په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٧\٢٠٢١

دەوڵەتی نەتەوەیی و ئازادییخوازان!

دارا خونچە       


تووشبوونت بە پەتای (دەوڵەتی نەتەوەیی) بە گەنجیی و پاشان تێپەڕاندنی.. زۆر باشترە لەوەی کە دڵنیای پاش ساڵانەکی زۆر ئەگەر بە پیرییش بی لێی دەرباز نابی و هەر تووشت دەبی!


هیچ ئازادییخوازەکی راستەقینە (دەوڵەتی نەتەوەیی) پێ باش نییە، لێ تا ئێستا هەموو وڵاتەکان لەسەر بنچینەی نەتەوە یان هەندەکیان بە شێوەکی خراپتریش لەسەر بنچینەی دین یان دینزا یان چەند کۆمپانیایەک کە وەک چەتەگەلەک رەنج و سامانی خەڵک دەدزن و داگیردەکەن.. دامەزرانە، وەک نموونە لە بەریتانیای لانکەی دیموکراسیەت و شارستانیەتی سەرمایەداریی.. نەتەوەی ئینگلیز بنچینەی دەوڵەتە و بێجگە لەو پەنابەرانەی روویان لە وڵاتەکە کردیە گەلانی نێوخۆی خۆشیان دەچەوسێننەوە.. باس لەسەر یاسایە رووکەشەکان نییە بەڵکە لەسەر ئەو کردارەیە کە لەسەر زەمینەی کەتوارە رامیاریی و کۆمەڵایەتییەکە لە بەریتانیا دەگوزەرێ، خۆ هەر بە پێوەر و پێوانەی ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ ناکرێ بێژین دەی با ئەو نەتەوانەی جیهان ئەوها بن لێ با کوردان و چەند نەتەوەکی دیکە هەر بندەست بن تا رادەی ئەوەی زمانی داکیان لێ قەدەغە بکرێ!


کەواتە بە پێچەوانەی ویستی ئازادییخوازان هەرگیز کوردستان لەو دەسەڵاتە چەتەگەرییەی خێڵ و گەندەڵکارانی سێ پارتییەکەی باشوور - کە رێک هێزەکی سەربازیی بەکرێگیرای داگیرکەران و وڵاتانی رۆژاوایە - رزگار نابی تا وەک هەموو گەلانی دیکە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی دروستنەکا! (هەڵبەتە دەسەڵاتی کوردستانی رۆژاواش خۆزگەی پێ ناخوازرێ!). ناشێ کەسەک بێژێ زەمینەی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی وەسەرچووە.. ئاخر هەر لەو دواییانە چەندین دەوڵەتی نەتەوەیی لە سەرتاسەری جیهان تەنانەت لە ئەوروپاش دروستبوون (سەردەمی ئەوە نەمایە وەک ئەکادیمیاییە چەقەچەقکەرەکان سەرچاوان رێز بکەین و سەری خەڵکی پێوە بیەشێنین!).


لەبەرهەندێ دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستان هەم پرسی نەتەوە و نیشتیمان بە لایەنی کەم وەک ئی هەر وڵاتەکی دیکە چارەسەر دەکا و ئیدی بیانووەک نامینێ چینە چەوساوەکان و تەواوی میللەت لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان بەکارببەن.. هەم ئەو دەسەڵاتە چەتگەرییەی خێڵ و گەندەڵکارانیش لەنێودەبا، بەوەش ئازادییخوازانی راستەقینە باشتر دەردەکەون و داشیان سوارتر دەبی و دەتانن راشکاوانەتر تێبکۆشن لە پێناو وەدستهینانی ئازادییەکانی تاک و کۆمەڵ.. بەرجەستەکردنی ئازادییەکانی دەربڕین.. یەکسانیی وەک یەکی نێوان ژنان و پیاوان.. دابینکردنکردنی ژیان و گوزەرانەکی سەردەمیانە لۆ چینە رەنجدەر و کارگەرییەکان و سەرجەم ماف و ئازادییەکانی دیکە بە پێی قۆناغەکانی پێشکەتن و گۆڕان و وەرگۆڕانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵی مرۆ.


ڤایرۆسی دەوڵەتی نەتەوەیی کە لەمێژە لە جەستەی سەرجەم گەلانی جیهانی دایە و ئێستاش بە شێوەی رەگەزپەرستیی لە نێو چارچێوەی هەر دەوڵەتەک درێژەی هەیە و بوویتە پەتایەکی نێونەتەوەیی.. تێپەڕاندنی پێویستییەکی فرە گرنگە لۆ بنەبەبڕکردنی ستەمی نەتەوەیی و پێکەوەژیانی گەلان، جا تووشبونی کوردستانیش بە هەمان شێوە بەو ڤایرۆسە (واتە نەهێشتنی لایەنی کەمی ستەمی نەتەوەیی و نیشتیمانیی خەڵکی کوردستان وەک ئی هەر نەتەوەیەکی دیکەی جیهان و گەیشتن بە کاروانە گشتییەکەی گەلان) زیانی زۆر کەمتر دەبی لەوەی لە لایەن خەڵکی ئازادییخوازەوە فەرامۆش بکرێ و گەلانی کوردستان (کە پاشداماترین گەلانی جیهانن) بە تەنێ ملهوڕیی بکەن و بێژن رێ نادەین دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستان دابمەزرێ بەڵکە سیستەمەکی یەکسانییخوازیی و مرۆییمان دەوێ! کە سەرەنجام خەڵکی کوردستان (لە قەل دەبی لە کۆترێش)! واتە بێجگە لەوەی لە بارودۆخەکی ئەوهادا و لەو پاشدامایی و بێ تواناییەی خۆی ناتانی بەشداریی لە دامەزراندنی سیستەمەکی یەکسانییخوازیی بکا لۆ خۆی و مرۆڤایەتی.. داگیرکەرانی کوردستان و رامیاریی نێودەوڵەتییش هەر درێژە بەو گەڕەلاوژێ و دەسەڵاتە پاشاگەردانییەی کوردستان دەدەدن و وەک هێزەکی چەتەگەریی و بەکرێگیرا بە سەرکردایەتیی شازادەکانی ماڵی بارزانی و تاڵەبانی یان هەر ماڵ و خێڵەکی دیکە لۆ بەرژەوەندییە دژەمرۆییەکانی خۆیان بەکاریدەبەن و هێندەی دیکە لە ماف و ئازادییە سەرەتاییەکانی دووردەخەنەوە!


٥\٧\٢٠٢١

ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک