په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١\٢٠١٦

دبلۆماسیی لووتکە.


پێشڕەو ئیسماعیل
  

- بەشی چارەم -

پرۆتۆکۆڵی دبلۆماسی.


پرۆتۆکۆڵی دبلۆماسی بریتیە لەو بنەما و شێوازی مامەڵە دیاریکراوانە کە لە بەیەک گەیشتنی سەران و دبلۆماتەکانی وڵاتاندا پەیڕەو دەکرێت. چۆنایەتی ئەم مامەڵە و ڕەفتارانە بەڕادەیەک بە ووردی دیاری کراون کە شێوازی جل وبەرگ و شوێنی دانیشتنەکان و ھاتنە ژورەوە لە دەرگا جیاوازەکاندا لە ھەمان کاتدا، یان ھاتنە ژورەوە و چۆنێتی ھاتنە ژورەوە لە کاتی بونی تاقە دەرگایەکدا دیاری دەکەن. بۆ زۆربەی ئەو ووردەکاریانە ئەوە لەبەر چاو گیردراوە کە شتێک یان کردارێک نیشاندەری ئەوە نەبن کە گەلان و سەرانی گەلان لەیەک ئاستا نیشان نەدرێن و گەورە و بچوک یان بە ھێز و کەم ھێز لە یەکتری جیابکرێنەوە و مامەڵەی جیاواز لە نێوانیاندا بکرێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی ڕێکەوتنی وێست فاڵن لە ١٦٤٨ دا کە ڕێکەوتن بوو لەسەر سەرەتاکانی سەروەری و یەکسانی وڵاتان. پاش نزیکەی ٣٠٠ ساڵ لە وێست فاڵن، لە پێشەکی بانگەوازی نەتەوە یەکگرتووەکاندا( ١٩٤٥)‌ سەروەری و یەکسانی وڵاتان بەرجەستە دەکرێت. ھەروەھا لە مادەی ٢، ی بەندی١ دا دەڵێت: "ڕێکخراوەکە لەسەر بنەمای سەروەری یەکسان بونی ئەندامانی بنیات نراوە". یەکسان بونی گەلان و وڵاتان لەسەرجەم کۆبونەوە و گرێبەستەکان دا لە تەواوی ئاستەکانی دبلۆماسی و دەزگا دبلۆماسییەکان و نوێنەران و نوێنەرایەتی وڵاتان و سەرانی وڵاتان دا رەنگی داوەتەوە و پەیڕەوی دەکرێت.


پرۆتۆکۆڵە دبلۆماسییەکان ھێندەی خودی دبلۆماسیەت دێرینن. سەرجەم وەزارەتەکانی دەرەوە پرۆتۆکۆڵی نوسراوەیان ھەیە و بەشی جیاوازی تایبەت بە پرۆتۆکۆڵەکانیان ھەیە. یەکەمین پرۆتۆکۆڵی نوسراوە لە سەر نەخشە بەردینیەکانی تەختی جەمشید لە پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ھخامەنشینی (٥٥٠ تا ٣٣٠ پێش زایین) دا دۆزراوەتەوە.


‌پاش گەشەی کۆبونەوەکانی لووتکە لە ناوەندی سەدەی بیستا ھاوکات پرۆتۆکۆڵی دبلۆماسیش لە گەشەدا بوون و وەڵام دانەوەی ئەو گەشە چۆنایەتی و چەندایەتیانە بوون. ئەمەش کۆمەڵێک نوێکاری بەدوای خۆیدا ھێنا بە تایبەتی لە کۆبونەوەکانی نێوان سەرانی وڵاتان دا.


کات و شوێنی کۆبونەوەکان.


کێشەی شوینی کۆبونەوەکان بە شێوەیەکی گشتی لەوەوە سەرچاوە ھەڵدەگڕێت کە وڵاتی خانە خوێ کۆمەڵێک سوودمەندی پێ دەبڕێت و دەبێتە ھۆیەک بۆ بەرزکردنەوەی بەھای ئەو وڵاتە لە ناو ڕای گشتی و میدیاکاندا. لە لایەکی ترەوە ڕۆڵی وڵاتی خانەخوێ لەسەر کۆبونەوەکان لە کۆمەڵێ لایەنەوە زیاتر دەبێت لە چاو سەرانی وڵاتانی میوان. کاتێک سەرانی وڵاتی خانەخوێ لە لای گەل و ڕای گشتی وڵاتی میوان بە تاوانبار یان بە دژ سەیر بکرێت بەرامبەر وڵاتی میوان و گەلەکەی ئەوە لە نرخ و پایەی سەرانی وڵاتی میوان کەم دەکاتەوە. باشترین نمونە سەردانی سادات سەرەک کۆماری میسر لە ئیسرائیل و دوانی لە پەرلەمانی ئیسرائیلی دا.


کێشەی شوێن بە تایبەتی لە نێوان سەرانی خاوەن ڕابوردوی توند و تێژی، جێگەی مەترسی لایەنی بەرامبەرە و زۆر جار لەبەر ئەو ھۆیە یان ھۆکانی باسکران شوێنێکی بێلایەن ھەڵدەبژێردرێت. لە مێژووی کۆبونەوەی سەرانی وڵاتان یان نوێنەرانیان گەلێک جار ئەمە پەیڕە و کراوە. یەکێک لە بەناوبانگترین ئەو بەیەک گەیشتنانە ،کۆبونەوەی ناپلیۆن بۆناپارت و کایزەر ئەلێکساندەری یەکەم بوو لە ١٨٠٧، لە سەر ڕووباری میمێڵ (بە ئینگلیزی نیمێن) نزیک بە شاری تیلسیتی لیتوانیا ، کە ناوچەیەکی بێلایەن بوو. ‌


ساڵی ١٩١٩ گێرەو کێشمەیەکی زۆر لە نێوان فەرەنسا لە لایەک و وڵاتە ‌یەکگرتوەکانی ئەمەریکا و بەریتانیا لە لایەکی ترەوە ھاتە دی بۆ دیاری کردنی شوێن بۆ کۆنفرانسی ئاشتی، فەرەنسیەکان پێداگر بون لەسەر بەستنی کۆنفرانسەکە لە پاریس. ئەو دوو وڵاتەش نەیاندەویست لەو ڕێگایەوە وەکو نەریتێکی باو فەرەنسا ببێتە خاوەن کورسی سەرۆکایەتی کۆنفرانسەکە و کۆنترۆڵی ئەجێندای کۆنفرانسەکە بکات. لە دوا ئەنجام دا کۆنفرانسەکە لە جنێف بەسترا کە پایتەختی سویسرای بێلایەن بوو.


ھیدرۆ ویلسن لە ھەمان کۆنفرانس دا وویستی کورسی سەرۆکایەتی بەدەست بھێنێت بەو بیانوەی ئەو تەنھا سەرۆک وڵاتە کە بەو پلەیە بەشداری دەکات و بەشداری کەرانی تر تەنھا سەرانی حکومەتەکانن. ویلسن دەیویست ڕۆڵی ڕابەری نێونەتەوەیی لەو کۆنفرانسەدا ببینێت. فەرەنسا بە جۆرێک توندی ڕوبەڕوی ئەم پێشنیار و دەسپێشکەریە بۆوە کە ویلسن ناچار بوو بە کێشانەوەی پێشنیارەکەی.


ئەم ڕوداوانە بونە ھۆکارێک بۆ چەسپاندنی ئەو پرنسیپەی کە بە جیاوازی لە نێوان بەشداربوانی کۆبونەوە دوانی یان چەند لایەنیە نێودەولەتیەکان دا نیە لە ھەر پلە و پایەیەکدا بن. ئەوانە نوێنەرانی گەلانیان دەکەن و گەلانیش لە ماف و یەکسانی دا جیاواز نین و گەورە و بچوکی لە نێوان گەلاندا نییە.


لە سەردەمی جەنگی جیھانی و پاش جەنگ و زیاد بونی کۆبونەوەکانی لووتکە، ھەڵبژاردنی شوێن لە نێوان وڵاتانی دۆست و ھاوپەیمانیش شێوازی نۆرەی بە خۆوە گرت و ئێستا لە کۆبونەوەی سەرانی یەکێتی ئەوروپا و یەکێتی گەلانی خوارو ڕۆژھەڵاتی ئاسیا رێکخراوی وڵاتانی کیشوەری ئەمەریکا و کانسلی ئەوروپی و ناتۆ و... ھتد، پەیڕەوی دەکرێت. جێگای کۆبو‌نەوەکان بە جۆرێک گرنگی پێ دەدرێت کە شێوازێکی گرێبەستی بە خۆوە گرتووە و بنەماکانی چەسپێنراوە. نۆبەش لەسەر بنەماکانی ناوی وڵاتان بە ئەلف و بێ پەیڕەو دەکرێت.ھەندێک جار سیستەمی قرعە و بەرواری دەسبەکار بون لە کانسلی ئەوروپادا بەکار دەھێنرێت یان تێکەڵەیەکی سیستەمە جیاوازەکان.


ھەمان مامەڵە و یەکسان تێڕوانین بە جۆرێک ووردەکاری تیا کراوە کە لە کۆبونەوەکانی یەکێتی گەلانی خوارو ڕۆژھەڵاتی ئاسیا دا بڕیار دراوە کە تەواوی سەرانی وڵاتان و حکومەتەکان لە کاتی سەردانیان بۆ وڵاتی خانەخوێ بە یەکسانی، ئەپارتمانێکی دوو ژوری نوستن و ئۆتۆمۆبیلێک و شۆفێرێکیان بۆ تەرخان بکرێت.


بە ناوباگترین پەیڕەوی کردنی سیستەمی ئەلف و بێ لە کۆنفرانسی ئاخنی ئەڵمانیا بوو لە ساڵی ١٨١٨ دا ،ئەم کۆنفرانسە کە لە لایەن ھاوپەیمانان دژ بە بزوتنەوە و شۆڕشی دیموکراتی لە ئەوروپا پێک ھێنرا و ناسرا بە (ھاوپەیمانی پیرۆز)، نەمسا، پرۆس، روسیا، بەریتانیای مەزن و فەرەنسا بەشداریان تیا کرد، لەم کۆنفرانسەدا سەرانی وڵاتە بەشداربووەکان لەسەر ئەوە ڕیکەوتن کە بە سیستەمی ئەلف و بێی ناوی وڵاتانیان ئیمزایان بخەنە سەر ڕێکەوتن نامەکە.


لە کۆچی دوایی کایزەری ژاپۆن دا، سەرۆکی ئەمەریکا جۆج بوش بڕیاری دا لە پرسەی ناوبراودا بەشداری بکات. ئەمەش جێگای خۆشحاڵی بوو بۆ ژاپۆن. بە پێی پرۆتۆکۆڵەکان دەبوایە کورسیەکان بە پێی دەست بەکار بونی سەرانی وڵاتان ڕێک بخرێن. سەرۆکی ئەمەریکا ماوەیەکی کورت بوو دەست بەکار بو، بۆیە ئەم سیستەمە کورسی جۆرج بوشی دەبردە دوا ڕیزی ئامادەبوان. ناچار ژاپۆنیەکان بڕیاریان دا کە مەراسیمی کۆچی ھێرۆیتۆ بگۆڕن بۆ ئاھەنگێک دەربارەی ژیانی ئەو کایزەرە، لەسەر ئەو بنەمایەش کورسیەکان بۆ سەرانی وڵاتان بە پێی ئەوە ڕێکخران کە کایزەر ھیرۆیتۆ بۆیەکەم جار سەری لە کام وڵاتە داوە. ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە جۆرج بۆش لەناوەنداو لە ڕیزی یەکەمی کورسیەکان دا جێگیر ببێت. ئەمە بووە ھۆی ئەوەی کە سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ڕیزی دواوە دانەنرێت و لە ھەمان کاتدابنەماکانی یەکسانی گەلان پێشێل نەکرێت. بێگومان ئەمە جۆرە حیلەیەکی دبلۆماسی لە جۆری حیلە شەرعیەکان بوو.

________________________________

بەشی سێیەم: www.emrro.com/diblomasiylutke3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/diblomasiylutke2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/diblomasilutke1.htm
 

سه‌رچاوه‌کان:
- Wiki Leaks docs reveal U.S. diplomats insulting world leaders, Liz Goodwin
- The Anatomy of Summitry, Ball, George W
- summit Diplomacy Coming of Age, Jan Melissen
- The body language of diplomatic handshakes
- Developments in Protocol , Professor Erik Goldstein
- The Handshake, Kevin Andrew

 


Bishrao@hotmail.com

 

 


 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک