١٢\٥\٢٠١٠
دەوڵەتی عێراق یان
لقێک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران؟!
زانا هەورامی
ئەوەی لە عێراق روو دەدات لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی مەلاکان جیا نیە.
بەڵگەی ئەم راستیەش، کارنامەی دەوڵەتی نوری مالیکیە لە ماوەی چوار ساڵی
رابردوودا. لەگەڵ ئەوەشدا، روووداوەکانی ئەم چەند مانگەی رابردووی
عێراق. ئەوەی دیارە و گومان هەڵناگرێت، ئەم راستیەیە کە مالیکی لەم
ماوەیەدا بە ئەجیندای ئێران کاری کردووە هەرچەند لە ژێر سایەی
ئەمریکادا، کەوتە سەر گەنج و دەسەڵات.
ئێران لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، دەستی کراوەی هەبووە لە تیرۆر و
کوشتاری نەیاران، سەرکوتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، تۆپبارانکردنی ناوچە
سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی
عێراق، هاتوچۆکردن بۆ عێراق و بلۆکەکردنی هەڵبژاردنەکان و ... تاد.
ئەمانەش بە بێ هاوکاریکردنی دەوڵەتی عێراق نەدەکرا و نەکراوە. هەر بۆیە
پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی نوری مالیکی و حکومەتی ئێران، بیرهێنەرەوەی
پەیوەندیی نێوان دوو دیکتاتۆرە مێژویییەکەی جەنگی دووهەمی جیهانیە،
واتا موسولینی و هیتلەر.
نوری مالیکی لە بەرانبەر زۆرێک تاوانەکانی ئێران لە عێراق بێدەنگ بوو.
لە زۆرێک تاوانی دێ، رێخۆشکەر بوو. لە زۆر نمونەی دیکەشدا، هاوکار و
هاوهەنگاو بوو. لە کاتێکدا لە بەرانبەر نەیارانی خۆیدا زۆر دڕ بوو. هەر
بۆیە ئەو گومانە نەماوە کە دەولەتی مالیکی هاوتەریبی ئێرانە و تەنانەت
زۆرێک لە خەڵک و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیەکان، بە بەشێک لە حکومەتی تارانی
دادەنێن.
هەڵبەت خزمەتکردنەکانی مالیکی بۆ رژێمی ئێران بێ بەرانبەر نەبوو. ئێران
لە هەموو قۆناغەکاندا و لە هەموو ئان و ساتەکانی ئەم چوارساڵەدا، یار و
یاوەری مالیکی بووە.
ئێران، کوردی باشووری بە تۆپبارانکردن و هەڕەشەکردن لە لایەک و کاری
بازرگانی و ئابووری لە لایەکی دی بێدەنگ کردووە تا دەنگ هەڵنەبڕن و
دژایەتی ئێران و مالیکی نەکەن و بە «وادەی سەر خەرمان»یش بیانکاتە
هاوپەیمانی ئیتیلافی مالیکی و حەکیم. لە ئاستی عێراقیشدا، بە تەقینەوە
و کاری تیرۆر لە لایەک و بەڕێخستنی جۆرەها پێکهاتەی ئیداری و حکومەتی و
یاسایی، کەش و هەوا لە بار بکات بۆ دەوڵەتی نوری مالیکی و مانەوەی لە
سەر دەسەڵات بۆ ساڵانی داهاتوو. هەر بۆیە ناڕاست نیە کە بەڵًێین
دەوڵەتی نوری مالیکی، بەشێک بووە لە حکومەتی ویلایەتی فەقێهی ئێران. بە
هەندێک وردە تایبەتمەندیی خۆیەوە.
مەلاکانی دەسەڵاتدار لە ئێران خاوەن ئەزموونی زۆرن لە سەرکوتکردنی
نەیاران و نەهێشتنی دیموکراتیەت و ئازادیخوازی. لە بەرپاکردنی زیندان و
ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکرنی نەیاران. لە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکان و
بە تایبەتی لە بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتی بۆ مەبەستی سیاسی و
لەخشتەبردنی لایەنەکانی بەرانبەر.
ئەوەی جێی داخە و زۆریش دڵتەزێن، پیادەکردنی ئەم ئەزموونانەیە لە
عێراقی نوێدا.بە جۆرێک کە ئێستا کەس گومانی لەوەدا نیە داگیرکەری
راستەقینەی عێراق، رژێمی ئێران بووە و هەر دێت و زیاتر دەست دەخاتە
بینەقاقای ئەم وڵاتە و گەر بتوانێت بۆ ماوەی چوار ساڵی دی باڵادەست
بمێنێتەوە لە عێراق، بێگومان «موسولینی»یەکی دیکەمان لێ قوت دەبێتەوە و
ئەم وڵاتە دەبێتە گۆمی خوێن!
لەم بابەتەدا ناچینە سەر زۆرێک هەڵە و تاوانی دەوڵەتانی رۆژئاوا و بە
تایبەتی ئەمریکا کە هەر کامەیان خزمەتێکی گەورەی کردووە بە
هاتنەپێشەوەی رژێمی ئێران.
لە کاتێکدا بۆ ماوەی چەند مانگە رژێمی ئێران زۆر قێزەونانە کار بۆ ئەوە
دەکات کە بە پێشێلکردنی هەموو پرەنسیبە مرۆیی و ئەخلافی و سیاسیەکان،
پرۆسەی سیاسی لە عێراق تووشی شکست بکات و بە ساختەکاری و شێوازی
ناشیرین، نوری مالیکی و مۆرەکانی خۆی بخاتەوە سەر دەسەڵات بۆ ماوەی
چوار ساڵی دی و لە کاتێکدا چارەنووسی عێراق و عێراقیەکان لە ژێر
هەڕەشەی حکومەتی ئێراندایە و مەلاکانی دەسەڵاتدار لە ئێران تۆقاون لە
هاتنە سەر کاری حکومەتێکی سکۆلار و عەلمانی و دیمۆکراتی و سەربەخۆ، لەم
دواییانەدا ئاژانس و میدیاکانی جیهان پەردەیان لادا لە سەر یەکێک لە
زیندانە نهێنییەکانی دەوڵەتی نوری مالیکی.
روونە هەموو دەوڵەتانی جیهان خاوەن زیندانن و ئەمەش شتێکی سروشتیە.
وەلێ ئەوەی لە ناو زیندان روو دەدات سیما و ناوەڕۆکی دەوڵەت دەردەخات.
رەوشی زیندان و زیندانی لە وڵاتێکدا، یەکێًکە لە پێوەرەکان بۆ
هەڵسەنگاندنی دەوڵەت و پێناسەکردنی.
دیکتاتۆرەکان، خاوە «زیندانی نهێنی»ن و «ئەشکەنجە» زمان و شێوازی
مامەڵەکردنیانە لەگەڵ زیندانی. وەک ئەوەی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی
مەلاکاندا هەیە. کەوایە هەبوونی زیندانی نهێنی و ئەشکەنجە، دەرخەری
هەبوونی دیکتاتۆر و دیکتاتۆرییەتە لە وڵاتێًکدا.
لە عێراقی ئێستادا کە ناونراوە «عێراقی نوێ» هەبوونی دیکتاتۆر و
دیکتاتۆرییەت دوو شتی چاوەڕواننەکراو بوون. بە زاڵبوونی رژێمی ئێران بە
سەر دەسەڵاتی عێراقدا، زیندانە نهێنیەکان وردەوردە بە شاراوەیی سەریان
هەڵدا و زۆر بە خێرایی پەرەیان سەند. دیزاینەر و پێشخەری ئەمجۆرە
زیندانانە لە ئەستۆی پیاوانی وەزارەتی ئیتڵًاعاتی ئێران بوون.
تەواوکەری ئەم پرۆژەیە، دیاردەی رفاندنی خەڵک بوو کە لە عێراق سەری
هەڵدا و ژماری زیندانە نهێنیەکان و رفاندنی خەڵک پەرەی سەند و هەموو
شوێنەکانی عێراقی گرتەوە. لەم چەند ساڵەی رابردوودا، ژمارێکی زۆر لە
نەیارانی رژێمی ئێًران و بۆ نموونە دوو پەنابەری ئێرانی بە ناوی (حسێن
پویان) و (محەمەدعەلی زاهیدی) لە ساڵی 2005 رفێندران و بە پێی
زانیارییەکان، ژمارێک لە رفێندراوان گواستراونەتەوە بۆ زیندانەکانی
ئێران.
دەسەڵاتدارانی تاران خاوەن ئەزموونی فراوانن لەمەڕ رفاندن خەڵک و
ئەشکەنجە و کوشتار و بەرپاکردنی زیندانی نهێنی. ئەوان هەتاکو ئێستا
سەدان هەزار کەس لە نەیارانی خۆیان بەمجۆڕە گرتووە و رفاندووە و پاش
ئەشکەنجەدان، ژمارێکی زۆریان ئیعدام کردووە کە نموونەی هەرە بەرجەستە،
کوشتاری زیاتر لە 30 هەزار زیندانیی سیاسی بوو لە ماوەی کەمتر لە دوو
مانگ و لە هاوینی ساڵی 1988 و دواترینیان، لە سێًدارەدانی 5 زیندانیی
سیاسی: فەرزاد کەمانگەر، شیرین عەلەم هولی، عەلی حەیدەریان، فەرهاد
وەکیلی و مەهدی سەلامییان، دوای 4 ساڵ ئەشکەنجە لە زیندانی ئێوین.
باوەڕ ناکەم تیرۆرکردنی رۆژنامەنووس «سەردەشت عوسمان» لە هەرێمی
کوردستانیش لەوەبەدەر بێت!
لە ناو زیندانە نهێنییەکاندا، لە مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانی هیچ
پێوەرێکی مرۆیی پێڕەو ناکرێت و ئەم کارە «حەد» هەڵناگرێت. گواستنەوە بۆ
ناو زیندانە نهێنییەکان مانای ئەشکەنجە و بێسەروشوێنکردنە. ئەشکەنجە و
جۆرەکانی، هەڵقوڵاوی مێًشک و خواستی پیاوانی حکومەتە. بە وتەی شایەت
حاڵًان، پیاوانی ئیتڵاعاتی ئێران هەڵسوڕێنەری ئەم زیندانانەن و لە
هەمانکاتدا، بەکرێگیراوانی خۆیان لە ناو زیندانەکاندا رائەهێنن.
یەکێک لەم زیندانە نهێنیە سامناکانەی دەوڵەتی نوری مالیکی کە لەم
دواییانەدا بەشێکی ئاشکرا کراوە زیندانی «ئەلموسەننا»یە کە جێی خۆیەتی
بە لقێک لە زیندانی «ئێوین»ی تاران دابنرێت، شیاوی باسە کە 36 کەس لە
پەنابەرانی ئێرانیی دانیشتووی کامپی ئەشڕەف دوای ئەوەی لە لایەن
هێزەکانی نوری مالیکییەوە رفێندڕابوون لە مانگی تەموزی رابردوو، لە
دوایین رۆژانی ژیانیاندا گواسترانەوە بۆ ئەم زیندانە هەتا بە نهێنی و
لە بێدەنگیدا بێ سەر و شوێنیان بکەن یا تەسلیمیان بکەنەوە بە ئێران.
دیارە نوری مالیکی و هیچ دیکتاتۆرێکی دی، دان بە راستیەکانی ناو
زینداندا ناهێنێن و ئامار و ئەرقامی تاوانەکانیان تەنیا کاتێک تەواو
دەردەکەون کە لە دەسەڵاتدار نەمێنن. هەر بۆیە «زیندان و ئەشکەنجە»
بەردەوام یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی ململانەی نێوان گەل و
دیکتاتۆر و لە زۆر نمونەدا، رووخانی دیکتاتۆری لێکەوتووەتەوە.
دژایەتیکردنی «گۆڕان» یەکێکە لە نیشانەکانی حکومەتێکی دیکتاتۆری. هەر
بۆیە ئەمجۆرە حکومەتانە لە «هەڵًبژاردنێکی ئازاد» دەترسن و بۆ
رێگریکردن لە گۆڕان، پەنا دەبەنە بەر دیاردەی «ساختەکاری». وەک ئەوەی
لە ئێران دەکرێت و وەک ئەوەی ئێستاکە نوری مالیکی لە عێراق دەیکات.
ئەوان ئەوەی لە دەستیان بێت دەیکەن بۆ ئەوەی پۆستەکانیان لە دەست نەدەن.
کە گەر ئەم شتە رووبدات و لە دەستی بدەن، ئەوا کارنامەی تاوانەکانی
چوار ساڵی رابردووی دەوڵەتی نوری مالیکی و رژێمی ئێران لە عێراق
دەخرێتە بەر دیدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە مانای شکستێکی کوشندەیە بۆ
رژێمی ئێران. ئەوان ئێستا هەستیان بەوە کردووە کە ژیانی سیاسییان
کەوتۆتە مەترسییەوە و نە شەقامی عێراقی و نە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
سیستەمێکی وەک ئێرانیان، وەک قاڵب و نموونە بۆ عێًراق، بە لاوە قبووڵ
نیە. بێگومان «کات» بە زیانی ئەوان بەرەو پێًش دەچێت و دەست و پەنجەی
گەل، بەرۆکیان دەگرێت!
zanahewrami@gmail.com
|