لادێ و شوێنەکانی دیکەی دەرەوەی شار لە دەرەوەی دەسەڵآتی دەستوور دەبن.
خۆ ئەگەر مەبەستیش لە دەستووری مەدەنی، دەستوورێکی پێشکەوتووە،وەک
عەدنان عوسمان لە وتارێکیدا ئاماژەی پێ دەکات، ئەوا دەکرێت بپرسین
پێشکەوتن لە بەرامبەر چ دواکەوتنێکدا؟ پاشان پێوەرەکانی پێشکەوتن و
دواکەوتن بەپێی ئەم تێڕوانینە چین؟ یا تۆ بڵێ مەبەست لە دەستووری
مەدەنی دەستووری (مەدینە)یە، بەڵام بە هەندێک دەستکارییەوە. چونکە
ناکرێت مەبەستی ئیسلامییەکان لەم چەمکە تێگەیشتنە گرامشییەکەی بێت.
بەپێی هەندێک پێناسە کە لە دوای شۆڕشەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ چەمکی
دەوڵەتی مەدەنی کراوە ئەوەیە کە :" کۆمەڵێک خواست و ئامانجی
پەیوەندیدار بە مافی هاوڵاتیبوونی یەکسان، دیموکراسی، ئازادییەکان و
مافی مرۆڤ و خواستگەلی تر بەدی دەهێنێت کە بۆ پێشکەوتن و پەرەپێدانی
گەلانی عەرەبی پێوستن، یاساکانیشی لە شەریعەتی ئیسلامەوە دەردەکێشرێت."(١)
هەر بۆیە ئەم دەستوورە مەدەنییە هێندەی لە دەستووری دەوڵەتە ئیسلامییە
تەقلیدییەکانەوە نزیکە، ئەوەندە لە دەوڵەتێکی مۆدێرنەوە نزیک نییە.
پاساوەکەی چییە؟
پاساوی ئیسلامیستەکان و تیۆریسێنەکانیان بۆ ئەم دەستوورە ئیسلامییە
ئەوەیە کە دەستووری مەدەنی رێز لە ئایینی زۆرینەی کۆمەڵگە دەگرێت.
عەدنان عوسمان ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور لە وتارێکیدا لە ژێر
ناونیشانی " ئەم دەستورە دان بە هەموو مافە یەکسانخوازەکان دەنێت، هیچ
جیاکاریەک لە نێوان رەگەزی نێر و مێ ناهێڵێت لە هیچ پرس و بابەتێکدا،
جیاکاری بە ناوی ئاین و مەزهەب و رەگەز و نەتەوەو ....ناهێڵێت. مافە
مەدەنیەکانی هاوڵاتیان دابین دەکات. واتە بناغە بۆ دەستورێکی مەدەنی
پێشکەوتوو دادەنێت. مافی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەیەکانی تر بە تەواوی
دابین دەکات و ،رێگە بەهیچ جیاکاریەک لە نێوانیاندا نادات."(٢)
ئەرێ هەر بەڕاست ئەوە ئەو دەستوورە مەدەنییەیە کە جیاکاری نێوان
ئایینەکان ناهێڵێت یا دەستوورێکی عەلمانییە؟ دیارە کاک عەدنان وەک
هاوڵاتییەکی سەر بە پێکهاتەی زۆرینەی موسڵمانان بیر دەکاتەوە، بۆیە
سەپاندنی بە پیرۆزراگرتنی مانگی رەمەزان بەسەر پێکهاتەی کەمینەی نا
موسڵمانان لە مەسیحی ، کاکەیی ، یەزیدی ، بەهائی، بێدینەکان و خوێندنی
وانەی ئایینی ئیسلام لە پەروەردەدا بە مافێکی سروشتی و ئیمتازێکی
ئایینی خۆیی دەزانێت نەک جیاکاری، بۆیە ئەوە بە جیاکاری نازانێت. دەنا
هەر بە پێی ئەو دەستوورە مەدەنییە پێشکەوتووەی کە ئەو باسی دەکات و
ئایینی ئیسلام و سەوابیتەکانی یەکێک دەبن لە سەرچاوەکانی یاساکانی،
چەندین جیاکاری و پێشێلکاری دەرهەق بە ماف و ئازادیی ئەو گروپانە دروست
دەبێت کە پێشتر ناوم بردن. پاشان ئەم دەستوورە چۆن جیاکاری نێوان نێر و
مێ ناهێڵێت؟ ئایا دەکرێت یاسایەکی باری کەسێتی دەربکرێت کە یەکسانیی
دابین بکات و لە هەمان کاتیشدا ناکۆک نەبێت لەگەڵ نەگۆڕەکانی ئیسلام لە
پەیوەند بە پێگەی ژنانەوە؟
(ئەبوبەکر عەلی)ش کادری یەکگرتووی ئیسلامی، بەرقەراربوونی ئاشتی
کۆمەڵایەتی دەبەستێتەوە بە هێشتنەوەی ئایین لە دەستووردا لە پەیجەکەی
خۆیدا بە زمانێکی هەڕەشەئامێزەوە دەنووسێت دەستووری عەلمانی:" به
زیانی دیموكراسی و سازان و به یهكهوه ژیانی ئاشتیخوازانه تهواو
دهبێت". تەنانەت بەرگری ئەو لە مانەوەی ئیسلام بە خاتری دینەکە خۆی
نییە، بەڵکو بە خاتری مانەوەی هێزە ئیسلامییەکانە لە ناو کایەی
سیاسەتدا، هەر بۆیە دەیەوێت دەستووری عەلمانی بە جەماوەر و لایەنگرانی
ئەو گروپانە بترسێنێت "گوێ نهدان به بوونی تهوژمێكی ئیسلامی كه له
وڵاتهكهدا ئامادهیی ههیه . ئهوهش لهگهڵ كاردانهوهی جهماوهری
توندا ڕوبهڕوو دهبێتهوه". لەبەرئەوەی ئەو پێیوایە دەستووری عەلمانی
ئیسلام دەکاتە دەرەوە و دەیسڕێتەوە " بیر مهكهنهوه ، ئیسلام بكهنه
دهرهوهی فهزای گشتی ، چونكه پێش ئێوه زۆر كهس وای كردوو ، له
جیاتی دیموكراسی دكتاتۆریهت و خوێن و گهندهڵیان لهگهڵ خۆیان هێنا".
پاشان دیموکراسییەت و ئامادە بوونی ئایدۆلۆژی ئیسلام و ئیسلامییەکان
لەگەڵ یەکدا تێکەڵ دەکات و دیموکراسییەت لە جمکەکەی خۆی ، واتە
عەلمانییەت، دادەبڕێت " ههوڵبدهن ئامادهبوونی ئیسلام و ئایدۆلۆژیا و
تهوژمی ئیسلامی نوێ له فهزای گشتیدا ئامادهییهكی دیموكراسیانه و
ئاشتیخوازانه بێت . بهدهر لهوه پاساو دهدهن بههێز گهلێك له
دهرهوهی ڕهوایهتی دهوڵهت و سیستمهوه خاوهندارێتی سیاسی له
ئیسلام بكهن و ئیسلامێكی ناسنامه گهرای جهنگاوهریشمان بۆ پهره
پێ دهدهن . دهستپێكردن له عهلمانیهتی و ئیسلام بوونهوه ، ئاشتی
كۆمهڵایهتی و دیموكراسی دهخاته مهترسی یهوه". ئەگەر تۆقاندن
پاساوێک بێت بۆ دانانی شەریعەت و سەوابیتەکانی ئیسلام لە دەستووردا،
ئەوا بە دیوەکەی تردا دەتوانین بڵێین هەوڵەکانی ئیسلامییەکان بۆ
چەسپاندنی شەریعەت لە دەستوردا دەربڕی تۆقینیانە لە عەلمانییەت، بەو
مانایەی یەکەمین دەستکەوتی عەلمانییەت کۆتاییهێنان دەبێت بە بەم
بازرگانانەی سیاسەت بە ناوی ئایینەوە. کپکردنی دەنگی ئەو بانگخوزانە
دەبێت کە لە لایەکەوە هانی توندوتیژیی ئایینی دەدەن و لە لایەکی
تریشەوە هێزی مرۆیی بۆ گروپە ئیسلامییەکان بەرهەم دەهێنن. ئازادکردنی
عەقڵی تاک و بیری رەخنەگرانە دەبێت و ... هتد.
بە کورتییەکەی لایەنگرانی دەستووری مەدەنی پێیانوایە کە دەستووری
عەلمانی، ئیسلام دەکاتە دەرەوە، بۆیە پێویستی بە سازانە. ئەمەش فێڵێکی
تر و چەواشەکردنێکی تری رای گشتییە، چونکە:
یەکەم: لە هیچ دەستوورێکی عێراقیدا لە یەکەم دەستووری ساڵی ١٩٢٥ ەوە
هەتا دەستووری کۆماریی دووەم، واتە ساڵی ١٩٦٤ لەسەردەمی عەبدولسەلام
عارفدا، ئاماژە بەسەرچاوەی یاسادانان ناکات. واتە ئایینی ئیسلامی
نەکردووەتە سەرچاوەی یاسادانان. لەگەڵ ئەوەشدا نە ئیسلام کرایە دەرەوەی
کۆمەڵگە و نەخەڵکیش بێ دین بوون(٣).
دووەم: لە بنەڕەتدا دەستوور بۆ رێکخستنی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و
هاوڵاتییان، پەیوەندی نێوان دەسەڵاتەکان، رێکخستنی ماف و ئەرکەکانە،
نەک تێ ترنجاندنی سەوابتی ئایینی و شەریعەت. خۆ ئەگەر دەستوورە
عەلمانییەکانی وڵاتانی ئەوروپا مەسیحییەتی کردبایە دەرەوە، ئەوا دەبوو
مەسیحییەکان کیشوەرێک ئەولاتر رۆیشتبان. لە کاتێکدا ئەمە رێک
پێچەوانەکەی راستە، ئەوە دەستووری مەسیحییەت بوو کە لەگەڵ نەیارەکانیدا
لە زانایان، هونەرمەندان، فەیلەسوفان و تەنانە ریفۆرمیستە
مەسیحییەکاندا هەڵی نەدەکرد و پاشان شەڕێکی سی ساڵەی لە نێوان کاسۆلیک
و پرۆتستانتدا هەڵگیرساند. ئەوە لە دەستووری وڵاتانی ئیسلامیدایە کە
مەزهەبی ئیسلامیی باڵادەست پاکتاوی مەزهەبەکەی تر دەکات. ئەوە لە سایەی
زاڵبوونی شەریعەتدایە کە مەسیحی و یەزیدییەکان راوەدوو دەنرێن و لە
وڵاتی خۆیاندا جێیان نابێتەوە. ئەوە دەستگرتنە بە سەوابتەکانی
ئیسلامەوە کە نەسر حامید ئەبو زێد، تەسلیمە نەسرین و مەریوان هەڵەبجەیی
و رائیف بەدەوی دەکاتە دەرەوەی کۆمەڵگە و مافی هاوڵاتیبوونیان لێ
دەسەنێتەوە. لێرەدا لەگەڵ ئەبو عەلای مەعەڕیدا دەڵێین:
جلو صارماً وتلوا باطلاً
وقالوا: صدقنا؟.. فقلنا نعم!
واتە: توندوتیژانە دەرکەوتن، قسەی پوچیان خوێندەوە
وتیشیان: راستمان کرد؟ گوتمان ئەرێ!
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین دەستوورێکی مەدەنی کە ئاینی ئیسلام
سەرچاوەیەکی یاسادانانەکەی بێت و سەوابیتی ئاینی ئیسلامی لە خۆیدا جێ
کردبێتەوە، نەک هەر جیاکاریی ئاینی لەناو نابات. بەڵکو ئەو جیاکارییە
لە دەستووردا دەچەسپێنێت. موسڵمانان دەکاتە پلە یەک و ئایینەکانی تر بە
پلە دوو و بێباوەڕەکانیش بە پلەکانی خوارەوە. ئایینی ئیسلام لە ناو
فەزای گشتیدا تۆختر دەکاتەوە. واتە هیچ دابڕانێکی ریشەیی لەگەڵ سیستمی
یاسایی، سیستمی پەروەردەیی و فەلسەفەی مافەکاندا بەدی ناهینێت و بگرە
وەک خۆی دەیانهێڵێتەوە. کاتێک ئیسلام سەرچاوەیەکی یاسادانان دەبێت،
واتە ئامادەبوونێکی بەردەوامی سیستمی فەتوا لە نێو کایەکانی زانست،
ئەدەب و هونەر، ئازادییەکانی تاک و ... هتد. دیموکراسییەت و عەلمانییەت،
نەک دەستووری مەدەنی، تەواوکەری یەکترن . ئەم دەستوورە مەدەنییە نەک
پەرە بە کەلتووری دیموکراسی و چەسپاندنی نادات، بەڵکو دواجار سیستمێکی
سیاسی هاوشێوەی سیستمە سیاسییە ستەمکارەکانی وڵاتانی ناوچەکەمان بۆ
دروست دەکات.
____________________________
سەرچاوە و پەراوێز:
*
مەبەست لە بەکارهێنانی وشەی ئیسلامیزم و ئیسلامیست بە تەنها گروپە
ئیسلامییەکان نییە بەڵکو ئەم چەمکە بزووتنەوەی گۆڕان و ئاراستە
ئیسلامییەکانی ناو پارتی و یەکێتی و تەنانەت هەندێک لەو رۆشنبیر و
نووسەر و ئەکادیمییانەیش دەگرێتەوە کە پشی پشی بۆ ئیسلامییەکان دەکەن.
١. ما
الفرق بين الدولة العلمانية والدولة المدنية؟ بقلم أ. د. حبيب عبد الرب
سروري
http://www.vb.alrakoba.net/zbnjzs-zbzg-21/gz-zbesu-ind-zbpjbi-zbbgzdni-jzbpjbi-zbgpdni-144956
٢. عەدنان
عوسمان" ئێمە و پرسی ئایین لە دستووری کوردساندا"
http://skurd.net/index.php/2014-07-26-14-58-58/2651-2015-07
-12-08-41-01
٣. الدين
والدولة في الصراع على دستور العراق فالح عبد الجبار
http://almadapaper.net/sub/08-471/p18.htm
ماڵپهڕی
حەسەنی ئایشێ
|