په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٣\٢٠٢١

دەوڵەت و دەسەڵاتی بزنس.


زاھیر باھیر       

 
ماوەیەک لەمەوبەر لە دەمەتەقێیەکی درێژدا لەگەڵ برادەرێکی زۆر نزیکمدا، کە ئەنارکیست نییە، ئەو باوەڕی وابوو ئایندەی بەشەرییەت جۆرێک لە سۆشیالیزم دەبێت، بەڵام نەک ئەو جۆرەی کە ئەنارکیستەکان دەیانەوێت.


برادەرەکەم بۆچوونی وابوو کە پێویستیی دەوڵەت وردە وردە لە کەمبوونەوەدا دەبێت، تا ڕادەی پێویستی نەبوون، تاکو ئەوەی کە کۆمەڵ چی تر لە لایەن دەوڵەتەوە بەڕێوەنابرێت. پاساوی برادەرەکەم ئەوە بوو کە ئەندامانی کۆمەڵ خۆیان زۆر بە ئاگا دەبن، ھۆشیاردەبن و بەرپرسیاردەبن کە یەک ئاگای لەوی تر دەبێت و ئاگاشیان لە کۆمەڵ دەبێت. کۆتایی قسەکانی بەوە ھێنا "مادام کۆمەڵ لە لایەن ئەندامەکانیەوە بەڕێوەدەبرێت ئیدی دروستکەرانی یاسا ناپێویست دەبن".
 

بێ گومان ئەنارکیستەکان قسە لەسەر سۆشیالیزم دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی پلانبۆکراو نا، ئەوەندە ھەیە کە کۆمەڵ، کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ناقوچکەیی دەبێت. ئەنارکیستەکان نەخشەی داھاتوی کۆمەڵ ناکێشن کە چۆن ببێت و چۆن بەڕێوەببرێت. ئێمە وا بیردەکەینەوە و کاری ھاوبەش بۆ دروستکردنی کۆمەڵێک دەکەین کە لە لایەن ھەمووانەوە کۆنترۆڵبکرێت، بەڕیوەببرێت. لەو کۆمەڵەدا کەسێکی بەرپرس نابێت کە ھەیمەنەمان بکات و بمانچەروسێنێتەوە، کۆمەڵێک دەبێت، بێ بەڕێوەبەر، بێ خاوەنخانوو، بێخاوەندارێتی تایبەتی و بێ حکومەت. ئێمە بە وردی و درێژی باسی ئایندە ناکەین، ئەوە کاری ئەوانەیە کە لەو کۆمەڵەدا دەژین، کە چۆن ڕێکیدەخەن، چۆنیش خۆیان بەڕێدەخەن.


لێرەدا چەند پرسیاێکی سەرەکی و بنەڕەتی دێتە پێشەوە. ئایا ڕۆڵی دەوڵەت لەناو دەچێت کاتێک کە کاپیتاڵیزم بەھێزتر دەبێت؟ ئایا دەوڵەت وردە وردە لەخۆیەوە وندەبێت یاخود خۆی ھەڵدەوەشینێتەوە؟ ئایا تیئوری نیولیبراڵ شکستیھێنا لە کەمکردنەوەی ھەندێک یاخود ھەموو وەزیفەکانی دەوڵەت ؟ ئەگەر ئاوایە، بۆچی لە ئێستادا بەھێزیی دەوڵەت لە ھەموو سەردەمەکانی پێشتری دەبینین؟ بێ گومان زۆر پرسیاری دیکەش سەبارەت بەم بابەتە، ھەن.


با ھەر بە کورتی لە مێژوی نوێی دەوڵەتەوە، لیبرالیزم، تئیوری نیولیبرالیزمەوە دەستپێبکەین. زۆرێک لە ئێمە دەزانن مێژوی دەوڵەت کۆنە، لانی کەم دەگەڕێتەوە بۆ ١٠،٠٠٠ ساڵ، ڕەنگبێت درێژتریش، بە قۆناخی جیا جیادا تێپەڕیوە و گەشەی کردووە ھەر ئاواش وەزیفەکانیشی جیاواز بووە بەگوێرەی ئەو کۆمەڵەی کە لێوەی سەری دەرھێناوە. دەوڵەت وەختێکی زۆری ویستوە تا گەیشتوە بەم شیوە مۆدیرنەی ئێستای.


دەوڵەت بە ھەر قۆناخێکدا تێپەریبێت لە ڕوی مێژووییەوە یاخود وەکو ئێستای، ھەمیشە ململانێی گەورەی لەگەڵ بزنسدا ھەبووە. لەگەڵ ئەوەشدا ھیچ لایەکیان ناتوانن بە بێ ئەوی دیکەیان بژین، بەڵام ھەر یەکەیان بۆ بەرژەوەندی خۆی دەیەوێت ئەوەی دیکەیان بخاتە ژێرفرمانییەوە.


لە ئێستادا دەوڵەت وا دەبینرێت کە وەزیفەکانی خۆی بەرجەستەکردووە، لە جەوھەریدا باوەشی بە ئابووریی لیبراڵ و تیئوری نیولیبراڵدا کردووە. لە کاتێکدا کە دەوڵەت بەتەواوی ناگونجێت لەگەڵ بەشەکانی بزنسدا بە گشتی و لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحەکانا بەتایبەتی ، کۆمپانیا گەورەکان ھەمیشە لە ھەوڵی دۆزینەوەی ڕێگاچارەیەکدان بۆ ریفۆرمکردنی دەوڵەت بۆ بەرژەوندییەکانیان و گەیشتن بە ئامانجەکانیان.


یەکێک لە ھەوڵە سەرەکییەکان کە بۆ ڕیفۆرمکردنی سیستەمی ئابوریی لە چەرخی ڕابوردوودا، درا ، نیولیبرالیزم بوو. گروپێک لە لیبراڵەکان ویستیان کۆمەک بە شێوازی بازاڕی ئابووریی بکەن، پڕۆگرامێکیان لە کۆبوونەوەیەک کە لە پاریس لە ساڵی ١٩٣٨ دا کرد، دانا. لەوانەی کە نوێنەربوون دوو پیاو کە پێناسەی ئیدۆلۆجییان دەکرد ، Ludwig von Mises و Friedrich Hayek بوون. ئەوان باوەڕیان بە دەرفەتدانی تاک بوو، بە بڕوای ئەوان حکومەت بەربەستێکی گەورەیە لە ڕاوەستانی گەشەی تاکدا. ھاوکاتیش نیولیبراڵ خۆشحاڵە بە تاک و تاکگەرایی دژ بە " بەدەستی جەمعی کۆمەلایەتییە" وەکو چۆن مارگرێت تاچتەر وتی. لە ساڵی ١٩٤٤د Friedrich Hayek لە Road to Serfdom جەدەلی ئەوەی دەکرد " پلانەکانی حکومەت کە تاک و تاکگەرایی تێدەشکێنێت، بێ ھوودە بەرە و کۆنترۆڵی تۆتۆلیتاریانە ملدەنێت".

 
لە ساڵی ١٩٤٧ دا Friedrich Hayek یەکەم ڕێکخراوی دروستکرد کە کاری بڵاوکردنەوەی دۆکتەرینی نیولیبراڵیزم بوو، کە لە ڕووی داراییەوە لە لایەن ملیۆنەرەکان و دەزگەکانیانەوە، کۆمەکی پێکرا.


دۆکتەرینی نیولیبرالیزم زۆر چڕو پڕ بوو لەبارەی ئامانجی ئازادکردنی کەرتە گەورەکانی بزنس لەدەست دەوڵەت بۆ بەتایبەتکردنیان، بوو. بەکورتی دیدی Hayek ئەوە بوو کە حکومەت بەری مونافەسە نەگرێت دەربارەی مۆنۆپۆلیکردن. ئیدۆلۆجی نیولیبرالیزم پوکانەوەی دارایی لەگەڵ خۆیدا ھێنا، کارەساتی ژینگە، ھەتا داڕمانی ھێواشی کەرتی گشتی تەندروستی و پەروەردە و فێرکردنیشی گرتەوە. بە ڕوونی ھەڵگیرسانی جەنگ بوو لە ھەموو بەرەکانا دژ بە کۆمەڵ، ئەمەش نەک ھەر قەیرانی ئابووریی خولقاند، بەڵکو قەیرانی سیاسیشی دروستکرد.


لە لایەکی ترەوە ، سیاسەتی ئابووری کینزیی ھەبوو ، ئەم سیاتەش لە لایەن ئابووریناسی بریتانییەوە، John Maynard Keynes لە ساڵانی ١٩٣٠ کانا کێشرابوو. تئیورەکەی کینز وەڵامێک بوو بە قەیرانە مەزنەکەی بریتانیا، کە ئەو زۆر بە توندی ڕەخنەی لە تئیورەکانی ئابووریی پێشتر، کرد، کە ئەو بە “classical economics " ئابووریی کلاسیکیانە، ناوی دەبردن. ئەو باوەڕی وابوو کە دەستتێوەردانی حکومەت بۆ مۆدیرەکردنی پرسی گەشە و داڕمان لەچالاکی ئابوورییدا، زەروورە.


لە سەراپای ١٩٥٠ کانا، ھەژموونی کینز لە پلەی باڵادا بوو ، ئەوەش کاتێک گەشە و پێشەوەجوونی ئابووری سەرمایەداریی لە سەرا بوو کە بڕی گەشەی ئابووری و کەمی بەتاڵە، لە باڵادا بوو. ئەمەش لای سەرۆکی پێشینەی ئەمریکا ڕیجارد نیکسۆن، وا دەنگی دایەوە کە بڵێت " ئێمە ئێستا ھەموومان کینیزین ".


سیاسەتەکانی کینز زۆر بڕیان نەکرد. لە کۆتایی ساڵانی ١٩٦٠ کانا گۆڕانێکی گەورە ڕوویدا و پارسەنگەکە گۆڕا ھەوەھا ئەوەش دەرکەوت کە ئاڕاستەی ئابووریی بەرەو بەتایبەتکردنی کەرتە ئابوورییەکان دەڕۆیشت. بە گوێرەی قسەی ئەم دوو ڕۆژنامەوانە لە بەشی ئابووریدا Larry Elliott و Dan Atkinson " ساڵی ١٩٦٨ ساڵێکی گرنگ بوو کاتێک کە پاوەر ئاڕاستەی خۆی گۆڕی بەرەو کەرتە تایبەتەکانی وەکو یاریکەران بە دراو" سیاسەتە ئابوورییەکانی کینز بە فەرمی لە ساڵی ١٩٧٩ دا، حکومەت دەستبەرداری بوو، بەم شێوەیە سیاسەتەکانی کینز درزی تێکەوت و تێشکا و قەیرانی ئابووریش قوڵتر بووەوە. ئا لەو کاتەدا Milton Friedman وتی " کە وەختی ھات تۆش دەبێت بیگۆڕیت...چونکە جێگرەوەی ئامادکراو ھەبووە کە ھەڵیبژێریت".


کاتێک کە مارگرێت تاچتەر و ڕۆناڵد ڕێگن دەسەڵاتیان گرتەدەست، ئیتر تەواوی پاکجەکە، ھەر زوو بە دوویدا دێت : کەمکردنەوەی بڕی زۆری باج لەسەر دەوڵەمەندەکان ، تێشکانی نقابەکان، ئاوەڵاکردنی دەستی بزنس بە شلکردنی یاساکان، بەتایبەتیکردنی کەرتەکانی دەوڵەت . ھەموو ئەمانەش ھاوپشتییان لێکراو کۆمەکیان پێکرا لە لایەن دامەزراوە فرەجۆرەکانی وەکو ێندوقی دارایی نێودەوڵەتان، بانقی جیھانی ، پەیمانی ماستریخت و ڕێکخراوی بازرگانی جیھانی ، بەم شێوەیە سیاسەتی نیولیبراڵ سەپێنرا بێ بوونی ڕەزامەندی دیمۆکراتیانە. لەوەش ئاشکراتر ئەم سیاسەتانە لە لایەن پارتەکانی کە خۆیان بە چەپ دەزانی، قۆزرایەوە، لە ناویانا پارتی کرێکارانی بریتانیا و پارتی لیبراڵدیۆمکرات. ئەمەش چاوەڕوانکرابوو، وەک جۆن مەیجەر کاتێک ھەڵبژێررا بۆسەرەکوەزیرانی بریتانیای لە ساڵی ١٩٩٢ دا وتی " ١٩٩٢ سۆشیالیزمی لە بریتانیادا کوشت ..... بردنەوەکەمان یانی لە نێوانی ساڵی ١٩٩٢ و ١٩٩٧ دا پارتی کرێکاران دەبێت بگۆڕێت".


قوتابخانەی/ زانکۆی شیکاگۆ کە بە کوڕانی شیکاگۆش ناسراوە، پاکجێکی بۆ چەند وڵاتێک ئامادەکردبوو ، لەوانە : میسر و وڵاتانی ئەمەریکای لاتینی بەتایبەتی وڵاتی چیلی. Hayek لەیەکەم سەردانیدا بۆ ئەوێ کە یەکەم ولات بوو پلان و پڕۆگرامە نوێیەکە بە تەواوی جێ بەجێکرا، ئەو بە ڕۆژنامەوانە چیلییکانی وت ، گریمانی ئەوە ھەیە و دەکرێت کە " دیکتاتۆر لە ڕێگای لیبراڵانەوە فرمانداری بکات" ئەو ئەوەی پێباشترە " دیکتاتۆرێکی لیبراڵ لە حکومەتێکی دیمۆکرات کە لیبرالیزمی پێباش نەبێت. پەسەندکردنی تایبەتیم بەرەو دیکتاتۆرییەتی لیبراڵ ڕۆیشتنە، نەک بەرەو حکومەتێکی دیمۆکرات کە بەتاڵ بێت لە لیبراڵیزم".


ھەر ئاواش نابێت سەرسام بین کاتێک Friedman و Hayek دڵخۆشانە باوەشیان بە سیاسەتەکانی نیولیبراڵدا کرد ھەر ئاواش Naomi Klein لە کتێبی The Shock Doctrine'دا نوسیوێتی " تئیوری نیولیبراڵ لایەنگری بەکارھێنانی قەیرانەکانە بۆ سەپاندنی سیاسەتە نەخوازراوەکانە کاتێک کە خەڵکی بۆچوون و ھۆشیان لە ئاراستەی خۆی لایداوە. بۆ نموونە: دوای کودەتاکەی پینۆشێت لە چیلی و شەڕی عێراق و باوبۆڕفتانەکەی کاترینا، کە فریدمان ئاوا باسی دەکات " دەرفەتێکە کە ڕیفۆرمی رادیکالانەی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن بکەیت".


دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ، قەیرانی دارایی ٢٠٠٨ و ڕکودە گەورەکە، نیولیبراڵزمی لە سکە لادا و ھێز و توانای خۆی لەدەستدا و ھەرەسیھێنا. لەو کاتەدا ھەندێک لە حکومەتەکان و ئابووریناسەکان ویستیان بگەڕێنەوە سەر حەلەکانی کینزی ئابووریناس، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی چەرخی ٢١ . ئەمانە نەیاندەتوانی یاخود نەیاندەویست کە تێبگەن یاخود ھەر ئەو ڕاستییەیان فەرامۆش کرد کە حەلەکانی چەرخی رابوردوو ناتوانێت گرفتەکانی ئەم چەرخەی ئێستا چارەسەربکات. ھۆکاری ئەمەش ڕوونە کە گرفتەکان گرفتی بناخەیی خودی سروشتی سەرمایەدارییە ، ئیتر ھەر ناو و ھەر شێوەیەک وەرگرێت، ئەو حەلانە چی دی کار ناکەن.


نیولیبراڵیزم درێژەی کێشا و کارایی خراپی داناوە، لە ھەر شوێنێک بەجێگەیەنرابێت کارەساتی گەورەی بۆ ئەو شوێنە ھێناوە. یەکێک لەو وڵاتانە ئەمەریکایە، کە دەیتایەک ئاوای نیشاندەدات " لە سەردەمی نیولیبراڵدا کەلێنی سامانی نێوانی ڕەگەزەکان باشترنەبوو. لە ساڵی ١٩٧٩دا بڕی کرێی سەعاتی کاری ھەفتانەی کەسێکی ڕەشپێست لە ئەمەریکا لە سەدا ٢٢ کەمتر بووە لە ھی سپی پێستێک . لە ساڵی ٢٠١٥ دا ئەم کەلێنە چووە لە سەدا ٣١. سەبارەت بە ژنێکی ڕەشپێست جیاوازی کرێ لە ١٩٧٩ دا تەنھا لە سەدا ٦ بووە بەڵام لە ٢٠١٥ دا ئەمە بازی دا بۆ لە سەدا ١٩. خاوەندارێتی خانوو یەکێک بووە لە ڕێگا سەرەکییەکان کە خێزانەکان بە تێپەڕینی وەخت سامانیان لێی دروستکردووە، بەڵام خاوەندارێتی خانوو لە نێوان ئەفریقییەکانی ئەمەریکادا لە ساڵی ٢٠١٧ دا زۆر کەمتر بووە لە سەردەمی شۆڕشی مافی مەدەنی، لەو کاتەی کە ھەڵاواردنی ڕەگەزایەتی یاسایی بووە" . بارودۆخەکە ئەوەندە خراپ بووە کە زانا سیاسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە " ئەمریکا چی تر بە دیمۆکراتی یاخود کۆماریی ناناسرێت ، بەڵکو بە ئۆلیگارکی – حکومەتی دەوڵەمەندەکانە و لە لایەن دەوڵەمەندانەوە و بۆ دەوڵەمەندانە"


ھەندێک ئابورییناس لەوانە Paul Krugman جەدەلی ئەوەی دەکرد کە بارودۆخی ئابوریانە وەکوە ئەوەی سەردەمی بەشی یەکەمی چەرخی بیستە.
لەبەر ڕۆشنایی ئەوانەی سەرەوەدا دەتوانین ببینینن کە حکومەت و دەزگەی بزنس لە ھەموو وڵاتێک لە زۆر ڕووەوە تێکەڵن و بەیەکەوە بەستراونەتەوە و پاشکۆی یەکن . یەکێتیان زۆر بەھێزترە تاکو کەرتکارییان، بەیاکادان و بەرکەوتنیان شتێک نییە زیاتر لە ھەوڵێک نەبێت لە یەکگرتنیانا دژ بە کۆمەڵ. ئەوان لە یەکدی جیاناکرێنەوە، بەڕێوەبەرە گەورەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکان، سەرکردە سیاسییەکان، کەسە فەرمییەکانی حکومەت ھەموویان لە ھەمان چینی کۆمەڵایەتییەوە ھاتوون.


دەوڵەت پایەی سەرەکی سیستەمەکە و ئابورریەکەیەتی، کار لەسەر بەجێگەیاندنی وەزیفەکانی بزنس و زیادکردنی قازانجیان دەکات. ئەوە حکومەتە کە شێوەی، فۆرمی چالاکیەکانی بزنس و ژینگەیەکی گونجاو و بەکار بۆ بزنس دەخولقێنێت. ئامانجی بزنس دروستکردنی قازانجە لە کاتێکدا ئامانجی حکومەت دابینکردنی سەقامگیریی و گەشەی ئابووری و زامنکردنیانە. بزنس ھەژموونێکی گەورەی لەسەر حکومەت ھەیە کاتێک کە بزنس سەرمایەگوزاریی بە قورسی لەسەر پرۆژە گەورە و فراوانەکان دەکات.


حکومەت بە ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ یاسا و ڕووڵەکانی بەسەر دەزگەکانی بزنسدا دەسەپێنێت کە دەتوانن چی بکەن و چی نەکەن تاکو ھەژموونی خۆی لەسەر سیاسەتی ئەم دامەزراوانە دانێت لەگەڵ پرس و بڕی باج دا.


ئامانجی سەرەکی بزنس دروستکردنی قازانجە و حکومەتیش ھەموو شتێکیان دەخاتە بەردەست، تەنانەت حکومەت یارمەتییان دەدات لە دامەزراندنی پێداویستییەکانی بەرھەمھێنانی کۆمپانیاکان. ئەمەش بە ھاندانی تەماح لە ناوچە کەم گەشەکردووەکانی وڵاتەکە.


حکومەت و سیاسییەکان دەیانەوێت لە ھەڵبژاردنی ئایندەدا بێنەوە دەسەڵات ، پێویستیان بە کۆمەک و یارمەتی بزنس ھەیە. بۆ ئەمەش ئەمان دەیانەوێت کۆمپانیا گەورەکان ڕازی بکەن و ئەوانیش دەیانەوێت ڕۆڵ و ھەژموونیان لە حکومەتدا ھەبێت.


کۆمپانیا زەبەلاحەکان و بزنسەکانی دیکە زۆر باش دەزانن کە دامەزراوەیەک بتوانێت پاریزگاریان لێبکات و دەوامیان پێبدات حکومەتە، دەوڵەتە. ئەوان دەزانن کە پۆلیس ، یاسا، دادگا، سوپا، تۆڕی سیخوڕیی و ھەروەھا سیستەمی پەروەردە و فێرکردن، تەواوی ئەمانە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدان. زۆر باش دەزانن کە کاتێک نابووت دەبن، دەوڵەت فریایان دەکەوێت و ڕزگاریان دەکات، کاتێکیش کە رووبەڕووی ھەڕەشە لە لایەن کرێکاراکانیانەوە دەبنەوە ، دەوڵەت ھەموو ڕێگایەک دەگرێتەبەر بۆ پاراستنیان.


دەوڵەت، حکومەت و بزنس یەکدییان پێویستە. لە ئابووری گڵۆبەڵی ئەمڕۆدا بزنسمانەکان ھیزێکی گەورەن لە پشتی ئابوورییەوە ھەروەھا دەوڵەتیش ماوەیەکی ئێکجار درێژە کە ئەویش ھێزێکی زۆر گەوەرەیە لە ئابوورییدا.


ھەر لەبەر ئەمەشە ئەنارکیستەکان پەیگیریی لەوە دەکەن کە تێکۆشان دژ بە سیستەمەکە، خاوەندارێتی تایبەتی لە حکومەتدا و دەرەوەی حکومەت و دەستەبژێر، زەروورە و خەبات بۆ کۆمەڵێکی ناچینایەتی و ئاسۆیی ڕوودنادات بێ خەبات کردن دژ بە دەسەڵات و پاوەر و دەوڵەت.
 

ئاداری ٢٠٢١

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک