په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٦\٢٠١٠

دەیانەوێ ژینى ئەسارەت، خۆشحاڵن بە عومرى گومڕاهى...

دەیانەوێ بە دەستى موددەعى، بکەنە سەر تاجى شاهى.


هیوا رەش    


دەستدرێژییەکانى دوژمنانى شۆفینیزمی ( تورک و فارس و عەرەب ) ڕەگێکى لە مێژینەى هەیە و ڕۆچۆتە نێو ناخ و دەروونى تاکەکانى کۆمەڵگاى نەتەوە باڵادەست و داگیرکەرەکانى کوردستانەوە و تا دێت شێوازى نوێ و سەردەمییانە لە دژایەتى گەلى کوردمان بەکار دەبەن و هەر جارەى لە ژێر پەردەى بیانوویەکى نایاسایى و نائاسایى پاساو بۆ ڕەفتارە فاشیستانەکەیان دەهێننەوە ، پێش ڕوخانى ڕژێمى سەدامى گۆڕبەگۆڕ هەر کاتێک هەستیان بە بوژاندنەوەى بزووتنەوە ڕزگاریخوازى گەلى کوردستان بکردایە هەر سێ لایان شەرەفى ( نیشتمان ) ى خۆیان دەخستە هەڕاجەوە و بە پەلە وەزیرەکانى دەرەوەى هەر سێ ووڵات کۆبوونەوەیان دەبەست و خاک و ئاو و شەرەفى خۆیان دەخستە سەر مێزى قومارى لەبار بردنى بزاڤى نەتەوایەتى گەلەکەمان و ڕێک دەکەوتن لەسەر هەموو جۆرە هەماهەنگییەکى نێوانیان بۆ زەبر لێدانى کورد ، ڕێککەوتننامەى شوومى جەزائیر نمونەى قێزەون و بەرجەستەیە بۆ ئەو پلانە نەگریسانەى بە مەبەستى تێکشکانى شۆڕشى کورد بە چاوساغى ئەمریکا لە نێوان عێراق و ئێراندا ئیمزا کرا ، هەروەها چەندین سازش و خاک فرۆشتن و هاوکاریى لۆجیستى نێوانیان لەو پێناوەدا ئەنجام دراوە .

ئەمڕۆکە بە بەرچاوى ئەو هەموو باڵیۆزخانانە لە عێراق و کونسڵگەرییانەى لە کوردستاندا هەیە ، سەربارى سەدان کۆمپانیا و ڕێکخراوى کۆمەڵگاى مەدەنى و باس لێوە کردنى لە دەیان کەناڵى ڕاگەیاندنى خوێندن و بیستن و بینینى جیهانى ، ئەوەتا دڕندە فاشیستەکانى تورکیا و ئێران بێشەرەفانە و بێشەرمانە وەر دەبنە نێو خاکى کوردستان و بەر بوونەتە وێزەى گەلە ستەمدیدەکەى ، ئەم ڕەفتارە دزێوانەى هەردوو ڕژێمە شۆفینیستەکانى تورکیا و ئێران و کوشتنى خەڵکى سڤیل و ئاوارە و دەربەدەر کردنیان وێران کردنى زێدى باوباپیرانیان دەخوازێ :

1 – حکومەتى هەرێمى کوردستان هەموو فشارەکانى ( دیلۆماسى – سیاسى و ئابورى ) بە بوێرانە دژ بەو کاروکردەوانە دەرببڕێ و ڕاى گشتى لێ ئاگادار بکاتەوە و هەڵوێستى ئاشکرا بکات .
2 – حکومەتى هەرێمى کوردستان نابێت ڕێگرى لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بکات و دەبێت جەماوەر مۆڵ بدات و پشتگیرى بکات بۆ پرۆتیستۆ کردنى ئەو کوشتارگەیەى لە لایەن ئێران و تورکیاوە ئەنجام ئەدرێت .
3 – نابێت حکومەتى هەرێمى کوردستان تەواوى ئومێدى لە سەر هانا بردن بۆ حکومەتى بەغا بنیات بنێت و بەو ئومێدەشەوە خەڵکى کوردستان چەواشە بکات ، چونکە بە دڵنیاییەوە سەگ هەر سەگە جا سپى بێت یان ڕەش و بۆر ، شۆفینیزمیش هەموو یەکڕەنگ و یەکدەنگن بەرامبەر بە ماف و داخوازییەکانى خەڵکى کوردستان ، بۆیە پێویستە خۆى خاوەن هەڵوێستى ڕوون بێت و چاوەڕێى دەمى بەرپرسانى بەغا نەکەن هەروەکو چۆن لە زۆر مەسەلەى داهات بێمنەتانە تاک لایەنە بڕیاریان داوە با لەمەشیاندا وا بن .
4 – ئەگینا پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان دەست بەرز بکاتەوە بۆ خەڵکى کوردستان و چیدى خۆیان بە نوێنەرى خەڵکێک نەزانێت کە ناتوانێ داکۆکییان لێ بکات و ئاڵاى سپیش بۆ دوژمنان بەرز بکاتەوە تا بێن هەروەکو چۆن نیشتمانەکەمانیان کردۆتە پێگەى بازرگانى و ئابورى بۆ خۆیان ئاوهاش بۆیان بکەن بە مۆڵگەیەکى سیخوڕى و جاسوسى و سەربازى بە قەولى حکومەتى هەرێم ( چەکدار ) ە کوردەکان بکوژن .
5 – ئەگەر حکومەتداریى وا بێت و بە نەرمیى بەرامبەر دوژمنان پارێزراو بێت نابێت باس لە نوێنەرایەتیى خەڵکى کوردستان بکات .

هەموو ئەو کردەوانەى ڕوو دەدەن پێویستى بە پەرچەکردارى شۆِڕشگێڕانەى جەماوەریى هەیە و ئەبێت :

1 – جەماوەرى بەشەرەف و خاوەن هەڵوێستى کوردستان لە ئاستى ئەو تاوانانەى ئەنجام ئەدرێن بێدەنگ نەبن .
2 – پێویستە خۆپیشاندانى جەماوەرى ساز بکرێت بەرامبەر هەموو دەزگا سیاسى و سەربازى و سیخوڕى و بازرگانى و ئابورییەکانى دوژمنان .
3 – ڕێبازى گاندى لە کڕینى شتومەک و کالا و کەلوپەلى دوژمنان پیادە بکرێت .
4 – پێویستە هەڕەشەى هەماهەنگى کردنى پێشمەرگە و گەریلاکانى پەشە داگیرکراوەکانى ترى کوردستان لە لایەن ڕۆڵەکانى باشورى کوردستانەوە ڕابگەیەنرێت.
5 – فشار بخرێتە سەر دامودەزگا ئەمریکى و نێودەوڵەتییەکانى ناو کوردستان بۆ هەڵوێست پیشاندان و فشار خستنە سەر دوژمنان .
6 – چى تر لە هەمبەر قڕ کردنى ڕۆڵەکانمان چاوەڕێى دەمى بەرپرسە نابەرپرسەکان نەکەین و هەڵوێستى جەماوەریى خۆمان هەبێت و گوتارى مقاوەمەت بە گوێى دۆست و دوژمندا بدەین .
7 – پێویستە ڕێگریى لە کارکردنى کۆمپانیا و هاووردە کردنى کالاکانى تورکیا و ئێران بگیرێت .
8 – هەموومان پێشمەرگانە ڕەفتار بکەین لە بەرامبەر لەشکرکێشییەکانى ئێران و تورکیا و کۆمیتەى پشتیوانیى سیاسى و چەکداریى پێکبهێنین بۆ بەڕەنگار بوونەوەیان .
9 - مردن نەک سەرشۆِڕى و پاراستننى ( ئەزمون ) ەکەى پارتى و یەکێتى بکەین بە دروشم ، و لەو پێناوەدا هیچ نەبێت هاوکار و چاوساغى ڕۆڵەکانى گەلەکەمان بین لە باکور و ڕۆژهەڵات .
10 – پێویستە بۆ ئاشتى کۆترى ئاشتى بین و بۆ شۆڕشیش سنور بەزێن بین و دەستدرێژى بۆ سەر ڕۆڵەکانمان قبوڵ نەکەین ، چونکە بە بوونى ئەوانەوە ئێمەش هەین و دوژمن چەکەرەمان لێ ئەکەن و بە لەناو چوونى ئەوان چارەنووسێکى مەترسیدارى هەمەلایەنە دووچارى هەموو لایەکمان ئەبێتەوە .

لەم ڕۆژانەى ڕابردوودا سەرۆکى هەرێم بە سەردانێک لە تورکیا بوو ، لە دواى ئەوەوە هێرشەکان توندوتیژتر کرانەوە ئەمەش خۆى لە خۆیدا دوو مانا ئەبەخشێت:


1 – لەوانەیە هەڵوێستى سەرۆکى هەرێم توند و ڕاشکاو بووبێت لە سەر ئەو بەرنامانەى تورکیا لە ناوچەکە بە گشتى و کوردستان بە تایبەتى دایڕشتبێت و ئەم کاروکردانە تۆڵەیەک بن لەو هەڵوێستە .
2 - یان ئەوەتا ئەبێت سەرۆکى هەرێم گڵۆپى سەوزى بۆ لەشکرى داگیرکەر داگیرساندبێت بۆ گڵاو کردنى نیشتمانەکەمان .

بۆیە پێویستە سەرۆکایەتى هەرێم و پەرلەمان و حکومەتى کوردستان قسەیان هەبێت و ڕاشکاوانە گەلەکەمان لە پلانە نهێنییەکان ئاگادار بکەنەوە نەک وەکو ئەوەى هۆشیار زێبارى وەزیرى دەرەوەى عێراق ئیدیعاى ئەکات گوایە بۆ تاقى کردنەوە و هەڵسەنگاندنى توانا سەربازییەکانى عێراق لە پاش کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا ، تورکیا لەشکرکێشى ئەکاتە ناو خاکى کوردستان ، چونکە کاتێک تورکیا ئەو هێرشانەى ئەنجام ئەدا سوپاى فاشیستى عێراق لەوپەڕى بەهێزى و دڕندەیى دا بوو ، و بە پرس و ڕاوێژى حکومەتى عێراقى ئەهاتە ناو خاکى کوردستان لە بەشە داگیرکراوەکەى عێراقدا ، ئەمەش دوو خوێندنەوەى بۆ ئەکرێت :

1 – شاردنەوەى ڕووى دزێوى مەرام و مەبەستى تورکیا لە هەوڵدان بۆ قڕ کردنى ڕۆڵەکانى گەلەکەمان .
2 – بەرچاو ڵێڵ کردنە بۆ وون کردنى کێشەى نەتەوایەتى گەلى کوردمان لە باکورى کوردستان کە زیاد لە نیوەى سوپاى تورکیا ئۆپەراسیۆن لە دژیان ئەنجام ئەدات و لەشکرکێشییان ئەکاتە سەر .

لە کاتى نووسینى بابەتەکەدا هەواڵێکى کەناڵى کەى – ئێن – ئێن ى کاتژمێر 11 ى شەو بڵاو کرایەوە کە سەرۆکایەتى هەرێم ئیدانەى هێرشەکانى پ – ک – ک ئەکات ، بۆ ئەمەیان هیچم نیە زیاتر لەوەى پێیان بڵێم : ئافەرینەى بارەکەڵڵا هەى سەرۆکایەتى هەرێم ، تۆ بڵێى کار و پیشەتان ڕێگەدان و مۆر کردن و بانگهێشت کردنى کۆمپانیا بازرگانییەکان بێت بۆ کوردستان تا پرۆتۆکۆلى ئابورییان لەگەڵدا ئیمزا بکەن و کۆمەڵگاش پڕ لە خێزانى بێکار و بێداڵدە بێت کە هەر لە هەمان کاتدا و لە هەمان کەناڵدا خێزانێکى نەدار لە تاو بێدەرامەتى لە خانووەکەیان دەرکرابوون کە نەیانتوانیبوو کرێ خانوو بۆ خاوەن موڵک دابین بکەن و لە بنارى گۆێژە لەو دەشتە ڕووتەنەدا بەر خۆرەتاوەدا هەواریان لێ خستبوو ، جا چش لە سەروەرى نەتەوەیى و نیشتمانى و بەها مرۆییەکانیش ؟؟؟ !!!

 

نازانین هەڵپەى ڕاکردنى سەرۆکى هەرێم و حکومەت و نیوەى بەرپرسە باڵاکانى کوردستان قەیرانەکان زیاتر ئەکەنەوە یان کەمتر ؟ ڕەنگە بۆ ئەمەیان پێمان بڵێن ( العلم عند الله ) .

پێم وایە ناهەقم نیە ئەو سەردێرەم بۆ ناونیشانى بابەتەکەم هەڵبژاردووە چونکە لەوە جوانترم بۆ بەرپرسانى ووڵاتێکى پڕ سەرۆک و بێناسنامە نەدۆزییەوە .

 

ماڵپه‌ڕی هیوا ره‌ش