٨\٧\٢٠١٩ دەڤەرێکی شەکەت و ھەوارێکی لێڵ.
ئارام ئازاد
شتگەلێکی زۆرمان بیست و کەممان دیت ئەوەی لەو ھەوارەش دەگوزەرێ وەک ھەبوو و نەبووی دەستپێکی چیرۆکەکانی منداڵیە لە قسەکردندا ھەبووە و لە لە عەمەلدا نەبووە، بنیادنانی دیموکراتیەت لەسەر ئەساسی فێڵ و چەواشەکردن ئەزموون لەناو دەبات ،تەنھا لەو پێناوەی ناوی بنەماڵەیەک یا شێخێک یا ئاغایەک لە حوکم دا بمێنێ ئەوە ناگەیەنێ بێن بەو دیوە جوانەی کە ئەمرۆی دیموکراسیەتی تێدا بەرجەستە دەکرێ لە دنیادا پیشانی کۆمەڵانی خەڵکی بدرێ و کۆمەڵێک ھیوا لە دڵیان بچێنرێ و تا بەرەنگاری دواھەمین ڕۆژی ژیانیان دەبنەوە بەو ھیوایەوە ژیابن، لە میسر کاتێک شۆرش لەسەر دەستی (محەمەد نەجیب) و (جەمال عەبدولناسر) و ھاوڕێکانیان دەستی پێکرد دروشمێکی زیرەکانەیان پەیڕەو کرد کە زۆر ئامانجیان پێی پێکا (الدین للە و الوطن للجمیع) باوەڕداری بۆ خودا و نیشتیمان بۆ ھەمووان بە پێی ئەو دروشمە ھەموو کەسێک دەیتوانی ببێتە سەرۆک نەک تەنھا نوخبەیەکی پیاوانی ئایینی و لە ھەمان کاتدا سیمای سەرۆک تا ڕاگەیاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردن یا بزوتنەوەیەکی کودەتایی تر دیار نەبوو کێشەی ئەمڕۆ ئەوەیە سیستەمی بەڕێوەبردن نە شۆڕشگێڕیە چونکە دەمێکە شۆڕش کۆتایی ھاتووە و نە لە بەرژەوەندی چینی کرێکارە و نە سەرمایەداری بنیادنەرانە و بزنسە، بەڵکو تێکەڵەیەکە کە پێم وایە ئەو کەسەی حوکمیش دەکا خودی خۆی لێی تێناگا ئەوە لەلایەک و سەرۆکی بیست ساڵی داھاتووش کە وەک ڕوونی و ئاشکرایی خۆر لە ئاسمان دیارە کە لە کێ و کێ تێپەڕ ناکا.
دەتوانرێ لە قالبێکدا وێنای ئەم حەقیقەتە بکەین کە تۆ گرنگیت تا ئەو کاتەی داوای مافی گرنگ بوونی خۆت دەکەی دوای ئەوە چی تر گرنگ نامێنیت و نابیت ھەر لەم دیوەدا ھەندێک کەس و چین و بابەت گوزارشت لە ھەموو شتێک دەکەن و لە ھەمان کاتدا گوزارشت لە ھیچیش دەکەن بۆ نمونە ژینگەپارێزێکی وڵات، ئەوەی کە ئەم و ئەو پیسی دەکەن، ئەو پاکی دەکاتەوە لە ھەمان کاتدا کە ھاتینە سەر مەسەلەی ئیستحقاقی ماددی لە دواوەی دواوەیە و سفرێکی سادەیە لای ئەوان.دەبێ مرۆڤ ئیمکانیەتی ئەوەی ھەبێ کە بلێ (نا)، ئەوان وشەی نا یان لا گرانە و گەر بە دەستیان بوایە ھەر بە جارێک دەیانسریەوە چونکە ئەو وشەیە ئەو پەڕی کڕۆکی ناڕەزایەتی نیشان دەدا ئەوە وەک ژیانی ژەنیارێک دێتە پێش چاو کە ژەنینەکەی لەگەڵ ھەموو ئەو ئازار و نەھامەتیانە یەکدەگرنەوە کە لە ژیانی دا چەشتویەتی و ویستویەتی بە ژەنین حەقی ئازار و ناخۆشیەکان بکاتەوە و دەتوانرێ بە ئاسانی ھەست بە ڕووداوەکانی ژیانی ئەو کەسە بکرێ لە ڕێگەی ژەنینەکەی لە ھەمان کاتدا ئەو ژەنینە پەیامێکی زۆر سادەتری ژەنیار دەگەیەنێ ئەویش ئەوەیە کە منیش مرۆڤم و ڕا و بۆچونم ھەیە و ژمارەم لەم دەڤەرە بۆیە قبوڵی ناکات کە کەسێک بێ و ھەوڵی دەست بەسەرداگرتنی ئامێری ژەنینەکەی دا بگرێ چونکە تاکە ڕێگەی گەیاندنی پەیامی ژەنیارە بۆ بەرامبەر.
کاربەدەستی ژیری گەندەڵ ترسناکترینە چونکە ھەمیشە نوقسانی لە شتێکی پێرفێکت دەھێلێتەوە و بە بۆشایی نەگونجاو پڕی دەکاتەوە کە ئەو بۆشاییە کەسێکی بێ ئاگا لاوازە بۆ ئەوەی کار لەسەر ئەم بەشە نوقسانە بکا و دەنگ و سەدای ڕەخنەگرانی بەشە نوقسانەکەش بەدەست بھێنێ و لە بەرژەوەندی خۆی یەکلای بکاتەوە ، ئەمە بەشێکە لە فەلسەفەی ژیریکە بەھرەیە و پێویستی بە مێشکی کارامە ھەیە ، وەرن سەیری دەوروبەر بکەین و بزانین لە واقعی ئەمرۆ ئەوە بەرجەستەیە یا نا؟ ڕۆژانە ناوی کەسانێک دەبیستین کە بونەتە دەمڕاستی خەڵکی ناڕازی لە ھەمان کاتدا کەمێ دورتر سەیری ڕابردوو بکە بۆت دەردەکەوێ ئەوەی لە بیر و ھزری دا نەبووە خەڵک و موعاناتی خەڵک بووە ، بۆیە پێویستە ھەموو تاکێک پرسیاری ئەوەی لەلا گەڵاڵە ببێت کە بۆچی فڵان کەس لەو فەترە زەمەنیە کورتەدا ئەوەندە بووە بە مشورخۆری گەل؟ دونیا لە دەقەیەک دا ئاوەژو نابێتەوە بەڵام بیروڕای فیسار کەس ئاوەژو بویەوە بۆچی؟ دەکرێ وەڵامی ئەوانە و چەندان پرسیاری تر ئەم دەڤەرە لە شەکەتی و ئەو لێڵی و ئەو قەیرانە فیکریەیە تێی کەوتووە دەربھێنێ و بەرگێکی تازەی پڕ زانیاریی بکاتە بەر.
|