په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٥\٢٠١٦

ددانی ژیریی.

سەباح تاھیر     


‌حەشامەتێک لە نەخۆش لە چاوەڕوانیی چوونەژوورێی دکتۆری ددان دابوون، ھەبوو وەکو ڵاڵی لێھاتبو لە تاو ئازاری ددان.. کەس نەیئەزانی بە چ زمانێک قسە ئەکات.. ئاخر لە تاو ئازار ھەر غڵبەغڵب و ئەویتر بە ئاماژە، ھەشبوو روومەتی ئاوا ئاوسا بوو دەتوت نوقڵی لە دەمدایە.

‌ئیتر کابرا بەردەرگای دکتۆر کەوتبووە تەمەنەوە و دونیا دیدە بوو بە قسەی خۆی، تا نەخۆشەکانی ئەناردە ژووری دکتۆر چەند پرسیارێکی لێدەکردن، دەیوت ئەوە چەند سالە پیشەمە، بە قەد دە پزیشک ئەزانم بەڵام وەک جاران نەماوە ئەگەر نا لە گەڕەکەکەی خۆمان دوکانێکم دادەنا و ئەم ئیشەم دەکرد، ھەر لەبەر خۆیە بە پێکەنینەوە جاران ئەوە ئیشی قەرەجەکان بوو دکتۆر و مکتۆری چی، قەرەجەکان بە کۆڵانان ئەگەڕان ھاواریان دەکرد دگان چاک ئەکەین.. ھھھھھھھھھھھە ئێستا دەبێت نزیک بیست ساڵی بۆ بخوێنێت!

‌ژنێکی گەنج دەستی منداڵێکی گرتبوو زۆر پەلەی بو خۆی بکات بە ژوری پزیشک، کابرای کارگوزار:

- دادە نە خۆت نە کوڕەکەت لە نەخۆش ناچن، دەڵێی بۆ پارکی ئازادی هاتوون، پەلەپەلی چیتە، ئەم ھەمو خەڵکە نابینیت و سەیریان ناکەیت چ ئازارێکیان ھەیە.
‌ژنەی گەنج:

- خاڵە تەنھا یەک پرسیارم ھەیە، با منداڵەکەم داهاتووی نەفەوتێت پرسیارێک لە کتۆر ئەکەم و بەس.
- داھاتووی چی کچم دکتۆر چ عیلاقەی بە داھاتوی منداڵەکەت ھەیە، دکتۆر خۆ فاڵگرەوە نییە، نەشم زانیوە قاوە بخوێنێتەوەەەەەەە.
- خاڵە پرسیارەکە بۆ ددانە ددانە فالی چی و قاوەی چی...
- باشە با سەرەت بێت ئەتکەمە ژوورەوە.
- ئاخر ماقووڵە دوای ئەو ھەموو خەڵکە بۆ پرسیارێک بوەستم؟
- پرسیارەەت چییە، بامن پێت بڵێم، ئەی من چەند ساڵە ئیشم چییە لێرە، بیست دکتۆریشم لێرە بەڕێکرد و...
- ھەر ئەمەوێ بزانم ددانی ژیریی (ئاقڵیی( منداڵەکەم بكێشيت، کاریگەری لەسەر منداڵەکەم ئەبێت یان نا.
- بۆ ددانەکەی کلۆر بووە؟
- نەخێر.
- ئەی رەش بووە؟
- نەخێر.
- ئەی بۆ ئەیکێشیت؟
- ئەڵێم نەوەک رەش بێت یاخود کلۆر، چونکە شیرینی و شوکولاتە زۆر ئەخوات، کە شتێکی بەسه‌ر ددانی ژیریی ھات، ئەوسا ئەبێت بیکێشین. ‌ئەوسا نابێت بە ھیچ.
- بڕۆ کچەکەم بڕۆ تۆ لە خەمی چی داى، بۆ لات وایە بەرپرسانی ئەم وڵاتە ھەمووی ددانی ژیریی مابێت بۆیە بوون بەشت، بۆ بە ژیرییە کچەکەم بوون بە شت لەم وڵاتە...

‌ئیتر نەخۆشەکان ھەموو لە قاقای پێکەنینیان دا. ھیچ نەبێت بۆ تاوێک ئازارەکانیان لەبیر کرد و ھەر کەسەو باسی لە بێ ئەقڵیی بەرپرسێک و وەزیرێک و پەرلەمانتارێک و... ھتد ئەکرد کە چ گەمژەیەکە و بووشە بە شت.
 

ماڵپه‌ڕی سەباح تاهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک